لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، قوباد تاڵەبانی سەرۆك لیستی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە كۆی 319912 دەنگی لیستەكەی 182551ی دەنگەكانی بە دەستهێنا، كە دەكاتە 11 كورسی و نیو لە تێكڕای ئەو 21 كورسییه پەرلەمانییەی حیزبەكەی بەدەستیهێناوە.
هەر لە ئەنجامی هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی 2018، شاسوار عەبدولواحید سەرۆك لیستی جوڵانەوەی نەوەی نوێ 106289 دەنگی لە كۆی 127115 دەنگ لە لیستەكەی بەدەستهێنا و بووە هۆی بەدەستهێنانی 6 كورسی و نیو لە كۆی 8 كورسی پەرلەمانی حیزبەكەی.
بەڵام قوباد تاڵەبانی و شاسوار عەبدولواحید نوێنەرانی 288840 دەنگدەر لە هەرێمی كوردستان، كە رێژەی دەنگەكانیان بەرامبەر بە 18 كورسی پەرلەمانە، ئامادەی سوێندخواردنی دەستبەكاربوونی كاری پەرلەمانی نەبوون لە 6ی تشرینی دووەم، تا ئێستاش ئاماژەكان بەو ئاراستەیەن هەردوو ناوبراو دەست بەكارنابن و پەرلەمانتاری شوێنگرەوە لە بری خۆیان دادەنێن.
هەردوو سەرۆك لیستەكە لە ماوەی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنەكاندا بەڵێنیان بە دەنگدەرانیان دا كار بۆ چاكسازی دارایی و سیاسی و ئەمنی بكەن، بەشێكی گرنگی ئەم بەڵێنانە لە رێگای بوونی پەرلەمانتاری بەهێز و دامەزراوەیەكی بەهێزی یاسادانان جێبەجێ دەكرێت نەك بە پشتكردنە پەرلەمان. بە تایبەت هێشتا دۆسییە هەڵواسراوە یاساییەكانی وەك دەستووری هەرێمی كوردستان، سەرۆكایەتی هەرێم، سیستەمی سیاسی هەرێمی كوردستان، چاكسازی مووچە و خانەنشینی پلە باڵاكان، بەهێزكردنی لامەركەزییەتی پارێزگاكان، چاودێریكردنی داهات و خەرجییەكانی هەرێم ماون كاری جددی و پێویستیان لەبارەوە بكرێت، سەرجەم ئەم دۆسیە گەورانەش سپێردراون بە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان.
سەرەڕای خواستی قوباد تاڵەبانی بۆ كاركردنی لە پۆستە باڵاكانی حكومەت و خواستی شاسوار عەبدولواحید بۆ رابەرایەتی كردنی جوڵانەوەكەی، بەڵام بوونی ئەوان لە پەرلەمان دەتوانێت وێنای ئەو دیمەنە ناشرینە باوەی سیاسەت لە كوردستان بگۆڕێت كە "سەرۆك لیستەكان كاری پەرلەمانتاری ناكەن". ئەوان بە پشتكردنە پەرلەمان، جگە لە خەڵك متمانەیەكی گەورەی ئەو سەركردایەتییەی گرووپەكانیان لە دەست دەدەن كە كاری پێكەوەییان كردووە.
گۆڕینی مۆدیلی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان و دروستكردنی پەرلەمانێكی بە هێز لە دووری 200 كیلۆ مەتر و بە دروشمی بریقەدار ناكرێت، بەڵكو پێویستی بە كرداری ستراتیجی راستەقینە و بەریەككەوتنی راستەوخۆ هەیە لەگەڵ دامەزراوه خاوەن كێشەكان لەوانەش پەرلەمان و دەستپێكردن لەوێوە، چونكە دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستانیش وەك ئاسنێكی خوار وان تا گەرم نەكرێن و نەكوترێن راست ناكرێنەوە. لایەنی كەم پێویستە بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی كاری پەرلەمانی عێراق و بوونی سەرۆك حیزب و سەرۆك لیستەكان تیایدا، سەرۆك حیزب و سەرۆك لیستەكانی هەرێمی كوردستان كار بۆ بەهێزكردنی دەسەڵاتی یاسادانان بكەن.