کەرنەڤاڵی سەرژمێری لە کەرکوک

هیوا حسن
کاتێک مرۆڤ هەست ئەکات نیشتمانەکەی ،شارەکەی، نەتەوەکەی پێویستی پێیەتی ئیتر هیچ بەربەستێک نامێنێ کە ڕێگر بێت لەپێشکەشکردنی تواناکانی بۆ بەجێهێنانی ئەو ئەرکە نیشتمانیە.

 ئەوەی لە 19ی تشرینی دووەم لەکەرکوک رویدا مێژویەک بوو هەقە هەموو کورد شانازی پێوە بکات ،ئاخر ئەمە چی هەستێک بوو بە سەدان خێزان لەدەرەوەی ووڵات  و هەزاران خێزانیش لەشارەکانی کوردستانەوە بەعەشقێکی کەرکوکیانەوە سات بەسات و چرکە بەچرکە پەلەیان بوو بگەنە زێدی باوباپیریان لەوێ بەتۆمارکردنی ناویان مێژوو بۆ خۆیان و نەتەوەکەیان تۆمار بکەن.

ئەوەی لەئێوارەی ئەو رۆژەدا رویدا روداوگەلێکی ئاسایی نەبوو، ئەوە خەم و هەمی خاکی کەرکوک بوو لە ناخی کەرکوکیەکانی دەرەوەی شار ،ئەو پێشوازییەی خەڵکی شار و کردنەوەی ئامێزی گەرمیان بۆ خوشک و براکانیان ، هێندە گەورەو مەزن بوو مەگەر هەر ئێمەی کەرکوکی بزانین چی تام و چێشێکی بەخشی بەخەڵکی دڵ برینداری ئەم شارە.

لەو دوو رۆژی سەرژمێریەدا کەرکوکیەکان بەچاوی پڕ لەگریانی خۆشیدا پێشوازیان لە کەس و کاریان کردوو رەونەقی شاریان پڕکردبوو لە سرودی ( خوایە وەتەن ئاواکەی ،چەند دڵگیرو شرینە)، ئەمەیە روحی بەرزی پڕ خۆشەویستی کەرکوکیەکان بۆ شارەکەیان ، کێ هەیە لەو دوو رۆژەدا فرمێسکی بۆ ئەو کەڕنەڤاڵە پڕ حەماسەی کەرکوکیەکان نەڕشتبێ؟ کێ هەیە ئیتر گومانی لەدڵسۆزی و خاک پەرستی کەرکوکیەکان هەبێت، کێ هەیە بڕوای بەوە مابێ کە خەڵکی کەرکوک ناتوانێ شارەکەی وەک بیلبیلەی چاوی بپارێزێ، ئاخر ئەمە چی عەشقێکە خودایە تۆ بەم شارەت بەخشیوە ! .

ئەوەتانی عەلی مەردان و حسێن عەلی و شکور خەیات بە قەتارو ئەڵڵاوەیسی ستایشی کەرکوکیەکان ئەکەن، ئەزانن ئێستا روحی مامە ڕیشەو ئەرپە و سەرجەم شەهیدانی کەرکوک لەئاسمانی شارەکەدا سرودی ئەی ڕەقیب ئەڵێنەوە، گوێتان لێیە ئەنفال کراوەکان لەعەرعەرەوە سڵاوی خۆڕاگری بۆ کەرکوکیەکان ئەنێرن.

ئەگەر ئێستا پیاسەیەک بەناو گەڕەکەکانی شۆرجەو رەحیم ئاواو ئیسکان و ئازادی و تەواوی شاردا بکەی جگە لەورەو نەبەزین و روحی بەرزی کوردایەتی هیچی دیکە نابینی، بۆیە ئێمەی کەرکوکی حەقمانە بڵێین 
کەرکوک شانازی ژینمی
کەرکوک هیواو ئەوینمی

 کەرکوک
ئێوارەی پێنج شەممە ٢٠٢٤/١١/٢١

22/11/2024




وتارەکانی تری نوسەر