بەتێگەیشتنی یەکێتی تاکو ئێستا ناهاوسەنگیەک هەیە لەنێو حکومەتی هەرێمدا بەو پێیەی هەموو جومگە سەرەکیەکان لای پارتی یە ، بۆ ئەم مەبەستەش لەهەڵمەتی دواین هەڵبژاردن سەرۆکی یەکێتی لەهەموو کۆڕو کۆبونەوەکانیدا جەختی ئەکردەوە کە چیتر یەکێتی ئامادە نییە بەشداری حکومەتێک بکات کە هەموو جومگە سەرەکیەکانی لەدەستی لایەنێکدا بێت ، سەرۆکی یەکێتی بەڵێنی گەورەو قورسیدا بە هەواداران و لایەنگرانی حزبەکەی کە ئەم بارە خوارەی حوکمڕانی ڕاست ئەکاتەوە.
هەڵبژاردن تەواو بوو ئەنجامەکان ڕاگەیەنرا یەکێتی نەک نەیتوانی ببێتە هێزی یەکەم بەڵکو لەدوای زیاتر لە شەش مانگی دانوستاندن لەگەڵ پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم کەچی تاکو ئێستا نەیتوانیوە کەمترین داواکاریەکانی لە کابینەی نوێدا جێبکاتەوە.
ئەم دۆخە بۆ یەکێتی زۆر قورسەو رۆژانی دوای هەڵبژاردن قوورسترین رۆژن کە یەکێتی لەمێژوی سەرۆکایەتی باڤل تاڵەبانیدا پێیدا تێپەڕ ئەبێت، چۆن؟
لەهەڵمەتی هەڵبژاردن سەرۆکی یەکێتی ئەوەندە هاواری کردو ئەوەندە بەردی گەورەی هەڵگرت کە ئێستا ناتوانێت کەمترینیان بە دەست بێنێت.
ئێستا یەکێتی لەبەردەم دوو رێگادایە :ـ
ڕێگای یەکەم/ یان یەکێتی رازی بێت بەو بەشەی پارتی ئەیداتێ لەکابینەی نوێداو بەزوترین کات حکومەت پێک بهێنن ، ئەمەیشیان زۆر قورسە چونکە سەرۆکەکەی ئەخاتە بەردەم گلەیی و توڕەیی و بێ ئومێدی ئەندامان و لایەنگرانی حزبەکەی بەو پێیەی نەیتوانیوە بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات کە ئەمیش بە زیانێکی گەورە لەسەر یەکێتی ئەکەوێت و کاریگەری زۆر خراپی ئەبێت بۆسەر دەنگدەرانی ئەو حزبە لەهەڵبژاردنی داهاتوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق.
رێگای دووەم / پێداگیری یەکێتی بۆ بەدیهێنانی لانی کەمی نیوەی ئەو بەڵێنانەی کە بە هەوادارانی داوە لەکابینەی نوێی حکومەتدا .
ئەگەر بەوردی تەماشای دانوستاندنەکانی رابردوی نێوان وەفدی یەکێتی و پارتی بکەین ئەوەمان بۆ روون ئەبێتەوە کە پارتی پێداگیرە لەوەی هیچ یەکێک لە داواکاریە گرنگەکانی یەکێتی جێبەجێ نەکات کە خۆی ئەبینێتەوە لە پێدانی پۆستی سەرۆکی هەرێم و وەزارەرەتی ناوخۆ و سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم و ...هتد کەواتە یەکێتی ناچارە یان ڕێگای یەکەم هەڵبژێرێ یان درێژە بە دانوستاندنەکانی بدات، بەپێی زانیاریەکانیش پێکهێنانی حکومەت ئەکەوێتە دوای هەڵبژاردنی عێڕاقەوە .
کەواتە درێژەدان بە دانوستاندنەکان واتا مانەوەی
(امر واقع) و درێژە کێشانی دۆخەکەیە بەم شێوەی ئێستا هەیە ،کە ئەمیش لە بەرژەوەندی یەکێتیدا نییەو تەنها پارتی سودمەندی یەکەم ئەبێت چونکە سەرۆکی حکومەت و هەموو دەسەڵاتەکانی هەرێم و پەیوەندیە نێوخۆیی و دەرەکیەکان لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەو حزبەدایە وەک بینیمان لەچەند رۆژانی رابردوو مەسرور بارزانی چۆن گرێبەستی نەوت و غازی لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکی واژو کرد بێ ئەوەی حساب بۆ یەکێتی بکات کە غازەکەیان ئەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی یەکێتیەوە.
لەکۆتاییدا با چاوەڕێ بین بزانین یەکێتی چۆن ئەتوانێت ئەم ئیحراجیەی دووچاری حزبەکەیان بووە خۆی رزگار بکات لەنێوان جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی سەرۆکەکەی کە بە جەماوەرەکەی داوە و پێداگیری پارتیش لە پێنەدانی داواکاریەکانی .