نامەیەک بۆ ئەو کەسەی چرایەکی هەڵکرد، بەڵام تاریکیی کەوتە نێوانمانەوە

سیروان عەبدول

نامەیەکی کراوە بۆ دکتۆر یوسف زێدان

کاتێك بە ناوی ئێمەوە قسەکردن لە یەکێک لە دۆستە کەمەکانی دۆزەکەمان قەدەغە دەکرێت، چار نییە، دەبێت دەست بۆ نووسین بەرین.
ئەم دێڕانەت بۆ دەنووسم و وەک کوردێک وای دەبینم ئەوەی ڕوویدا تەنها هەڵوەشاندنەوەی سەردانێک نەبوو، بەڵکو خەنجەرلێدانێکی ناوەکیی بەئازار بوو – وە سەرکەوتنێکی ئاسان بوو بۆ پرۆژەیەک کە لەسەر خنکاندنی دەنگ دەژی.

ئەوانەی کە دەنگیان ئەوەندە بەرز کرد کە ئیتر دەنگی تۆ نەبیسترێت، بەناوی ئێمەوە کردیان، بەڵام ئەوان نە نوێنەری دەنگی ئێمەن و نە نوێنەری برینەکانمان. ئەوانە شۆڕەواری سەرپشتی ئەسپێکی تەڕوادەن کە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێمە دروست کراوە و نێردراوە بۆ ناو دڵی دۆزەکەمان. بۆ کردنەوەی شوورەکانی نا، بەڵکو بۆ کەلەپچەکردنمان لە ناوەوە.

بینیم تۆ هەڵمەتەکەیانت بە «هەڵمەتێکی لەپڕ و چاوەڕواننەکراو» وەسف کردووە. بەڵام ئەوەی بوو، بۆ ئێمەی کورد ڕووداوێک نییە پێی ڕانەهاتبین. ئەوە تەنها ئیدامەی ئیسلامیزەکردنێکی سەرتاپاگیری کۆمەڵگای کوردییمانە لە باشوور کە ساڵانێکی زۆرە بەردەوامە و، سانسۆر کاراترین چەکی دەستێتی. بەئیسلامییکردنێکی سیستەماتیک و پالپشتییکراوی دەوڵەتانی ئیقلیمیی. ئیسلامیزەکردنێک کە لە ترسی بەخەبەرهاتنەوەی خەلکی کورد، هەموو جەستەی کولتوریی کۆمەڵگاکەی لە چنگ گرتووە و لە هەوڵی جیددیدایە هۆشیاریی نەتەوەییمان بە وەهمی «ئۆمەتی ئیسلامیی» پەرت بکات.

ئیسلامییە کوردەکان هەمانکات کە چاوساغیی بۆ ئەو دزەکردنە بۆ ناو ناسنامەی کوردیی دەکەن، ئاڵای ئاینیان بەرز کردۆتەوە بۆ سەختکردنی پرسیاردروستکردن لەسەر ئەوەی کە دەگوزەرێت. ئیسلامی سیاسیی وەک هۆشیارییەکی ساختە لەناو سەری کوردانێکی زۆردا چێنراوە. ئەگەر ئاینی ئیسلام هەمیشە ئەفیونی کوردان بووە، ئێستا ئیسلامیزم جورعەیەکی ڕۆژانەیە لە ئەفیون لەلایەن هێزگەلێکەوە کە ئەرکیان ئەوەیە دەنگێک نەیات کورد لە خەو بکات. 

هەر بۆیە قەدەغەکردنی خاوەنڕایەکی وەک تۆ ئاکامی دووڕاییەکی ئاسایی نییە، بەڵکو دەرهاویشتەی کولتورێکی جێگەکەوتووە کە تیایدا ئازادیی وشە بەوە دەپێوێت کە چەند لەگەڵ هەستی بەدەستکرد ناسککراوی خەڵکەکەدا دەگونجێت. تاکی کورد ڕاهێنراوە بەوە هەڵچێت پرسیار لەسەر ڕەمزەکانی دروست بکرێت، وە لەئاست شیکارییدا هەست بە هێرش بۆ سەر کەرامەتی بکات. تاکی کورد هەستەکانی پێشوەخت بۆ دروست کراوە، وە تووڕەبوونەکانی پێشوەخت ئاراستەی بۆ دانراوە، وە لەسەر هەستناسکییەکی پرۆگرامکراودا ڕاهێنراوە کە هەمیشە خووی ملکەچیی تیا زیاد دەکات تا جورئەتی بیرکردنەوەی سەربەخۆ.

کاتێک بریندارنەبوونی هەست دەبێتە پێوانەی ئەوەی چی ڕێگەپێدراو و چی قەدەغە بێت، بیرکردنەوە پێش لەدایکبوونی دەکوژرێت. بیرکردنەوەیەک کە سەغڵەتیی لە دڵی کۆمەڵگادا دروستنەکات، بەختی گەشەکردنی نییە، وە نەتەوەیەک کە ڕەخنە ئەژنۆی دەشکێنێت، بەختی کەوتنەسەرپێی نییە.

وشە زۆرجار ڕەقە، وە زۆرجار بریندارکەر، بەڵام بیر هیچ ئازادییەکی بۆ نامێنێتەوە ئەگەر مەرجداری بکەین بە ڕێزنواندن و موجامەلەوە. ئازادیی دەربڕین لەجێی خۆیدا گیر دەخوات ئەگەر ڕێگە لە تێپەڕێنی بەناو هەستی ناسکی کۆمەڵگادا بگیرێت. هەر مێژوویەک رێگە لە دەستلێدانی بگیرێت، دەبێتە ئەفسانە. وە هەر کەسایەتییەکی مێژوویی ڕێگە لە پرسیاردروستکردن لەسەری بیگردرێت، دەبێتە بت. 

ئامانجی ئەم نامەیە پێشاندانی هاوڕایی نییە لەگەڵ هەموو شتێکدا کە تا ئێستا وتووتن یان نووسیوتن. بێگومان لەنێوان ڕای ئێمە و ڕای ئێوەدا لەسەر زۆر دۆز مەسافەتێک لە ناکۆکیی و جیاوازیی هەڵسەنگاندن هەیە، وە بۆی هەیە لەگەڵ زۆر ڕای تۆدا ناکۆک بین، بەڵام بیر بەوە ناپێورێت تا چەند تەبایە لەگەڵ بیری ئێمەدا، بەڵکو تا چەند دۆگمە جێگیرەکان دەشکێنێت. وە کاتێک پلاتفۆرم لە کەسێکی بیرکەرەوە و بە سەنگی وەک تۆ، بەو هەموو بەشدارییەی لە ئەدەب و فیکردا هەتن، زەوت دەکرێت، زیانەکە هەر تەنها تۆ ناگرێتەوە، بەڵکو فەزای ڕاگۆڕینەوەش بەشێکی زۆر هەژار دەکات. 

چونکە، چۆن بیر دەبێتە مەترسیی و، چۆن وشە دەبێتە هەڕەشە و، ڕا دەبێتە تاوان؟ بێگومان ئەوە کاتێک ڕوودەدات کە ناسنامەی خەڵکێک دەبەسترێت بە سەردییەتێکەوە نەک بە ڕاستییەوە، وە کاتێك کە ئاین دەبێتە کەرەستەی دەمبەستن، نەک کەرەستەی بیناکردنی ویژدان. ئەوەی لە هەولێر بە ڕووی تۆدا داخرا تەنها دەرگای پێشانگایەکی کتێب نەبوو، بەڵکو داخستنی دەرگا بوو بە ڕووی دروستبوونی گوماندا.

٭ ٭ ٭
ئیسلامییە کوردەکان ئیدیعای ئەوە دەکەن کە ئەوان پارێزگاریی لە سەرکردەیەکی ناو مێژوو دەکەن، بەڵام لە ڕاستییدا ئەوەی ئەوان دەیپارێزن چیرۆکێکە کە شەرعییەت دەداتە مێژوویەک کە قەت دادپەروەر نەبوو لەگەڵ ئێمەدا. چیرۆکێک کە ناسنامەی کوردیی لە ڕۆڵی لاوەکییدا تەوزیف کرد لەناو پڕۆژەیەکی زۆر گەورەدا کە جگە لە پەراوێزەکەی هیچ شوێنێکی تری بۆ ئێمە و زمانەکەمان نەبوو. 
سەڵاحەددین لای زۆرێک لە خەڵکی کورد سیمبولی شانازیی و ورەنواندنە. بەڵام پرسیارێکی ڕەوا هەمیشە دەمێنێت: شانازیی بۆ کێ؟ وە ورەنواندن بە چی ئاراستەیەکدا؟ سیمبول چی قیمەت و مانایەکی هەیە ئەگەر ئەوەی کردوویەتی پیشاندەری هەوڵی میللەتێک نەبێت لە گەڕان بەدوای خۆیدا کە لەناو ئیمپراتۆرییەتێکی بەرفراوانی داگیرکاردا لێی وون بووە. 

ئێمە دەزانین کە ئەو پایە مێژووییەی سەڵاحەددین هەیەتی، لەناو خەباتێکدا نییە لەپێناو ئەو هاوزمانانەیدا کە لە گوند و شارەکانی خۆیاندا غەریب کەوتبوون و زمان و کولتور و دونیای ناوەوەیان ببووە عەیبەیەک کە هەوڵی شاردنەوەیان دەدا لەبەرچاوی ئەوانەی لەو مێژووەدا سەرکەوتبوون. سەڵاحەددین خەریکی ڕابەرایەتییکردنی پەرچەکردار لەو غوربەتە و شانازییکردن بەو زمان و کولتورەوە نەبوو لەناو خەڵکی ناوچەکەی خۆیدا، بەڵکو لە جێگەیەکی تر خەریکی ڕابەرایەتیی پاراستن و زیادکردنی هەژموونی ئەو دونیا پڕ لە نامۆییەی دەکرد.
ڕۆڵێکی وا، هەرچییەک بێت و چەند گەورە بێت بەها مێژووییەکەی، بۆ ئەوە ناگونجێت وەک بەشێک لە هۆشیارییەکی کوردیی ئازاد چاو لێبکرێت کە لە هەوڵی بونیادنانی سەردییەتێکی کوردییانەی سەربەخۆدایە.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، زۆرێک لە ڕۆشنبیرانی کورد هەن کە وایدەبینن کە جێکردنەوەی سەڵاحەددین لەناو سەردییەتی نەتەوەیی خەڵکی کورددا یەکێک لە توخمە هەرە سەنگینەکانی ناو سەردییەتەکە دەبێت، وەک ئەوەی کە نەبوون لەناو سەردییەتی ئەوانی تردا کە زاڵ بوون بەسەر مێژووەکەدا، بێمێژووکەوتنی کوردە. ڕۆشنبیرانی کورد هەر بە ڕاستیی باسی بێمێژووکەوتنی کورد دەکەن بەبێ ئامادەیی بەرچاو لەناو مێژووی ئیسلامدا، لەکاتێکدا نائامادەییەکی لەو چەشنە لەناو دەزگاکانی هێزی کۆڵۆنیالیستییدا نیشانەی ئەو شانازییە گەورەیەیە کە پێی دەوترێت بەرخۆدان. کاتێک میللەتێک بەرەنگاریی و سەنگەرگرتن لە سووچێکی مێژووی داگیرکردنی ڕۆحیدا و نەچوونە ناو ئەو مێژووەوە بە شانازیی نازانێت، کەواتە خەلەکێکی گەورە هەیە. 

ڕۆشنە کە ئەمە دەرکەوتەیەکی ئەو ئیختیلالە خەتەرناکەیە لە هۆشی تاکی ڕۆشنبیری کورددا کە هێشتا لەو کارکردە نێگەتیڤەی کۆڵۆنیالیزمی ئیسلامیی دەربازی نەبووە کە پێیوایە بەبێ شەرعییەت لەو ناوەندە سیاسییە زاڵەی ناو مێژووەوە، ناسنامەی نەتەوەکەی چیرۆکێکی دەستکردی گوندییانەی لۆکاڵییە.

٭ ٭ ٭
بێگومان هیچ جێگەی سەرسوڕمان نییە زۆرێک لە ئێمەی کورد تووڕە و سەغڵەت ببین بە ڕەخنەکردنی سەڵاحەددین، چونکە ئەو وێنەیەی بۆ سەڵاحەددین لە زیهنی تاکی کوردی مامناوەندییدا هەیە تەنها ژیاننامەیەکی مێژوویی نییە، چیرۆکێک نییە ناونیشانی ڕاستەقینەی خۆی لەسەر بێت؛ بەڵکو سەڵاحەددین دڵنەواییەکی ڕەمزیی و هەستی سەرکەوتنێکە بۆ کورد لەناو مێژووییەکدا کە هەزاران ساڵە وەک غەریب تیایدا دەژین. هەوڵێكە بۆ دۆزینەوەی شانازییەک لەناو مێژوویەکدا کە سەرتاپای، مێژووی دۆڕانی ئێمەیە.

وە ڕێک لێرەدایە موفارەقە ئازاربەخشەکە: ئەمە ئەو دۆخەیە کە داگیرکراو ئیتر تا ئەو ئاستە غەریب دەکەوێت لە خۆی کە ئیتر دەگاتە ئەوەی پێێوایە دەبێت لەو جۆرە شانازییەی هەبێت کە داگیرکار هەیەتی ئینجا دەتوانێت خۆی بە خاوەن مێژوو و خاوەن شانازیی بزانێت. بۆیە دەکەونە خۆیان قەناعەتمان پێ بێنن کە چیرۆکی پاڵەوانێتیی ئێمەی کورد لەناو مێژوودا کەموکوڕە ئەگەر لە چیرۆکی پاڵەوانێتیی ئەوان نەچێت، وە مومکین نابێت ناسنامەیەک بمانگرێتە خۆی ئەگەر وەک هی ئەوان ئاین کۆڵەکەکەی نەبێت، وە بەسەرهاتی ئێمە لەناو مێژوودا بەسەرهاتێکی بێتام و بێڕەنگ دەبێت ئەگەر وەک ئەوان چەند دانەیەک لە ڕەمزەکانی ناو ئەو مێژووەی تیا نەبێت کە ئەوان ئاوا سەرسامکەرانە و ئازایانە بەزاندیانین.

ئێمە بەم جۆرە لە خۆبینین، ڕووخساری ئەوانە دەکەینە ئاوێنە کە وردوخاشیان کردین.

ئەم کارەی ئیسلامیزمی کوردیی و ڕۆشنبیرانێکی کورد هەر تەنها خوێندنەوەیەکی هەڵەی مێژوو و، لێتێگەیشتنێکی هەڵە نییە بۆ ناسنامە، بەڵکو تووشبوون بە حاڵەتێکی قورسی هۆشیاریی ساختەیە. هۆشیارییەکی ناڕاست کە بەدرێژایی چەند سەدە لە ژێردەستەکردن شەکڵی گرتووە و ڕەق بووە، تا وای لێهاتووە ئیتر بەو شێوەیە پێناسەی خۆی دەکات کە داگیرکەر ڕازیی دەکات، نەک بەو شێوەیەی کە سەرکوتکراو ڕزگار دەکات.

عەقڵی کوردیی – بەبێ ئەوەی خۆی دەرکی پێ بکات – سەردییەتی ئەو ئیمپراتۆرییەتەی ئینتەرناڵیزە کردووە کە داگیرکەری دوێنێیەتی، وە رەمزەکانی ئەو دەسەڵاتدارێتییە بە سەرکەوتنی شەخسیی خۆی دەزانێت، لەکاتێکدا سەڵاحەددینیش خۆی قوربانیی ئەم عەقڵداگیرکراویی و هۆشیارییە ساختەیە بوو و، سەربازی ناو جەنگێک بوو کە نەک هەر جەنگی ئێمە نەبوو، بەڵکو لەسەر حیسابی ئێمە بوو. 

٭ ٭ ٭

بێگومان هیوام دەخواست سوور بیت لەسەر چوون بۆ هەوڵێر بۆ پێشکەشکردنی ئەو موحازەرەیەت لەوێ. نەک هەر لەپێناو پێداگرییدا، بەڵکو بە هۆی ئەو جورئەتی دەستبردنە بۆ خوێندنەوەی مێژوو لە پێرسپێکتیڤی نوێوە کە تۆ دەیکەیت لە سەردەمێکدا کە پێداگریی گەورە هەیە لەسەر مانەوەی مێژوو بەو جۆرەی کە سەرکەوتووان نوسیویانەتەوە.

دەزانم مومارەسەی گوشارێکی زۆر لە ئارادا بوو. وە دەزانم بەشێکی زۆری گوشارەکان لەپشت پەردەوە دەگوزەران. ئەوە ئەو ڕاستییە پیشان دەدات کە پرسیاردروستکردن لەسەر خوێندنەوەی جێگرتووەکانی مێژوو هەر تەنها گەشتی فیکریی نییە، بەڵکو پێویستییەکی وجودییە. وە ڕەخنەی ڕەمزەکان، شکاندنیان نییە، بە ئەندازەی ئەوەی دانانی مەرجە بۆ ڕێزگرتنی ئەوانەی مێژوویان شەکڵ پێدا. 

ئیسلامیزم لەناو کورددا خەریکی نەهێشتنی ئەو زەمینەیەیە بۆ کورد. ئەوان هەر تەنها ئەو گوشارە و ئەو سانسۆرە نین کە مومارەسەی دەکەن، بەڵکو خەریکی هەردەم بەرهەمێنانەوەی زیاتری هۆشیاریی ساختە و ئینتەناڵیزکردنی ناسنامەیەکی پڕ لە ئیغتیرابن. ئیغتیرابێک کە ئیتر کەلەپچەکانی دەستمان وەک بەشێک لە پێستمان ببینین، عەقیدە و زاکیرەمان وا تێکەڵ بن لەیەکیان جیا نەکەینەوە، باوەشپیاکردنمان لەپێناو کۆنتڕۆڵکردنماندا وەک باوەشپیاکردنی برایانە ببینین، وە شەڕکردن لەپێناو هێشتنەوەی ئەو غوربەتەدا، وەک ڕابەرایەتییکردنمان بەرەو سەرکەوتنی زیاتر ببینین. شۆڕەوارانیکمان بۆ دێنن کە بۆ ئێمە شەڕیان نەکرد و ناوی دەنێن «مێژووەکەمان». ئاینێک وەک ناسنامەمان بەردەست دەکەن کە لە بنەڕەتدا پرۆژەی ئەوە بووە خۆمانی کۆنمان بیر بچێتەوە و ناوی نرا ئیسلام، وە ئێستاش کار دەکات قەت بیرمان بە لای گەڕان بە دوای زاتی خۆماندا نەچێت و، ناو دەنرێت ئیسلامیزم.

ئیسلام کەرەستەی هەژمونکردنێکی نەرم و درێژماوەی چواردە سەدەیی بووە - تەنها لەڕێگەی شمشێرەوە نا، بەڵکو لەێگەی مینبەر و کتێب و سەردییاتی کۆڵۆنیالییەوە. ئیسلامییە کوردەکان هیچی تر نین جگە لە نەقڵکەری باری ئەو ئایدۆلۆجیایە بەسەر مەرزەکاندا بۆ ناو خاکی ئێمە. ئایدۆلۆجیایەک کە هەر جورعەیەکی کوردێک بۆ ماوەیەکی زۆرتر لە زیهن-پەرتیی و تەرکیزنەکردندا دەهێڵێتەوە. ئەوانەی ئەو باری ئایدۆلۆجیایەیان لەو حیزب و ڕێکخراوەکانیان بار کردووە دەزانن کە ئەو لەحزەیەی کورد دەست بکاتە پرسیارکردن لەسەر ئەوەی بۆچی دەبێت سەڵاحەددین بە پاڵەوانی نەتەوەیی خۆیان بزانن، ئەوە ئەو لەحزەیەیە کە دەست دەکەن بە پرسیارکردن لەسەر ئەوەی کە بۆچی ئێمە تابیعینی ناو چیرۆکی مێژووی ئەوانی تر بین. دەست دەکەن بە پرسیارکردن لەسەر ڕاستەقینەیی هەستیان بە ئینتیما، وە ئیتر بیریان بە لای مافی هەبوونی مێژووی تایبەت بە خۆیاندا دەچێت.

بەو هۆیەوەیە بوو پێویستی کرد مینبەر لە تۆ وەربگیردرێتەوە و هەوڵی کانسڵکردنت بدرێت. نەک لەبەر ئەوەی تۆ خەسمی ڕای ئەوانی، بەڵکو لەبەر ئەوەی دەنگێکیت کە مومکین بوو پرسیار دروست بکەیت لە هەرێمێکدا کە تیایدا هەڵمەتێکی گەورەی قەلاچۆکردنی پرسیار لەسەر ئەو مێژووە هەیە. 
٭ ٭ ٭
هیوادارم ئەمە جاری کۆتایی نەبێت لە هەوڵدان بۆ تێکەڵبوون و ڕاگۆڕینەوەی نێوانمان.

بۆیە دەنووسین، نەک بۆ ئەوەی خاتیمە بە قسەکەنمان بهێنین، بەڵکو بۆ کردنەوەی دەرگایەکی بەرفروانتر بۆ قسەکردن، وە بۆ کردنی پرسیارگەلێک کە دەبوایە لە ڕابردوویەکی زۆر کۆنتر لە ئێستادا بکرانایە. دەنووسین چونکە دەزانین ئەو وشانەی لە زەمەنی قەدەغەکراوییدا لەدایک دەبن، دەبنە ئاکتی بەرخۆدان و بەرگریی.

بە هیوای ڕاگۆڕینەوە و هەمکاریی زیاترمان.

لەگەڵ ڕێز

 نووسەرێک لە باشووری کوردستانەوە

08/04/2025




وتارەکانی تری نوسەر