ئەگەر مووچــــە نەدرێت!

سه‌رکۆ یونس

پەیوەندییەئابورییەکانی نێوان هەولێر و بــەغدا، بەناخۆشترین ساتەکاندا تێدەپەرێت، بەپێ ی ڕێکەوتنی هەردوولا وبەپێ ی یاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵەکانی (2023 و2024 و 2025) بەغدا ڕێژەی 12.67%ی بودجەی گشتی، کە دەکاتە ساڵانە نزیکەی 16 ترلیۆن 256 ملیار دینار، مانگانە بڕی یەک ترلیۆن و 354 ملیار دینار ڕەوانەی هەرێم بکات، بۆ هەموو خەرجییەکان مووچەو وەبەرهێنان و پێشمەرگە و بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان و هتد. لەبەرامبەردا هەرێم ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتی نانەوتی  بدات بەبەغدا.

گومانی تێدا نی یە، ئەم بارودۆخە ئابورییە نالەبارەی باڵی کێشاوە بەسەر هەرێمدا، دەرئەنجامە، دەرهاویشتەو دەرئەنجامی پرۆسەی بەناو ئابوری سەربەخۆی هەرێمە. بەداخەوە ئابوری سەربەخۆ، جگە لە نەهامەتی ودەردی سەری ئابوری و سیاسی وکۆمەڵایەتی و لاوازکردنی پێگەی هەرێم، هیچیتری سەوز نەکرد، کەئاوی دڵ ودەروونمان بدات.

ئەوەی لەم وتارەدا دەمانەوێت تیشکی بخەینەسەر بابەتی خەرجنەکردنی مووچەیە بۆ مووچەخۆران و فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێم بەشارستانی و سەربازییەوە.
حکومەتی هەرێم، مانگانە تەنها بۆ مووچەی مووچەخۆران وفەرمانبەران، پێویستی بەزیاتر لە 910 ملیار دینار هەیە. بەڵام لەپرۆژە یاسای بودجەی گشتی ئێراقدا، بڕی 906 ملیار تەرخانکراوە.

هەرێم 9 ساڵە پرۆژەیاسای بودجەی تایبەت بەخۆی نی یە، بودجە وخەرجی وەربەهێنان نی یە، جگەلە مووچە، خەرجییەکانی تری حکومەت لەلایەن دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ڕاستەوخۆ خەرجدەکرێت.
بەو ئامارەی کە لەلای حکومەتەوە بڵاوکراوەتەوە، هەرێم یەک ملیۆن 255 هەزار و273 مووچەخۆری هەیە، 752 هەزار 959 فەرمانبەری شارستانی وسەربازی وپۆلیس وئاسایشی هەیە، هەرچی خانەنیشینی و شەهیدان وکۆمەڵایەتییە  502 هەزار 364 کەسە.

🔷 قسەکردن لەسەر ئەو ئەگەرەی ئەگەر مووچە نەدرێت، بارودۆخی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی هەرێم چی لێ دێت، پێمان وایە مووچە بزوێنەری سەرەکی سەرجەم کەرتەئابورییەکانەو تاڕادەیەکی زۆر بەمووچەوە بارودۆخی سیاسی هەرێم سەقامگیرە، بەهەمان شێوە مووچە بەربەست و هۆکاری سەرەکی یە بۆ ڕاگرتن وسنوردارکردنی کێشەو ئاریشەکۆمەڵایەتی ودەروونییەکان.

🔷 بەداخەوە ئەگەر مووچە نەدرێت، کۆمەڵگای هەرێم چیتر ئارامگریان نامێنێت و کاردانەوەی خراپی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی سەرهەڵدەدات، چونکە هەرێم بەبێ مووچە ئابورییەکی فشەڵی بێ بنەمای هەیە، بەشێوەیەکی گشتی ئابوری هەرێم بەستراوە بە مووچەوە، ڕاستە لەناوەندی شارەگەورەکان کەرتی تایبەت هەیەو بوونەتە سەرچاوەی هەلی کار بۆ ڕێژەیەک لەکارکارەکان و بژێوی ژیانیان دابین دەکرێت، بەڵام ئەم ڕێژەیەش ئەوەندە گەورە نی یە کە ئومێدی لەسەر هەڵبچنین، بەتایبەت دوای بڕیاری وەستاندنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، زۆرێک لەکۆمپانیاکانی ئەم کەرتە لە پێناو کەمکردنەوەی تێچوونەکانیان، دەستبەرداری ڕێژەیەکی زۆری کارمەندەکانیان بوون. 

🔷 کە مووچە نەبێت یان نەدرێت، پێمان وایە، گەورەترین ئەڵقەی زنجیرەکە دەپچرێت و بزوێنەری ئابوری دەوەستێت یان لەکارکردن خاو دەبێتەوە. 

🔷ئەگەر مووچە نەدرێت، چالاکییەئابورییەکان بۆ نزمترین ئاست، دادەبەزێت و خواست کەم دەبێت و بێ بازاڕی سەرهەڵدەدات و چالاکی بازرگانی بەمانایەکی تر کرداری کڕین و فرۆشتن سست و لاواز دەبێت، هەر لەئێستادا کڕین وفرۆشتن لەسەیارە و کەرتی خانوبەرە و کەلوپەلی ناوماڵ لەقۆناغی بێ بازاری و وەستاویدایە.

🔷 ئەگەر مووچە نەدرێت، جارێکی تر هەلی کار کەم دەبێتەوە و ڕێژەی بێکاری زیاتر دەبێت، ئەمە سەرەڕای بوونی قەبارەیەکی گەورەی بێکاری لەناو شاروشارۆچکەکاندا و گوندەکانیش لەم دیاردەیە بێ بەش نین.

🔷 ئەگەر مووچە نەدرێت، ئاستی بژێوی ژیانی تاک و خێزان و کۆمەڵگا تا ئاستی نزیکبوونەوە لەسفر دادەبەزێت، بێ گومان ئەمەش دەرئەنجامی خراپی لەسەر ڕەوشی کۆمەڵایەتی و دەروونی و تەندروستی گشتی دەبێت. بەتایبەت لەڕووی کۆمەڵایەتی و کێشەخێزانییەکان و لێکترازانی هاوسەران و زیادبوونی ڕێژەی تەڵاق لەناو کۆمەڵگای کوردیدا. لەهەمانکاتدا دیاردەی کۆچکردن بۆ دەرەوە زیاتر دەبێت.

🔷 ئەگەر مووچە نەدرێت، ئەوا فەرمانبەران ومامۆستایانی حکومی هەر تا ماوەیەک ئارام دەگرن، چیتر نە دەوام دەکەن و نەپابەند دەبن بە فەرمانگەکانیانەوە، ئەمەش ڕەوشێکی خراپە بۆ شکۆی دامودەزگاکانی حکومی و سەرئەنجام شکۆی قەوارەکە.
🔷 ئەگەر مووچە نەدرێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە، ناوی زۆربەمان لەناو دەفتەری قەرزی مارکێت و فرۆشیاراندا تۆمار دەکرێت و قەبارەی قەررزەکانیشمان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ گەورەتر دەبێت.

لەبەرئەم دەرئەنجامە خراپانەو چەندینی تریش پێویستە بە هەر شێوەیەک بێت، هەرێم لەگەڵ بەغدادا بگەنە ڕێکەوتنی کۆتایی و چیتر گرەو لەسەر ژیان و بژێوی و مان و نەمانی هاوڵاتیانی هەرێم نەکرێت.چونکە بەڕاستی هاوڵاتی مافی ژیانێکی سەربەرزو سەربەستانەی هەیە، بەداخەوە دەتوانین بڵێن دانیشتوانی کوردستان هەموو نەهامەتی و دەردەسەری و بێ نانی و بێ ئاوی بێ مووچەیی تاقیکردووەتەوە، پێمان وایە ئەمە دواین دەرفەتە بۆ حکومەتی هەرێم و دەستەڵاتدارانی سیاسی هەرێم. کوردەواری دەڵێ، جامەکە لەپڕبووندایە.
ئەوەشمان لەبیر نەچێت، شۆڕشی برسییەکان بەدرێژایی مێژوو گەورە وگران و قورس بووە.

*ئابووریناس

10/09/2023



وتارەکانی تری نوسەر