له‌ یادی ٣٥ ساڵه‌ی گه‌وره‌تاوانی ئه‌نفالدا

هیوا ناسیح *

رژێمی بەعس بەپێی بڕیاری ژمارە (١٦٠) ی بەرواری ٢٩/٣/١٩٨٧ و هەروەها ئەو نەخشەو پیلانانەی بۆ جێبەجێكردنییەك بەدواییەكی ئەنفالەكان، بەگیانێكی دڕندانەو تۆڵەسەندنەوەوە دایڕشتبوو،بەسەرپەرشتی راستەوخۆی عەلی حەسەن مەجید، كە ئەوكاتە كرابووە ئەمینداری گشتی مەكتەبیرێكخستنی باكووری حزبی بەعس، لەهێرش بۆ ناوچە رزگاركراوەكان بەردەوام بوو. ئەم بڕیارە «عەلی حەسەن مەجید»ی سەرپشك كردو هەموو دەستڕۆشتوییەكی سەرۆك كۆماری و سەركردایەتی بەعس و سەركردایەتی گشتی هێزە چەكدارەكانی پێدا، بە مەبەستی جێبەجێكردنی ئامانجەكانی بەعس و دەوڵەتی عێراق لەناوچە كوردستانیەكان، هاوكات بڕیاری شاڵاوەكانی ئەنفالی بۆ سەر كوردستان دەركرد، هەروەك بڕیاری بەكارهێنانی چەكی قەدەغەكراوی دژ بەگەلی كورد دەركرد.

پرسی كۆمەڵكوژیەكانی خەڵكی كوردستان لەلایەن حكومەتی لەكارخراوی بەعسیەكانی عێراقیەكێك بوو لەو پلانە شۆڤێنیستیانەی، كه ‌بۆ سەرنگوم كردنی میللەتی كورد سرینەوەی ناسنامەی بونی ئەو نەتەوەیە, لەكۆتایی سەدەی بیستی رابردودا گەیشتنە لوتكەی دلڕەقی خۆیان و بەعسیەكانیعێراق هەرچیان لەدەست هات بۆ جیبەجێكردنی پلانەكەیان دریغیان نەكردو تەنانەت پەنایشیان بۆیەكیك لەسورەتەكانی قورئان برد بەناوی ئەنفالكردنەوە بۆ ئەوەی شەرعیەت بدەنە ئەنفالكردن و كوشتنی خەڵكی بێ بەرگری كوردستان، بۆ جێبەجێ كردنی پیلانە‌كە رژێمی سەددام، دەیان هەزار سەرباز، جەیشی شەعبی، جاش و مەفرەخاسە، بەپشتیوانی هەزاران فڕۆكەی جەنگی، هێلیكۆپتەرو تانك و تۆپی قورس و دوورهاوێژ، سەرەڕای ئەوەی لەدەیان جێگە چەكی قەدەغەكراوی كیمیایی تێدا بەكارهێنا، توانی بەهەشت قۆناغ سەرجەم ئەو ناوچانەی لەباشوری كوردستان، بەشۆڕش بەناوچەی رزگاركراو و رژێم بەناوچەی قەدەغەكراوی ناودەبرد، كۆنترۆڵ بكات. هێرشەكانی ئەنفال كە قۆناغییەكەم لە ٩/٢/١٩٨٨ەوە دەستیپێكرد تا دواقۆناغ رێكەوتی ٦/٩/١٩٨٨ی خایاند.

لەهەڵسەنگاندنی زیانەكانی ئەنفالدا (میدڵ ئێست وچ) دەنووسێت: (پرۆسەی ئەنفال لە ٢٣ی شوباتەوە تا ٦ی ئەیلولی ساڵی ١٩٨٨ی خایاند، لەو ماوەیەدا فراوانترین ناوچەی كوردستان بەر شاڵاوی تێكدان و راپێچان كەوت، لەهەڵمەتێكی وادا پتر لە ٢٠٠ هەزار مرۆڤی كورد لەناوبران و بووە هۆی وێرانكردنی نزیكەی ٤٠٠٠ گوندو چوار قەزاو ٣٠ ناحیەو ٣١٠٠ مزگەوت و ١٠٠ كڵێسا، لەڕووی گیاندارییەوە بووە هۆی بەتاڵانبردنی دوو ملیۆن سەر مەڕو ماڵات و ئاژەڵ، كاریگەری لەسەر ژینگەی كوردستانیش هەبووەو بووە هۆی لەناوبردنی رووبەرێكی فراوان لەباخ و رەزو چەم.

ئەنفال جگە لەو زیانانەی‌ سەرەوە كارەساتێكی‌ ژینگەیی‌ ئایكۆلۆژی‌ گەورە بوو كە بووەهۆی‌ شێواندنی‌ رواڵەتی‌ ئاژەڵداری و رووەكی‌ ناوچەكەو بووە هۆی‌ لەناوبردنی‌ رووبەرێكی‌ فراوان لەباخ و رەز و چەم و چنار كە هاوسەنگی‌ ژینگە لاسەنگ دەكات. هەروەك ( د.كەنداڵ نزان) دەربارەی‌ شاڵاوەكانی‌ ئەنفال دەنوسێ‌ (لەشاڵاوەكانی‌ ئەنفالدا بنەماكانی‌ ژیان لەكوردستان هەڵتەكێنران، دوای‌ ئەوەی‌ ئەو هستریا شێتانەی‌ جینۆسایدی‌ كورد كۆتایی‌ هات (90%) ی‌ گوندەكانی‌ كوردستان و زیاتر لە (20) شارو شارۆچكە لەسەر نەخشە سڕانەوە، ناوچە گوندنشینەكان بە (15) ملیۆن مین مینڕێژكران، بەم جۆرەش چالاكی‌ كشتوكاڵی‌ لە ناوچانەدا كارێكی‌ ئەستەم بو  (1,5) ملیۆن كوردی‌ گوندنشین بۆ ئۆردوگا زۆرەملێكان گوێزرانەوە، نزیكەی‌ (10%) ی‌ كوردی‌ دانیشتوانی‌ عێراق لەنێوبران، بەمەش نزیكەی 7729 كم دووجا لە رووبەری هەرێمی كوردستانی عیراق توشی شاڵاوەكانی ئەنفال بووە. بەتایبەت قۆناغی‌ سێیەمی‌ ئەنفال، بەیەكێك لە سەخترین پەلامارو شاڵاوەكانی‌ ئەنفال دادەنرێ‌، زۆرترین خەڵكی‌ تیا بێسەرو شوێنكراوەو كۆمەڵكوژكراوە، لەڕووی‌ جوگرافیشەوە فراوانترین زەوی‌ بەركەوتوەو زۆرترین گوندی‌ تیا رووخێنراوە، لەڕووی‌ سەروەت و سامانیش زۆرترین سەرەوەت و سامانی‌ هاووڵاتیان بەتاڵان براوە.

لەپرۆسەی ئەنفالەكاندا هەرسێ تاوانە‌كە ئەنجامدراون، كە له ئاستییاسای تۆمەتباركردنی نێودەوڵەتیدا بەگەورە تاوان ناسراون و دەكرێت دادگای نێودەوڵەتی لێكۆڵینەوەی تێدا بكات، كەبریتین لە: تاوانی كوشتنی بەكۆمەڵ، تاوانەكانی دژ بەمرۆڤایەتیی و تاوانەكانی جەنگ. تائێستا تەنها وڵاتێك كە كەیسێك،یان چەند كەیسێكی كوردی بەجینۆساید ناساندوە عێراقە، ئەمەش پاش بڕیارەكانی دادگای باڵای تاوانەكانی بەغدا، كە گەورەترین دەستكەوت بوو لەو رووەوە بۆ كورد، هەرچەندە بڕیارەكانی ئەو دادگایەش كەموكوڕی خۆیان هەیە، ئەو دادگایە راستە عێراقییەبەڵام بەبڕیاری ژمارە ١٤٨٣ی نەتەوەیەكگرتوەكان دامەزراوە، واتە شەرعیەتی نێودەوڵەتی و یاسایی خۆی هەیە لەبڕیارەكانیدا. زۆر بڕیاری گرنگی داوە لەسەر پرۆسەكان، بەتایبەتی ئەنفالی‌ چوار، هەروەك شاڵاوەكانی‌ ئەنفالی‌یەكەم و دووەم و سێیەمیش، لەلایەن دادگای‌باڵای‌ تاوانەكانی‌ عێراقەوە بەفەرمی‌ وەك تاوانی‌ «جینۆساید، تاوانی‌ دژ بەمرۆڤایەتی‌، تاوانی‌ جەنگ» بەفەرمی‌ ناسێنراو لەبەڵگەنامەكانی‌ دادگا چەسپێنرا.

لایەنێكی تری كارەساتی ئەنفال دادگاییكردنی تاوانبارانە، بەپێی بریاری دادگای باڵای تاوانەكان لەبەغدا، لە رێكەوتی ١١/٨/٢٠١٠ دا بەكتابی فەرمی ژمارە (رس /٨٣/١٥) ئاراستەی هەریەك لەسەرۆكایەتی هەرێم، حكومەت و پەرلەمانی كوردستان كراوە بۆ دەسگیركردنیان، بۆ لێكۆڵینەوە لەكە‌یسی ئەنفال ناوی ٤١٣ كەسی تاوانباری تێدایە و لەمانەش ٢٥٨ كەسیان ئەنفالچییانی كوردن، كە زۆربەیان لەكوردستان و لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێم ژیان بەسەردەبەن. تائێستا‌ش وە‌زارەتی ناوخۆی كوردستان هیچ هەنگاوێكی كرداری بۆ جێبەجێكردنی نەناوە.

سەدان كەس لەكەسوكاری قوربانیانی دەستی ئەو تاوانبارانه وەك بنەماڵەی قوربانیان سكاڵایان لەدادگاكانی كوردستان و بگرە بەغداش تۆماركردوە، بۆ نمونە قاسم ئاغای كۆیە ١٧٠ داواییاسایی لەسەر تۆمار كراوە، لەسەر ئەمە ناوبراو هەم لەدادگای شاری كۆیە و هەم لەبەغدا بریاری گرتنی هەیە. یان هەباسی بایز ئاغا زیاتر لە ٥٠ داواییاسایی لەدادگای پشدەر لەسەر تۆمار كراوە، فەتاح بەگی جاف دەیان داواییاسایی لەدادگای كە‌لار لە‌سەر تۆماركراوە. بەداخەوەش ئەوانە هەموو لەژێر دەستەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا دەژین و بەئازادی دەسوڕێنەوە!.

زۆر لەو بەكرێگیراوو سە‌رۆك جاشانە دوای راپەرینەكە پەیوەندییان بەرژێمی بەعسەوە كردەوە، و بۆ ئەمەش چەندان بەڵگە بڵاوكراوەتەوە لەسەریان، هەروەهاش هەیانە تەنانەت تاساڵی ٢٠٠٣ و روخاندنی بەعس لەبەغداو موسڵ و كەركوك دەژیان.  من پێم وایە دادگاییكردنی بێ قە‌یدو مەرجی هەر تاوانبارێكی كەیسی ئەنفال نابێت لەژێر هیچ بیانویە‌ك و پاساوێكدا پەكبخرێت، جا هەر كەس و سەر بەهەر لایەنێك بێت، ئاخر ئەمە جگە لە بوارەیاسایی و دادوەرییەكە رەهەندێكی نیشتمانی و نەتەوەییشی هەیە، چونكە گەر ئەو گە‌ورەتاونبارانە لە دەست داد و یاسا رزگاریان نەبێت و لێكۆڵینەوە و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكرێت، ئەوا گەورە جاش و بەكرێگیراوانی كورد لە پارچەكانی تری كوردستانیشدا ناتوانن بێخەم و بێ بیركردنەوە لە پاشەرۆژی خۆیان، تاوان و پێشێلكاری گەورە ئەنجام بدەن، چونكە ئەو كەیسە دەبێتە نمونەو وانەیەك بۆ ئەوان، دیارە بۆ ئەمە پێچەوانەكە‌شی هەر راستە.

گەیاندنی دۆسیەی ئەنفال و هەڵەبجە بەناوەندە نێودەوڵەتی و جیهانییەكان و هەوڵدان بۆ بەجینۆساید ناساندنیان كارێكە، كە دەبوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و یەكێتی و پارتی هەر دوای راپەرین و پێكهێنانی ئەو حكومە‌تە شێلگیرانە كاریان بۆ بكردایە و هەوڵیان بۆ بدابایە. ئەوان كە هەم ئۆتۆریتەیەكی خۆیان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و وڵاتانی بەتایبەتی ئەوروپا هەیە، هەمیش بوودجەیەكی زەبەلاحیان لەموڵكی گشتی لەبەردەستدایە، زۆر ئاسانترو خۆشدەستانەتر دەیانتوانی، چەندان كۆنفرانسی نێودەوڵەتی لە بارەگای سەرەكی نەتەوەیەكگرتوەكان لەئەمریكاو سویسرا هەروەها پەرلەمانی ئەوروپا و شوێنانی تر سازبكەن و بیانكە‌نە سەنتەری چالاكیەكانیان بۆ ئەو دۆسیەیانە.

بەداخەوە ئەو دوو حزبە بەوەزارەتی شەهیدانەكەی حكومەتی هەرێم، لیژنە‌ی شەهیدان و ئەنفالكراوانی پەرلەمانی كوردستان و نوێنەرایەتییەكانی حكومەتی هەرێم لە‌م وڵاتانەی هەندەران لەئەوروپاو دامودەزگا نێودەوڵەتییەكان كارێكی وایان لە‌و دۆسایەیەدا نەكرد، سەرەڕای باشیی توانا ماددی و مەعنەوی و پە‌یوەندییەكانیان بەوڵاتانی جیهان، كە له‌ئاستی گرنگی دۆسیەكەو هەروەها بانگەشەكردنییان بۆ خۆبەپارێزەریی قوربانییانی ئەو تاوانانە و مافەكانی كەسوكاری قوربانییان بێت، پێچەوانەی ئەوا قسانەی كە بەگەیاندنی دۆسیەی ئەنفال و هەڵەبجە بەناوەندە نێودەوڵەتی و جیهانییەكان و هەوڵدان بۆ بەجینۆسایدناساندنیان كارێكە، كە دەبوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و یەكێتی و پارتی هەر دوای راپەرین و پێكهێنانی ئەو حكومە‌تە شێلگیرانە كاریان بۆ بكردایە و هەوڵیان بۆ بدابایە. ئەوان كەهەم ئۆتۆریتەیەكی خۆیان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و وڵاتانی بەتایبەتی ئەوروپا هەیە، هەمیش بوودجەیەكی زەبەلاحیان لەموڵكی گشتی لەبەردەستدایە بەردەوام لەیادی هەڵەبجە و ئەنفالەكاندا دەیانكرد..

بەرای من، ئەگەر پرسی ئەنفال له‌كۆتایدا بەگەلكوژی (ژینۆساید) لەسەر ئاستی نیودەوڵەتی بناسێنرێت، ئەوا دەبێتە گەورەترین دەسكەوتی سیاسی و دیپلۆماتی و یاسای نێودەوڵەتی، چونكه، ئەوكات:

١. نەتەوەی كورد وەك گەلێكی ژینۆساید بەرامبەركراو دەناسێنرێت، ئەمە‌ش وا دەكات لەڕووییاسایی و نێودەوڵەتییەوە ئیلتزامێكی ئەخلاقی و یاسایی نێودەوڵە‌تیی بۆ پشتیوانی دۆزی كوردو پاراستنی گەلەكەمان دروست ببێت. ئەمەش دەبێتە پاڵپشتێكی نێودەوڵەتی بۆ كێشەی كورد لەسەرجەم پارچەكاندا.

٢. هەموو ئەو كۆمپانیا، وڵات، كەسانی بازرگان و شارەزایانەی بەهەر جۆرێك كۆمەكی رژێمی سەدامییان كردووە بۆ دروستكردن، بەكارهێنان،یان فرۆشتن و گواستنەوەی ماددە خاوەكان و چەكەكانی بەكارهاتوو لەو بوارانەدا بەئاسانی دەدرێنه دادگا. دیارە بەپشتیوانی ناساندنەكە.

٣. گەلی كورد بەپێییاسا داوای قەرەبووكردنەوه لەسەرجەم ئەو وڵات و كۆمپانیایانە دەكات، كە لەمیانەی كارەساتەكاندا زیانی، گیانی، ژینگەیی، كەلتوری و سامانیان بەمیللەتەكەمان گەیاندوە.

٤. ئاسان دەتوانرێت هەر تۆمەتبارێكی عێراقی و كوردی گەر لەپرۆسەكەدا بەهەر جۆرێك بەشداری كردبیت لەدەرەوەی عێراق راكێشرێنە دادگاو سزا بدرێن.

٥. لەكاتی راگەیاندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ لەهەر پارچەیەكی كوردستاندا، پشتیوانییەكی مەعنەوی باش دەبێت، كەوڵاتانی جیهان دانی پێدابنێن.

گەورەتاوانی ئەنفال، سەرەڕای ئە‌وەی كە گەورەترین و تراژیدیترین كارەساتی نەتەوەیی و نیشتمانی بوو، كه لەسەدەیڕابردوودا بەسەر گەلی كوردو خاكەكەیدا هاتبێت، بەڵام دەبینین دوای ٣٥ ساڵ لەو تاوانە گەورەیە، دەسەڵاتی كوردی لەباشور خەمسارد بووە، لەسەر ئاستی ناوخۆیی وەك داواكردنی قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری زیندوی قوربانییەكان لەلایەن بەغداوە، هەروەها تائێستاش وەك لایەنە مۆراڵی و یاساییەكەش بێت، دەوڵەتی عێراق داوای لێبوردنی نەكردووە، جگە لەمەش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش وەك پێویست كاری وای بۆ نەكراوە، كە شایانی باس بێت. كەسوكاری بەجێماوی قوربانییەكانیش لەخەم و كەسەرو چاوەڕوانی و نائومێدیدا رۆژانی ژیانیان بەڕێدەكەن! لەسەر ئاستی نەتەوەییش كورد نەیتوانی لای كەمی لەباشوردا بیكات بەخاڵی وەرچەرخان و یەكگرتن و ئاشتەوایی ناوخۆیی لێبكەوێتەوە، كە مەترسی شەڕی ناوخۆ و دووبەرەكی ماڵئاوایی لەكورد بكات. بۆ نمونە ناوچەی چەمچەماڵ، كە بەپایتەختی ئەنفال ناسراوەو زۆرترین قوربانییان داوە لەپرۆسەكەدا، مۆنۆمێتێك و مۆزەخانەیەكی باشی لێكراوەتەوە بۆ ئەنفال، كەچی نە سەرۆك وەزیران و نەسە‌رۆكی هەرێمی كوردستان تائێستا بۆ تەنها جارێكیش سەردانی ئەم مۆزەخانەیەیان نەكردوە!!


14/04/2023



وتارەکانی تری نوسەر