هیوا حەسەن
ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکان راگەیاندرا، ئەنجامی ئەمجارە جیاواز لەهەڵبژاردنەکانی پێشوو زۆربەی خەڵکی کوردستانی توشی شۆک کرد ، چاودێران و رۆشنبیران و زۆربەی خەڵکیش پێیان وابوو کە لەم هەڵبژاردنەدا نەخشەی سیاسی لەهەرێمی کوردستان گۆڕانکاری بەسەردا دێت ،بەو پێیەی هەم خەڵکی کوردستان لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا توشی دەیان قەیرانی دارایی و نەهامەتی بوون و ئەمجارە تۆڵە لەدەسەڵات ئەکەنەوە، هەمیش میکانیزمی هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاواز ئەبێ ، هەر لەنەمانی ناوی وەهمی و نەهێشتنی ڕێگاکانی ساختەکاری و سەرپەرشتی راستەوخۆی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی بەغدا کە هیوایەکی زۆری بەخشی بەوەی کەهیچ جۆرە تەزویرێک قبوڵ ناکات.
بەڵام دەرەنجام هەموو ئەو پێشبینیانە پێچەوانە بوونەوەو هیواکان لەگۆڕنرا، ئێستا لایەنەکان و دەنگدەران بوونەتە دوو بەرەی جیاواز ، هەندێکیان پێیان وایە هەڵبژاردنەکە وەک ئەوەی باسی لێ ئەکرا زۆر شەفاف و بێگەردەو هیچ تەزویرێک نەکراوە ، تەنانەت پێیان وایە ئەم هەڵبژاردنە پاکترین هەڵبژاردنە لەچاو خولەکانی پێشوی پەرلەمان، بەڵام بەرەی دووەم پێی وایە ئەوەی چاوەڕێ ئەکرا کە هەڵبژاردنێکی پاک بێت وا دەرنەچوو ئەمجارە زۆر بە بەرنامەڕێژی و لەڕێی ووڵاتە ئەقلیمیەکان و لایەنەکانی دەسەڵات و هەندێ لایەنی ئۆپۆزسیۆن لەڕێی ئامێرەکانی دەنگدانەوە ساختەکاری زۆر کراوە بۆ بەرژەوەندی مانەوەی ئەم دەسەڵاتە.
بابێین شیکاری بۆ ئەم دوو بۆچونە جیاوازە بکەین ، ئەگەر بۆچونی یەکەم ڕاست بێت کە هیچ ساختەکاریەک نەکراوە، واتا خەڵکی کوردستان رازیە بەم دەسەڵاتەو ئەوەی ئەوترا دەربارەی دزی و گەندەڵی و ناڕەزایەتیەکانی خەڵک، وانییەو تا ئێستا خەڵک متمانەی بەم دەسەڵاتە ماوە بۆیە دووبارە دەنگی پێداوەتەوە.
ئەگەر بۆچونی دووەم راستبێت کە ساختەکاری کراوەو دەوڵەتانی ئەقلیمی و هێزە ناوخۆیەکان بەرنامەڕێژیان کردووە بۆ مانەوەی ئەم دەسەڵاتە ، هەر بۆیە تاکو بەرژەوەندی ووڵاتان لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە بێت نە هەڵبژاردن و نە هیچ هێزێکی نێوخۆیی ناتوانێ کورسی ئەم دەسەڵاتە جێلەق بکات.
کەواتە لەهەردوو حاڵتدا ئەوە ئەگەیەنێ کە هەم فاکتەری ناوخۆیی و هەم فاکتەری ئەقلیمی و نێودەوڵەتی کۆکن لەسەر مانەوەی ئەم دەسەڵاتە بەهەرچی نرخێک بێت ، دەرەنجام ئەوەمان بۆ رون ئەبێتەوە کە ئەبێ دان بەو ڕاستیەدا بنێین کە هەڵبژاردن نابێتە هۆی گۆڕینی ئەم دەسەڵاتەی هەرێم ،هەروەکو چۆن نەوشێروان مستەفا لەدوا ساتەکانی ژیانیدا وتی بێ ئومێد بوومە لەوەی کە بەخەباتی مەدەنی و پەرلەمانی بتوانین ئەم دەسەڵاتە بگۆڕین، ئەمە بێ ئومێدکردنی خەڵک نیە ،بەڵام راستیەکە ئەبێ هەمووان درکی پێ بکەین ، چونکە سیاسەت بەعاتیفەو حەزی کەسەکان ناکرێت.