لە چنگی دەزگای دادپەروەیی سەر بە نوخبەی تاوانکاردا

سیروان عەبدول

(هەڵسەنگاندنێکی دادناسییانە بۆ کەیسی عەلی سیاسیی و بابان ئیبراهیم)

بەوەدا کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە دەستگیرکردنی عەلی مەحمود و بابان ئیبراهیمدا،ئەو نمایشە نایاسایی و بەرفراوانە ئەنجام دەدات کە لەجیاتی پۆلیس، دەزگای ئاسایشەکەی خۆی دەنێرێت بۆ دەستگیرکردنیان، وە دەستگیرکردنەکەیان بە ڤیدیۆ دەگرێت و بڵاوی دەکاتەوە، وە ناچاریان دەکات لە ڤیدیۆیەکدا باسی یاساشکێنیی خۆیان بۆ خەڵک بکەن، وە دوای چەند ڕۆژیش هێشتا باس لە ئازادکردنی بە کەفالەتی عەلی مەحمود نییە، بەمانەدا وا دەردەکەوێتئەو حیزبە بەدوای چەند ئامانجێکەوە بێت:

یەکەم، دەیەوێت لەرێگەی پیشاندانی دۆزەکەوە وەک هەر کردارێکی جینائیی تر و، لابردنی فۆکەس لەسەر ئەو ڕووەی دۆزەکە کە سەبارەت بە دادپەروەریی بۆ خەڵکی قوربانیی و تۆڵەکردنەوەی تاوانە کۆنەکانی کۆنە جاشەکانە، ڕێگە بگرێت لە سەرهەڵدانەوەی باسی کۆنەجاشەکان و باسی ئەو بڕیاری لێبوردنە ناشەرعییەی کە حیزب لەپێناو قازانجی خۆیدا بۆ کۆنەجاشەکانی دەرکرد،چونکە هەر سەرهەڵدانەوەیەکی ئەو دیبەیتە، چی لەناو دادگا یان لە میدیاکان و سۆشیاڵ میدیادا، دەبێتە هۆی ناڕەحەتییەکی گەورە بۆ حیزب. هەر سەرهەڵدانەوەیەکی ئەو دیبەیتە پدک و ینک و چەندین حیزبی تر دەخاتە نێوان دوو بەرداشی تووڕەیی خەڵک لەلایەک و، ترسی دڵڕەنجان و سەنگەرگواستنەوە و لەدەستدانی وەلائی ئەو کۆنەجاشانەی کە خۆیان و هۆزەکانیان چوونەتە پشت حیزب لەلایەکی ترەوە،ئەگەر حیزب بچوکترین تێگەیشتن بۆ ئەو تووڕەییەی خەڵکەکە پیشان بدات.

بیرمان نەچێت،بەدیارییکراویی عەلی مەحمود نەمەسیسی کۆنەجاشەکانە لە کوردستاندا و، زیاتر لە سی ساڵە باسیتاوانەکانی جاشەکان و ئەو پەیوەندیی بەرژەوەندیی-گۆڕینەوەیەیان لەگەڵ حیزبدا لە کۆنبوون دەپارێزێت و،ناڕەحەتیی بۆ جاشەکان و بۆ حیزب دروست دەکات. دواترینیان ئەوە بوو کە چەند ڕۆژێک پێش ئەم ڕووداوە، لە تەلەفزیۆنەوە، بە جورئەتێکەوە کە ئێستا وەک کاڵایەکی تەواو دانسقەی لێهاتووە لە کوردستاندا، باسی ئەو ئیمتیازاتانەی کرد کە حیزب داویەتییە کوڕی جاشێکی ئەنفالکەر.

دووەم، پێدەچێت پدک ئەو کوشتنە وەک فرسەتێکی فەریدسەیر بکات بۆ پیشاندانی عەلی مەحمود بە خەڵک وەکلە یاسالادەرێک و، جێخستنیئیمەیجی جینایەتکارێک لەسەری، وەتەمێکردن وچاوترساندنی لەڕێگەی سزای زیندانەوە لەسەر ئەوەی کە ئەو یەکێک لەو کەسە زۆر کەم و تاک و تەرایانەیە کە تا ئێستاش جورئەتی ڕەخنە و قسەکردنیان دژ بە حیزبتیا ماوە.

سێهەم،پێدەچێت پدک ئەوڕووداوی کوشتنەی کاوە بازیانی وەک فرسەتێک سەیر بکات بۆ دەرکردنی هۆزی کافرۆشیی لە دەست ینک و کێشکردنیان بەلای خۆیدا لەڕێگەی بەسزاگەیاندنی بابان ئیبراهیمەوە بە سزایەکی توند کە تیایدا هیچ ئەو سیاق و ئەو مێژووە لەبەرچاو نەگیردرابێت کە ئەو کوشتنە تیایدا ڕووی داوە.

دەزگای بەناو ئاسایشی کوردستان لەم دۆزەشدا، وەک دۆزی ڕەخنەگرەڕفێندراوەکانی بادینان و چەندین دۆزی تر، هەوڵدەدات کەسەکان بەر لەوەی کەیسەکەیان بچێتە بەر دادگا، لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی پرۆپاگەندەی هاوشان بە مۆسیقای حەماسیی و زانیاریی ناکامڵ، حوکمی سزادانیان لە زیهنی خەڵکدا ڕەوایی پێ بدات.

٭٭٭

«حوکمدانی تۆمەتبار پێش ئەوەی دۆزەکەی بچێتە دادگا»

ئەو کارەی ئاسایش گرفتێکی گەورەی دەزگای قەزائیی و دۆزی دادپەروەرییە. ئەوەفیڵێکی نایاسایی وباوی ڕژێمە ئۆتۆریتارەکانە لەپێناوحوکمدانی تۆمەتبار پێش ئەوەی دۆزەکەی بچێتە دادگا، وە لەپێناو ئیحتیواکردنی پێشوەختی توڕەیی خەڵکدا و ئامادەکردنی زیهنیەتیان بۆ قبوڵکردنی ئەو حوکمەی دادوەرانی حیزب پاشتر لەناو دادگا دەیدەن. هەروەهائەو کارە لەپێناو دروستکردنی گوشاری پێشوەخت و ترسی فەسڵکردنە لای دادوەرانی دەزگای قەزائیی و،قورسکردنی ئەرکی هەر دادوەرێکە ئەگەر بیری کردبێتەوە ڕێز و ئینتیگریتیی خۆی ڕابگرێت و سبەی ڕۆژ لەدادگا جورئەت بکات هەڵسەنگاندنێکی سەربەخۆ بۆ دۆزەکە بکات،وە ئەگەر پێویستی کرد،حوکمێک لە دۆزەکەدا بدات کە بە دڵی حیزب نەبێت.ئێمە بینیمان ئەم تاکتیکە بەتایبەت لە دۆزی ڕەخنەگرە ڕفێندراوەکانی بادینانداچۆن مومکینی کرد حیزب لەسەر دەستی چەند قازییەکی قەرەقۆزی دەستی حیزب، دادگاییکردنێکی کافکایی و پڕ لە پێشێلکردنی یاسای ئسوڵی دادگاییکردنی جەزائیی، لەپێناو سزادانی کەسەکاندا ساز بدات، بەبێ ئەوەی ئەو پێشێلکارییانە و ئەو سزا ناڕەوایانەیدرا بەسەریاندا هیچ ناڕەزاییەکی بەرچاو لەناو خەڵکدا بەدوای خۆیدا بهێنێت. بیهێننە پێش چاو، چی دادوەرێک لە کوردستاندا دەیتوانی، دوای ئەو هەموو فیلم و ڕیکلام و هەڵمەتە تەبلیغییەی کە میدیاکانی حیزب لەسەر تۆمەتباریی شیروان شیروانیی و هاوڕێکانی دروستیان کرد، لە دادگا بڵێت بەڵگەکان کافیی نین بۆ سەلماندنی تۆمەتەکانیان و حوکمی بێتاوانییان دەربکات.

ئەم تاکتیکەی حیزبە دەسەڵاتدارەکان لە نەتیجەدا وایکردووە ئێستا دادگاکانی کوردستان بوونەتە نووسینگەی مۆرکردنی خواستەکانی حیزب بە مۆری دەزگای قەزائیی. وایکردووە ئێستا لەو دادگایانەدا هیچ دادوەرێک نەماوە و نییە کە بوێرێت بە دڵی حیزب نەکات. لە کۆتایی مانگی ئابی ساڵی (١٩٩٦)ەوە دادوەرەکانی دادگاکانی کوردستان دەیانهەزار حوکمیان لە دادگاکانی زۆنی زەرد و سەوزدا داوە. لەناو ئەو دەیانهەزار حوکمەدا، یەک حوکمی دادگاکانی زۆنی زەرد نییە کە پدک و پیاوەکانی پێیان ناخۆش بووبێت و ناڕازیی بووبێتن لە دەرچوونی. هەمانشت لەناو حوکمەکانی دادگاکانی زۆنی سەوزدا لەو هەموو ساڵەدا یەک حوکم نییە کە ینک و پیاوەکانی پێیان ناخۆش بووبێت و ناڕازیی بووبێتن لە دەرچوونی.

٭٭٭

«تاوان لەپێناو دادپەروەرییدا»

بۆی هەیە کەسێک پێیوابێت ئەو یاساشکێنییەی عەلی مەحمود ئەنجامی داوە یاساشکێنیەکی گەورەیە بۆیە ناڕەوا نییە ئاوا وەک تاوانکارێک لە میدیاکاندا پیشان بدرێت. ڕاستییەکەی پارتی دیموکراتی کوردستانیش بەو مامەڵەیەی لەگەڵ دۆزەکەدا ڕێک بەدوای جێخستنی ڕوانگەیەکی لەو جۆرەوەیە لە زیهنی خەڵکدا، وە بە کۆمێنتی خەڵکێکی زۆر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بێت لەسەر پلەی خەتاباریی عەلی مەحمود، پدک سەرکەوتوو بووە لەو کارەیدا.خەڵکانێکی زۆر پێیانوایە عەلی مەحمود خەتایەک و یاساشکێنییەکی گەورەی کردووە و خۆی شایان بە سزایەکی زۆر کردووە. بەڵام ڕاستیی ئەوەیە کە هەم دۆزی کوشتنەکەی کاوە بازیانی لەلایەن بابان ئیبراهیمەوە و، هەم دۆزی داڵدەدانەکەی بابان لەلایەن عەلی مەحمودەوە ئەوەندە تایبەتمەندیی جیاوازیان لەگەڵ دۆزی قەتڵ و داڵدەدانی تردا هەیە کە دەکرێت لەسەر بنەمایان، هەر بەپێی «یاسای سزادانی عێراقیی» و «یاسای بنەماکانی دادگاییکردنی سزاییعێراق»، قسە لە سزای زۆر کەم بکەین بۆ هەردوکیان.

لە حاڵەتی عەلی مەحموددا ڕەوایە بەپێی ئەو یاسایانەتەنانەت باس لە بێتاواندەرچوونی بکەین، یان باس لە «عوزری سووککەر - أعژار مخففە»یان «بارودۆخی سووککەر- ڤروف قچائیە مخففە»بکەین تا ئاستیتەنها غەرامەیەکی ڕەمزیی.وە لە حاڵەتی بابان ئیبراهیمدا هیچ دوور نییە بەپێی ئەو یاسایانە مافیسووککردنی سزاکەی هەبێت تا ئاستی تەنها یەک ساڵ زیندان، یان ڕاگرتنی جێبەجێکردنی هەر سزایەکی زیندانیی بەسەریدا.

من لێرەدا لە خوارەوە هەندێک ڕێفلێکتی حقوقیی بە دەوری دۆزی عەلی مەحموددا دەکەم و،ئەوەندەش پێویست بکات دەڕۆم بەسەر دۆزەکەی بابان ئیبراهیمدا،بەڵام لە وتارێکی وادا دەرفەت نابێت وردەکارانە باسی هەموو ئەو داکۆکییە حقوقییانە بکەم کە دەکرێت لەو دوو کەیسەدا بکرێن.

گرنگە بووترێت کە ئەم دوو کەیسە وردەکاریی حقوقیی زۆر جێگەی سەرنجیان تیایە کە پەل دەهاوێت بۆ دۆزی سیاسیی زۆر گرنگی پەیوەست بە مێژووی نوێی گەلی کورد لە باشوور. ئەم دوو کەیسە لەو کەیسە دەگمەنانەن کە ڕاستەوخۆ سیاسەت و کاری دەسەڵاتی دادوەریی لە خۆیاندا کۆ دەکەنەوە و، دەکرێت لەڕێگەیانەوە، جگە لە پاراستنی ئەو دوو کەسە لە سزای توندی ناڕەوا، یان لە سزای سیاسیی، چاو ببرێتە سەر چەندین ڕێگری گەورەی بەردەم دۆزی دادوپەروەریی و سەقامیگریی و دۆزی ناسنامە و مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستاندا.

ئایرۆنیایەک لەم دۆزەدا ئەوەیە کە ئەگەرچی حیزب وەک هەوڵێک بۆ خۆپارێزیی لە سەرهەڵدانەوەی دۆزی لێبوردن لە جاشەکان وا توندە لەگەڵ ئەو دوو کەسەدا، کەچی بۆیهەیە مولاحەقەی یاسایی عەلی مەحمود و بابان ئیبراهیم دۆسیەی لێبوردنی ناڕەوا و نایاسایی لە جاشەکان بهێنێتەوە سەر ئاو.بۆیە گرنگە لەم پێناوەدا کاری ورد لەسەر ئەو دادگاییانە بکرێت کە بۆ ئەو دوو دۆزەدەکرێتوچاویان بهێنرێتەسەر،تا تەنها وەک دادگاییکردنی دوو جینایەت یان جونحە، لەناو هۆلێکی دادگادا بێدەنگ تێنەپەڕن.

ئەویاساشکێنییانەی عەلی مەحمود و بابان ئیبراهیم کردوویانە تەواو جێگەی تێگەیشتنن،چونکە ئەگەر کردارەکان یاساشکێنیی یان تاوانیشن، ئەوا ئەو ڕووەیان بەرچاوترین ڕوویانە کە لەپێناو دادپەروەرییەکدا ئەنجام دراون کە سێ دەسەڵاتەکە لەجیاتی گرتنەئەستۆی دابینکردنی، کاریان بۆ زەوتکردنی کردووە. بۆیە من بەش بە حاڵی خۆم لەپێناو یارمەتییدانی ئەو دوو کەسە و لەپێناو دادپەروەریی لە تاوانی جاشە تاوانکارەکاندا، لە داهاتوودا چی پارێزەری عەلی مەحمود، چی پارێزەری بابان ئیبراهیمئەگەر پێویستیان بە ڕاگۆڕینەوە و تاوتوێکردنی حقوقیی دۆزەکان و تاوتوێکردنی ناوەڕۆکی لائیحەی دیفاع لەو دووانە بوو، من ئامادەمهەموو کاتێکم تەرخان بکەم بۆ پاڵپشتیی و هەمکاریی لەگەڵیاندا.

٭٭٭

«گومانێک کە دەبێت لە قازانجی تۆمەتبار لێک بدرێتەوە»

لێرە بەدواوە دەمەوێت قسەیەک لەسەر ئەوە بکەم کە عەلی مەحمود هیچ یاسایەکی نەشکاندووە و بەنایاسایی دەستگیر کراوە.
ئاسایشی هەوڵێر دەڵێت عەلی مەحمود تۆمەتبارە بە شکاندنی ماددەی (٢٧١)ی یاسای سزادانی عێراقیی. بە ئیحتیمالی زۆر ئاسایش لە نووسینی ژمارەی ماددەکەدا هەڵەی کردووە و مەبەستی ماددەی (٢٧٣)یە.

شتێک کە دەکرێت لە فۆرمێکی گشتییدا هەموومان کۆک بین لەسەری ئەوەیە کە داڵدەدانی داواکراو یان تۆمەتبار و یارمەتییدانی بۆ خۆدزینەوە لە مولاحەقەی یاسایی دەبێت سزای هەبێت، (دیارە تەنها لەو حاڵەتەدا نەبێت کە ئەندامانی خێزانی تۆمەتبارەکە ئەوە بکەن). سزاباریی داڵدەدانی داواکراو یان تۆمەتبار لە یاسای سزدانی عێراقییدا، لە ماددەی (٢٧٣)دا هاتووە. بەڵام ئەمە ئۆتۆماتیکیی مانای ئەوە نییە کە عەلی مەحمود، بە داڵدەدانی بابان ئیبراهیم، ئەو ماددەیەی پێشێل کردووە:

یەکەم: لەو ماددەیەی یاسای سزاداندا (هەرچی پەیوەستە بەم دۆزەوە) هاتووە کەکەسی داڵدەدەر تەنها لەو حاڵەتەدا سزا دەدرێت ئەگەر کەسی داڵدەدراو فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووبێت یان تۆمەتبار بێت بە یاساشکێنییەک.

لەم دۆزەی بابان ئیبراهیمداهیچ دیار نییە ئایا ئەو کاتەی عەلی مەحمود دەیگرێتە خۆی، ئەو کاتە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بابان دەرچووبوو یان نا. ئەگەر بوترێت دەرچووبوو، ئەمە دەبێت لەلایەن دادوەری لێکۆڵینەوەی سلێمانیی یان داواکاری گشتییەوە بە دۆکیومێنت و بە بەڵگەی یەکلاکەرەوەوە بسەلمێنرێت. لەم حاڵەتەدا ئەوە کافیی نییە و بەپێی ڕێساکانی بواری حقوق بە بەڵگەی یەکلاکەرەوە بە حیساب نایەت ئەگەر داواکاری گشتیی تەنها نوسخەی فەرمانێکی دەستگیرکردن بە ئیمزا و بەروارێکی پێش داڵدەدانەکەوە بخاتە بەردەست دادگا مادامێک ئەوە تەواو مومکینە و هەموو کەسێک دەتوانێت دۆکیومێنتێک بنوسێتەوە و بەروارێکی کۆنی لێ بدات. بۆیە ئەگەر داواکاری گشتیی نەتوانێت بە شێوەیەکی تر کە سەلماندنی یەکلاکەرەوە بێت بیسەلمێنێت کە بەفیعلیی پێش داڵدەدانەکە فەرمانی دەستگیرکردنی بابان دەرچووبوو، دادگا مولزەمە لە قازانجی عەلی مەحمود بڕیار بدات و بەبێ تاوان بیناسێنێت. ئەمە چونکە دەعوای جینائیی پرۆسەیەکە کە تۆمەتبار تیایدا بێتاوانە تا ئەو کاتەی داواکاری گشتیی تا پلەی یەقین دادگا قەناعەت پێ دێنێت کە یاساشکێنییەکە ڕووی داوە. لەئاست هەر گومانێکدا کە داواکاری گشتیی نەتوانێت بیڕەوێنێتەوە،پرەنسیپی «گومان لە قازانجی تۆمەتبار لێک دەدرێتەوە» (الشك یفسر لمصلحە المتهم) فەرزی دەکات دادوەر وا سەیری مەسەلەکە بکات کە حاڵەتی بێتاوانیی تۆمەتبار هەر درێژەی هەیە و هێشتا پێچەوانەکەی نەسەلمێنراوە، بۆیە دەبێت حوکمی بێتاوانیی بۆ دەربکات.

دوو شت تەواو ڕەوای دەکات ئینسان گومان بکات کە لەو کاتەدا عەلی مەحمود بڕیاری داڵدەدانی بابان دەدات، لەو کاتەدا بابان بە ڕەسمیی فەرمانی دەستگیرکردنی دەرچووبێت و تۆمەتبار کرابێت: یەکەمیان ئەوەیە کە تەقەکردنەکە ئێوارەی ڕۆژی ١٩/٤/٢٠٢٣ ڕووی دا، وە ڕۆژانی دوای ئەوە چەژن بوون. بۆیە بۆی هەیە نە پۆلیس و نە داواکاری گشتیی سلێمانیی دەرفەتی دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردنیان بە ڕەسمیی نەبووبێت. دووەم شت کە گومان دروست دەکات ئەوەیە کە ئاسایشی هەولێر لەو ڤیدیۆی پرۆپاگەندەیەدا کە بڵاویان کردۆتەوە، دەڵێن ئەو فەرمانی دەستگیرکردنەی لەلایەن دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانیی دەرچووە بەپێی ماددەی (٤٠٦)ی یاسای سزادان فەرمانی دەستگیرکردنی بابان ئیبراهیمی داوە. ئەگەر ئەوە ڕاست بێت، وە لەبەر ئەوەی ئەو ماددەیە ماددەی کوشتنە، کەواتە یان دەبێت فەرمانەکە دوای مردنی کاوە بازیانی لە ڕۆژی ٢٣/٤/٢٠٢٣ دەرچووبێت (واتە دوای ئەوەی عەلی مەحمود بڕیار دەدات داڵدەی بدات)، یان ئاسایشی هەولێر ڕاست ناکات (کە جێگەی سەرسوڕمان نییە وا بێت)، فەرمانی دەستگیرکردنیان نەبینیوەو هەر لە خۆوە ئەو ئیدیعایە دەکەن.

٭٭٭

«سزای هەر کردارێک لەسەر نییەت وەستاوە»

دووهەم: زمانی داڕشتنەوەی ئەو ڕستە عەرەبییەی کە ماددەی (٢٧٣)ەی یاسای سزادانی عێراقییپێک دێنێت و عەلی مەحمودی پێ تۆمەتبار کراوە، زمانێکی زۆر خراپ و تێکشکاوە. بۆیە ئیشکالییەتێکی لۆجیکیی وا لەو ماددەیەدا هەیە کە لە تەفسیرێکی دادپەروەرانەدا ڕێک مانای ئەوەیە کە عەلی مەحمود نە ئەو ماددەیەی یاسای سزادان و نە هیچ ماددەیەکی تری ئەو یاسایەی پێشێل نەکردووە و دادگای لێکۆڵینەوە بەنایاسایی فەرمانی دەستگیرکردنی داوە و لە زینداندا ڕایگرتووە.

ئەگەر بڕگەی یەکەمی ئەو ماددەیەڕێک بەو مانایە لێک بدەینەوە کە داڕشتنەوە عەرەبییەکەی ڕستەکە هەیەتی، ئەوا دەبێت بڵێین کە ئەو ماددەیە سەبارەت بە داڵدەدانی کەسێک کە فەرمانی دەستگیرکردنی هەبێت یان تۆمەتبار بێت دەڵێت: کەسی داڵدەدەر دەبێت زانیبێتی کە ئەو کەسە فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە یان تۆمەتبارە ئینجا دەتوانین بڵێین کەکەسی داڵدەدەر «مەبەستی تاوانکارانە» (القصد الجرمی)ی هەبووە و خەتایەکی جینائیی ئەنجام داوە. ڕۆشنتر بیڵێم: ئەو ماددەیە بە ئیحتیمالی زۆر (یان ڕاستتر: بە ئیحتیمالی تەواو) مەبەستی ئەوەیە کە عەلی مەحمود تەنها لەو حاڵەتەدادەکرێت سزا بدرێت ئەگەر زانیبێتی کە بابان ئیبراهیم فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە، یان پایەی «تۆمەتبار»ی وەرگرتووە لای پۆلیس یان دادوەری لێکۆڵینەوە یان داوکاری گشتیی.

دەڵێم ئەو ماددەیە بە ئیحتیمالی تەواو ئەو مانایەی هەیە چونکە مومکین نییە ئەو ماددەیە مەبەستی ئەوە بێت کە تەنانەت ئەگەر نەشزانیت و عیلمیشت نەبێت کە کەسێک فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە یا تۆمەتبارە و داڵدەی بدەیت سزا دەدرێیت لەسەری، چونکە ئەو کاتە مانای ئەوەیە کە ئەو ماددەیە لەڕووی فیقهی جینائییەوە هەڵەیەکی جەوهەریی تیایە کە لەوەی دەخات بتوانرێت وەک ماددەیەکی یاسای سزادان مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. هەڵە جەوهەرییەکە ئەوەیە کە لەو حاڵەتەدا ئەو ماددەیە حیسابی بۆ توخمی «مەبەستی تاوانکارانە» (القصد الجرمی) لە کرداردا نەکردووە تا بتوانرێت وەک تاوان سەیر بکرێت.

لە فیقهی جینائییدا مەبەستی تاوانکارانە دوو توخمی هەیە: عیلم و ئیرادە. لە هەندێك وڵاتدا تەنها ئەگەر عیلمت هەبووبێت و زانیبێتت ئەوەی دەیکەیت بۆی هەیە ببێتە هۆی چی یاساشکێنییەک، سزا دەدرێیت. لە دادگاکانی عێراقدا هەمیشە وابووە کە کەسەکە دەبێت ئیرادەی شکاندنی یاساکەشی هەبووبێت ئینجا کردارەکەی وەک تاوانکاریی سەیر دەکرێت. ئەمە بەو مانایەیە کە بڕگەی یەکەمی ماددەی (٢٧٣) هیچ تەفسیرێکی تر هەڵناگریت و دەبێت هەر ئەو مانایەی هەبێت کە کەسی داڵدەدەر دەبێت بەلای کەمەوە عیلمی هەبووبێت کە کەسەکە فەرمانی دەستگیرکردنی دەرچووە، یان بە ڕەسمیی پایەی تۆمەتباری هەیە، ئینجا دەکرێت سزا بدرێت لەسەر گرتنەخۆ و داڵدەدانەکەی.

سەیری ئەم نموونە کۆنکرێتە بکەن بۆ ئەوەی ڕۆشن بێت بۆچی دەڵێم ئەو ماددەیە هەر دەبێت تەنها ئەو مانایەی هەبێت ئەگینا توخمی «قەسدی جینائیی» لە کردارەکەدا نابێت:کەسێک هاوڕێیەکی کە پۆلیس بەدوایدا دەگەڕێت و تۆمەتبارە بە دزییەک، دێت بۆ ماڵی و، ئەم نازانێت ئەو هاوڕێیەی تۆمەتبارە بە کارێکی لەو جۆرە و چەند رۆژێک بە میوانیی ڕایدەگرێت. لە حاڵەتی وادا بێگومان ئەو کەسە بەو داڵدەدانەی هاوڕێکەی هیچ خەتایەکی جینائیی نەکردووە و ماددەی (٢٧٣)ی نەشکاندووە چونکە نییەت یان مەبەستی زاتیی نەبووە یاساشکێنیی بکات. ئەمە ڕێک ئەوە دەسەلمێنێت کە ماددەی (٢٧٣) مەرجی ئەوەی تیایە کە کەسی داڵدەدەر زانیبێتی کەسەکە فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە یان بە ڕەسمیی پایەی تۆمەتباری هەیە ئینجا داڵدەدانەکە وەک خەتای جینائیی سەیر دەکرێت. بۆیە تەقریبەن هیچ مومکین نییە لە داهاتوودا داواکاری گشتیی لە دادگایەکی دادپەروەردا بیسەلمێنێت کە عەلی مەحمود زانیاریی وای هەبووە. مادامێکیش ئەوە ناوەڕۆکی ماددە یاساییەکەی یاسای سزادانە، کەواتە ئەسڵەن پۆلیس و ئاسایش و دادگای لێکۆڵینەوە و دادگا مافیان نییە عەلی مەحمود لە تەوقیفدا ڕاگرن، وەبەو ڕاگرتنەی لە زینداندا یاسای ئسوڵی دادگاییکردنی جەزائیی عێراقیی پێشێل دەکەن و خۆیان شایان ئیجرائات دەکەن نەک تەنها لەسەر کەمتەرخەمیی لە وەزیفەدا، بەڵام خۆیان شایان بە مولاحەقەی یاسایی و سزا دەکەن.

٭٭٭

«بەبێ دەق هیچ تاوانێک و هیچ سزادانێک نییە»

بۆی هەیە کەسێک پێیوابێت کە ئەوەی لە ماددەی (٢٧٣)ی یاسای سزاداندا هاتووە مەرج نییە هەر تەنها مانای ئەوە بێت کە کەسی داڵدەدەر دەبێت زانیبێتی کەسەکە فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە ئینجا سزا دەدرێت، بەڵکو یاساکە دەیەوێت بڵێت کەسی داڵدەدەر دەبوایە بیزانیایە و دەبوایە لەسەر بنەمای ئەو زانیارییەی هەیبووە لەسەر ڕووداوە تاوانکارییەکە، دەبوایە وای دابنایە کە ئەو کەسە فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە. بەڵام گرفت ئەوەیە کە ئەم شتە لەناو دەقی ئەو ماددەیەی یاسای سزاداندا نەنووسراوە و نییە، وە ئەو ڕستەیەی لە بڕگەی یەکەمی ئەو ماددەیەدا هەیە ڕێک و کۆنکرێت باسی هەبوونی ''عیلم'' دەکات نەک ''ئیحتیمالدانان''. وە مادامێک لە یاسای سزادانی عێراقییدا بە دەق شتێکی وا نییە کە بڵێت کەسی داڵدەدەر دەبوایە خۆی ئیستینتاجی بکات کە کەسەکە فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە، کەواتە دادگاکانی عێراق ناتوانن لەسەر ئەو بنەمایە سزای هیچ کەسێک بدەن، ئەمە بە هۆی ئەو پرەنیسپە دادوەرییەوە کە دەڵێت «بەبێ دەق هیچ تاوانێک و هیچ سزادانێک نییە» ( لاجریمە ولا عقوبە الا بنص).

بەڵێ عەلی مەحمود ئەوەی زانیوە کەبابان ئیبراهیم ''تاوانکردوویەکی ڕاکردووە''، بەڵام پۆینتەکە ئەوەیە کە ئەو ماددەیەی یاسای سزادان، (ئیتر بە هۆی بێتوانایی دارێژەری یاساکەوە بووبێت یان بە هۆی سنوورداریی توانای عەقڵی یاسادانەرانی ئەو سەردەمەی عێراقەوە بووبێت لەبیرکردنەوە لە مانای کۆنکرێتی ڕستەکە)، حاڵەتی داڵدەدانی تاوانکردووی ڕاکردووی مەرجدار کردووە بەوەی کە داڵدەدەر زانیبێتیئەو کەسە بە فەرمیی فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە ئینجا داڵدەدەر سزا دەدرێت.

ئەمەی من لێرەدا دەیڵێم لەسەر خراپیی داڕشتنەوەی دەقی ئەو ماددەی (٢٧٣)یەی یاسای سزادانی عێراقیی، لەڕووی حقوقییە نەک هەر مانای ئەوەیە کە بە ئیحتیمالی زۆر عەلی مەحمود هیچ ماددەیەکی یاسای سزادانی عێراقیی نەشکاندووە، بەڵکو مانای ئەوەشە کە لە ساڵی (١٩٦٩)وە کە ئەو یاسایەی تیا دەرچووە، تا ئێستا، لەم (٥٤) ساڵەی دواییدا هەرچی کەسێک لە عێراقدا لەسەر ئەوە سزا درابێت کە داڵدەی کەسێکی ڕاکردوو لە یاسای داوە بەڵام ئاگاداری دەرچوونی فەرمانی دەستگیرکردنی نەبووە، حوکمەکەی هەڵەیە و دادگا بە ناحەق سزای داوە. کارێکی وا سکانداڵێکە کە بە هۆی هەبوونی کونێکەوە لە ناوەڕۆکی ئەو ماددە یاساییەدا دروست بووە. ئەوە ئەرکی پەرلەمانتارانی ئێستای عێراقە لەوە زیاتر دوای نەخەن و کار بۆ هەموارکردنەوەی دەقی ئەو ماددەیە بکەن.

٭٭٭

«دادپەروەریی قۆناغ-گواستنەوە»

هەم دۆزەکەی عەلی مەحمود و هەم دۆزەکەی بابان ئیبراهیم زۆر ڕووی تریان هەیە کە ئەرکی دادگایە هەم لە یەکلاکردنەوەی پرسی خەتای یاسایی (الژنب القانونی) و، هەم لە هەڵسەنگاندنی پلەی خەتابارییاندا لەبەرچاویان بگرێت. گرنگترینی ئەو ڕووانە ئەو مێژووەی ساڵانی پێش ساڵی (١٩٩١) و ئەو سیاقە سیاسییەیە کە هۆکاری سەرەکیی هەردوو کردارەکەیە، وە هەروەها ئەو مامەڵە سیاسییە پڕ لە کەمتەرخەمیی و پڕ لە خەتا و تاوانکارییەیە کە دەسەڵاتدارێتیی دوای کشانەوەی حکومەتی بەعس لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ دۆزی کۆنە جاشەکاندا کردوویەتی.

حیزب مافی ئەوەی نییە لەپێناو زیادکردنی ژمارەی چەکدار و ژمارەی خێڵ و عەشیرەتی سەر بە خۆیدا، بڕیاری لێبوردن لە دوژمنانی خەڵک و نەتەوەیەک ڕابگەیەنێت و،دواتر بەبێ وەرگرتنی هیچ شەرعییەتێکی دیموکراتیی بۆی، بیکاتە بڕیاری حکومیی، وە داواکراوان لەلایەن دادگای دەسەڵاتی مەرکەزییەوە لای خۆی داڵدە بدات و لە مولاحەقەی یاسایی بیانپارێزێت. چی نیفاقێکی بێشەرمانە دەبێت سبەی ڕۆژ دادوەرێکی ناو دەزگای قەزائیی قبوڵی بێت بە تەنسیق لەگەڵ داواکاری گشتییدا، ڕوو لەو داڵدەدان و پاراستنەی جاشەکان لە چنگی یاسا وەربگێڕن و، حوکمی ئیدانە بۆ عەلی مەحمود دەربکات.

ئەو لێبوردنەی حیزب بۆ کۆنەجاشەکانی دەرکردووە، ساتوسەودایەکی مەدەنیی پریڤاتە بۆ قازانجی شەخسیی چەند گروپێک لەسەر حیسابی ئەو مافی گەڕاندنەوەی-دادپەروەرییەی کەسانێکی قوربانیی هەیانە.ئەوە دزینی تراجیدیا و مافی خەڵکانێکی کوردی قوربانیی دەستی دیکتاتۆرییەتە و فرۆشتنەوەیەتی لەلایەن حیزبەوە بۆ خۆی.

سەیرکردنی لێقەومانەکانی خەڵکی ڕەشوڕووتی لادێ و شارەکانی کوردستان وەک کاپیتاڵێکی بەنرخ و چاوبڕینە دزینیان، پراکسیسێکی جێگیری حیزبە کوردییەکان بووە هەر لە سەردەمی دامەزراندنیانەوە تا ئێستا. ووتە بێشەرمانە مێژوییەکەی جەلال تاڵەبانیی کە هیوای خواستبوو چەند هەڵەبجەیەکی تریش بەسەر خەڵکی ڕەشوڕووتی کورددا بهاتایە، نموونەیەکی ڕۆشنی ئەو مامەڵە سینیستییەی نوخبەی سیاسییە لەگەڵ ئەو تەجاوز و سەرکوتگەرییەداکە خەڵکە هەژارەکەی ناو کۆمەڵگای کوردیی لە سەد ساڵی رابڕدوودا بەری کەوتوون.

ئەم مامەڵەیەبە دەوری خۆی تراجیدیای گەورە و گرفتی گەورەی بەدوای خۆیدا بۆ ئەو خەڵکە قوربانییە هێناوە. بابان ئیبراهیم قەت نەدەبووە پیاوکوژ ئەگەر ئەوانەی ئێستادەستگیری دەکەن یان سبەی ڕۆژ دادگایی دەکەن، کاری خۆیان بکردایە و خەریکی تاوانکاریی و کاری نایاسایی نەبوونایە.

لە دوای هەر قۆناغێکی سیاسیی، کارێکی گرنگ کە ئیتر دەبێتە ئەرک و بەرپرسیارێتیی دەسەڵاتدارانی تازە ئەوەیە کە پێی دەوترێت دادپەروەریی قۆناغ-گواستنەوە(Transitionaljustice). حیساباتی نێوان جەلاد و قوربانیی لەدوای گۆڕینی ڕژێمناعەدالەتییەکە کە ئەگەر دەسەڵاتداران درێغیی بکەن لە ڕاستکردنەوەیدا، ئەوا خەڵک لەپێناو عەدالەتدا دەچێت بە دەستی خۆی ڕاستی بکاتەوە. بە مانایەکی تر، کارەکە ئەو پارادۆکسە سەیرەی تیایە کە دەسەڵاتداران درێغیی دەکەن لە ئەنجامدانی کارەکانی خۆیاندا، کەچی لەجیاتیی ئەوەی سزا بدرێن، ئەوان سزای ئەو خەڵکە دەدەن کە پێداگریی لەسەر عەدالەت دەکەن.

٭٭٭

«تاوانی سیاسیی»

بۆیە دەبێت جێگەی تێگەیشتن بێت و مانای هەبێت بۆ لێکدانەوەی خەتا کاتێک خەڵک دەکەوێتە خۆی و هەوڵی ڕاستکردنەوەی ئەو ناڕێکییانە دەدات کە نوخبەی دەسەڵاتدار لەپێناو قازانجی خۆیدا دروستیان دەکات. خەڵک پێداگریی لەسەر دادپەروەریی دەکات. بۆیە ئەو هیممەتە مەدەنییانەی خەڵک لە فیقهی قەزائییدا کاراکتەرێکی تریان دەدرێتێ، ڕەوایەتییەکی زیاتریان هەیە و وەک تاوانی ئاسایی سەیر ناکرێن. بۆ نموونە ڕاپەڕین بەڕووی حوکمداریی خراپدا یاساشکێنیی و تاوان نییە بەڵکو مافێکە کە، بۆ نموونە، لە دەستوری ئەمریکییدا وەک مافێکی موسەلەم ڕەسمییەتی پێدراوە. هەر بۆیەشە یاسای سزادانی عێراقیی لە ماددەی (٢٠) و (٢١)دا تاوان پۆلێن دەکات بۆ دوو جۆر و جیاوازیی دەکات لەنێوان«تاوانی ئاسایی» و «تاوانی سیاسیی»دا.

ئەوەی عەلی مەحمود کردویەتی بە هەموو پێوانەیەک، وە بە نەقاوەت، کردارێکی سیاسییە، چونکە شتێک کە ڕۆشنە ئەوەیە کە عەلی مەحمود، ئەگەر لەجیاتی بابان ئیبراهیم تاوانکارێکی نەناسی تر بوایە داوای داڵدەدانی لێ بکردایە، بێگومان ئامادە نەدەبوو داڵدەدەی بدات. ئەوە بۆ هەر یەکێك لە ئێمەش وایە، کە ئامادە نین داڵدەی پیاوکوژێکی نەناس بدەین. لەبەرامبەردا، بیر دەکەمەوە ئەگەر منیش بومایە لەجیاتیی عەلی، ئەگەر بابان ئیبراهیم نەک پیاوکوژێکی تری نەناس،داوای داڵدەدانی لێم بکردایە، دڵنیام پیاوە سیاسییە عەدالەتخوازەکەی ناوم نەیدەهێشت بڵێم نا.لێرەوەیە ئەوە هەر تەنها سودفەیەک نییە کە لەم دۆزەدا ڕێک عەلی مەحمودێکی پێداگر لەسەر دادپەروەریی بۆ قوربانییانی دەستی ڕژێمی پێشووبەشداریی هەیە نەک کەسێکی تر.

توخمێکی گرنگی تاوانی سیاسیی، وەک لە ماددەی (٢١)ی یاسای سزادانی عێراقییدا هاتووە ئەوەیە کە پاڵنەری ئەنانییانەی ناپاکانە (باعپ أنانی دنی‌و)ی لەپشتەوە نییە، بەڵکو زۆربەی جار، بەپێچەوانەوە، پاڵنەری شەریفانە (بواعپ شریفە)ی لەپشتەوەیە. بۆیە کەیسی عەلی مەحمود و بابان ئیبراهیم دەبێت لەبەر ڕۆشنایی ئەو موقەڕەراتانەدا هەڵسەنگاندنی حقوقییان بۆ بکرێت کە لە ماددەی (١٢٨)ی یاسای سزاداندا هاتووە کە پاڵنەری شەریفانە (بواعپ شریفە) وەک عوزری سووککەر (عژر مخفف) چاو لێدەکات.

٭٭٭

«هاوپەیمانیی نێوان نوخبە تاوانکارەکانی بەرە جیاوازەکان»

کاتێک دوای ڕاپەڕینی (١٩٩١) دەرکەوت کە ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتیی حیزبە کوردیی و ئیسلامییەکان لەژێرەوە کاریان لەگەڵ حکومەتی بەعسدا کردووە، ئێستاشی لەگەڵدا بێت زۆر کەس هەن باوەڕیان نەکردووە کە ئەو کەسانە بە نهێنیی پیاوی بەعس بووبن. باوەڕ ناکەن چونکە خەڵکێکی زۆر تەنها دەتوانن ئەو بەرژەوەندییانە ببینن کە بەرە بەرچاوەکان وەک ئاڵای خۆیان هەڵیانکردووە و ناتوانن تەخەیولی فرتوفێڵەکانی پشت پەردەی نوخبەی سیاسیی بکەن.

ئەو خەڵکە پاک و سادەیە دەتوانن تەنها، بۆ نموونە، بەرەی حکومەتی بەعس لەبەرامبەر بەرەی خەباتی ڕزگاریی نەتەوەیی کورددا ببینن. ئەوەی ئەو خەڵکە ناتوانێت بیبینێت ئەو بەرژەوەندییە شەخسییانەیە کە نوخبە و دەسەڵاتبەدەستەکانی ناو ئەو دوو بەرەیە، بەدابڕاو لە بەرژەوەندیی ئەوانەی کە بڕیارە بەرەکاننوێنەر و داکۆکییکەری بەرژەوەندییان بن، بۆ خۆیان هەیانە.زۆرینەی خەڵک تەنها دەتوانن ئەوەندە ببینن و ئەوەندە تێبگەن کە، بۆ نموونە، لە دۆزی سەرکوتکردنی کورد و مافی کورددا، عەلی باپیر لە سەنگەری دووەمیاندایە. لەبەر زۆر هۆکار، ناتوانن ئەوە تەسەور بکەن کە ئەو نوخبانەی ئەوان بە سەرکردەی خۆیانیان دەزانن و خۆیانیان بۆ دەدەنە کوشت، ڕێک بە هۆی ئەو پاڵپشتیی و دڵسۆزییەی ئەوانەوە، فرسەتێکی گەورەی بەدەستهێنانی بەرژەوەندییان دەست دەکەوێت کە زۆربەیان فرسەتەکە بەکار دەهێنن و لە دەستی نادەن و لەگەڵ نوخبەی بەرەی دژەبەردا دەکەونە تەنسیق و دۆستایەتیی ژێربەژێر.

ئەم پەیوەندییانە لە درێژەدا تەونێکی چڕ لە بەرژەوەندیی هاوبەش لەنێوان نوخبەی هەردوو بەرەدا دروست دەکات کە وا دەکاتئەوان لە هەموو دۆخێکدا پاڕێزراو بن و لەهەموو دۆخێکدا نوخبەی دەوڵەمەند بن. ئەوە مومکین دەکات کاتێک ڕاپەڕین دەشکێت و ئێمە لەژێر بۆردومانی کۆپتەرەکانی بەعسدا بەرەو مەرزەکان هەڵدێین، ئەوان لە بەغداد خەریکی پرسینی نرخی ئەو چەرمەسەرییەی ئێمەن. بەڵام کاتێک ڕاپەڕین سەر دەگرێت، سوڵتان هاشم و نەزار خەزرەجی و وەفیق سامەڕائی و عیزەت دووری و دەیان نوخبەی تر لەلایەن نوخبەی دۆستی ناو بەرەی بەرامبەرەوە دەپەڕێندرێنەوە بۆ ئەمبەری ڕاپەڕین و ناهێڵن لە دەوڵەمەندیی و خۆشگوزارانیی بێبەش بن.

دۆزی جاشەکان و داکۆکییکردن لێیان و پاراستنیان لەبەرامبەر هەر هێرشێکدا کە بکرێتە سەریان، هەر بازنەیەکی تری ئەم هەمکارییە ناوخۆییەی نێوان نوخبەکانی بەرە جیاوازەکانە لەپێناو قازانجی خۆیاندا. ئەمەیە ئەو واقیعە عەبەسییە مومکین دەکات کە دوێنێ دەزگای ئاسایش کەسێکیان دەستگیر کردووە و زیندانیان کردووە لەسەر ئەوەی لەسەر جادە گۆرانی «سەرۆکمان زێڕە»ی لێ داوە، لەکاتێکدا خودی ئاوازدانەری گۆرانییەکە، کە پێش ڕاپەڕین سەر بە نوخبەی ئەو سەردەمەی بەعس بوو و ئێستا سەر بە نوخبەی دوای ڕاپەڕینە، ڕۆژی دەستگیرکردنی ئەو پیاوە، ئاسوودە و خۆش دەژی و پارێزراوە لە هەموو مولاحەقەیەکی یاسایی و لێپرسینەوە.

ئینسان لەم دۆزەدا دەتوانێت بچووکیی ڕۆحی ئەو دادوەر و داواکارییە گشتییەی ناو نوخبەی قەزائیی تەسەور بکات کە سبەی ڕۆژ ئەو پیاوەی کە گۆرانییەکەی لێداوە دەبەنە بەر دادگا، بەڵامئەوەندەیان ڕێز بۆ خۆیان نییە بوێرن یان بیانەوێت ناڕەزاییەک پیشان بدەن و بڵێن ئێمە ئەم خۆزەلیلکردنەناکەین ئاوا بەسەر ئاوازدانەردا باز بدەین و خەریک بین لەوە بکۆڵینەوە کە ئایا گوێگری گۆرانییەکە یاسای شکاندووە یان نا.

لەو جۆرە کۆمەڵگایانەدا، بەو ئەندازەیەی ئامادە بیت ئاوا خۆت زەلیل بکەیت، بەو ئەندازەیە لە سەرەوە دەبیت و لە نوخبە نزیک دەبیتەوە و لە گرفت پارێزراو دەبیت و خۆش دەژیت. ئەمە هەر لەناو ناوەندی نوخبەی سیاسییدا وا نییە، بەڵکو لە ناوەندی نوخبەی ڕۆشنبیریی و ئابوریی و میدیایی و هەموو ناوەندەکانی تردا هەمان میکانیزمی خۆژیاندن و خۆبردنەسەرەوە ئامادەیە.

ئاکامی ئەمە ئەو دیمەنە عەبەسییەیە کە سبەی ڕۆژ عەلی مەحمود و بابان ئیبراهیم لە قەفەزی تاوانبارییدا لەبەردەم کۆمەڵێک دادوەر و یاساناسی یاساشکێن و پۆلیسی کەرەستەی سەرکوتگەرییدا وەک دوو خەتاکار ڕادەگیردرێن و وەک کەسانی ناپاک چاو لێ دەکرێن.

کە بیر لە دۆخی دادگاکان و دەزگای پۆلیس و دەزگای داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان دەکەمەوە و هەوڵدەدەم دیمەنی ناو ئەو هۆڵی ئەو دادگایە بهێنمە پێش چاوی خۆم کە سبەی ڕۆژ عەلی مەحمود و بابان ئیبراهیمی تیا دادگایی دەکرێن، جگە لەو دوو کەسە و جگە لە کارگوزار و چایچییەکە، ناتوانم هیچ کەسێکی تر ببینم کە شایان بە سزا نەبێت.


06/05/2023



وتارەکانی تری نوسەر