« تڕەمپ و جەنگاوەرانی »

سیروان عەبدول

دۆوناڵد تڕەمپ لە هەموو کون و کەلەبەرێکی دونیادا لایەنگری هەیە و، هەر یەکە بە هۆکارێکەوە لایەنگریی دەکەن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوەی کە لەناو ناوەندی ڕۆشنبیریی و سیاسییکوردستاندا، وەک دەرئەنجامی بیرکردنەوە و ئیستیدلال لە بواری فەلسەفەی سیاسییدا،فانێکی تەبلیغکەریتوندی تڕەمپ سەرهەڵبدات، ئەویش لە شەخسی کاک فاروق ڕەفیقدا، کارێکی وا، ئەگەر نەرم بیڵێم، هەم سەرسوڕهێنەرە و هەم نائومێدکەر.

٭٭٭

بۆ هەر کەسێک کە کەم و زۆر ئاگاداریجۆری بیرکردنەوە و قسەکردنی کاک فاروق بووبێتلە چەند ساڵی ڕابردوودا لە بواری فەلسەفەی سیاسیی و سیاسەت و سیاسەتی ئەمریکییدا، بۆی ڕوون بووە کە ئەو خاڵێکی دەستپێکردنی کۆنسەرڤاتیڤ-ڕاستڕەوانەی هەیە بۆ ڕوانگەکانی و بۆ لێکدانەوەی ڕێچکەی مێژووی مرۆڤایەتیی و چۆنێتیی تەنزیمی سیاسیی کۆمەڵگا، وە زۆرجار لە هەڵوێستگیرییدا لەئاست کێشەکاندا، لەڕوانگەیەکی موحافەزەکارییەوە ئارگیومێنتی بۆ چارەسەر کردووە.لەم سۆنگەیەوە وەک مەیلدارێک بەلای کۆنسەرڤاتیڤییەتدا،لایەنگری ئایدیاگەلێکبووە لە سیاسەتی ئەمریکییدا لە چەشنی دەستوورگەرایی، دەخاڵەتی سنوورداری حکومیی، ئازادیی فەردیی و ئازادیی دەربڕین، دیموکراتییەتی نوێنەرایەتیی، لیبرالیزمی ئابوریی، بەهای کۆمەڵایەتیی ترادیشیۆناڵ، وە ڕابەرایەتیی گلۆباڵ. ئەوەی لایەنگرییکردنیکەسێکی ئاوا لە دۆوناڵد تڕەمپدەکاتە جێگەی سەرسوڕمان ئەوەیە کە تڕەمپ، چی لە ڕەفتار و ئەخلاقدا وەک شەخس و، چی وەک مومارەسەی سیاسیی، لە زۆربەی حاڵەتدا سەدوهەشتا پلە بەپێچەوانەی ئەو پرەنسیپانەی موحافەزەکارییەوە مامەڵەی کردووە، وە ئەسڵەن تڕەمپ بارێکی ئەوەندە قورس بووە بەسەر سیاسەتی موحافەزەکارانەوە کە لەم هەشت ساڵەی ڕابردوودا دەیانتیۆریکاری سیاسیی و ئەکادیمیکەر و سیاسەتکاری دیاری خاوەن ڕوانگەی موحافەزەکار، وە چەندین ئەندامی دیاری کۆمارییەکان، لە چەشنی میت ڕۆمنی و کۆڵن پاوڵ و دیک چێنی، ڕووبەدەر پشتیان تێ کردووە و ڕۆشن ڕایانگەیاندووە کە تڕەمپ خیانەتکەرێکی گەورەیە لە پرەنسیپە کۆنسەرڤاتیڤییەکان و،کەسێکی ملهوڕی بێباک لە ئەخلاق و کەسێکی دژە دیموکراتییەت و خاوەن مەیلی ئۆتۆریتارییە کە نە هیچ ڕێزێکی بۆ دەزگای دیموکراتیی هێشتۆتەوە و، نە ڕێساکانی پرۆسەی دیموکراتیی و پرەنسیپی ڕادەستکردنی دەسەڵاتی قبوڵە و، نە قەت بەهاکانی خانەوادەی کۆنسەرڤاتیڤ وکۆکردنەوەی ڕیزەکانی نەتەوەی بە لاوە گرنگ بووە.

من پێموایە سەردەرهێنانی سیاسەتی موحافەزەکار و ڕاستڕەوی ئەمریکیی لە تڕەمپ و «تڕەمپیزم»ەوە، ڕووداوێکی ئەوەندە ڕادیکاڵ پێچەوانەی چاوەڕوانیی و ئیدیعاکانی تیۆرییکارانی سیاسیی خاوەن ڕوانگەی ڕاستڕەو بوو کە دەبوایە زەنگی خەبەرهێنەرەوەی لەناو سەری یەک بە یەکیاندا هەڵبکرادایە و، لە زیهنی هەر یەکێکیاندا، بە دابڕاو لەوەی ئایا چەند ئارگیومێنتی تۆکمە و پۆینتی ڕەوا و شیکاریی وردی هەیە بۆ قەناعەتەکانی، پرسیاری جیددی دروست بکردایە سەبارەت بە ڕوانگەی فەلسەفیی و سیاسیی خۆی. ڕوانگەیەکی فەلسەفیی بۆ سیاسەت کە مومکینە ئەو نیهیلیزمەی لێ بکەوێتەوە کە تڕەمپ مومارەسەی دەکات و تڕەمپیزم نوێنەرایەتیی دەکات، هەرچییەک بێت بیانووەفەلسەفیی و عەقڵییەکانی پشتی و، چەند بن ئەو فەیلەسووفە گەورانەی مێژوو کە سەنەدی بن، ڕوانگەیەکە کە بێگومان خەلەلێکی تەرکیبیی جەوهەریی و بەهەڵەداچوونێکیخەتەری تیایە، ڕێک وەک چۆن کەوتنەوەی ستالینییەتلە ئایدۆلۆجیای کۆمۆنیزم و، کەوتنەوەی داعشییەت لە ترادیشیۆن و میراتی کولتوریی ئیسلامیی و لە ئایدۆلۆجیای ئیسلامیزم، مانای هەبوونی خەلەلی جەوهەریی و خەتەرناک بوو تیایاندا.

یەکێک لەو بیریارە بەرچاوانەی کە دوای سەرکەوتنی تڕەمپ لە هەڵبژاردنی ساڵی (٢٠١٦)دا پێداچوونەوەی ڕادیکاڵی بۆ فەندامێنتە ئایدۆلۆجییەکانی خۆی کرد و ڕای گۆڕی، (فڕانسیس فۆکۆیاما) بوو. ئەو ئەگەرچی لە وتاری (کۆتایی مێژوو)دا لە ساڵی (١٩٨٩) بەدیارییکراویی و بە ناو، ناوی دۆوناڵد تڕەمپ دەبات و، تڕەمپ وەک نموونەی کەسی خاوەن تەماحی گرنگ ناو دەبات کە دیموکراتییەت دەتوانێت هەڵبکات لەگەڵیدا و موساهەمەکانی کەناڵیزە بکات لە خزمەت کۆمەڵگادا، بەڵام دوای هاتنی تڕەمپ بۆ ناو سیاسەت و دوای ئەوەی بینی ڕۆحێکی تەماحکار و«سەروەر»ی بواری بازرگانیی و میدیای تەرفیهیی دەتوانێت بە وەسیلەی پۆپۆلیزم چی خەراباتکارییەک بکات لە سیاسەتدا، فۆکۆیاما تەحەفوزی ڕاگەیاند بەرامبەر ئەو تێزەی پێشووی خۆی کە گوایە دیموکراتییەتی لیبڕاڵ و ئابووریی ئازاد خاڵی «کۆتایی مێژوو»ی گەشەی سیاسیی بێت و، ڕۆشن ڕایگەیاند کە هەوڵی کۆمەڵگا بۆ یەکسان-مامەڵەکردنی بەهێزەکان و پەراوێزکەوتووەکان، مەرجی کەوتنەوەی هارمۆنییەتی کۆمەڵایەتیی و جێگیریی سیاسییە.

٭٭٭

بەر مەبنای چوار حەڵقەی بەرنامەیەک سەیری بکەیت کە لەم ماوەیەی ڕابردوودا لە کەناڵی ئاڤا تیڤییەوە پێشکەشی کردووە، وا دێتە پێش چاو کاک فاروق ئەسڵەن بە ئاراستەی پێچەوانەوە و، بەرەو ڕادیکاڵبوونێکی ڕاستڕەوانەی زیاتر چووبێت.

لە سەردەمی سەرۆکایەتیی تڕەمپدا و لە ساڵانی دواییدا،بە هۆی هەڵکردنی ڕەشەبای تڕەمپیزمەوە،کەسێک دەتوانێت بڵێت کە باڵی کۆنسەرڤاتیڤی سیاسەت لە ئەمریکا کەم و زۆر ئیختیزال و بچووک بۆتەوە بۆ کەڵتێک کە بە دەوری تڕەمپدا کۆبوونەتەوە، کەڵتێک کە بۆتە هاوپەیمانێتییەکی نێوان نوخبە و ژمارەیەکی گەورە لە لایەنگری ڕادیکاڵ و دۆگماتیستی تڕەمپ، کە بە چڕیی خەریکی پەخشکردنەوەیزانیاریی ساختەن و،تەبلیغ بۆ چەندین تیۆری موئامەرە دەکەن لە چەشنی (QAnon) کە گوایە دەستەیەکی سیاسیی و بازرگان هەن لەژێرەوە هەموو سەرەداوەکانیان بەدەستەوەیە و دونیا بەو ئاراستەیەدا لێدەخوڕن کە خۆیان دەیانەوێت، وە گوایە ئەو دەستەیە دژایەتیی تڕەمپ دەکەن چونکە تڕەمپ لەو کەسە دەگمەنانەیە کە منەتی پێیان نییە و جورئەت و توانای ڕووبەڕووبونەوەیانی هەیە و، کار بۆ ڕاگرتنیان دەکات.ئەم تیۆری موئامەرەیە لەلایەن کاک فاروقەوە کۆپی دەکرێتەوە و لەو بەرنامەیەدا،وەک فاکتی بێ چەند و چوون، پەیست دەکرێتەوە.

ڕاست بڵێم، ئینسان کە سەیری ئەو چوار حەڵقەیەی ئەو بەرنامەیە دەکات و تیایاندا گوێی لە چەندین تیۆری موئامەرەی لەو چەشنە و، ستایشی بێمەرج و بێ تەحەفوز سەبارەت بە تڕەمپ و، هۆشدارییدان لەئاست«خەتەر»ی پێشکەوتنخوازیی و،لەئاست «خەتەر»ی بزووتنەوەی وۆوک (Woke) و، گوێی لەوە دەبێت کە فیگەرێکی جێگەی جەدەلی وەک (تەکەر کارڵسۆن) وەک ڕۆژنامەنووسێکی «گوڵ» ناو دەبرێت بەبێ ئەوەی هیچ لەسەر جۆری ئەو ڕەخنانە بووترێت کە ڕەخنەگرانی هەیانە لێی، ئینتیباعێکی وای لای جێدەکەوێت کە کاک فاروق لەم چەند ساڵەی دواییدا، بە چەشنی ئەو سەدان هەزار لاوە تڕەمپیستانەی ئەمریکا و ئەوروپا کە لەم ساڵانەدا لە ژێرزەمینەکەی ماڵی دایکیاندا ڕادیکاڵ بوونەتەوە، هیچی نەکردبێت بەغەیری خوێندنەوەی وتارەکانی سایتەکانی (Breitbart) و (Infowars) و، دانیشتن بە دیار کەناڵەکانی (Fox News) و (OANN)ەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ قەناعەتی تۆکمەتر بووە بەوەی کە باڵی لیبراڵەکان و دیموکراتەکان لە هەوڵی داڕوخاندنی ئەمریکا و ئایدیاڵەکانی کۆماری ئەمریکادان.

٭٭٭

کاتێک کاک فاروق لە بەردەم ژمارەیەک لە قوتابیی زانکۆ و لە کەناڵێکی تەلەفزیۆنییەوە وەک سەلمێنراوترین فاکت، نزیک بە سەعاتێکباسی وجودی «دەوڵەتی قووڵ»(Deep state) دەکات کە گوایە لەناو سیاسەتی ئەمریکییدا ستراکتۆرێکی بە نفووز و خاوەن تەنسیقی نهێنیی و ژێرزەمینیی هەیە کە دژ بە ئەجێندا کۆنسەرڤاتیڤەکان و دژ بە تڕەمپ کار دەکات، ئەمە بەبێ ئەوەی ئەو زانیارییە بدات بە گوێگر کە هیچ بەڵگەیەکی سەلمێنەری ئەو ئیدیعایە لە بەردەستدا نییە، وە زۆرینەی ڕەهای توێژەران و چاودێران و ڕۆژنامەنووسان و سیاسەتکاران ئیدیعای هەبوونی «دەوڵەتی قووڵ» لە ئەمریکادا تەنها بە تیۆرێکی موئامەرە و، بە یەکێکی تر لە درۆ و وڕێنە نەرجسییەکانی دۆوناڵد تڕەمپ دەزانن، لەو لەحزەیەدا ئەو خەریکی چالاکیی پڕۆپاگەندەی سیاسیی و سڕکردنی عەقڵی ڕەخنەییە، نەک چالاکیی ئەکادیمیی و یارمەتییدان بۆ تێگەیشتن و سەردەرکردن و ئینگەیجبوونی گوێگرەکانی. 

سەیرێکی ئەم نموونەیە بکە: کاک فاروق باسی ئەوە دەکات کە گوایە چەند ساڵێک پێش ئێستا جۆو بایدن لە هەڵمەتی هەڵبژارندندا لە وەڵامی ژنێکدا وتویەتی بێگومان من لایەنگری ئەوەم کە منداڵی حەوت ساڵ مافی هەبێت نەشتەرگەریی گۆڕینی ڕەگەز بکات و ڕەگەزی خۆی بگۆڕێت. یان دەڵێت دیموکراتەکان لایەنگری ئەوەن دەوڵەت بێت منداڵی هەشت ساڵ لە دایکوباوکیان وەرگرن بیانبەن نەشتەرگەرییان بۆ بکەن و ڕەگەزیان بگۆڕن. ئەم نموونەیە پیشانی دەدات کە کاک فاروق چۆن و بە چی ئەندازەیەکبە هەواڵی فەیک و بە پرۆپاگەندەی سیاسیی تڕەمپییەکان ڕادیکاڵایز بووە و،چۆن بە هۆی (Confirmation bias) لە موتابەعە و خوێندنەوەدا، عەقڵی ڕەخنەیی خۆی بێکار کردووە و موتابەعەی ئەو کەناڵانە ناکات کە شەو و ڕۆژیان خستۆتە سەر یەک بۆ ئەوەی ئەو لێشاوی هەواڵە فەیکانە بە درۆ بخەنەوە کە تڕەمپ و کەڵتی تڕەمپیزم بێ وچان بەرهەمی دەهێنن و دەیخەنە بازاڕەوە. ئەگینا ئەو درۆیەی ڕاستڕەوە ڕادیکاڵەکان بە دەم جۆو بایدنەوە کردیان، هەر ئەو سەردەمە دەزگا میدیاییە جیدییەکان بە درۆیان خستەوە.

ڕاستیی ئەو دۆزە ئەوەیە کە ئۆکتۆبەری ساڵی (٢٠٢٠)،کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی،دایکێک بەناوی (Mieke Haeck) لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا بە بایدنی ووت کە کچێکی (٨) ساڵی ترانسجێندەری هەیە و، ئینجا باسی ئەوەی کرد کە حکومەتی تڕەمپ چەندین یاسا و ڕێنمایی تەفرەقەکەرانەی دژ بە ترانسجێندەرەکان بڕیار لەسەر داوە، لەوانە قەدەغەکردنیان لە خزمەتی سەربازیی. سیاسەتی حکومەتی تڕەمپ دژ بە کۆمیونیتیی پەلکەزێڕێنە نیگەرانیی گەورەی دروست کردبوو چونکە تەنیا لەو ساڵەدا (٣٣) کەسی ترانسجێندەر لە ئەمریکادا کوژرابوون. پرسیاری ئەو دایکە لە بایدن ئەوە بوو کە ئایا ئەگەر ئەو ببێتە سەرۆک، ئەو یاسا و رێنماییانە لادەبات و ژیان و مافەکانی تڕانسجێندەرەکان زەمانەت دەکات. بایدن لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا بوو ووتی کە بەڵێن دەدات ئەو یاسایانە هەڵوەشێنێتەوە کە تەفرەقەکەرانە و نایەکسان مامەڵەی هاوڵاتییان دەکەن و، ووتی دەبێت ترانسجێندەرەکان هەموو ئەو مافانەیان هەبێت کە هاوڵاتییانی تر هەیانە. پاش ئەم قسانە ئیتر ڕۆژنامەنووس و چاودێرە سیاسییە ڕاستڕەوەکان، بەتایبەت(تەکەر کارڵسۆن) لەبەرنامەکەی خۆی لە کەناڵی فۆکس نیوز، کەوتنە هێرشکردن بۆ سەر ئەو دایکە و تووڕەکردنی خەڵک لێی. پاش قسەکانی تەکەر کارڵسون، ئەو دایکە ڕایگەیاند کە لەلایەن چەندین کەسەوە هەڕەشەی کوشتن و هەڕەشەی ڕفاندنی منداڵەکەی بۆ چووە. پاش ئەوە گروپێکی چالاکوانی پرۆپاگەندەی لایەنگر لە تڕەمپ و دژایەتییکەری تڕانسجێندەرەکان لە پێنسلڤانیا بەناوی (American Principles Project) فێڵەکەیان پلەیەکی تربردە سەرەوە بەوەی کە وەک کورتەنامەی بە جوملە، نزیک بە یەک ملیۆن کورتەنامەیان بۆ تەلەفۆنەکانی هاوڵاتییانی ئەمریکا نارد کە تیایدا نووسرابوو جۆو بایدن ڕایگەیاندووە کە ئەو ''بێگومان لایەنگری ئەوەیە کە منداڵی شەش تا هەشت ساڵ مافیان هەبێت نەشتەرگەریی گۆڕینی ڕەگەز بکەن'' و،بڕیاری داوە لەو پێناوەدا یاساکانی وڵات بگۆڕێت. ئەگەرچی سەرجەم میدیا جیدییەکان هەر ئەو کاتە ئەو درۆیەیان ڕەت کردەوە کە بۆ بایدن هەڵبەسترابوو، بەڵام ئەو درۆیە بێگومان لە ژینگەی داخراوی ڕاستڕەوە ڕادیکاڵەکانی ناو کەڵتی تڕەمپیزم تا چەندین ساڵی تریش وەک زانیاریی موسەلەم دەمێنێتەوە و هەر دەوترێتەوە و ئیمانی خۆیانی پێ قایمتر و قایمتر دەکەن. ئەوە ئەو درۆیەیەی ئەو دەزگایەیە کە ئەوەتا کاک فاروق دوای چوار ساڵ، وەک زانیاریی ڕاست و شۆکهێنەر دەیگەیەنێتە قوتابییە زانستخوازەکانی کورد و،ئەو پرۆپاگەندە کۆنسەرڤاتیڤییە لە کەناڵێکی تەلەفزیۆنییەوە، بەناو کۆمەڵگای کۆنسەرڤاتیڤ و ئیسلامزەدە و پاتریارکیی باشووردا بڵاو دەکاتەوە.

٭٭٭

بۆ کەسێك کە تۆزێک شوێن سیاسەتی ئەمریکیی و هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەمجارەی سەرۆکایەتیی کەوتبێت و،ئاگاداری ئەو شەڕی کولتورییەبێت کە لەو کۆمەڵگایەدا هەیە، یەکسەر دەبینێت کە ئەوەی کاک فاروق لەو بەرنامەیەدا دەیکات، جگە لە عەرزکردنێکی ناڕۆشن و ڕووکەش و لایەندارانەی بیری کۆنسەرڤاتیزم لە مێژوودا، تەنها بەدوای یەکدا ڕیزکردنێکی ناڕێکی تیۆری موئامەرە و هەواڵی فەیک و ئیدیعای بۆمباییانەیڕاستڕەوە ڕادیکاڵەکانی ئەمریکا و ناو هەڵمەتی هەڵبژاردنی تڕەمپ و،عەرزکردنیانە بە شێوەیەک وەک ئەوەی ئەو ڕایانە موسەلەمترین حەقیقەتی ناو دونیا بن و هیچ نیوئانسێکیان نەبێت و، هیچ ڕایەکی کەم و زۆر ماقووڵی خاوەن پۆینت و شایان بە باسکردن لەبەرامبەریاندا وجودی نەبێت.تا ئەو شوێنەی گوێگر پرسیاری ئەوەی لا دروست دەبێت، ئەگەر بزوتنەوەی (وۆوک) بەو ئەندازەیە خەتەرناک و داڕوخێنەرە کە ئەو دەیڵێت، ئایا ئەوانەی لەناو ئەو بزوتنەوەیەدان، لەبەر ئەوە لەناو ئەو بزوتنەوەیەدان کە کەسانی موخەریبن و حەز دەکەن کۆمەڵگا داڕوخێت بەسەر یەکدا، یان ئەوانیش پاکانەیەکیان بۆ هەڵوێستی خۆیان هەیە.یان ئایا ئەوانەی لایەنگری ماف و ئازادییەکانی هاوڕەگەزخوازەکانن،لەبەر ئەوەلایەنگری ئەو ماف و ئازادییانەن کە هەر هیوایەتیانە نیهیلیزمزاڵ بێت بەسەر کۆمەڵگاداو ئیتر هیچ بەها و نۆرمێک نەمێنێت و دونیا داڕوخێت بەسەر یەکدا، یان ڕێک لە سۆنگەی بەها و نۆرمی هیومانیستییەوە ئەو پالپشتییەی خۆیان بۆ هاوڕەگەزخوازەکان تەبریر دەکەن؟

تەنانەت لە عەرزکردنی ڕوانگەی کۆنسەرڤاتیزم و ڕاستڕەوییشدا ئەوەندە یەکتەرەفە و ستایشکارانە عەرزی دەکات و هیچ ناڵێت لەسەر ئەوەی کە ئایا لیبرالیستەکان و چەپەکان بۆچی لیبرالیستن یان چەپن، کە هەر کەسێک لە شوێنی تر ئاشنا نەبووبێت بەوەی کە کرۆکی ڕەخنەی ڕوانگەی کۆنسەرڤاتیڤ و لیبرالیست، وە چەپ و ڕاست لەیەکتر چییە، ئینتیباعێکی وای لا جێدەکەوێت کە ڕوانگەی لیبراڵیی و چەپ هەر تەنها پلانی دەستەیەکی «موخەریب»ە لە دونیادا کە حەزیان لە ڕووخاندن و شێواندنی دونیایە و،شەو و ڕۆژیان خستۆتە سەر یەک تا بیناکردن و ڕێکخستنی دونیا لەو هێزە باشانە تێکبدەن کە خەریکی بیناکردن و ڕێکخستنی دونیان.

ڕووە کۆمیدییەکەی ئەم عەرزکردنە یەکتەرەفەیەی ڕاستڕەوەکان بۆ ناکۆکییەکان و هەوڵیان بۆ«کانسڵکردن»ی پێرسپێکتیڤی تەرەفی بەرامبەر لە عەرزکردنەکەدا لەو جارانەدا دەردەکەوێت کاتێک بەم میتۆدی کانسڵکردنە ڕەخنەی وجودی «کولتوری کانسڵکردن» دەکەن لە ئەمریکادا. لەڕێگەی کانسڵکردنی پۆینتی تەرەفی بەرامبەرەوە هەوڵدەدەن سەنگەرگیریی مومارەسە بکەن لەبەردەم کولتورێکی ناپەسەندی کانسڵکردندا کە لە زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمیی و سیاسییەکانی و ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا هەیە.

هەر کەسێکی نەشارەزا لە فیکری سیاسیی بیەوێت لەڕێگەی ئەو چوار حەڵقەیەی ئەو بەرنامەیەوە بیرۆکەیەک وەرگرێت لەسەر ئەوەی ئایا دووبەرەیی کۆنسەڤاتیزم و لیبرالیزم، وە چەپ و ڕاست سەبارەت بە چییە و، ئایا هەر تەرەفە چی پۆینتێکی هەیە، ئەوا عەرزێکی تێکەڵەوپێکەڵەی کۆنسەرڤاتیزم و دەیان پیاهەڵدانی پاکانەنەکراوی بۆ ڕاستڕەویی دەست دەکەوێت. لەبەرامبەردا هیچی لەسەر پۆینتی لیبرالستەکان دەست ناکەوێت، بەڵام دەیان زەم و هۆشداریی پاکانەکراویی لەئاست چەپڕەوییدا دەست دەکەوێت.


٭٭٭

شتێک کە گومانی تیا نییە ئەوەیە کە کاک فاروق بەئەنقەست بەدوای تەبلیغی سیاسیی و گواستنەوەی ناڕەخنەییانەی تیۆری موئامەرە و زانیاریی پشتڕاستنەکراوە وپاڵپشتیی مەیل و ڕەفتارە ئۆتۆریتاییەکانی تڕەمپ و ڕاستڕەوە ڕادیکاڵەکانەوە نییە.بەڵکو بەپێچەوانەوە، نییەتێکی تەواو نەبیلانەی ڕۆشنبیریی و تموحێکی جیدییانەی ئەکادیمییانە لەپشت ئەو موحازەرانەیەوە هەیە چونکە ئەو دەزانێت تێگەیشتن لە ئەمریکا چەند گرنگە.

تێگەیشتن لە ئەمریکا مێژووی ئایدیای سیاسییت لە ئانتیکەوە بۆ دەبەستێتەوە بە دیبەیتەکانی ئێستای ناو ئەمریکا و ناو دونیای مۆدێرنەوە و، بەو جۆرە ئینسان دەتوانێت باشتر لەو پرەنسیپە بنەڕەتییانە تێبگات کە ئەمڕۆ سیاسەت لەسەر ئاستی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی بەڕێوە دەبات. ئەو تیۆریی و هەڵوێستگیرییانەی لە ناو ئێستای سیاسەتی ئەمریکییدا هەن دەرکەوتەی ناو دیسکۆرسێکن کە لەو سەردەمەدێرینەی ئەمریکاوە درێژ دەبێتەوە کە دیبەیتی فیدراڵییەت و دژەفیدڕاڵییەت هەبوو، تا دەگات بە کێشمەکێشی نێوان کۆنسەرڤاتیزم و لیبراڵیزم لە سیاسەتی مۆدێرنی ئەمریکییدا. وردبوونەوە لە گەشەی ئەمریکا لەم دووسەد و چل ساڵەی ڕابردوودا، بە زەروورەت دەتبات بەسەر تێگەیشتن لە ئەلێکسیس دی تۆکەڤیلدا کە کتێبەکەی (دیموکراتییەت لە ئەمریکا) سەرچاوەیەکی بنەڕەتییە بۆ تێگەیشتن لە سروشتی ئایدیای دیموکراتییەت. هەمانشت دەتبات بەسەر چەندین بیرمەندی گەورەی مۆدێرندا لەچەشنی جۆن ڕاولس و تیۆرەکانی سەبارەت بە دادپەروەریی و لیبرالیزمی سیاسیی، وە ڕۆبەرت نۆزیک و تیۆرە ئانارشییەکەی بۆ دەوڵەت. 

من دەزانم کاک فاروقکردنی ئەم کارە گرنگەی لەبەرچاوە کاتێک دەست بۆ عەرزکردن و شیکاریی مێژووی ئەمریکا و سیاسەتی مۆدێرنی ئەو وڵاتە دەبات،وە کۆنسێپتی بەرنامەکەشی ڕێک ئەمەیە. بەڵام، بۆ تێگەیشتنێکی لەو جۆرە لە دیسکۆرسی سیاسیی ئەمریکا، پێویست بەوە هەیە کە، ڕێک لەسەر بنەمای ئەو بەهایانەی کە کرۆکی ڕۆحی ئەمریکا پێک دەهێنن،کرۆکی ڕاستەقینەی ناکۆکییەکانبە گوێگر بناسێنیت و پێرسپێکتیڤە جیاوازەکانی بخەیتە بەردەست تا دەرفەتی هەبێت عەقڵی ڕەخنەیی خۆی لە تاوتوێکردنیاندا بخاتە کار. ئەمە گرنگە بەتایبەت لە سەردەمێکی وەک ئێستادا کە فەیک نیوز و، تیۆری موئامەرە و، ڕێتۆریکی دیماگۆگانە، وە ئینجا درۆکردنە ڕۆژانەییەکانی تڕەمپ، بۆتە پەردەیەکی ئەستوور بەسەر فەزای گشتیی ئەمریکا و جیهانەوە و،خەتەری ڕاماڵران لەگەڵ  لێشاوی پرۆپاگەندە و هەڵمەتی ئێستای هەڵبژاردندا لە هەر کات زیاترە.

من پێموایە کاک فاروق جگە لە خەتەری زۆر خوێندنەوەی سەرچاوەی بەحەسریی دەربارەی کۆنسەرڤاتیزم تا ئاستی لێڵبوون و یەکڕەنگبوونی دونیا لەبەرچاوی، بۆتە قوربانیی ئالگۆریتمەکانی ناو پلاتفۆرمەکانی سەر ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. ئالگۆریتم کە بەر مەبنای ئەوەی پێشتر حەزت بۆ چی بابەتێک پیشان داوە، بەردەوام ماتریاڵی هاوچەشن دێنێتەوە سەر «فیید»ەکەت. لە یوتیوب سەیری ڤیدیۆیەکی تەکەر کارڵسۆن بکە، دەیان ڤیدیۆی تری ئەو و، ئینجا ڤیدیۆی ڕاستڕەو و پەخشکەرەوانی تیۆری موئامەرەت بە دوای یەکدا بۆ ڕیز دەکات. پێدەچێت کارکردی ئەمە بێت کە ڕێک بەچەشنی ڕاستڕەوە ڕادیکاڵەکان لە ئارگیومێنتکردندا، هەوڵدەدات وا پیشان بدات کە لە دەرەوەی ئەو «حیکایەتە ڕەسمیی»یەدا کە زۆرینە باوەڕیان پێی هەیە و لە میدیا دامەزراوەکاندا هەیە، واقیعێکی جیاتر و گەورەتر هەیە کە تەنها ئەو و ژمارەیەکی خەڵکی کەم بەڵام زۆر ژێر و تەفرەنەخواردووی ڕەوتی باو دەیبینن. وە لە بەڵگەهێنانەوەدا ئینتیقائییانە تەنها ئەو زانیارییانە هەڵدەبژێرێت کە ئەو تیۆرەی ئەو پشتڕاست دەکەنەوە. هەر ئەمەیە هۆکاری ئەوەی کە داکۆکییەکانی لە ڕوانگەی کۆنسەرڤاتیڤیی و کۆمارییەکانی ئەمریکالەو بەرنامەیەدا هیچ ستراکتۆرێکی نییە و لە خاڵێکەوە باز دەدات بۆ خاڵێکی تر بەبێ ئەوەی خۆی ببینێت کە دژەبەریی لەنێوان قسەکانیدا هەیە، وە بەبێ ئەوەی گوێگر بتوانێت ببینێت چی لۆجیکێک خاڵێک لە قسەکانیدا دەبەستێت بە خاڵەکەی دواترەوە، یان ئەو ئیدیعا بۆمبایانە چی دەیانبەستێت بەو کتێب و بیرمەندانەوە کە ناویان دێت.

ئەم جۆرە ئیستیدلالکردنە لە ئاکامدا هەندێک تێزی ئاڵۆز و تێکەڵەوپێکەڵەی لێ بەرهەم دێت کە هاوشانە بە تۆنێکی ژێرەکیی وا کە دەڵێت: هەرکەس گومان لەم قووڵبینییەی من بکات بۆ دۆزەکان، ئەوە گەمژەیی و تەنکبینیی و بێئاگایی خۆی لە دونیا دەسەلمێنێت. ئەم ڕێتۆریکە لە درێژەدا بە بازنەیەکی داخراوی ئایدۆلۆجیی کۆتایی دێت کە هەم بۆ کەسەکانی ناوی و هەم بۆ ئەوانەشی لە دەرەوەین، زۆر سەخت دەبێت ئارگیومێنتکردن لەبەرامبەریدا لەپێناو کردنەوەی ئەو بازنە داخراوەدا.

شایان بە وتنە کە ئەم دەردە و، دروستکردنی ئەو بازنە داخراوە، لەپاڵ ژینگەی ڕاستڕەوە ڕادیکاڵەکانی ڕۆژئاواوە، «لۆجیکیی»ترین و «عەقڵانیی»ترین چالاکیی ڕاگۆڕینەوەی ناو ژینگەی ئیسلامییەکانیشە لە کوردستان و لە وڵاتانی موسڵماندا. هەموومان زۆر یان کەم تەجرەبەمانهەیە و دەزانین چەند عەبەسیی و بازنەیەکی داخراوە ڕاگۆڕینەوە لەگەڵ ئەو موسڵمانە دۆگماتیست و ئیسلامییانەدا کە تەنها کتێبی ئیسلامییان خوێندۆتەوە و، بە دانیشتن بە دیار موتابەعەکردنی پرۆپاگەندەی ئیسلامییەوە بەشی گەورەی کاتی خۆیان بەسەر بردووە.

٭٭٭

بۆ من وا دێتە بەرچاوکاک فاروقبە ئەندازەیەک سەیریئەو ماتریاڵە زۆرەی پرۆپاگەندەی ناو کەمپینی هەڵبژاردنی ئەمجارەی کۆمارییخوازەکانی کردبێت کە چوارچێوە گشتییەکە و سروشتی ڕاستەقینەی ناکۆکییەکانی ناو سیاسەتی ئەمریکیی لەبەرچاو ون بووە، وە وەک کەسێکی گیرخواردوو لەناو ئەو وەتاغی دانگدانەوە (Echo chamber)نەدا قسە دەکات کە ڕاستڕەوە ڕادیکاڵەکانی دەوری تڕەمپ گیریان تیا خواردووە و بە دووبارەکردنەوەیان پرۆپاگەندەکان لە ژیاندا ڕادەگرن. بۆ نموونە، کەسێک نەزانێت چۆنە و بۆچی خەڵکانێک هەن پارالێل لەنێوان تڕەمپ و هیتلەردا دەکێشن و ئەدگاری هاوبەش لەنێوانیاندا دەبینن و بەشێک لە خەتەری هیتلەریزم لە تڕەمپیزمدا دەبینن، ئەو کەسە گەیشتۆتە پلەیەک لە وەجد و فەنا لە تڕەمپیزمدا کە بە پێویستی نازانێت کات بە تێگەیشتن لە پرۆتێستی کەسانی تر بگرێت. ئەمە تا ئەو شوێنەدەڕوات کە وا دێتە بەرگوێکاک فاروق لە یەکێک لەو حەڵقانەدا هەوڵ بدات تەنانەت هەوڵی ئیغتیالکردنی تڕەمپیش لە مانگی تەموزی ئەمساڵدا وەک پلانێکی ژێربەژێری دیموکراتەکان پیشان بدات،یان بەدرێژایی بەرنامەکە یەک لە دوای یەک ئەو تیۆری موئامەرە و ئەو موبالەغە ڕێتۆریکییانەیە بگوێزێتەوە کە تڕەمپ لە گوتارەکانیدا دەیانڵێتەوە.

سەیرێکی ئەم نموونەیە بکە: یەک حەڵقە تەرخان دەکات بۆ پێداگریی لەسەر ئەوەی کە گوایە ڕەوایە ئەمریکای ژێر ئیدارەی دیموکراتەکان،یان ئەو ئەمریکایەی دیموکراتەکان دروستی دەکەن، وەک «کۆماری مۆز» وەسف بکرێت. دیارە گوێگری سادە ناتوانێت ئەوە ببنێت کە وەسفکردنی ئەمریکا وەک کۆماری مۆز ئیدیعایەکی ئەوەندە ناجیددی و ناماقووڵە کە جگە لە بزەکردنێک لە ئاستیدا ناهێنێت هیچ لایەکی تری لێ بکەیتەوە. گوێگرانی نائەپدەیت دەرفەتیان نییە بزانن کە ئەو وەسفکردنەی ئەمریکا بە کۆماری مۆز قسەی تڕەمپە و، لەو موبالەغانەیە کە بێحیساب لەبەردەم مایکرۆفۆندا هەڵیاندەڕێژێت. وە قسەیەکە کە تڕەمپخۆی و نزیک بە سەرجەم خەڵک، جگە لە هەوادارە فاناتیکەرەکانی تڕەمپ، دەزانن ئیدیعایەکی تەواو ناماقووڵە،وە ئەو خەڵکە دەزانن تڕەمپ دوایین شت بۆی گرنگ بێت ماقوڵییەتی ئیدیعاکانێتی.

ئەمریکا بەپێچەوانەوەی ئەوتایبەتمەندییانەوە کە کۆمارێک دەکاتە کۆماری مۆز، دەزگای ئیداریی سەربەخۆی بەهێز و، سیستەمێکی دادوەریی تۆکمە و، هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە و، میدیای چالاکی هەیە کە هەمیشە گوشارێکی گەورەی ئەکاونتابیڵیتیی بەسەر سیاسەتکارانەوە ڕادەگرن. ئابووریی ئەمریکا، بەپێچەوانەی کۆنسێپتی کۆماری مۆزەوە، پشتی بە سەرچاوەی زۆر جیاواز بەستووە، وە ئابورییەکی جێگیرە. هەروەها حوکمڕانیی لە ئەمریکا ئەوەندە میکانیزمی ئاڵۆز و تۆکمەی تیایدا جێگیرە کە، بەپێچەوانەی کۆمارەکانی مۆزەوە، پێشێلکردنی مافە مەدەنییەکان تەواو قورس دەکەن، وە زەمانەتی ئیدارەی دەوڵەتیی لەڕێگەی دابەشکردنی دەسەڵات و ڕادەستکردنی دیموکراتییانە و ناتوندوتیژانەی دەسەڵاتەوە دەکەن.

لە ڕاستییدا ئەسڵەن ئەگەر ڕەفتارێکی حوکمداریی لە ئەمریکادا هەبێت کە ڕەوا بێت بە ڕەفتاری کۆماری مۆز بشوبهێنرێت، ئەوە تەنها ڕفتارە ئۆتۆریتارییەکان و هەوڵە خەتەرناکەکانی دۆوناڵد تڕەمپە بۆ بنکۆڵکردن و لەناوبردنی دیموکراتییەتی ئەمریکیی. بیرمان نەچێت لە سەردەمی مۆدێرنی ئەمریکادا ئەوە تڕەمپ و هاوپەیمانانین کە هەوڵیان داوە ئەنجامە ڕاستەقینەکانی هەڵبژاردنێکی دیموکراتیی بگۆڕن تا لەو ڕێگەیەوە حوکم بگرنە دەست. تڕەمپ و هاوپەیمانانی بوون بە هەڕەشە گوشاریان خستە سەر کارمەندانی هەڵبژاردنەکان. تڕەمپ بوو درۆی کرد سەبارەت بە ئەنجامەکانی هەڵبژارنەکەی چوار ساڵ پێش ئێستا لەپێناو تووڕەکردنی لایەنگرانی خۆیدا و هاندانیان بۆ هێرشکردنە بۆ سەر دەزگای هەڵبژاردن و دەزگاکانی حوکمی دیموکراتیی. درۆیەک کە تا ئێستاش ملیۆنان هاوڵاتیی ئەمریکیی باوەڕیان پێیەتی و پێیانوایە «هەڵبژاردنەکە دزرا». تڕەمپ و یارمەتییدەرانی بوون نوێنەری هەڵبژاردنی چەندین ویلایەتیان تەزویر کرد. هەر ئەوان بوون ڕووخسەتنامەی تەزویریان نارد بۆ کۆنگرێس و، ئینجا تڕەمپ هەوڵی دا بە گوشار جێگرەکەی خۆی، مایک پێنس، بهێنێتە ژێر باری ئەوەی ئەو ساختەکارییەی بۆ ئیمزا بکات، وە لە درێژەدا هانی خەڵکی دا بڕۆنە سەر کۆنگرێس و داگیری بکەن. کۆنسێپتی کۆماری مۆز لەم نموونانە ڕۆشنتریان بۆ نادۆزیتەوە لە ئەمریکای سەردەمدا.

٭٭٭

شتێکی جێگەی سەرنجهەر لە سیاقی ڕەخنەکردنی «کۆماری مۆز»دا ئەوەیە کە ئەگەر لە کوردستانی سەردەمدا بۆ نموونەی ڕۆشنی کۆنسێپتی کۆماری مۆز بگەڕێیت، ئەوا نموونەیەک نادۆزیتەوە ڕۆشنتر بێت لە نموونەی ئەو کەناڵە تەلەفزیۆنییە و خاوەنانی ئەو کەناڵە تەلەفزیۆنییەی کە ئەو ڕەخنانەی لێوە دەکرێت. ئایا ئەمە بۆچی وایە و چی مومکینی دەکات ئەو کەناڵە کردنی ئەو قسانەی قبوڵ بێت و کاک فاروقیش ئەوەی قبوڵ بێت نەتوانێت بڵێت ئەم کەناڵە نموونەی ڕۆشنی ئەو کۆماری مۆزەیە کە باسی دەکەم؟هیودارم هۆکارەکەی هەر تەنها ئەو هەوڵی خۆسپییکردنەوەیەی حیزب بێت بە ڕۆشنبیران کە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا باوە، وە هیچ هاوڕاییەکی ئایدۆلۆجیی کاک فاروق و حیزب نەبێت لە ڕوانگەدا بۆ جۆری حوکمداریی. ئەمە دەڵێم چونکە بەڕای منهاوڕایی و هاوپۆشیی (Overlapping)ەکی نیگەرانکەر هەیە لەنێوان ڕوانگەی ئۆتۆریتارییانە و دوونییانەی حیزبەکانی کورستان، بەتایبەتیی پدک و ینک، بۆ خەڵکی سادە و ئاسایی کوردستان و، ڕوانگەی نێگەتیڤانەی کاک فاروق بۆ جۆرێک لە دیموکراتییەتو بەشدارکردنەوەی خەڵک لە بڕیاری سیاسییدا کە بە «دیموکراتییەتی حەشامات» ناوی دەبات.

هەر لەم سیاقەدا جێگەی سەرنجە کاک فاروق و مەسرور بارزانیی، یەکەمیان بە هۆی ئیسقاتکردنی ناڕەخنەییانەی ئەو ڕەخنانەی کە لە پرەنسیپی لیبراڵیزمی ئابووریی و سیاسەتی پێشکەوتنخوازلە ڕۆژئاوا هەیەبەسەر هەرێمی کوردستاندا و، دووەمیان بۆ پاکانەکردن و داپۆشینی ئەو کۆلاپسە ئابورییەی کە حوکمداریی خراپیئەوان و سیاسەتی ئابووریی مۆز بەسەر ئەو هەرێمەیدا هێناوە، نەک هەردووکیان هەمان ڕێتۆریک بەکار دەهێنن بۆ پێداگریی لەسەر ئەوەی کە گوایە خەڵک لە نەشارەزاییانە ڕەخنەیان لە حکومەت هەیە و نابێت لە دۆزی ئابووریی و بازاڕی کاردا بەرپرسیارێتییەک بدرێت بەسەر حکومەتدا، بەڵکو تەنانەت هەردووکیان هەر هەمان نموونەی موبالەغەپێکراو لەپێناو ئیستیخفاف-پێکردن و بێقیمەتکردنی ڕەخنەی ڕەخنەگراندا بەکار دەهێنن بەوەی کە گوایە گەنجێکیان گەنجانێک وتویانە با حکومەت ژنمان بۆ بهێنێت.

جێگەی ئەسەفە کاک فاروق ئاشنای ئەوە نەبێت کە ڕژێمە نادیموکراتییەکان چەند فێڵی جەهەنەمییانەیان هەیە بۆ شەرعییەتدان بە دەسەڵاتی خۆیان و، هۆشیار نەبێت بەوەیکە قسەکردنی ئەو لە بابەتێکی ئەبستراکتی بواری فەلسەفەی سیاسیی لە چەشنی «حکومەتی خاوەن دەسەڵاتی مەحدود» و «ڕانەسپاردنی بەرپرسیارێتی زۆر» پێی، مومکینە حکومەت بیقۆزێتەوە بۆ پڕۆپاگەندەی سیاسیی خۆی،ڕێک لەپێناو پێچەوانەی ئەو پرەنسیپیانەدا، لەپێناو فەرزکردنی «حکومەتی دەسەڵات بەرفراوان» و پاکانەکردنی «حکومداریی نامەسئولانە»ی خۆی.

کاتێک ئاڤا تیڤی لەسەر وێنەیەکی ئەوئیقتیباسێکی وا دەنووسێت کە گوایە خەڵک هەن«نازانن حکومەت چییە و دژایەتییشی دەکەن»، بێگومان مەبەستی ئەو تەلەفزیۆنە ئەوە نییە بڵێت ڕۆشنبیرانی قاڵبووی ناودونیای فەلسەفە هەن کە لەناو دونیای تیۆرییە ئەبستراکتەکانی خۆیاندا و دابڕاو لە ئەرزی واقیع دەژین و هۆشیار نین بەوەی کە ئەو قسانەیان لە سیاقی کوردستاندا پرسیار لەسەر شەرعییەتی چی جۆرە ڕەخنەیەکی ڕەوا دادەنێت کە بەرامبەر بە حکومەت هەن، بەڵکو مەبەستێتی بە ڕەخنەگرانی حکومەت بڵێتسەیرکەن ئەم ڕۆشنبیرە کوردە دوای تێفکرینێکی زۆر زۆر گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی کە ئەو ڕەخنانەی ئێوە لە حکومەتی دەکەن تەنها دژایەتییکردنێکی حکومەتە کە تەنهالە نەزانیی و لە نەشارەزاییتانەوە لە کۆنسێپتی حکومەت سەرچاوە دەگرێت. دیارە کێشەکە هەر ئەوە نییە کە ئەو کەناڵە تەلەفزیۆنییە ئەو مانایە دەداتە ئەو قسەیە، بەڵکو کێشە گەورەکە ئەوەیە کە نزیک بە هەموو بینەرانی ئەو کەناڵەشبەو جۆرە لەو ئیقتیباسە تێدەگەن.

٭٭٭

جگە لە هۆشیاربوون بەوەی کە قسەی ئابستراکتی ئێمە لە فیکری سیاسیی نەچێتە گیرفانی حوکمڕانیی ئۆتۆریتاریی و هێزی نادیموکراتییەوە، گرنگە هۆشیار بین بەوەش کە تەنانەت ئیسقاتکردنی جۆریمامەڵەکردنی وڵاتانی ڕۆژئاواش لەگەڵ کێشە سیاسییەکانی ناو وڵاتی خۆیاندا بەسەر سیاسەتی کوردییدا زۆرجار دەبێتە پاڵپشتیی بۆ زۆر سیاسەتیئۆتۆریتاریی و تەرەفی دژەدیموکراتیی. بێگومان ئاشنابوون بە سیاسەتی ئەمریکیی گرنگە، بەڵام ئێمەی کورد، بەو مێژووەوەی هەمانە و، بەو کێشمەکێشە سیاسییانەوە کە لە کۆمەڵگای کوردییدا هەن، پێویست دەکات تەواو حەساس بینلەبەرامبەر ئەمریکانیزەکردنی سیاسەتی کوردییدا و لەبەرامبەر هێنانی شەڕی کولتوریی ناو کۆمەڵگا و ناو سیاسەتی ئەمریکیی بۆ ناو کۆمەڵگای کوردیی. ئەمە زۆر بە سادەیی، چونکە ئەو دوو کۆمەڵگایە دوو کۆمەڵگا و دوو سیاسەتی تەواو جیاوازن، وە کێشمەکێشەکان تیایاندا سروشتی جیاوازیان هەیە.

بۆ نموونە سەیری کێشمەکێشی «سیاسەتی ناسنامە» بکە لە سیاقی سیاسەتی ئەمریکییدا و، چاوێک لەوە بکە کاک فاروقلەئاست سیاسەتی ناسنامەدا خۆی تەواو لە سەنگەری ئەو بەرەیەدا دەبینێت کە سیاسەتی ناسنامە بە «ژەهر» دەبینێت بۆ ناو جەستەی دیموکراتییەت.

من ئەزانم سیاسەتی ناسنامە و بزوتنەوەی «وۆوک»لە سیاقی سیاسەتی ئەمریکییدا لەکوێوە جێگەی ڕەخنەیە و، دەزانم پۆینتی ڕەخنەگرانی سیاسەتی ناسنامە لە ئەمریکا چییە ئەگەرچی پێموایە ڕەخنەکەیان ڕواڵەتیی و کورتبینە، وە زۆرجار پۆپۆلیزمێکی ئایدۆلۆجیی-حیزبییە. بەڵام ئەوەی کە لەناو خەڵکی هەموو نەتەوەکانی سەر ڕووی ئەرزدا،کەس نا کوردێک، ئەویش کوردێکی دژ بە چەوسانەوەی نەتەوەیی کورد و لایەنگری ڕاستکردنەوەی ئەو خوارییەی کە ئەو چەوسانەوەیە لە مێژوودا دروستی کردووە، ڕەخنەی لە هاتنی باسی سیاسەتی ناسنامە بۆ کوردستان هەبێت، تەواو جێگەی تێنەگەیشتنە بۆم. ئاخر داخوازیی ڕاستکردنەوەی ئەو خوارییەی کە چەوسانەوەی کورد لە سیاسەتی ناوچەکەدا دروستی کردووە، بۆ نموونە، لە فۆرمی ڕێگەدان بەوەی کورد مافی هەبێت ڕیفراندۆم بکات و ئەگەر زۆرینە لایەنگری جیابوونەوە بوو، کوردەکان بتوانن جیا ببنەوە، ئەو داخوازییە سەرتاپای سیاسەتی ناسنامەیە.

دۆزی کورد سیاسەتی ناسنامەیە بە ئیمتیاز، وە هەر کەسێک، بۆ نموونە لە عێراقدا، بیەوێت دۆزی کورد مامەڵەیەکی ناسنامەییانەی لەگەڵدا نەکرێت و لە چوارچێوەی عێراق و لەسەر بنەمای مافە گەردونییەکانی هاوڵاتییبوون چارەسەر بکرێت، ئەو کەسە «عێراقچیی»ەکە کە لە باشترین حاڵەتدا، ئایدیاڵیستێکی خەونبینە کە تەنانەت کارەساتەکانی هەڵەبجە و ئەنفالیش لە خەوی هەڵنەستاندووە و ئێستاش پێیوایە عێراق مومکینە بەم زووە ببێتە دەوڵەتی یاسا و خاوەن نەتەوەیەکی یەکانگیر وخاڵیی لە تەفرەقە. وە لە خراپترین حاڵەتدا، ئەوە قسەی عەلی حەسەن مەجید و دەوڵەت باخچەلی و بەشار ئەسەدەدەیڵێنەوە کە لە سیاقی دۆزی کورددا دەڵێن: کورد نابێت خەریکی سیاسەتی ناسنامە بێت و سیاسەتی ناسنامە ژەهرە بۆ جەستەی «نەتەوە»کەمان.

نەتەوایەتیی کورد خۆی، بە هۆکاری تەواو جێگەی تێگەیشتنەوە، هۆشدارانە مامەڵەیەکی ناسنامەییانە لەگەڵ دۆزی خۆیدا دەکات. ئەوەی کە کاتێک کوردێکی دیاربەکر و کوردێکی کرماشان بەڕێککەوت بۆ یەکەمجار لە قاوەخانەیەکدا یەکتر دەبینن یەکسەر هەست بە نزیکایەتییەک و ئینتیمایەکی هاوبەش و دۆزێکی سیاسیی هاوبەش دەکەن، مانای ڕێککەوتنیانە لەسەر جەدوا و لەسەر گرتنەبەری «سیاسەتی ناسنامە».

لە سەرەوە باسی ئەوەم کرد کە ئەوانەی بەبێ ڕێفلێکتکردنێکی ڕاستەقینە، دروشمەکانی بەرەیەکی سیاسیی ناو سیاقێکی سیاسیی جیاواز دەگوێزنەوە، زۆرجار دژەبەریی دەکەوێتە ناو ئیستیدلال و ئارگیومێنتکردنیانەوە بەبێئەوەی خۆیان بیبینن. ئەوەی کە کاک فاروق لەلایەکەوە ڕەخنەی لەوە هەیە خەڵک و وڵاتانێکی تر هەبن دژ بەوە بن کورد وەک گروپێکی ناسنامەیی سیاسەت بکەن و،دژ بەوە بن کورد لەڕێگەیسەرپێخستنی ڕیفراندۆمێکەوە داوایەک پێش چاو بخەن کە تەنها گروپێکی ناسنامەیی بگرێتەوە نەک هەموو «هاونیشتیمانیی»ان، وە لەلایەکی ترەوە بە ڕەهایی دژایەتیی خۆی بۆ «سیاسەتی ناسنامە» پیشان دەدات، ڕێک نموونەیەکی ڕۆشنی ئەو دژەبەرییەیە لە قسەکردندا.

دیارە کاک فاروق تەنیا کەس نییە ڕەخنە لە «وۆوک» و سیاسەتی ناسنامە لەگەڵ پاڵپشتیی بۆ دۆزیناسنامەی کورد کۆدەکاتەوە. لە فەیسبووک بەرچاوم کەوتووە چەند هاوڕێیەکی تریش ئاوا ڕووکەش لە وۆوک تێگەیشتوون و تەنانەت وەک خۆرە بۆ دۆزی کورد چاوی لێدەکەن.

پۆینتی من لێرەدا ئەوەیە کە: یەکەم،لایەنگرانی خەبات بۆ مافی ناسنامە جیاوازەکان لە ئەمریکا هەروا بێ چەندوچوون لەسەر ناحەق نین و، سیاسەتی ناسنامە لە سیاقی ئەمریکادا تۆزێک لەوە ئاڵۆزترە کە ڕاستڕەو و کۆنسەرڤاتیڤەکان پیشانی دەدەن. وە دووهەم،ئەمریکانیزەکردنی سیاسەتی کوردیی و دابڕینیڕاستەوخۆی خسومەتەکانی ناو شەڕی کولتوریی لە ئەمریکا بەسەر کۆمەڵگا و سیاسەتی کوردییدا، هەڵەیە و زۆرجار زیانی گەورە دەدات.

٭٭٭

توخمێکی تری ناو سیاسەتی ئەمریکیی کە من تەواو نیگەرانم لە ئامادەکردنی باسی لەناو سیاسەت و کۆمەڵگای کوردییدا بەبێ ڕێفلێکتکردن و وردکردنەوە، ئەو ڕەخنانەیە کە کۆمارییەکان و کۆنسەرڤاتیزمی کۆمەڵایەتیی ئەمریکیی هەیانە لە ئیندیڤیدواڵیزم و ئازادیی شەخسیی و خۆڕیاڵیزەکردن، هەروەها ئەو پێداگرییەی هەیانە لەسەر گرنگیی بەها ترادیشیۆناڵەکانی خێزان وەک زامنکەرێکی سەقامگیریی کۆمەڵایەتیی. ئەمە چونکە کۆمەڵگای ئەمریکیی و کۆمەڵگای کوردیی هەم لە دوو قۆناغی گەشەکردنی جیاوازدان، هەمیش ناکۆکییە کولتورییەکانی ناو کۆمەڵگای ئەمریکیی دروستبووی ناو سیاقێکی مێژوویی، کولتوریی، کۆمەڵایەتیی و سیاسیی تەواو جیاوازن لە ناکۆکییە کولتورییەکانی ناو کۆمەڵگای کوردیی. بۆ نموونە، پلەی یەکسانیی ژن و پیاو لە کۆمەڵگای ئەمریکییدا گەیشتۆتە ئاستێک کە تەواو ڕەوایە پێمانوابێت فیمینیزم لەو کۆمەڵگایەدا کەم و زۆر حیکمەتێک بۆ وجودی نەماوە، وە ڕەوایە خەباتی جیدییانەی فیمینیستیی لە ئەمریکای باکوور و ڕۆژئاوای ئەوروپا وەک سیاسەتێکی ناسنامەیی ناپێویست یان پێداگرییەکی پەڕڕەوانە لەسەر دۆگمای یەکسانیی سەیر بکەین. بەڵام تەعمیمکردنەوەی ئەم حوکمە بەسەر بزووتنەوەی فیمینیستیی لە ناوچەیەکی وەک ڕۆژهەڵاتی ناویندا کە هێشتا تیایدا تەنانەت داکۆکییکردن لە سێکسکردن لەگەڵ کچی نۆ ساڵدا لە میدیاکانەوە نەک مولاحەقەی یاسایی بەدوای خۆیدا ناهێنێت، بەڵکو وەک دیندارییەکی جێگەی شانازیی سەیر دەکرێت، ڕێک بەشدارییکردنە لە بەهێزکردنی ئەو دیندارییە بەربەرییەدا. 

دۆزی جێندەر، وە ڕەخنە لە دروستنمایی سیاسیی (Political correctness) لەناو شەڕی کولتوریی ئەمریکیی و لە سیاسەتی ئەمریکییدا سەبارەت بە هەبوونی واقیعێکە کە لە کۆمەڵگا و سیاسەتی کوردییدا ڕێک پێچەوانەکەی هەیە. لە ئەمریکا دروستنمایی سیاسیی لە دۆزی جێندەردا دیبەیتێکە سەبارەت بە کۆتوبەندی سەر ئازادیی دەربڕینی ئەوانەی ڕەخنەیان لە جێندەر هەیە تا ئاستی کانسڵبوون لەلایەن چەپی ڕادیکاڵەوە. لەکاتێکدا دروستنمایی سیاسیی لە دۆزی جێندەر لە کوردستاندا دیبەیتێکی تەواو کپکراو و، کۆتکردنێکی تەواوەتیی ئازادییەکانی بەرامبەرە تا ئاستی خەتەری گیانیی لەلایەن کۆنسەرڤاتیڤییەتێکی دواکەوتووانەی پاتریارکیی-ئیسلامییەوە.بۆیە گواستنەوەی باسی دروستنمایی سیاسیی و کانسلبوون لە دۆزی جێندەردا بۆ ناو فەزای گشتیی کوردستان، لەبری ئەوەی داکۆکیی بێت لە ئازادیی دەربڕین، ڕێک چوونەپشتی ئەو هێزە لە کاروان دواکەوتووە دەبێت کە هەموو دەربڕینێکی ئازادانەیان لەو بوارەدا لەڕێگەی فەرزکردنی دروستنماییەکی سیاسیی سەرتاپاگیرەوە چاوترسێن کردووە. سەیری، دوو ساڵێک پێش ئێستا کاتێک حیزب و گروپە ئیسلامییەکان لە هەڵمەتێکی گەورەی پۆپۆلیستیی پڕ لە درۆ و پرۆپاگەندەی خەڵەتێنەردا بۆ ماوەی دوو مانگ هێرشیان کردە سەر ماف و ئازادییەکانی خەڵکانی لیگەبایت (LGBT)، میدیاکان بۆ لێدوان تەنانەت تیمی کادیری هونەریی تایبەتیان دەنارد بۆ ماڵی ئیسلامییەکی ئەحمەق کە هەر ئەوەندە لە جێندەر تێگەیشتبوو کە گوایە «جێندەر واتە هاوسەرگیریی پیاو لەگەڵ ئاژەڵ»، کەچی دروستنمایی سیاسیی ڕێگر بوو لەوەی لەو هەموو ماوەیەدا میدیاکان هیچ کەسێکی لایەنگری ماف و ئازادییەکانی هۆمۆ و ترانسجێندەرەکان لەو دیبەیتانەدا بەشدار پێ بکەن.

٭٭٭

کۆنسەرڤاتیزم لە ئەمریکا لەو سۆنگەیەوە نیگەرانە بۆ دامەزراوەی خێزان کە پێیانواییە فیمینیزم کچانی بە ئەندازەیەک ئازاد و لەڕووی ئابوورییەوە سەربەخۆ کرد کە ئاسان بە هەموو کوڕێک ڕازیی نابن و، وەک جاران بە ئاسانیی خێزان دروست نابێت. یان پێیانوایە ڕێگەدان بە زەواجی کوڕ لەگەڵ کوڕ و، کچ لەگەڵ کچ، قورسایی بۆ ئەو ڕۆڵە جێندەرییە نەریتیی و باوە دروست کردووە کە کۆمەڵگای ئینسانیی هەزاران هەزار ساڵە پێی ڕاهاتووە. لە درێژەدا پێیانوایە کە ئەو گۆڕانکارییانە گرفتی بۆ ئەو بەها مۆڕاڵیی و ئاینییانە دروست کردووە کە جاران سەقامگیریی بۆ دەزگای خێزان دابین دەکرد.

ئەوە ڕۆشنە کە ئەم نیگەرانییە بۆ خێزان و بۆ ڕۆڵی ژن و پیاو لە کۆمەڵگادا جیاوازییەکی جەوهەریی و گەورەی هەیە لەگەڵ نیگەرانیی کۆنسەرڤاتیزم لە کوردستان بۆ خێزان و بۆ ڕۆڵی ژن و پیاو. جیاوازیی هەم لە ڕووی پلەی دژەژنیی تیایاندا و، هەمیش لە ڕووی جۆری ڕوانگەیان بۆ شوێنگەی ژن لە کۆمەڵگادا. کۆمەڵگای کوردیی ڕوانگەیەکی زۆر دوونییتری هەیە بۆ ژن تا کۆمەڵگای ئەمریکیی، وە ئەو ڕوانگەیە بە ئەندازەیەک باوە لە کۆمەڵگای کوردییدا کە ژنی لەناو ستراکتۆرێکی کولتوریی و یاسایی بەرتەسکدا لە قاڵب داوە.

نیگەرانیی لە زۆربوونی ڕێژەی تەڵاق لە کۆمەڵگای ئەمریکییدا سەبارەت بە دۆزێکی تەواو جیاوازە کە هیچ نایبەستێت بە زۆربوونی ڕێژەی تەڵاقەوە لە کوردستان، وە ئەو حاڵەتەی کوردستان نموونەیەکی پشتڕاستکەرەوەی ئەو نیگەرانییە کۆنسەرڤاتیڤییەی ئەمریکا نییە. نیگەرانیی بەرامبەر زۆربوونی تەڵاق لە ئەمریکا دۆزێکە سەبارەت بە خۆڕیالیزەکردن لەناو پەیوەندیی گەرموگوڕی خێزاندا. لەبەرامبەردا، نیگەرانیی بەرامبەر زۆربوونی تەڵاق لە کوردستان دۆزێکە سەبارەت بە هەوڵی ڕاگرتنی کۆنتڕۆڵ بەسەر تاکی مێدا و ڕێگرییکردنە لە خۆڕیالیزەکردن و بوونی بە خاوەن ڕوخساری کۆمەڵایەتیی خۆی و دەرچوونی لە کۆیلەیی. بۆیە کاتێک کۆنسەرڤاتیڤییەتی کوردیی و حیزبە ئیسلامییەکان باسی «هەڵوەشانەوەی شیرازەی خێزان»دەکەن و داوای کردار دەکەن لە بەرامبەریدا، یان کاتێک کاک فاروق ئەو توخمەی ناو کۆنسەرڤاتیڤییەتی ئەمریکیی دەهێنێت و ڕاستەوخۆ ئیسقاتی دەکات بەسەر کۆمەڵگای کوردییدا، بەوە کار بۆ سنووردارکردنەوەیەکی زۆر گەورەتری ژیانی کچان و ژنانی کورد دەکەن لەوەی کە کۆنسەرڤاتیڤییەتی ئەمریکیی مەبەستێتی یان لە توانایدا هەیە فەرزی بکات بەسەر ژنانی ئەمریکییدا. هەمانشت، ئارگیومێنتی ئاینیی و سیاسیی کۆنسەرڤاتیڤەکانی ئەمریکا دژ بە مافەکانی خەڵکانی لیگەبایت (LGBT) ناتوانێت هیچێکی وا بکات لەبەرامبەر ئەو مافانەدا کە لە یاسای دەوڵەتدا جێگیر کراون و تۆڵێڕانسێکی زۆر کەم هەیە لە کۆمەڵگادا بۆ گوشارهێنان بۆیان. بەپێچەوانەی کۆمەڵگای کوردییەوە، کە هۆمۆفۆبیا و ترانسفۆبیا سیفەتی بەشی گەورەی تەنانەت توێژە هەرە ڕۆشنبیر و کراوەکەی کۆمەڵگاکەیە و، هۆمۆ و ترانسجێندەرەکان خۆیان و دۆزەکەیان بە دەستی بەتاڵ لەبەردەم هێرشی کۆنسەرڤاتیڤییەتێکی بێتۆڵێڕانسدا بەجێ هێڵڕاون.

٭٭٭

شتێکی تر مامەڵەی کۆمەڵگایە لەگەڵ ئەو نیگەرانییانەدا کە کۆنسەرڤاتیڤەکان دەیووروژێنن. لە ئەمریکا بەرزبوونەوەی ڕێژەی تەڵاق و جیاوبوونەوە لە کۆمەڵگادا، دەیان ئیجرائاتی تەراپیی خێزانیی بەدوادا دێت لەسەر دەستی سەدان شارەزا و خاوەن عەقڵی کارکردوو و کراوە، کە دەزانن چۆن کار بۆ زیادکردنی خۆشەویستیی و تۆکمەکردنی پەیوەندیی نێوان ژن و مێرد دەکەن. لەبەرامبەردا، هۆشدارییدان لەئاست بەرزبوونەوەی ڕێژەی تەڵاق و جیابوونەوە لە کۆمەڵگای کوردییدا و نەبینی ئەوەی کە بەشێکی زۆری بە هۆی گەشەیەکی پۆزتیڤی مافی ژنانێکی ژێردەستەوەیە، هیچ ناکات بەغەیری پشتڕاستکردنەوەی ئارگیومێنتی ئایدۆلۆجیایەکی پاتریارکیی-ئیسلامیی دژەژن کە بەسەر کۆڵی ئەو کۆمەڵگا شەکەتەوەیە. پشتڕاستکردنەوەیەک کە وەخۆکەوتنی سەدان هەزار پیاوی توندتیژی ناو خێزان و، هاتنەقسەی سەدان مەلای کەمزان و کۆنەپەرست و، دەیان سیاسەتکاری خاوەن عەقڵی داخراو و کارنەکردووی بەدوادا دێت کە دەزانن چۆن کار دەکەن بۆ فەرزکردنی مانەوە لەناو زیندانی زەواجدا بەسەر ژناندا و، چۆن بوونی مافی تەڵاق بەدەست ژنەوە وەک کۆتایی دونیا ڕەسم دەکەن. 

لە ئەمریکا نەبوونی لایەنداریی کچێک بۆ خێزانەکەی لە خراپترین حاڵەتدا لەیەکتر-زیزبوونی ئەو و خێزانەکەی لێدەکەوێتەوە، بەڵام نەبوونی لایەنداریی کچانی کوردستان بۆ خێزانەکانیان زۆرجار دۆزێکە سەبارەت بە ژیان و مردن. پەیوەندیی خۆشەویستیی نێوان کوڕێک و کوڕێک لە ئەمریکا تەنها بۆڵە بۆڵ و ڕقی ژێربەژێری خەڵکە ئەڵترا-کۆنسەرڤاتیڤەکەی لێدەکەوێتەوە کە لە ترسی سەرکۆنەی خەڵک ناوێرن بە ئاشکرا لە بەرچاوی کۆمەڵگا دەریببڕن، بەڵام خۆشەویستیی نێوان کوڕێک و کوڕێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مومکینە بەوە تەواو بێت کە لەناو موبارەکە و دەستخۆشیی خەڵکەکەدا، لە بەرزترین ساختمانی موسڵ و ڕەققەوە فڕێ بدرێنە خوارەوە.

٭٭٭

دیارە ئەوە هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕیت کە کاک فاروق هەوڵ دەدات کۆنسەرڤاتیڤییەتی خۆی و ئەو کۆنسەرڤاتیڤییەتەی کوردستان وەک دوو بەرەی جیاواز یان دژ بە یەک پیشان بدات، یان هەوڵ دەدات ناوی «کۆنسەرڤاتیزم» لەو کۆنەخوازییە پاتریاکیی-دینییە وەرگرێتەوە کە ئیسلامییەکانی کوردستان و خەڵکی خاوەن کولتوری پاتریارکیی فیودالیی لە کوردستان، بەتایبەت لە ڕوانگەیاندا بۆ ژن، داکۆکییکارین، وە دەیەوێت ئەوەی کوردستان وەک مومارەسەی «کۆنەپەرستانە» و «دواکەوتووانە» و «بەربەرییانە» وەسف بکات، نەک کۆنسەرڤاتیزم.

بێگومان زۆرێک لەو مومارەساتانە و لەو نۆرمانەی کە کۆنسەرڤاتیزمی پاتریاکیی-دینیی لە کوردستان و ناوچەکە داکۆکییکارین، مومارەسە و ڕەفتاری دواکەوتووانە و هەندێکیان بەربەریین، بەڵام ئەوە هیچ لەوە ناگۆڕێت کە ئەوە کۆنسەرڤاتیڤییەتە کە لەو سیاقە دیارییکراوەدا بەو جۆرە مانیفێست دەبێت.

هەڵەیەک کە ئەو بەسەریدا دەچێت لەو پێداگرییەیدا لەسەر ئەوەی کە دروست نییە ئەو ڕەفتارە خراپانە بە کۆنسەرڤاتیزم ناو ببرێت ئەوەیە کە ئەو «بەها» و «نۆرم» تێکەڵ دەکات و، ئەو پەیوەندییەی لا ڕۆشن نییە کە لەنێوان ئەو دوو چەمکەدا هەیە. ڕاستییەکەی ئەو ڕەفتارە خراپانە «نۆرم»ن، وە ئەو نۆرمانە لەوێدا لەگەڵ ئەو مومارەسە کۆنسەرڤاتیڤییە ئاشتییانەیەی ڕۆژئاوادا یەکدەگرنەوە کە هەردوو جۆرەکە هەوڵی کارکردنن بۆ «بەها»ی کۆنسەرڤاتیڤانە. بە مانایەکی تر، هەردوو جۆرەکە مومارەسەی کۆنسەرڤاتیڤیین.

کۆنسەرڤاتیزم ئایدۆلۆجیایەکی «تەوحیدیی» نییە کە ژمارەیەک نۆرمی دیارییکراو پێناسەی بکات، بەڵکو ڕوانگەیەکە بۆ ژیان و بۆ کۆمەڵگا کە بەهاگەلێکی دیارییکراو خاڵی دەستپێکردنێتی. بەهاگەلێک لە چەشنی خێزان، ئاین، ترادیشیۆن و ڕێز بۆ ئۆتۆریتێت. لەبەرامبەردا، نۆرمەکان ئەو ڕێسا و چاوەڕانییە عەمەلییانەن کە لەو پێناودا پەنایان بۆ دەبرێت کە بەهاکان بمێنن و ڕێزیان لێ بگیردرێت. 

نۆرمەکان لە هەر وڵاتێک یان کۆمەڵگایەکدا بە شێوەیەکی جیاواز و بەپێی سیاقە مێژوویی و کولتوریی و کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکەی ئەو کۆمەڵگایە بە جۆرێک خۆیان مانیفێست دەکەن کە کۆنتێکست و پێداویستییە فەرید (Unique)ەکانی ئەو کۆمەڵگایە عەکس دەکەنەوە. بۆ نموونە، کاتێک «ڕاگرتنی شیرازەی خێزان» بەهایەکی گرنگی کۆنسەرڤاتیڤییە، سەیرکە ئەو ڕاگرتنی شیرازەیە مومکینە چی نۆرمێک یان کاردانەوەیەک لای خانەوادەیەکی کۆنسەرڤاتیڤی کاسۆلیکیی ئیتاڵیی دروست بکات کاتێک کچەکەیان دەچێت بەبێ زەواج لەگەڵ کوڕێکدا دەژی، وە ڕاگرتنی شیرازە لەئاست هەمان کاردا مومکینە چی کاردانەوەیەک لای خانەوادەیەکی کورد دروست بکات. یان سەیری کۆنسەرڤاتیزم لە سیاقی سعودییدا بەئەندازەیەک دژ بەئازادیی دەربڕینە کە ئەوە مومکین دەکات لەسەر ڕەخنەکردنی ئاین، دە ساڵ زیندانکردن و هەزار جەڵد بۆ رائیف بەدەویی ببڕدرێتەوە، لەکاتێکدا ئازادیی دەربڕین لە ئەمریکا بەر لە هەرکەس کۆنسەرڤاتیڤەکان لە هەوڵی بەرفراونکردنی زیاتر و زیاتری سنوورەکانیدان و دۆزێکی گرنگی کۆمارییەکانە بەر لە دیموکراتەکان. کۆنسەرڤاتیڤەکان لە بریتانیا بەشدار بوون لە بەیاساییکردنی هاوسەرێتیی هاوڕەگەزخوازەکان لە ساڵی (٢٠١٣)، وە لە دۆزی لەباربردنی منداڵدا یاسایەکی بە ڕێژە زۆر لیبراڵیان قبوڵ کردووە، لەکاتێکدا، بۆ نموونە، کۆنسەرڤاتیڤەکان لە پۆڵەندا کار بۆ قەدەغەکردنی باسی مافی یەکسان بۆ کۆمیونیتیی پەلکەزێڕێنە و، کار بۆ قەدەغەکردنی تەواوەتیی مافی ژنان لە لەباربردنی منداڵدا دەکەن. لە وڵاتانی ڕۆژئاوا لە سۆنگەیەکی کۆنسەرڤاتیڤییەوە لە یەکشەممەکاندا دوکان و بازاڕ دادەخرێن و جووڵەی بارزگانیی نابێت تا خەڵک بتوانن لە ماڵەوە لەگەڵ خانەوادەکانیاندا کاتێکی ئاسوودەیان هەبێت، کەچی هەر لە هەمان سۆنگەی کۆنسەرڤاتیڤییەوە، دەبینیت لە ئەفغانستانی ژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا، ڕۆژانی هەینیی چی نۆرمێکی پۆلیسیی پڕ لە نائاسوودەیی و سەرکوتگەرانە بەسەر کۆمەڵگادا فەرز دەکرێت. 

٭٭٭

ئەوەی باوە لەئاست ئەو واقیعەدا کە کۆنسەرڤاتیڤییەت مومکینە ئاوا لە هەر سیاقێکدا بە فۆرمێک دەرکەوێت و کار بۆ فەرزکردنی نۆرمی جیاواز بکات، ئەوەیە کە لە ئەدەبییاتی سیاسیی و فەلسەفەی سیاسییدا هەر مومارەسەیەکی کۆنسەرڤاتیڤیی بە ئاوەڵناوێک کۆنکرێتتر وەسف دەکرێت. بۆ نموونە، حیجابی زۆرەملێ لە ئێران، یان هەوڵی کۆنسەرڤاتیڤەکان لە ئیسرائیل بۆ قەدەغەکردنی کارکردن و قەدەغەکردنی بەکارهێنانی تەکنۆلۆجیا لە ڕۆژانی شەممەدا وەک «کۆنسەرڤاتیزمی ئاینیی» وەسف دەکرێت. مومارەسەی کۆنسەرڤاتیڤیی هەیە کە کار بۆ گەڕانەوەی پاشایەتیی دەکات، بۆیە بە «کۆنسەرڤاتیزمی ترادیشیۆناڵ» ناو دەبرێت. مومارەسەی کۆنسەرڤاتیڤیی کە کار بۆ بیمەی بێکاریی و بڕینەوەی خانەنشنیی بۆ هەموو بەساڵاچووان دەکات، بە «کۆنسەرڤاتیزمی پێشکەوتنخواز» ناو دەبرێت. هەر لە درێژەی ئەمەدا، جۆری کۆنسەرڤاتیزم هەیە کە دەکرێت بە «کۆنسەرڤاتیزمی پاتریارکیی-دینیی» ناو ببرێت کە نموونە و نوێنەری زۆر بەرچاوی لە هەرێمی کوردستان هەیە، هەر لەو بزووتنەوە ئیسلامییانەوە کە تێزابیان دەکرد بە قاچی ڕووتی کچاندا، تا ئەو داکۆکییکەرانەی ئەجێندای «شیرازەی خێزان» کە ئەمڕۆ کار بۆ ئەوە دەکەن ژن مافی نەبێت سێکس لەگەڵ پیاوەکەیدا نەکات، وە ئەگەر پیاوەکە بە زۆر لەگەڵی بوو، بە لاقەکردن حیساب نەبێت، یان دایکوباوک مافیان هەبێت لێدان و هەڕەشە لە پەروردەکردنی منداڵدا بەکار بهێنن، یان کار بۆ ئەوە دەکەن کچان و کوڕان جیا بکەنەوە لە قوتابخانەکاندا. 

ئەوەی کە کارکردن بۆ بەهاکانی کۆنسەرڤاتیزم لە ڕۆژئاوا لەسەر فەندامینتێکی فیکریی تۆکمە و تێگەیشتنێکی قووڵ لە کۆمەڵگا وەستاوە و، عەقڵی گەورە و کارکردووی وەک ئێدمۆند بێرک و تۆماس هۆبز و فرێدریک هایەک تیۆریزەیان کردووە، وە لەبەرامبەردا، کارکردن بۆ بەهاکانی کۆنسەرڤاتیزم لە کوردستان لەسەر فەندامێنتی پاتریارکییەتێکی لەرزتێکەوتوو و تێگەیشتنێکی ئایدۆلۆجیی دواکەوتووانە وەستاوە و، عەقڵی داخراو و کارنەکردووی وەک لەتیف سەلەفیی و عەلی حەمەساڵح و مەلا مەزهەر قسەکەرین، هیچ لە دوو واقیع ناگۆڕێت:
یەکەم، هەردوو جۆرەکە مومارەسەی کۆنسەرڤاتیڤییە کە بە هۆی سیاقی مێژوویی، کولتوریی و سیاسییەوە دوو ڕەنگ و دوو ناوەڕۆکی جیاواز یان دژەبەیەکیان وەگرتووە.
دووەم، ئەگەر پێتوابێت داکۆکییکردن لە پرەنیسپەکانی کۆنسەرڤاتیڤبوون لە سیاقی یەکەمیاندا لە چەشنی هەوڵ بۆ ڕاگرتنی شیرازەی خێزان و، ڕێز بۆ ئۆتۆریتێت و، وەستانەوە دژ بە خۆڕیالیزەکردنی پۆستمۆدێرنانە و ئیندیڤیدواڵیزمی ئیفراتیی، دەکرێت ڕاستەوخۆ بگوێزرێتەوە بۆ ناو سیاقی دووەم، کارێکی وا لە هاوفیکریی لەگەڵ ئەو سێ ناوەی یەکەمەوە دەتگوێزێتەوە و، دەتبات دەتکات بە هاوخەبات و هاوسەنگەر لەگەڵ ئەو سێ ناوەی دووهەمدا. 

٭٭٭

کەسی خاوەن ڕوانگەی کۆنسەرڤاتیڤ، بۆ ئەوەی کۆنسیستێنت بێت لە هەڵوێستگیریی کۆنسەرڤاتیڤانەیدا لە کۆمەڵگای جیاوازدا، جار هەیە پێویست دەکات لە کۆمەڵگایەکدا لایەنگری ئەجێندایەک بێت و، لە کۆمەڵگایەکی تردا لایەنگری ئەجێندایەکی زۆر جیاواز یان تەنانەت دژەبەر بێت. بۆ نموونە، بۆ کەسێکی کۆنسەرڤاتیڤ هیچ ناکۆنسیتێنتییەکی تیا نییە ئەگەر لە قسەکردندا لەسەر کۆمەڵگای ئەمریکیی باس لە کارکردی نێگەتیڤی ئیندیڤیدواڵیزم بکات لەسەر خێزان، وە لە هەمان کاتدا ئەو هەڕەشانەی لەسەر دەزگای خێزان هەیە لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا هەیە وەک ئاکامی هەوڵی ئازادییخوازانەی ئەندامانێکی کۆتکراوی ناو ئەو دەزگایە ببینێت بۆ ڕزگاربوون لە ترادشیۆن و یاسای کۆتوبەندکەر، نەک وەک تێکچوونی شیرازەی خێزان و زیادبوونی نیگەرانکەرانەی ڕێژەی تەڵاق. ئەمە وەک چۆن بۆ کەسێکی لیبراڵ هیچ ناکۆنسیتێنتییەکی تیا نییە ئەگەر بزوتنەوەی فیمینستیی لە ڕۆژئاوادا بەلاوە بزووتنەوەیەکی ناسنامەیی ناپێویست بێت، بەڵام بزوتنەوەی فیمینستیی لە ڕۆژهەڵات بەلاوە بزوتنەوەیەکی خاوەن ئەجێندای گرنگ بێت و لەو کۆنتێکستەدا هیچ ڕەخنەیەکی لە فیمینیزم نەبێت.

هەر ئەم ڕێفلێکتکردنە عەقڵانییەیە کە وا دەکات کۆنسەرڤاتیڤییەت لە ئەوروپا زۆرجار لە هەڵوێستیگیرییەکانیاندا، نە ڕاستن و نە چەپ، بەڵکو نزیک بە ناوەڕاستن، وە ڕوانگەیەکی بەباڵانسیان هەیە سەبارەت بە ڕۆڵی دەوڵەت و سەبارەت بە گۆڕانکاریی پێشکەوتنخوازانەی کۆمەڵگا. ئەمە بەپێچەوانەی کۆنسەرڤاتیڤییەت لە ئەمریکاوە کە بەشێوەیەکی گشتیی هەڵوێستگیرییەکی ڕاستڕەوانەیە کە ڕوانگەیەکی زۆر توندتریان هەیە سەبارەت بە ئازادیی تاکەکەسیی و بازاڕی ئابووریی ئازاد و بەها تەقلیدییە کۆمەڵایەتییەکان. بۆ نموونە، لەکاتێکدا کۆنسەرڤاتیڤەکان لە ئەمریکا لایەنگری سنووردارکردنێکی گەورەی ڕۆڵی دەوڵەتن لە ئابووریی و ژیانی شەخسیی هاوڵاتییاندا، کۆنسەرڤاتیڤە ئەوروپییەکان ئیعتیرازێکی وایان نییە بەرامبەر دەستتێوەردانی دەوڵەت لە دابینکردنی خزمەتگوزاریی سۆشیال و ڕێکخستنی بازاڕی کاردا. یان لە کاتێکدا لە ئەمریکا مەسیحییەت ڕۆڵێکی گەورەی هەیە لە ڕەسمکردنی سیاسەتی کۆنسەرڤاتیڤیی و جۆری دەنگدانی هاوڵاتییان لە کاتی دەنگداندا، لە وڵاتانی ئەوروپییدا کۆنسەرڤاتیڤەکان بەو جۆرە گرفتیان لەگەڵ ئەوەدا نییە کە ڕۆڵێ ئاین لە سیاسەتدا تەواو پەراوێز کەوتووە و کۆمەڵگاکە عەلمانیی بۆتەوە.

هەمانشت سەبارەت بە مامەڵەی عەقڵانیی لیبرالیزمیش لە ئەوروپا لەگەڵ لیبرالیزمی ئەمریکیی ڕاستە. لیبرالیزم لە وڵاتانی ئەوروپا هەمیشە سیاسەتی هێزگەلێکە کە لای دەستی ڕاستەوەی ناوەڕاستن، کەچی لە ئەمریکا سیاسەتی هێزگەلی چەپ و، زۆرجاریش سیاسەتی چەپە پەڕڕەوەکانە. بۆ نموونە، لەکاتێکدا لیبرالیستەکان لە ئەمریکا هەوڵدەدەن دەوڵەت ئەرکی خستنەوەی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی و دەوڵەتی خوشگوزارەنیی و تەختکردنی جیاوازییەکانی نێوان هاوڵاتییانی هەبێت، لە وڵاتانی ئەوروپییدا دوای ئایدیاڵەکانی لیبرالیزمی کلاسیکیی کەوتوون و کار بۆ ئازادیی شەخسیی و بازاڕی ئابووریی ئازاد و موڵکداریی تایبەت و ئیدارەی ئابووری سنووردار دەکەن. 

٭٭٭

ئەم ڕێفلێکتکردنە هەستیار بە کۆنتێکستەیە کە زۆرجار ڕۆشنبیرانی کورد تیا کورت دەهێنن و سیاسەتی وڵاتانی تر تەعمیم دەکەنەوە بەسەر سیاسەتی کوردییدا. زۆرینەی جار ئەمە بە هۆی تێنەگەیشتنی دروستی ڕۆشنبیران لە ستراکتۆری ناکۆکییە سیاسییەکانی کوردستانەوە و، بە هۆی موتابەعەی زۆری سیاسەتی وڵاتانێکی تر و کەوتنەژێر کارکردی دیسکۆرسی سیاسیی ناو وڵاتێکی دیارییکراوەوە ڕوو دەدات.

گومانی تیا نییە کە چەندین ڕووی سیاسەتی ئەمریکیی هەیە کە ئاشنابوون پێی بۆی هەیە ڕوانگەیەکی قوولترمان بداتێ لەسەر کێشە سیاسییەکانی کۆمەڵگای کوردیی، بەڵام لەبەر ئەوەی سیاسەتی ناو هەر وڵاتێک دینامیکی جیاواز و تایبەت بە خۆی هەیە، دەبێت هۆشیار بین بەوەی کە، بۆ نموونە، ڕۆڵی مەسیحییەتی ئینجیلیی لە سیاسەتی ئەمریکادا و ڕۆڵی ئیسلامی سیاسیی لە سیاسەتی کوردییدا هەردوو سەبارەت بە یەک جۆر لە بەشداریی ئاین نییە لە سیاسەتدا، بەڵکو بە مانایەک دوو بەشداریی ڕێک بە ئاراستەی پێچەوانەی یەکترەوەن. یان لێکترازاویی ماڵی ئەمریکیی کە ئەبراهام لینکن لە گوتاری ماڵێکی لێکترازاودا لە (١٨٥٨) باسی دەکات، لە ڕەگەوە جیاوازە لەو لێکترازاوییەی لە ماڵی کورددا هەیە. 

ئەم هەڵانە زۆرجار زۆر بە گران لەسەر کۆمەڵگای کوردیی دەکەون. هەڵەیەکی گەورەی لەو جۆرە کە ناوەندی ڕۆشنبیریی و ئەکادیمیی کوردیی لە سەردەمی دوای ڕاپەڕینەوە کردوویەتی ئەو هەڵەیە بوو کە هەر خودی کاک فاروق، دوو دەیە پێش ئێستا، بەسەر ئەوهەموو مانا نێگەتیڤەدا بازی دا کە پرۆسەی شەکڵگرتنی ئاینی ئیسلام لە میژوودا هەیبووە بۆ سەر شەکڵگرتنی ناسنامەی نەتەوەیی کورد و، لەو سیاقەدا تێزێکی وا ڕووکەشی بەرچاو دەخست کە گوایە ئاین دەتوانێت خوانێکی هاوبەش بێت بۆ کۆکردنەوەی نەتەوە، وە لە درێژەی ئەمەدا حیزبێکی وەک یەکگرتووی ئیسلامیی، کە ڕێک لەپێناو مشەخۆریی بەسەر جەستەی یەکانگیری نەتەوەیی کوردەوە لەلایەن نەیارەکانی ئەو یەکانگیرییەوە دروست کراوە، وەک هێزێک ناو دەبرد کە گوایە پۆتێنسیاڵی ئەوەی هەیە بەشدار بێت لە وەستانەوە بەرامبەر «ئەو بەربەرییەتەی کە مۆدێرنیتیی دەیەوێت جارێکی تر بەشەرییەتی بۆ بگەڕێنێتەوە». ئەوکات یەکێک لەو ڕەخنە و دڵساردییانەی هەیبوو لە یەکگرتووی ئیسلامیی ئەوەبوو کە یەکگرتوو «بێدەنگە لەئاست هەموو بێئەدەبییەی کە دەکرێتە سەر ئیسلام لەلایەن ڕۆشنبیران وتاقمێکی سەرلێشێواو و بێ فیکر و بێ مۆراڵی چەپ و کۆمۆنیستەوە». 

ئەم سەنگەرگرتنەیڕۆشنبیری کورد و ناوندی ڕۆشنبیریی کوردیی لەئازادیی دەربڕین و لە چالاکییەکی گرنگی وەک چالاکیی ڕەخنەی ئاین بێ پێشینە بوو لەو ڕۆشنبیرییەدا چونکە ئەو ناوەندە بە حوکمی چەندین هۆکار، هەمیشە کاراکتەرێکی سێکیولاری هەبووە. ئەگەرچی بەشێک لەو ناوەندە کاردانەوەی هەبوو و، کاک بەختیار عەلی ڕەوایانە ئەو کارەی بە جەنگاوەرێتیی بۆ ئیمان ناو برد، بەڵام تەحەفوزی ئەو ناوەندە و ئینجا میدیاکان لە ڕەخنەکردنی ڕۆڵی نێگەتیڤی ئیسلام و ئیسلامیزم و بە توندڕەوپیشاندانی ڕەخنەگرانی ئاین، بە هۆی چەند هۆکاری ترەوە،بووە دیاردەیەکی سەرتاپاگیر. ئەمە تا ئەو ئاستە عەبەسییە گەشەی کرد کە خودی سەردەمی سەرهەڵدانی هێزێکی بەربەریی وەک داعش لەناو کورد و لەناوچەکەدا کە لە هەموو ئیسلامیزمی میانڕەو و ڕۆشنبیران باشتر پاکانەی ڕەفتارەکانی خۆی بە بەڵگە لە تیۆلۆجیای ئیسلامییەوە دەکرد، ئەوەندە گوشار لەسەر ڕەخنەکردنی ئاینی ئیسلام هەبوو لە کۆمەڵگای کوردیی و ناوەندە ڕۆشنبیرییەکەیدا کە هێزە ئیسلامییەکان ڕووی ئەوەیان هەبوو لەو کاتەدا خەریکی پێشکەشکردنی یاسای سزادانی کوفر بن بە پەرلەمان تا ئیتر دەزگای داواکاریی گشتیی و دەزگای قەزائییش بەشدار بن لە قەلاچۆکردنی ڕەخنە لە ئایدۆلۆجیایەک کە فۆرمپێدانی ناسنامەی نەتەوەیی کورد و دیموکراتیزەکردنی حوکمدارییەکەیبە ناچاریی بەناو مامەڵەکردنیڕەخنەییانەی ئەودا دەڕوات.

نموونەیەکی تری مامەڵەی هەڵە لەگەڵ دیسکۆرسی ئیسلامییدا و تەعمیمکردنەوەی توخمی ناو سیاسەتی وڵاتانی تر بەسەر کۆمەڵگای کوردییدا بەبێ هیچ بیرلێکردنەوە و ڕێفلێکتکردنێک ئەو کاتە دەرکەوت کە خۆپیشاندانەکانی شوباتی (٢٠١١) کەوتنەوە. ئەوکات تەنانەت بەشێکی خەڵکی ئاسایی ناڕەزاییان لەوە هەبوو کە بەردەرکی سەرا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لە مەیدانی تەحریری قاهیرە دەچوو و، ئیخوانیی و ئیسلامییەکانی هاوسۆزی ئەردۆگان و ئێران خۆیان وەک ئۆپۆزیسیۆنی ڕزگارکەر پیشان دەدا، لەو کاتەدا ڕۆشنبیرانی کورد باسێکی وا ناپەیوەندداریان ئامادە دەکرد کە باوەڕی ئاینیی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا دوای مۆدێرنیتییش هەر لەناو نەچوو، وە مەسیحییەت لە ڕۆژئاوا ڕۆڵی پۆزەتیڤ دەبینێت لە سیاسەتدا، بۆیە دەبێت «دژە دین» نەبین و لێگەڕێین ئیسلام لە فەزای گشتیی و لە حوکمڕانیی هەرێمدا ئامادە بێت. ڕەنگە کاک مەریوان وریا بەرچاوترینی ئەوانە بێت کە بە هۆی بیرکردنەوەی ڕووکەشانە و تێنەگەیشتن لە دیسکۆرسی سیاسیی و ستراکتۆری ناکۆکییە سیاسییەکانی کوردستان، ڕۆڵیان هەبوو لەوەی بەشێکی گەورەی ڕۆشنبیرانی کورد لەم دەیە و نیوە هەستیارەی هەرێمی کوردستاندا کە ڕابوورد، لە ترسی ئەوەی مۆری «توندڕەویی»یان لێ بدرێت،خۆدارییان کردووە لە ڕەخنەکردنی ئەو ئیسلامیزە سەرتاپاگیر و کوشندەیەی ئێران و تورکیا و سعودییە و قەتەر توانیویانە لەو هەرێمەدا جێی بخەن. من پێشتر لە چەند دۆزێکدا هەوڵم داوە کاک مەریوان وریا لە جیاوازیی ئاین لە ڕۆژئاوا و ئیسلام لە کۆنتێکستی کۆمەڵگای کوردییدا و لە عاقیبەتە خراپەکانی تێکەڵکردنی ئەو دوو دەرکەوتنە ئاگادار بکەمەوە، بەڵام بەوەدا کە تا ئێستاش باسی «دژایەتیینەکردن»ی دین دەکات، پیناچێت ئێستاش تێگەیشتبێت ڕەخنەکە چییە. 

٭٭٭

هەرچییەک بێت، ئەوەی ئێستا واقیعە لە کوردستان ئەوەیە کە ئیجماعێکی سەرتاپاگیر هەیە لەسەر ئەوەی کە نابێت هەستی موسڵمانان بریندار بکەیت و ڕاگرتنیڕێز بۆ ئەو هەستە ئەو سنوورەیە کە ئازادیی دەربڕین دەبێت لە دیوی ناوەوەی بوەستێت و لێی دەرنەچێت. ئەمە تا ئەو شوێنەی دەگمەن کەناڵی میدیایی و پلاتفۆرمی ڕۆشنبیریی ماوە ئامادە بێت دەرفەتی قسەکردنت پێ بدات ئەگەر ئەو مەرجە قبوڵ نەکەیت کە ئازادیی قسەکردنی تۆ لەوێدا کۆتایی دێت کە دڵئێشانی موسڵمانێک دەست پێدەکات.من ئەم هاوینە دوو چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنییم هەبوو، تەنها لەبەر ئەوەی ڕەخنەی توندی ئیسلامییەکانی کوردستانیان تیا بوو بڵاو نەبوونەوە. لە شارێکی بە ڕێژە کراوەی وەک سلێمانییدا زۆر بە سەختیی مینبەرێک دابین بوو بتوانم لێیەوە بڵێم ئایدۆلۆجیای ئیسلامپاژنەی ئەخیلی نەتەوەی کوردە. زانکۆکان تەواو خاڵیی بوونەتەوە لە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و لە هەر توێژینەوەیەک کە بە دڵی موسڵمانان نەبێت. لە ناوەندی ڕۆشنبیرییشدا زۆرینە خۆیان سانسۆر دەکەن نەبا وەک توندڕەو ببینرێن. لەبەرامبەردا،دەستخۆشییەکی زۆرت بۆ دەچنێتەوە ئەگەر قسەیەکی وا گەمژانە بکەیت بڵێیت سەرکۆنەم هەیە بۆ ڕەخنەی توند لە موسڵمانان و ناموسڵمانانەوە و هەردوولا وەک یەک توندڕەون، یان هەردوولا داعشن.

خوێنەری ئاگادار بێگومان دەرکی پێ دەکات کە ئەم حاڵەتی ئیسلامیزەبوونە کۆتوبەندکەرەی کۆمەڵگای هەرێمی کوردستان پێی گەیشتووە،هەموو ئەو سیفەتانەی تیایە کە بزوتنەوەی وۆوک لەسەری ڕەخنە دەکرێت، هەر لە سانسۆرکردنی ئازادیی دەربڕین و سانسۆرکردنەوە، تا دروستنمایی سیاسیی و خۆپاراستن لە ڕەخنە بەناوی غەدرلێکراوییەوە.

ئەوەی لە سەردەمی ئەم وۆوکە ئیسلامییەدا و، لەناو دیسکۆرسێکی وا کوێرکەردا، تۆش بێیت خەڵکێک کۆ بکەیتەوە و ئەو هۆشدارییە ئاپۆکالیپتییانەی بکەیت بەسەردا کە گوایە کۆمەڵێک کەس «کە کێشەی عەقڵییان هەیە» و دژە خێزانن، خەریکی خەباتێکن بە ناوی چەپایەتیی کە دەبێتە هۆی هەڵوەشانەوەی خێزان، وە گوایە لە ئەمریکا پراکسیسێکی بێهەوسار لە دەستپێکردندایە کە حکومەت منداڵ لە خانەوادەکانیان دەستێنێت و لەسەر خواستی منداڵەکان نەشتەرگەریی گۆڕینی ڕەگەزیان بۆ ئەنجام دەدات، یان گوایە پۆستمۆدێرنە نیهلیزمێکی هێناوە کە خەریکە ئیتر ڕاست و هەڵە نامێنێت، کارێکی وا دەبێتە پڕۆپاگەندەیەکی نانوانسد و پاڵپشت بۆ وۆوکی ئیسلامیی کە زیاتر بۆ سەر مینبەری ڕۆژانی هەینی مزگەوتی بەهەشت دەست دەدات تا کۆڕی فەلسەفیی و جوڵاندنی مێشکی گەنجان بۆ بیرکردنەوە. ئەو جۆرە حەڵقەی قسەکردنەزیاتر لە کارێک دەچێت بۆ لەتیف سەلەفیی و لە کاک فاروق نایەت کەسانێکی تێنەگەیشتوو لە ئاڵۆزییەکان دانیشن گوێ لە خەتیبێک بگرن کە دونیایان بۆ ئاسان دەکاتەوە و دەیکاتە دوو بەرە و، هەڵبژاردنیشیان بۆ ئاسان دەکات بەوەی کە زانیارییان ناداتێ سەبارەت بە ڕای بەرەی بەرامبەر، وە ئیڵحاحی بەسەریانەوەیە ئەو بەرەیەیان هەڵبژێرن کە ئەو ڕای پۆزەتیڤی لەسەری هەیە. 

٭٭٭

دەڵێم لە کاک فاروق نایەت چونکە، چەند ڕەواش بێت ئەو ڕەخنانەی لەم دەقەی مندا هەن، ئەوە هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە ئەو یەکێک لەو ڕۆشنبیرە هەرە کەمانەی کوردە کە لە بیرکردنەوەدا هەمیشە خۆی لە قووڵاییەکی زۆر لەوە زیاتر دەدات کە ڕۆشنبیری کوردپێێ ڕاهاتووە یان خۆی توانای مەلەی تیایدا هەیە. وەئەو هەمیشە تەماحی هەیە ڕۆشنبیریی کوردیی لەگەڵ خۆی بباتە ئەو قوڵاییانەی کە ئەو زۆرجار زۆر بە تەنیا خۆی لێیان دەدات.

فیکریکوردیی زۆرینەی کات بە قوڵاییەکی وا تەنک لە بیرکردنەوەی ئاڵۆز ئیکتیفا دەکات کە زۆرێک لە ڕۆشنبیرانی خوڵقیان نەبێت تیا ئینگەیج بن و بەشداری ڕاگۆڕینەوەی ناو ئەو ناوەندە بن. لەبەرامبەردا کاک فاروق هەمیشە کەسێک بووە کە هەرچییەک بێت، تەماحی ڕۆچوونی زیاتری هەیە و، بەو سەرکێشییە فیکرییانەی،ئەو ڕاستییەی بۆ ڕۆشنبیری کورد دووپات کردۆتەوە کە بیرکردنەوەی نائاسایی ئاڵۆز لە توانای عەقڵی تاکی کوردییشدا هەیە و هەر تەنها مۆنۆپۆل نییە بۆ عەقڵی ڕۆژئاوایی. دیارە بەرزکردنەوەی متمانەی ڕۆشنبیری کورد بە توانای عەقڵی خۆی و زیادکردنی باوەڕی بە ئیمکانی موساهەمەکردنی لە فیکریی جیهانییدا بە تێزی سەربەخۆی خۆیەوە،موساهەمە و خزمەتێکی گەورەیە چونکە ڕۆشنبیریی کوردیی و ڕۆشنبیرانی هێشتا لە ناخەوە زۆر دڵنیا نین لە واقیعییەتی ئەو قسەیە.

جگە لەوە، سیفەتێکی جیاوازی کاک فاروق لە بەشێکی زۆر لە ڕۆشنبیران و ئەکادیمیستانی تری کورد ئەوەیە کە هاوڕێیەتیی ڕێگر نییە لەبەردەم ئەوەی ڕای ڕەخنەگرانەی خۆیتڕاشکاوانە و ڕاستەوخۆ پێ بڵێت. وەک هاوڕێیەک ئەو مامەڵەکردنە نازیجانەیەیم خۆش دەوێت چونکە حاڵەتی باو لەناو ڕۆشنبیریی کوردییدا ئەوەیە کە لەدەستدانی هاوڕێیەک تەنها یەک ڕەخنە تەکلیف دەکات.

هەروەها تاوتوێکردنی ڕای ناکۆک لە فەزای گشتییدا دەرگا بۆ تێڕامانی کۆلەکتیڤ دەکاتەوە و هەمیشە بۆی هەیە دیبەیت و شیکاریی زیاتر و ئینجا تێگەیشتنی قووڵتر بەدوای خۆیدا بهێنێت. من دەمتوانی ئەم ڕایانەی لەم دەقەدا بەرچاوم خستن بە پریڤات بە کاک فاروق بڵێم، بەڵام چالاکیی فیکریی تەنها دۆزێکی پریڤاتی نێوان دوو هاوڕێ نییە، بەڵکو هەندێک دووڕایی و ناکۆکیی سەبارەت بە کارکرددانانە لەسەر کۆمەڵگایەک کە هەست بە بەرپرسیارێتیی دەکەیت لەبەرامبەریدا. زۆرێک لەو ڕایانەی کاک فاروق لەو بەرنامانەیدا بەرچاویان دەخات من کارکردی زۆر نێگەتیڤیان بۆ دەبینم لەسەر کۆمەڵگای کوردیی. بۆیە ئەگەرچی ئەم دەقە دەقێکی زۆر درێژ دەرچوو، بەڵام ئەو مافە لە دەستدا دەهێڵمەوە کە لە داهاتوودا هەندێک ڕای تری خراپی ناو ئەو زنجیرە بەرنامەیە تاوتوێ بکەم. 

٭٭٭


22/10/2024




وتارەکانی تری نوسەر