شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا، کاریگەری لەسەر ئابوری عێراق وهەرێم

سه‌رکۆ یونس
دوای بڕیاری پۆتین، هێزەکانی رووسیا وجوداخوازەکان، لەڕێگای وشکانی و ئاوی و ئاسمانی، هێرشیان کردە سەر خاکی ئۆکرانیا.

راستەوخۆ، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی جگەلە چین و هەندێ وڵاتی هاوپەیمانی رووسیا، کەوتنە سەرکۆنەکردنی پۆتین و رووسیا، ئەوەی لەماوەی چەند رۆژی رابردودا ئەنجام دراوە، زیاتر جەختکردنەوەیە لەسەر سەپاندنی سزای ئابوری ودارایی وبانکی و بازرگانی ودبلۆماسی وگواستنەوەی ئاوی و ئاسمانی.

بۆئەوەی لەبابەتەکە دوور نەکەوینەوە، راستەوخۆ، پەیوەستی بکەینەوە بە ئابوری عێراق و هەرێمەوە. پێمان وایە دەرئەنجامی ئەم شەڕەو سزاکان، بۆ عێراق و هەرێم دوو ئاراستەیە.

ئاراستەی یەکەم، ئەگەر هاتوو سزادارایی وبانکی و بازرگانییەکان، بەتەواوی سەپێنرا بەسەر رووسیا و کۆمپانیاکانی، ئەوا عێراق، وەک وڵاتێکی هاوردەکار لەلایەنی دانەوێڵە بەگشتی گەنم بەتایبەتی، کاریگەر دەبێت، چونکە رووسیاو ئۆکرانیا، نزیکەی رێژەی ٢٥٪ ی گەنمی جیهان دابین دەکەن، سەرچاوەی سەرەکی بەشێک لەخۆراکی جیهانی پێکدەهێنن. بەم سزایانە، خواست لەسەر دانەوێڵە و بابەتەخۆراکییەکان بەرزتر دەبێتەوە سەرئەنجام ئاستی گشتی نرخەکان زیاتر بەرز دەبێتەوە، هەرچەندە جێگرەوەی ئەو دوو وڵاتە بەردەست دەبن، بەڵام بەدڵنیاییەوە بەنرخی زیاتر.

هەروەها بەهۆی کارکردنی کۆمپانیا رووسیەکان لەعێراق وهەرێمدا، لەڕووی پیشەسازی دەرهێنان وگواستنەوەی نەوتەوە، ئەگەر سزاکان لەجۆری داماڵین و بلکۆکردنی کاری کۆمپانیاوەبەرهێنەرەکانی رووسیا بێت، وەک کۆمپانیای رووسنەفت، کەخاوەنی ٦٠٪ی بۆری گواستنەوەی نەوتی هەرێمە، هەروەها کۆمپانیای گازپرۆم، کار لەکێڵگەنەوتیەکانی هەرێمدا دەکات، ئابوری هەرێم تووشی زەرەر و زیان دەبێت.

بەڵام پێمان وایە، لەڕووی دارایی و بانکییەوە، هەرێم و عێراق، دوورن لەم لایەنەوە، چونکە هەریەک لەدراوی رۆبڵی رووسی وهرێفینای ئۆکرانی، ئەو بەکارهێنانەیان لەبازاڕەکانی عێراقدا نییە و کاریان پێ ناکرێت، هەرچەندە بەهاکانیان داببەزێت هیچ کاریگەرییەکی لەسەر لایەنی دارایی و بانکی عێراق ناکات، بگرە ئەگەر بەهای هەردوو دراوەکە زیاتر داببەزێت، بازرگانی لەگەڵ رووسیا و ئۆکرانیا بکرێت، لەبەرژەوەندی عێراق وهەر وڵاتێکی تریش دەبێت.

لەلایەکی ترەوە، بەهۆی شەڕەوە، هاوردەکردنی هەندێ بابەتی خۆراکی لە ئۆکرانیاوە بۆ هەرێم وعێراق دەوەستێت، هەرچەندە قەبارەکە زۆر گەورە نی یە، هاوردەکاران لەئێستادا بەدوای جێگرەوەن بۆ ئەم بابەتەخۆراکیانە.

ئاراستەی دووەم، بەرزبونەوەی نرخی نەوت، لەبازاڕەکانی جیهاندا دەرئەنجامی ئەم شەڕە، لەبەرژەوەندی وڵاتانی هەناردەکاری نەوتە، وەک عێراق و هەرێم، چونکە وەک ئاشکرایە شەڕ پێویستی بەسوتەمەنی و پارەیە، لەهەمانکاتدا ئەگەر سزاکان بسەپێنرێن، ئەوا هەناردەی نەوتی رووسی سنوردار دەکرێت و کەمدەبێتەوە، کەلە ئێستادا دووەم وڵاتی هەناردەکاری نەوتە، بەمەش خستنەڕووی نەوت کەم دەبێتەوە و پاشان خواست زیاد دەکات و نرخەکەی بەرزتر دەبێتەوە کەلەئێستادا لەسەروو ٩٥ دۆلارەوەیە، ئەمەش دەرفەتێکی باشە بۆ دەستکەوتنی داهاتی نەوت بۆ وڵاتانی هەناردەکار و پڕکردنەوەی بۆشایی رووسیا، دەبێتە دەرفەتێک بۆ وڵاتانی هەناردەکاری نەوت.

لەلایەکی ترەوە، دەرئەنجامی ئەم شەڕە، لەڕووی ئابورییەوە لەبەرژەوەندی هەرێمە، چونکە رووسیا یەکەم وڵاتی هەناردەکاری غازی سروشتی یە بۆ جیهان وئەوروپا بەتایبەتی، بەپێ داتاکان، زۆرترین غازی سروشتی بۆ وڵاتانی وەک ئەڵمانیا و پۆڵەندا و تورکیا و رۆژهەڵاتی ئەوروپا...هتد ، دەڕوات.

ئەگەر سزاکان، کەرتی غازی سروشتی رووسیا بگرێتەوە، ئەوا لەبەرژەوەندی هەرێمە، کەخاوەنی رێژەیەکی گەورەی غازی سروشتی یە، رێژەی ٣٥٪ی یەدەگی جیهانی غاز لەهەرێمدایە و لەڕیزبەندی ٩ بۆ ١٠ وڵاتانی خاوەن یەدەگە و بڕی ٢٧ ترلیۆن پێ سێجا غازی سروشتی هەیە. بتوانرێت ببێتە جێگرەوە بۆ غازی سروشتی رووسیا، بەتایبەت دوای ئەوەی کەسەرۆکی هەرێم، سەردانی تورکیای کرد و هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کەهەرێم رەزامەندی داوە بە تورکیا بەهەناردەکردنی غازەکەی بۆ ئەو وڵاتەو لەوێشەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا، بەڵام لەڕاستیدا ئەم هەنگاوە هەروا کارێکی ئاسان نییە، چونکە هەناردەکردنی غازی سروشتی تایبەتمەندی خۆی هەیە، دانانی بۆری بۆ گواستنەوە تێچونی زۆرو تەکنیکی سەردەمیانەی دەوێت، ئەمەش لەئێستادا قورسە. هەروەها فشارەسیاسییەکانی رووسیا و ئێران، بەربەستن لەم بوارەدا.

بەهۆی دووری سنوری ئۆکرانیا لەهەرێمەوە، بەهیچ شێوەیەک پێشبینی ئەوە ناکرێت، لێشاوی کۆچبەرانی ئەو وڵاتە بگاتە لامان، وادەرئەکەوێت، ئاوارەبوونی ئۆکرانییەکان روو لەوڵاتانی ئەوروپا دەکەن.

پەیوەندیە بازرگانییەکانی هەرێم وعێراق، لەگەڵ هەریەک لە رووسیا و ئۆکرانیا، سنوردارەو جێگای بایەخی ئەوتۆ نی یە، پێمان وایە، زۆر کاریگەری نابێت لەسەر ئابوری هەرێم وعێراق.

27/02/2022



وتارەکانی تری نوسەر