مەترسییەکانی دابەزینی نرخی نەوت

سه‌رکۆ یونس
دوای سەپاندنی سزاکانی ئەمریکاو ئەوروپا، بۆ سەرکەرتی بانکی‌و دارایی‌و بازرگانی ڕوسیا، مۆسکۆ لەبەرامبەردا بەبیانوی لێچون‌و نۆژەنکردنەوە لەبۆری سەرەکی غازی نۆرد ستریم1، هەناردەکردنی غازی بۆ ئەڵمانیاو بەشێک لەوڵاتانی ئەوروپای وەستاندوە، بەم هەنگاوە نرخی غاز بەڕێژەی 30% بەرزبووەتەوە.

گرانبوونی نرخی غاز، بۆ بەرهەمهێنان‌و بەکاربردنی ماڵان لەئەوروپا، گەورەترین مەترسی ئەم زستانەی وڵاتانی ئەوروپایە.

ئەم بابەتەو هەندێ هۆکاری تریش، بەهای یۆرۆی ئەوروپایان بۆ ئاستێکی نزم دابەزاندووە، کەمەترسی ئەوەی هەیە زیاتر داببەزێت بەرامبەر دراوە جیهانییەکان‌و دۆلاری ئەمریکی بەتایبەتی، لەئێستادا $1 = 0.99 یۆرۆ.

ئەگەر ئێران بگەڕێتەوە ناو بازاڕی نەوتی جیهانیەوە، ئەوا بێگومان نرخی نەوت، ڕاستەوخۆ دادەبەزێت.

ئێران، جگە لەگەمارۆی دەیان ساڵە، لەسەردەمی ئیدارەی ترەمپدا، چەندین سزای نوێی بەسەرداسەپێنرا، بەتایبەت سزای قەدەغەکردنی هەناردەکردنی نەوتەکەی، کەپێشتر زیاتر لەملیۆن بەرمیل/ ڕۆژانەی هەناردە دەکردو لەم ڕێگەیەوە دۆلاری دەستدەکەوت.

لەپێش سزاکانی واشنتۆن‌و ڕۆژئاوا، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەئێران نزیکەی 3.8 ملیۆن بەرمیل/ ڕۆژانە بوو.

لەئێستادا دانوستاندنەکانی ڕۆژئاواو ئێران، بەمەبەستی گەڕانەوەی تاران بۆ سەر مێزی گفتوگۆو ڕێکەوتن، کۆبونەوەکانیان چڕکراوەتەوە.

لەڕاستیدا، ئێران چەند پێویستی بەڕێکەوتن‌و لابردنی سزاکانەو لەهەمانکاتدا ئەمریکاو ئەوروپا، زیاتر پێویستیان بەڕێکەوتن هەیە، بەتایبەت بۆ نەوت‌و غازی سروشتی، ئەم هەوڵانەی ڕۆژئاوا، زیاتر خۆی لەئامانجە ئابورییەکانەوە دەبینێتەوە. بەتایبەت دوای ئەوەی بەهۆی سزا ئابوری‌و بازرگانییەکانی ڕۆژئاوا بۆ سەرکەرتی نەوتی ڕوسیا درا، ڕۆژئاوا دەیەوێت، لەڕێگای ئێرانەوە قەرەبووی کەمبونەوەی قەبارەی نەوت بکاتەوەو نرخ داببەزێنێت، بەڵام تائێستا لەکۆبونەوەکان، شتێکی ئەووتۆ بەدەستنەهاتووە.

لەماوەی ڕابردودا، ئۆپیک‌و وڵاتانی کەنداو بەگشتی‌و سعودیە بەتایبەتی دژی زیادکردنی قەبارەی بەرهەمهێنان‌و هەناردەکردن بوون، تەنانەت شا سەلمانی جێنیشینی سعودیە، بەئاشکرا داواکارییەکەی جۆبایدنی سەرۆکی ئەمریکای لەم بوارەوە ڕەتکردەوە.

لەدواین کۆبونەوەی ئۆپیک پڵەسدا، بڕیاردرا، بەکەمکردنەوەی قەبارەی بەرهەمهێنان بەبڕی 100 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە، بەم هەنگاوە نرخی نەوت بەڕێژەی 3% زیادیکرد.

هەڵاوسانی بازاڕ، بۆ سەرجەم کاڵاو شمەکەکان، قەیرانێکی گەورەی جیهانییە، لەم لایەنەوە وڵاتانی هەناردەکاری نەوت، پێیان باشە ئاستی هەناردەکردنی نەوت بەمشێوەیە یان کەمتربێت، بۆ ئەوەی بەداهاتی بەدەستهاتوی نەوت کە تاڕادەیەکی باش گەنجینەکانییان پڕبۆتەوە، بتوانن پێداویستی وڵاتەکانیان دابینبکەن بەگشتی‌و خۆراک‌و خواردەمەنی بەتایبەتی.

هەربۆیە هەر دابەزینێک لەنرخی نەوت، ڕاستەوخۆ دەبێتەهۆی کەمبونەوەو دابەزینی داهاتی وڵاتانی هەناردەکار، لەم ناوەندەدا عێراق‌و هەرێم، دەکەونە ژێر مەترسی ئەم کارەساتەوە، چونکە لەعێراقدا زیاتر لەڕێژەی 90% داهاتەکان، پشت بەداهاتی نەوت دەبەستێت.

هەرێمی کوردستانیش، بەپێی داتاکانی حکومەتی هەرێم، ڕۆژانە 420 هەزار بەرمیل هەناردە دەکات، مانگانە  بەتێکڕا نزیکەی 550 ملیۆن دۆلار لەداهاتی نەوتەوە دابیندەکرێت بۆ مووچەو خەرجییەکان، بەداخەوە بەهۆی زۆری تێچوونی دەرهێنان‌و گواستنەوەو بەبازاڕکردن، تەنها ڕێژەی 49% داهاتی نەوت دەگەڕێتەوە بۆ حکومەتی هەرێم!

لەئێستادا وڵاتانی ئۆپێک پڵەس، نایانەوێت ئاستی بەرهەمهێنان‌و هەناردەکردنی نەوت زیادبکەن، بۆئەوەی نرخی نەوت بەبەرزی بمێنێتەوە.

ئامانجەکان جیاوازو جۆراوجۆرن، ئامانجی ڕوسیا، لێدانە لەئابوری وڵاتانی بەکارهێنەری نەوت، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپاو ئەمریکا بەتایبەتی، بێگومان وەک کاردانەوەی سزاکان، بەڵام ئامانجی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) بەدەستهێنانی داهاتی زیاترە بۆ بودجەی وڵاتەکانیان، تابتوانن لەم هەڵاوسانە قورسەدا، پارەی پێویست بۆ خەرجیەکانیان دابین بکەن.

ئەوەی لەئێستادا مەترسییە لەسەر دابەزینی نرخی نەوت، ڕێکەوتنی ئێران‌و وڵاتانی ڕۆژئاوایە، بەگەڕانەوە بۆ دانوستان‌و ڕێکەوتن‌و لابردن‌و سوککردنی سزاکانی سەر تاران، بەتایبەتی لەهەناردەکردنی نەوتدا، ڕاستەوخۆ قەبارەی نەوت زیاد دەکات، بەمەش نرخی نەوت دادەبەزێت، چونکە ئێران نەوتێکی عەمبارکراوی زۆری هەیە کە بەنزیکەی 100 ملیۆن بەرمیل نەوت دەخەمڵێنرێت.

هەروەها دەتوانێت، زیاتر لەیەک ملیۆن بەرمیل/ ڕۆژانە، نەوت هەناردەبکات، بەمەش قەبارەی نەوت لەبازاڕەکاندا زیاد دەبێت‌و خستنەڕوو بەرەو زیادبوون دەبات‌و نرخی نەوت دادەبەزێت.

ئەوەمان لەبیر نەچێت بەشێکی زۆری وڵاتان، لەپاش گرانبوونی غاز لەئێستادا بۆ بەکارهێنانی پیشەسازیی‌و بەکاربردنی ماڵان ڕویان لەنەوت کردوە، هەر ئەمەش یەکێکبوە لەهۆکارەکانی بەرزبونەوەی نرخی نەوت.

ڕێگاچارەکانی کۆرۆنا ڤایرۆس لەچین کە لەدوای ئەمریکا بەدوەم بەکارهێنەری نەوت دادەنرێت، خواستی نەوتی زیاترکرد.

ئەوەی پەیوەستە بەهەرێمەوە، مەترسییەکە گەورەترە، چونکە هەرێم، بۆ دابینکردنی خەرجی موچەو کاروباری حکومەت، بەڕێژەی 88% پشتی بەداهاتی نەوتی فرۆشراو دەبەستێت. ئەگەر خوانەخواستە نرخی نەوت داببەزێت، ڕاستەوخۆ هەرێمی کوردستان، توشی قەیرانێکی گەورەی دارایی دەبێتەوە، ئەمە لەکاتێکدا پەیوەندی هەولێرو بەغدا، بەدۆخێکی خراپدا گوزرەر دەکات، ناردنی 200 ملیارەکەی بەغدا، کێشەی تێدایەو ئەستەمە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، لەسەر دۆسیەی نەوتی هەرێم، ئەو گوژمەیە وەک جاران بنێردرێت.

ئەوەی زیاتر بارگرانییەکە لەسەر خێزان‌و دانیشتوانی هەرێم قورستر دەکات، نەبوونی نەوتی سپییە بۆ بەکاربردنی ڕۆژانەی ماڵان، دەتوانین بڵێن بۆ ئەم زستانە 90% خێزانەکانی هەرێم، نەوتی سپی پێویستیان نییە.

نرخی بەرمیلی نەوتی سپی بۆ ماڵان، لەسەروو 250 هەزار دینارەوەیە کە نرخەکەی بەرزەو هەموو خێزانێک ناتوانێت بەم نرخە، نەوتی پێویست دابینبکات، ڕەوشی کارەبای نیشتیمانیش لەو ئاستەدا نییە، کەپشتی پێببەسرێت.

هەربۆیە، پێویستە حکومەتی هەرێم، لەپێش هاتنی وەرزی زستان، بەلایەنی کەمەوە هەموو خێزانێک بەرمیلێک نەوتی کوالێتی بەرزی بۆ دابین بکات، تا بارگرانییەکە سوکتربێت.

بەکورتی، هەر دابەزینێک لەنرخی نەوت، ڕاستەوخۆ بارودۆخی ئابوری‌و دارایی هەرێم، بەرەو دۆخێکی نالەباری گشتگیر دەبات، کە موچەی موچەخۆران، گرنگتریان دەبێت.

07/09/2022



وتارەکانی تری نوسەر