هەڵبژاردن تەواو بوو ،سەرەڕای هەموو ئەو تێبینیانەی لەسەر کۆی پرۆسەکەدا هەبوو دواجار کۆمسیۆن ئەنجامەکەی راگەیاندو کردیە (امر واقع) ، ئیدی خەڵکی کوردستان چاوەڕێی پێکهێنانی حکومەتن، حکومەتێک کە لانی کەمی بەڵێنەکانی حزبەکان کە لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا بەخەڵکیان دابوو جێبەجێ بکرێت بەو هیوایەی بارو گوزەرانی خەڵک بەرەو باشتر بڕوات.
ئێستا کورسی لایەنەکان دیارەو تا ڕادەیەک بەرچاو رونیەک هەیە کە سیناریۆکانی پێکهێنانی حکومەت چۆن ئەبێ، ئاشکرایە ئەنجامەکان ئەوەمان بۆ دەرئەخات کە هیچ لیستێک نەیتوانیوە پەنجا زائد یەک بەدەست بێنێت بۆیە بەناچاری ئەبێت هانا بۆ لیستەکانی دیکە بەرێ بۆ تەواوکردنی نیسابی یاسایی، ئەوەی ئاشکرایە پارتی وەک هێزی یەکەم و یەکێتی وەک هێزی دووەم لەسەریانە کە هەوڵی کۆکردنەوەی کورسی زیاتر بدەن بۆ ئەوەی حکومەتی داهاتوو پێک بهێنین.
سەرەتا با سێرجێکی لیستەکانی دیکە بکەین و بزانین کامیان بەشداری حکومەت ئەکەن و کامیان بڕیاری ئۆپۆزسیۆنیان داوە، ئەوانەی تاکو ئێستا خۆیان یەکلایی کردۆتە کە بەشداری حکومەت ناکەن ئەمانەن
ـ کۆمەڵی دادگەری کە 3 کورسی هەیە بڕیاریان داوە کە بەشداری نەک لە حکومەت ناکەن تەنانەت ناڕۆنە ناو پەرلەمانیشەوە.
ـ یەکگرتووی ئیسلامی کە 7 کورسی هەیە بەفەرمی بڕیاری ئۆپۆزسیۆنی داوە واتا ناڕواتە حکومەتەوە.
ـ بزوتنەوەی گۆڕان کە خاوەن 1 کورسیە بڕیاری داوە نەچێتە حکومەتەوە.
ـ ڕەوتی هەڵوێست کە خاوەنی 4 کورسیە هەرچەندە خۆیان یەکلایی نەکردۆتەوە بەڵام ئاماژەکان بۆ ئەوە ئەچێت کە بەشداری حکومەت نەکەن.
جگە لە یەکێتی و پارتی ، ئەو هێزانەی کە پێ ئەچێت بەشداری حکومەت بکەن نەوەی نوێ و بەرەی گەل و کاکە حەمەیە.
کەواتە بەپێی کورسی ئەم لایانانە بێت سێ سیناریۆ لەئارادایە.
سیناریۆی یەکەم هاوپەیمانی نێوان یەکێتی و پارتی و کۆتاکانە کە 50+1 پێک دێنن بەبێ هیچ گرفتێک ئەتوانن حکومەت پێک بهێنن.
سیناریۆی دووەم پارتی 39 + 3 کۆتا + 15 نەوەی نوێ+1 کاکە حەمە+ 2 بەرەی گەل =60 کورسی ئەتوانن حکومەت پێک بهێنن.
سیناریۆی سێیەم یەکێتی23 +2 کۆتا+ 15 نەوەی نوێ= 40 کورسی، لەم حاڵەتەدا بەهیچ جۆرێک بەرەی گەل و کاکە حەمە ناچنە نێو ئەم بەرەیەوە ئەگەر بشڕۆن بەهەردوکیانەوە 5 کورسیە کۆی گشتی ئەکاتە 45 کورسی کەواتە هەر ناتوانن نیسابی یاسایی تەواو بکەن.
من پێم وایە نزیکترین سیناریۆ سیناریۆی یەکەمە کە لەنێوان یەکێتی و پارتی ـیە هەرچەندە تاکو ئێستا ئەو دوو لایەنە سەقفی داواکاریەکانیان زۆر قورسە بەرامبەر بەکتر بەڵام دواجار هەر ئەبێ پێکەوە حکومەت پێکبهێنن چونکە هەردوو لایەن خاوەنی زۆن و هێزی تایبەت بە خۆیانن بۆیە هیچ لایەکیان ناتوانێ بەبێ لاکەی دیکە حکومەت پێک بهێنێ، ئەمە جگە لەفاکتەری دەرەوە کە ڕێگا نادەن هیچ لایەکیان ئاوت بکرێت، هەرچەندە من پێم وایە لەئێستادا قورسە ئەو دوو لایەنە بگەنە رێکەوتن بەڵام دواجار دوای ئەوەی تای هەڵبژاردن بەریان ئەدات و ئەو بەڵێنانەی داویانە لەزاکیرەی جەماوەرەکانیان کاڵ ئەبێتەوە ئەوکات ئەبنەوە بە براکەی پێشویان و حکومەت پێک ئەهێنن و کێکی دەسەڵات لەنێو خۆیاندا دابەش ئەکەن