سیاسەتکردن بە شقارتە

هونەر تۆفیق

کاتێک عێراق میرنشینی کوەیت داگیردەکات، قسەوباسی سیاسی لەسەر ئەگەری لێدان و لێنەدانی ئەمریکابوو لە عێراق. بۆچوونی یەکێک لە سەرکردە سیاسیە ناودارەکانی کورد بە نەوشیروان مستەفا دەگەیەنن ، دەڵێن ڕای ئەو سەرکردەیە بەو جۆرەیە . ئەویش دەڵێت : بۆچوونی ئەو حسێب نیە، چونکە ئەو شقارتە بۆ ئەگەرەکان هەڵدەدات.

 

شقارتە هەڵدان فاڵگرتنەوە بوو بۆ ئیختیاری نێوان دوو ئەگەر ، ئەگەر لەباری ڕێکیدا شقارتەکە ڕاوەستا ئەوە فاڵێکە و ئەگەر بەلاشدا کەوت پێچەوانەکەی بوو فاڵێکی ترە.

 

لەوە دەکات مۆدێلی سیاسەتکردن بە فاڵی شقارتە هەڵدان هێشتاکە لەناو سەرکردایەتی سیاسی و حکومەتی هەرێمدا باوبێت.

 

چڕنوک گرتنەکانی تورکیا لە سوریا و لیبیادا دەبینرێت چ ئاسەوارێکی کاولکاری بە چڕنوکەکانیەوە جێدەهێڵێت کە بە هاوپەیمانی لەگەڵ بەرە سیاسیەکانی ئەو وڵاتانەدا نیشتمانەکەیان وێران دەکات، چڕنوکەکانی ئەم دوایەی تورکیا لە هەرێمی کوردستانیشدا هیچی کەمتر نابێت لەوەی سوریا و لیبیا . حکومەتی هەرێمیش بە شقارتە هەڵدان لێکدانەوەی سیاسی بۆئەو چڕنوکانەی تورکیا دەکات.

 

فاڵی شقارتەکە بەهەرلایەکدا بکەوێت، تورکیا خۆی بەئاشکرا دەڵێت ئەو مەبەستی لە نەهێشتنی کوردبوونە، ئیتر لەو فاڵەدا لەهەرکام لەئەگەرەکانی خەیاڵی حکومەتی هەرێمدا بێت، ئەو دەیەوێت تۆ کوردنەبیت، تەنیا کوردنەبوونت دەتکاتە دۆستی تورکیا، بۆیە پێویست ناکات چیتر شقارتەی بۆهەڵدرێت ، تەنیا دوو بژاردە هەیە، یان دەبێت کوردبیت و بەرگری لێبکەیت، یان دەبێت کوردنەبیت و پشتیوانی لەچڕنوکەکانی تورکیا بکەیت. 


17/06/2020



وتارەکانی تری نوسەر