لەسەر دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن بڕیار دەدرێت

بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبونەوەی كۆرۆنا كۆببێتەوە و ژمارەیەک بڕیاری نوێ‌ دەربكات، هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری نوێ لەبارەی پڕۆسەی خوێندن دەدرێت.

 

سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی كوردستان بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند" کاتژمێر ٢:٠٠ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە سەرپەرشتیی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم لە شاری هەولێر كۆدەبێتەوە و کۆمەڵێک بڕیاری نوێ‌ دەردەچێت".

 

وەزیری تەندروستی هەرێم وتیشی" لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەکە بڕیاری نوێ لەبارەی پرۆسەی خوێندن و دەوامی قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگاکان دەردەکرێت".

 

ئەوەش لەکاتێکدایە، ڕۆژی ١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەی کۆرۆنا کۆبۆوە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری دا تا کاتێکی نادیار هەموو جۆرە خوێندنێک لە ناو پۆل بۆ قوتابیانی یەکەم و دووەمی بنەڕەتی و دوانزەی ئامادەیی ڕابگیرێت.



AM:10:42:01/12/2020