ڕۆڵـی خێر و سەرفیترە و زەكات لە ئـابـوریدا

سه‌رکۆ یونس
لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا، موسڵمانان بەگشتی زەكاتی ماڵ وداراییەكانیان دەردەكەن، لەهەمانكاتدا خێری خێرمەندانیش بەردەوامە، هەروەها سەرفیترەی موسڵمانان، كەواجبە لەسەر هەموو تاكێكی موسڵمان، تایبەتە بەم مانگە دەردەكرێت. هەموو ئەمانە كاریگەریان هەیە لەسەر ئابوری، بازاڕ جموجوڵ پەیدا دەكات.

ئایینی پیرۆزی ئیسلام، ئایینی تەواوكاری كۆمەڵایەتی یە. زەكات، ئەركێكی دارایی خواییە لەسەر موسڵمانان، كاریگەری لەسەر تاك وخێزان و كۆمەڵگاو تەنانەت دەوڵەتیش هەیە، زەكات جیاوازە لە باج، زەكات ئەركێكی ئایینی پابەندییە، شەرع دیاری دەكات، بەڵام باج، سەپێنراوێكی زۆرە ملێ ی حكومی یە، بەیاسا وەردەگیرێت، خۆدزینەوەو ڕاكردن لەباج، یەكێكە لەشێوازەكانی دەربازبوون لەباج، بەڵام لەزەكاتدا، هیچ جۆرە لادان و خۆدزینەوەیەك نی یە.

خێركردن لەئیسلامدا، یەكێكە لەعورفە جوانەكان، موسڵمانان خێروسەدەقەكانیان دەخەنە ئەم مانگەپیرۆزەوە، بەوپێ یەی كەبەزیاتر دەنوسرێت، هەربۆیە زۆربەی هاونیشتمانیان لەم مانگەدا، بەشێك لەداراییەكانیان بەخێرو سەدەقە، خەرج دەكەن. هەرئەمەش جموجوڵ لەبازاڕەكان دروست دەكات و خواستی هەمووەكی زیاتر دەبێت، بەتایبەت لەسەر خواردن وخواردەمەنی و شیرینیەكان.

زەكاتی سامان ودارایی، لەئیسلامدا، یەكێكە لەبنەماكانی ئیسلام، پێویستە موسڵمان پابەند بێت بەم ڕوكنە سەرەكییەی ئاینی ئیسلامەوە، لیژنەكانی فەتوا، بەپێ ی كات و شوێن و واقیع، ڕێژەی زەكات لەسامان ودارایی دیاری دەكەن، بەهەمان شێوە قەبارەی زەكات گەورەیە، لەئابوری ئیسلامیدا پێگەیەكی گەورەی هەیە، دەركردنی زەكات لەماڵ و دارایی، كاریگەری هەیە لەسەر دابەشكردنەوەی داهات لەدەستی سەرمایەداران ودەوڵەمەندانەوە بۆ دەستی چینی هەژاران، بەمەش جیاوازی چینایەتی لەكۆمەڵگادا كەمدەكاتەوە.
لەلایەكی ترەوە، زەكات، بازاڕەكان ئەبوژێنێتەوە و داهاتی خێزانەهەژارەكان زیاد دەكات، خواست لەسەر شمەكی بەكاربردن زیاد دەكات، بەمەش بازاڕ جموجوڵ و گەرمی بەخۆوە دەبینێت.

سەرفیترەی ڕەمەزان، ئەركێكی ترە لەسەر موسڵمانان، كەپێویستە لەسەر هەموو تاكێكی موسڵمان، لەمانگی ڕەمەزاندا بیبەخشێت، سەرەڕای كەمی ڕێژەكەی، بەڵام بەبەراورد بەقەبارەی دانیشتوان زۆرە، بەهەمان شێوە كاریگەری دەبێت لەسەر داهاتی تاك و خێزانەكان و بڕی خواست زیاد دەكات.

بەداخەوە، لەهەرێمدا بەهۆی نەبوونی دەزگایەكی فەرمی حكومی، نەبوونی متمانە لەنێوان دەسەڵات و سەرمایەداران و دەوڵەمەنداندا، نەتوانراوە سوودی تەواو لەداهاتی زەكات و سەرفیتەرە وەربگیرێت.

پێمان وایە، ئەم شێوازەی دەركردنی زەكات و بەخشینی بەهەژاران بەشێوەی تەقلیدی، ئامانجە ئابوری وكۆمەڵایەتییەكان بەدەست ناهێنێت.
وەرگرتنی داهاتی زەكات بەم شێوەیە، لەلایەن هەر حزب و لایەن و دەستە وتاقم و ڕێكخراوێك، پاشان بەخشینەوەی بەسەر چیینەموستەحەقەكاندا، كاریگەری ئەوتۆی نابێت، سەرەڕای گەورەیی قەبارەی داهاتەكان.

لەلایەكی ترەوە، گرنگە ئەو كەسانەی كەزەكات دەردەكەن لەماڵ وسامانەكانیان، بیدەن بەكەسانێكی دەستپاك و بەئەزمون.

لەلایەكی ترەوە، بەهۆی نەبوونی داتاو زانیاری تەواو بۆ چینە هەژاروكەمدەستەكان، زۆربەی جار، ناڕوونی و دووبارەكردنەوە و پەراوێزخستنی تێ دەكەوێت.

زەكات، هەژاری كەم دەكاتەوە، بەمەرجێك بەتەواوەتی دەربكرێت و ببەخشرێت بەكەسانێك كەشایستە بن، واباشترە زەكات، بەشێوەی سەرمایەی ڕاستەقینە بدرێت، وەك كڕینی ئامێرێك بۆ كاركردن و خستنەسەر كاری هەژاران و دەستگیرۆییان لەپڕۆژەی بچوكدا، بۆئەوەی لەساڵانی داهاتوودا، ئەم كەس وخێزانانە لەبازنەی هەژاری دەربچن، ببنە خاوەن كاری خۆیان.


زەكات و هاوشێوەكانی وەك خێرو سەرفیترە، كاریگەری ئەوتۆیان لەسەر ئابوری بەگشتی و سێكتەرەكانی بازرگانی و بەرهەمهێنان و ئاڵوگۆر وبەكاربردن هەیە، لەهەمووی گرنگتر گەرمكردنی بازاڕەكانی هەرێمە، لەئێستادا كەبەداخەوە بەهۆی دواكەوتنی مووچە و نەبوونی بودجە بۆ وەبەرهێنان و نەبوونی كار و بەرزی ڕێژەی بێكاری و كەمی داهات، كەئابوری هەرێم بەدەستییەوە دەناڵێنێت، زەكات و خێروسەفیترە، ڕۆڵی گەورە دەبینێت بۆ بوژانەوەی بازاڕەكان.

لێرەدا، بەكورتی باسی هەندێ لەكاریگەرییەئابورییەكانی زەكات دەكەین:-

یەكەم:- زەكات، بەشداری دەكات لەباشكردنی ئاستی بژێوی تاك و خێزانەهەژارەكان، لەڕووی فێركردن وتەندروستییەوە، تاك وخێزانەكان، دەتوانن بەشێوەیەكی كاتیش بێت، پێداویستییەكانیان بەدەست بخەن.
دووەم:- ئەركی سەرشانی دارایی حكومەت سووك دەكات، لەڕێگای هاوكاریكردنی هەژاروكەمدەست وپیروپەككەوتوان، بەمەش كاریگەری باشی هەیە لەسەر بودجەی ساڵانە وخەرجی بیمەی كۆمەڵایەتی و پیروپەككەوتوان و بەساڵاچووان، لەسەر حكومەت كەم دەبێتەوە.

سێ یەم:- بەدەستهێنانی دوبارە دابەشكردنەوەی داهات وسامان لەكۆمەڵگادا، زەكات، بۆ خۆی هۆكارێكە بۆ دادپەروەری ئابوری و جیاوازی چینایەتی بەرتەسك دەكاتەوە.

چوارەم:- هاوكاری وەبەرهێنان دەكات، چونكە ئەو كەسەی پارەوسامانی هەیە، پێویستە بیخاتەكارەوە، بەمەش بەسوود دەشكێتەوە بۆ ئابوری دەوڵەت، هەلی كار دەرەخسێنێت و بەرهەمهێنان زیاد دەكات.

پێنجەم:- زەكات وئەمن و ئاسایشی كۆمەڵایەتی بۆ دەوڵەت بەدەست دەهێنێت، چونكە هەژاری ونەبوونی سەرچاوەی سەرهەڵدانی تاوانن، زەكات بەرهەڵستی تاوان دەكات بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ.

كەواتە، بەشێوەیەكی گشتی، خێروزەكات وسەرفیترە، جگەلە دەرئەنجامی كۆمەڵایەتی و ئایینی، كاریگەری ئابوری گرنگی دەبێت، لەسەر تاك وخێزان و كۆمەڵگا.

12/04/2022



وتارەکانی تری نوسەر