مەترسیەکانی دۆخی ئێستای کەرکوک

هیوا حسن

ماوەی چەند رۆژێکە هەندێ لە شۆڤێنیەکانی  عەرەب و تورکمان بە هاندانی بەشێک لەبەرپرسانی حەشد و هەندێک لە سەرۆک هۆزەکانی عەشیرەتە سونەکانی ناوچەی حەویجە هاتونەتە سەر شەقامی گشتی نێوان هەولێر و کەرکوک گوایە رێگری ئەکەن  لەچۆڵکردنی بینای سەرەکی فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی کەرکوک کەپێشتر بارەگەی مەکتەبی سیاسی کەرکوک گەرمیانی پارتی بووە ، بێگومان ئەمە جگە لە پاساوێکی بێ بنەما هیچی دیکە نییە، چونکە پارتی وەک هەر حزبێکی کوردستانی و عێڕاقی مافی خۆیەتی لەهەموو شارێکی عێڕاق بارەگای خۆی هەبێت بەپێی دەستوری عێڕاقی، بەڵام ئەوەی لەپشت پەردەوە ئەگوزەرێ بابەتێکی دیکەیەو هەوڵدانە بۆ جێبەجێ کردنی چەند ئەجندایەکی ئەقلیمی و ناوخۆیی کە ئەیانەوێ لەم رێگایەوە ئامانج و پیلانە گڵاوەکانیان لە کەرکوک پیادە بکەن کە ئەمانەی خوارەوە بەشێکن لە هەوڵەکانیان:ـ
1ـ هێنانی زیاتری هێزی سەربازی بە تایبەتی حشدی شعبی بۆناو شاری کەرکوک بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ لەناو دەرونی تاکی کوردیدا.
2 ـ هەوڵدان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن لە کەرکوک و هێشتنەوەی دۆخی ئیداری شارەکە وەک ئەوەی ئێستا هەیە.
3ـ هەوڵی تەزویروکردن و یاریکردن بە سندوقەکانی دەنگدان ئەگەر هەڵبژاردن دوا نەخرێت. 4 ـ هەوڵدان بۆ تێکدانی پەیوەندی نێوان حزب و لایەنە سیاسیەکانی کورد بۆ ئەوەی لەو ڕێگایەوە بە ئاسانی بەرنامەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن.
 بێگومان لەم خاڵەی کتاییدا نەیارانی کورد سەرکەوتوو بونەو درزێکی گەورەتریان خستۆتە   نێوان یەکێتی و پارتیەوە لەکەرکوک، لەسەرەتای دروستبون و سەرهەڵدانی کێشەکە یەکێتی و پارتی لەکەرکوک  وەک دوو دوژمنی سەرسەخت مامەڵەیان لەگەڵ یەکتردا کردووە کە ئەبوایە ئەو وزەو توانا ئیعلامییەیان بەرامبەر نەیارانیان بەکار بهێنایە.
بەکوردی و بەکورتی ئێستاش درەنگ نییە نەچووەو بچێ ئەکرێ پارتی و یەکێتی تەنها بۆ ئەم پیلانە مەترسیدارە بەرژەوەندی کەرکوک بخەنە سەروی بەرژەوەندیە حزبیەکانەوەو ژیرانە مامەڵە لەگەڵ ئەم پێشهاتە تازەیە بکەن و ژورێکی عەملیات لە هەموو حزب و کەسایەتیە سیاسیەکانی کوردی کەرکوک پێک بهێنرێت بەهاوکاری نوێنەرانی کورد لەبەغداو دۆستانمان لەووڵاتانی دەرەوە تاکو بتوانن چارەسەرێک بۆ ئەم دۆخە خراپە بدۆزنەوە ئەگەر نا رەنگە لەرۆژانی داهاتوو کەرکوک بەدۆخێکدا تێپەڕبێت بە تایبەتی بۆ کوردی ئەم شارە  کە  ئازارەکانی رابردووی دەستی بەعسمان بەبیر بهێنێتەوە.


02/09/2023



وتارەکانی تری نوسەر