لێکەوتەکانی دوای بڕیارەکەی پارتی

هیوا حسن


پارتی پێی وایە ئێران لەڕێگای دادگای فیدڕاڵیەوە نەوت و پارەو کۆمسیۆن و تەزویریان  لەژێر دەستی دەرکردووە ، ئێستاش ئەیانەوێ لەڕێی هەڵبژاردن و بەڕێگایەکی شەرعی تەواوی دەسەڵاتیان لەدەست وەرگرنەوە ،بۆیە بایکۆتی هەڵبژاردن ئەکەن ، بەڵام پرسیارەکە لێرەوە دەست پێ ئەکات ئایا ئەم جۆرە بیرکردنەوەو ئەم هەڵوێستە کە وەک سەردەمی ریفڕاندۆم دۆستەکانی کوردیان نیگەران کردووە وەک بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاو یۆنامی بەئاشکرا ڕایانگەیاندووە ، دەرەنجامەکەی جۆن ئەبێت و هەرێم و ژیانی سیاسی بەرەو چی چارەنوسسازێک ئەبات؟.

 ئەگەر تۆزێک چاو بە روداوەکانی پێشوو بخشێنینەوە ئەو راستیەمان بۆ رون ئەبێتەوە کە پارتی یاریەکی دۆڕاو ئەکات کە پێشتر ئەم جۆرە یاریەی کردووەو بەدۆڕاوی لێی دەرچووە، وەک سیناریۆی ریفڕاندۆم و 16 ئۆکتۆبەر کە زیاتر لەنیوەی خاکی کوردستانمان لەدەستداو مسعود بارزانیش لەسەرۆکایەتی هەرێم دوور خرایەوە.

بەڵام بەپێی لێکدانەوەی خۆم لەم گەمە تازەیەی پارتی هەم خودی پارتی زیانێکی کەمەر شکێنی بەرئەکەوێت ، هەمیش هەرێم ئەچێتە دۆخێکی زۆر خراپەوە کەرەنگە هەموو سێکتەرەکانی ژیانی سیاسی و ئابوری و خودی قەوارەی هەرێمیش بەرەو داڕمان ببات.
ئەگەرەکانی دوای بڕیارەکەی پارتی:

ـ رەنگە دادگای فیدڕاڵی پارتی وەک حزب هەڵوەسێنێتەوە بەبیانوی ئەوەی دژی بڕیارەکانی دادگا وەستاوەتەوە.
ـ رەنگە کۆمسیۆن گوێ بەبڕیارەکەی پارتی نەدات و درێژە بە رێکارەکانی هەڵبژاردن بدات، لەم حاڵتەشدا پارتی رێگا نادات لەزۆنی زەرد هەڵبژاردن بکات و لەئەنجامدا رەنگە بەغدا هێز رەوانەی سنوری پارتی بکات بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن ، لەو حاڵەتشدا رەنگە شەڕو ئاڵۆزی لەنێوان پارتی و سوپای عێڕاق رووبدات.
ـ رەنگە تورکیا دەستێوەردان بکات وهێزی زیاتر ڕەوانەی هەرێم بکات بۆ پشتگیری لەپارتی.
ـ هەرچەندە ئێستا جۆرێک لەدوو ئیدارەیی هەیە ، بەڵام لەتێکچونی دۆخەکە دوو ئیدارەیی ئەبێتە امری واقع.
ـ رەنگە دادگای فیدڕاڵی حکومەتی ماوەبەسەرچوی هەرێم بەیەکجاری هەڵبووەشێنێتەوەو تا هەڵبژاردنی داهاتوو وەک پارێزگارەکانی عێڕاق مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکانی هەرێم بکات.

ئەمانەو دەیان ئەگەری تر چاوەڕێی هەرێمەکان ئەکات ئەگەر پارتی بەردەوام بێت لەم سەرکێشییە، بەهیوام بارزانی پێداچونەوە بە بڕیارەکەی بکات و خودی پارتی و قەوارەی هەرێمیش بەرەو تونێلێکی نادیار نەبات.

19/03/2024



وتارەکانی تری نوسەر