زووە قسە لەسەر دەرەنجامەی پەیامەکەی ئۆجەلان بکەین هەتا لەڕۆژانی داهاتوودا بەرچاو رونی زیاترمان ئەبێت لەسەر کۆی پرۆسەی ئاشتی لەتورکیادا ، بەڵام ناشکرێ بە سۆزو عاتیفەوە بڕوانینە پەیامەکەو ئیتر وابزانین بەهاران هاتۆتە سەر چۆک ، یان بەپێچەوانەوە هەموو شتێک کەڕەتی سفر بکەین، بەڵام ئەکرێت شیکاریەکی واقعی بۆ بکەین کە وەک ئەوەی هەیە، ئاشکرایە پرۆسەی ئاشتی لەنێوان دوو لایەنی ناکۆکدا سەرەتا پێویستی بە دابینکردنی کەشێکی ئارام و دروستکردنی زەمینەیەکی لەبارە لەنێوان هەردوو لادا بۆ ئەوەی جێبەجێکردنی پرۆسەکە بەباشی بەڕێوە بچێت.
دیارە پەیامەکەی ئۆجەلان هەنگاوی یەکەمی بەڕێزیانە بۆ دەستپێکردنی پرۆسەکە ، لەبەرامبەردا پێویستە دەوڵەتی تورکیاش یەکەم هەنگاو دەست پێبکات بۆ ئەوەی گومانەکان بڕەوێنێتەوەو پرۆسەکە مەجرای ئاسایی خۆی وەربگرێت.
سابۆیە ئێمەی کورد ناحەقمان نییە ئەگەر سڵ لەهەموو پرۆژەیەک بکەینەوە کە لەگەڵ بەرامبەرەکانماندا دێتە ئاراوە ، چونکە لەمێژوی خەباتی ڕەوای گەلەکەماندا بەدەیانجار کورد دەستی بۆ ئاشتی درێژ کردووە بەڵام ئەوە دوژمنانی گەلەکەمان بووە نەیانویستووە ئەو پرۆسانە سەر بگرێت ، یاخود هەر بۆ تاکتیکێکی کاتی باسیان لە ئاشتەوایی کردووەو پاشان دووبارە دەستیان بردۆتەوە بۆ چەک دژی نەتەوەکەمان .
لێرەوە ڕەوایە هەموومان ماف بەخۆمان بدەین کە تێبینی و ترسمان هەبێت و سڵ لە هەر هەنگاوێک بکەینەوە کە ئەگیرێتەبەر ، بۆیە منیش لەم روانگەیەوە تێبینیەکانی خۆم لەم چەند خاڵانەی خوارەوە ئەخەمەڕوو:
1ـ چەکدانان بەرامبەر چی ؟ سانچۆ ئەڵێ: (دەترسم جیهان بەبێ شمشێرەکانمان دڕندەتر بێت) بەرامبەر ئەم داوا گەورەیە کە کۆتایی بە شۆڕشێکی 45 ساڵی ئەهێنێ چی زەمانەتێک هەیە بەبێ چەک پرۆسەی ئاشتی بێتە ئاراوە.
2 ـ دیارە هەموو رێکەوتنێکی ئاشتی پێویستی بە گرێبەستێکی نێوان هەردوولای ناکۆکیکار هەیە و تەواوی رێکەوتنەکەیان خاڵ بەند کردبێت ،بەڵام لەپەیامەکەی ئۆجەلاندا ئاماژە بەهیچ خاڵێکی نێوانیانی نەکردووە تەنها پەیامەکەی خۆی ناردووەو داواکاریەکەی ئاراستەی پەکەکە کردووە ، بۆیە ئەمە گومانی تەواو ئەخاتە سەر پرۆسەکە.
3 ـ لەسەرەتای دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی حکومەتی تورکیا ئامادە نەبوو پەیامەکەی ئاپۆ بە فیدیۆیی بێت، بۆیە ئەمیش جێگای گومانێکی زۆرە.
4ـ تاکو ئێستا لە دەستوری تورکیادا شتێک نییە بەناوی نەتەوەی کوردەوە ،بۆیە پێویستە پێش هەر چەکدانانێک هەمواری دەستوری تورکیا بکرێت و کورد وەک نەتەوەی دووەمی تورکیا بناسێنێت.
لەکۆتاییدا ئەڵێم هیچ پرۆسەیەکی ئاشتی بەدی نایات ئەگەر هەردوولای ناکۆک هەنگاوی کردەیی نەنێن و قوربانی لەپێناویدا نەدەن ، هیوادارین ئەم پرۆسەیەی دەستی پێکردووە لەبنەڕەتدا پرۆسەیەکی سەردەمیانەو ئاشتەوایی بێت لەناوچەکەداو کۆتایی بە خوێن ڕشتن و سڕینەوەی یەکتری بهێنێت.