هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی سویسرا و ده‌رئه‌نجامه‌کانی

هیوا ناسیح *


رۆژی یه‌کشه‌ممه‌ ٢٢/١٠/٢٠٢٣ دوا رۆژی ده‌نگدان بوو بۆ په‌رله‌مانی سویسرا. وڵاتی سویسرا که‌ فره‌نه‌ته‌وه ‌و ئیتنییه، چوار نه‌ته‌وه‌ی به‌ ئاشتی تێدا ده‌ژی و هه‌ر چوار زمانه‌که‌ش فه‌رمییه‌ تێیدا. وڵاتێکه له‌‌وپه‌ڕی خۆشگوزه‌رانی ‌و ئاشتیدا‌یه ‌و ئابورییه‌کی به‌هێزی هه‌یه‌ بێ ئه‌وه‌ی هیچ نه‌وت ‌و کانزایه‌کیشی هه‌بێت، نمونه‌ی که‌‌مه ‌لە جیهاندا. ژماره‌ی دانیشتوانی ئه‌مساڵ نۆ میلیۆنی تێپه‌ڕاند، له‌مه‌ نزیکه‌ی پێنج میلیۆن و نیو له‌ نێوخۆی سویسرا مافی ده‌نگدانیان هه‌یه‌. له ته‌واوی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش نزیکه‌ی سێ چاره‌که‌ میلیۆن، که‌ وڵاتنامه‌ی سویسرییان هه‌یه‌ مافی ده‌نگدانیان هه‌یه‌. له‌ ٢٦ کانتۆن (هه‌رێم) پێک دێت (شه‌شیان نیوه‌ کانتۆنه‌) هه‌ر کانتۆنێک ده‌ستور و یاسای تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌یه‌‌، سه‌ره‌ڕای ئاڵا و په‌رله‌مانی ناوچه‌یی. له‌م وڵاته‌ سه‌رۆکی وڵات و سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران هه‌ر یه‌ک که‌سه‌ ، یان راستر بڵێین سه‌رۆکی وڵات بوونی نییه‌!! سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌وتۆته‌ ناوه‌ڕاست و چه‌قی ئه‌وروپاوه‌ به‌ڵام ئه‌ندام نییه‌ له‌ یه‌کێتی و بازاڕی ئه‌وروپا، چه‌ند جارێک له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ راپرسییان کردوه‌، به‌ڵام هه‌موو جاره‌‌کان زۆرینه‌ی خه‌ڵک له‌گه‌ڵدا نه‌بوونه‌ ببنه‌ ئه‌ندام له‌وێدا. له‌م وڵاته‌ حزب ده‌بێت خۆی خۆی بژێنێت و حکومه‌ت باربووی هیچ کیان و حزبێک ناکات .



په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی کانتۆنه‌کان له‌ مانگی دوانزه‌دا کابینه‌ی نوێی حکومه‌ت واته‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران هه‌‌ڵده‌بژێرن، که‌ له‌ حه‌وت وه‌زیر پێک دێت و دواتر یه‌کێک له‌و حه‌وت که‌سه‌ سه‌ره‌ڕای وه‌زاره‌ته‌که‌ی خۆی به‌ سه‌رۆکی وڵات هه‌ڵده‌بژێردرێت، که‌ ماوه‌که‌ی ساڵێکه‌ و ته‌نها یه‌ک جاری تریش ده‌توانێت خۆی هه‌ڵبژێرێته‌وه‌، واته‌ به‌ هه‌مووی دوو ساڵ ده‌توانێت سه‌رۆک بێت. بەڵام هەمان دەسەڵات و ئەرکیان هەیە. لێره‌دا هه‌ندێک زانیاریی گشتی له‌سه‌ر هه‌ردوو به‌شه‌که‌ی په‌رله‌مان و ئه‌نجامی دوا هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌خه‌مه‌ ڕوو، لام وایه‌ بۆ خوێنه‌ری کورد سودی خۆی ده‌بێت.



ئەرکی سەرەکی پەرلەمان سه‌ڕه‌ڕای دانان و بڕیاردان له‌سه‌ر یاساکان ، جێبه‌جێکردنیشیانه‌ بەسەر هەموو وڵاتدا. پەرلەمان لە دوو ژوور پێکهاتووە: ئەنجومەنی نیشتمانی و ئەنجومەنی نوێنه‌رانی کانتۆنه‌کان. ئەنجومەنی نیشتمانی نوێنەرایەتی دانیشتوان دەکات، لە کاتێکدا ئەنجومەنی نوێنه‌ران نوێنەرایەتی کانتۆنەکان دەکات.



ئەنجومەنی نیشتمانی یان ژوری گه‌وره‌ ٢٠٠ کورسی هەیە. ئەمانە دابەش دەکرێن بەسەر ٢٦ کانتۆنەکەدا بەگوێرەی دانیشتوانەکەیان، ئەمەش مانای ئەوەیە کە هەتا خەڵکێکی زیاتر لە کانتۆنێکدا بژین، کورسی زیاتر بۆ ئەو کانتۆنە لە ئەنجومەنی نیشتمانیدا بەردەست دەبێت. هەر کانتۆنێک لانیکەم یەک ئەندامی هەیە. لەبەر ئەوە زۆرجار بە "ژوری خەڵک" یان "ژوری گەورە" ناودەبرێت.


سەرۆکێک بۆ ماوەی ساڵێک سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نیشتمانی دەکات و لەلایەن دوو جێگری سەرۆکەوە پشتگیری دەکرێت.



پێکهاتەکانی دیکەی ئەنجومەنی نیشتمانی نووسینگەیەکە کە گرنگی بە ڕێکخستن و بەڕێوەبردن و هەروەها کۆمیسیۆنی جۆراوجۆر دەدات، بۆ نموونە سیاسەتی دەرەوە، کاروباری یاسایی یان ئابوری. دوای هەڵبژاردنەکان، سەرۆکی پێشوو پۆستی کاتی دەستنیشان دەکات و بەردەوام دەبێت لە سەرۆکایەتیکردنی ئەنجومەنەکە تا ئەو کاتەی سەرۆکی نوێ لەلایەن ئەنجومەنەوە هەڵدەبژێردرێت.


ئەنجومەنی نوێنەرانی کانتۆنه‌‌کان ٤٦ کورسی هەیە و لە نوێنەرانی هەموو کانتۆنەکان پێکهاتووە. هەروەها پێی دەوترێت ژوری بچووک. بۆ هەریەک لە بیست کانتۆنه‌ ته‌واوه‌که‌ دوو نوێنه‌ر و هه‌ر یه‌ک له‌ شه‌ش نیوه‌کانتۆنه‌کانیش یەک نوێنه‌ر هەڵدەبژێردرێن.



وەک ئەنجومەنی نیشتمانی، ئەنجومەنی نوێنه‌رانی کانتۆنه‌کانیش لەلایەن که‌سێکەوە سەرۆکایەتی دەکرێت بە پشتیوانی دوو جێگر.


هەروەها ئەنجومەنی نوێنەران نوسینگەیەک و لیژنەی جۆراوجۆر پێکدەهێنێت.



سیستەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانی چییە؟ وەک یاسایەک، ئەنجومەنی نیشتمانی لەسەر بنەمای نوێنەرایەتی ڕێژەیی هەڵدەبژێردرێت. ئەمەش بەو مانایە دێت کە کورسییەکان دابەش دەکرێن بەسەر لایەنەکاندا بەپێی ئەو دەنگانەی بەدەستیان هێناوە. لە یەکەم هەنگاودا پارته‌که‌ هەڵدەبژێردرێت لە هەنگاوی دووەمدا، ئەو کاندیدانەی کە زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە، ئەو کورسییانە وەردەگرن کە پارتەکەیان مافی وەرگرتنی هەیە. واتە ئەو کەسەی زۆرترین دەنگ بەدەست دەهێنێت ڕاستەوخۆ کورسییەکەی بەدەست دەهێنێت.



بۆ بەدەستهێنانی کورسی زیاتر، لایەنەکان لە هەندێک لە کانتۆنەکان لیستی هاوپەیمانی پێک ده‌هێنن. ئەمانە تەنها ڕۆڵیان هەیە لە هەڵبژاردنی ڕێژەیی. پارتەکان دەتوانن لیستی هەڵبژاردنەکانیان لەگەڵ یەک یان زیاتر لە لایەنەکانی دیکە تێکەڵ بکەن، کە تیایدا حیزبەکان لیستی هەڵبژاردنی تاکەکەسی خۆیان دەهێڵنەوە. لە دابەشکردنی کورسییەکاندا، یەکەم جار لیستی یەکگرتوو ڕەچاو دەکرێت. دواتر کورسییەکان لە نێو لیستی تاکەکانی پارته‌که‌دا دابەش دەکرێن. لە ئەنجامدا لایەنەکان دەنگی کەمتر لەدەست دەدەن کە بەس نییە بۆ کورسییەکی خۆیان.



چەند کورسی لە ئەنجومەنی نیشتمانی تەرخانکراوە بۆ کانتۆنەکان؟ بەهۆی گەورەترین ژمارەی دانیشتوانەکەیەوە، کانتۆنی زیوریخ زۆرترین کورسی لە ئەنجومەنی نیشتمانیدا هەیە. تا ئێستا ۳۵ کورسی هەیە، بەڵام ئێستا یەک کورسی دیکە لە هەڵبژاردنەکانی ئه‌مساڵدا زیاد دەبێت. لە ئێستادا کانتۆنی بازل-شتات واته‌ شاری بازل چوار کورسی هەیە، کە یەک کورسی کەمترە لە پێشوو. بەم شێوەیە ٢٠٠ کورسی بەسەر کانتۆنەکاندا دابەش دەکرێت.



بابه‌ته‌کانی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن:



گرنگترین ئه و بابه‌تانه‌ی که له هه‌ڵمه‌تی هه ڵبژاردنه‌کاندا گفتوگۆی توندی له‌سه‌ر کرا بریتی بوون له‌ تێچوی چاودێری تەندروستی (خەرجییەکانی بیمەی تەندروستی) ، دابینکردنی خانەنشینی، گۆڕانی کەشوهەوا و کۆچی په‌ناخوازان بۆ وڵاته‌که‌ وەک گرنگترین ئاستەنگی سیاسی لە ساڵانی داهاتودا دەبینرێن.



پارتی گه‌لی سویسری واته‌ SVP، له‌ هەڵمەتی هەڵبژاردنی خۆیدا بە شێوەیەکی سەرەکی تیشکی ده‌خسته‌ سەر کێشەی کۆچ لە بەرنامەکەیدا، هه‌روه‌ها داوای سەپاندنی باجی کۆچ و پاراستنی سنووری زیاتری ده‌کرد.



پارتی سۆسیالدیموکراتی سویسری (SP) بە دروشمی "بۆ سویسرایەکی سۆسیال واته‌ کۆمەڵایەتی" هەڵمەتی ده‌کرد، ئەو ڕەخنە لەو ڕاستییە دەگرت کە ژیان بۆ زۆرێک لە خەڵک گرانتر بووه‌، بۆیە دەیەوێت هێزی کڕینی دانیشتوان بەهێز بکرێت. بۆ ئەم مەبەستە، دەیەوێت دەستپێشخەرییەکی گشتی دەستپێبکات بۆ سنوردارکردنی مانگانه‌ی بیمەی تەندروستی. هەروەها، ئێس پی دەیەوێت مۆڵەتی دایک و باوک پێشکەش بکات و دامەزراوەکانی چاودێری ڕۆژانە باشتر بکات.



پارتی لیبراڵی دیموکراتی (FDP) پابەندە بە سیاسەتێکی ئابووری لیبراڵەوە لە نێوان شتەکانی تردا، پشت دەبەستێت بە کەمی تێچوونی کار بەبێ کرێ، دەیەوێت کۆچ لە ڕێگەی سیستەمێکی خاڵەوە ڕێکبخات و دەستگەیشتن بە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان فراوانتر بکات.


پارتی ناوەندی نوێ، کە بۆ یەکەم جار لەدوای یەکخستنی هه‌ردوو پارتی CVP وBDP دروست بوو، هەڵمەتی ده‌کرد بۆ پێکەوەژیانی زیاتر لە سویسرا، کە بە هەڕەشەی زیادبوونی پۆلاریزاسیۆن دەبینێت. ئەو دەیەوێت هەماهەنگی نێودەوڵەتی بەهێز بکات لە سیاسەتی بەرگریدا، کەمکردنەوەی بەرزبوونەوەی تێچوونی بیمەی تەندروستی و نەهێشتنی زیانەکانی باج بۆ هاوسەرگیری.



هەردوو پارتی سەوز و چەپی سویسرا پاراستنی کەشوهەوا بە بابەتێکی سەرەکی لە سیاسەتی خۆیاندا داده‌نا. سەوزەکان دەیانەوێت لە هەموو بوارە سیاسییەکاندا ئەولەویەتی ئەوە بدەن و هەمەچەشنی بایۆلۆجی بەهێز بکەن و سەنتەرێکی دارایی سویسری بەردەوام دروست بکەن. جگە لە لابردنی قۆناغی وزەی ناوەکی، GLPداوای نزیکبوونەوە لە یەکێتی ئەوروپا و بازرگانی ئازادی بەردەوام دەکات، بۆ نموونە لە ڕێگەی باجی هاوردەکردنی CO2.




وه‌ک گوتمان لە ۲۲ی تشرینی یەکەمی۲۰۲۳دا ئەنجومەنی فیدراڵی لە سویسرا هەڵدەبژێردرا، بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌مساڵ زیاتر لە ۵۹۰۰ کاندید خۆیان بۆ ئەنجومەنی نیشتمانی کاندید کردبوو،. ژماره‌ی ٥،٦ میلیۆن که‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌بوو ، به‌ڵام رێژه‌ی به‌شداربووان له‌ ده‌نگداندا ٤٦،٩ له‌ سه‌تا بوو (هه‌‌ڵبژاردنی رابردوو ٤٥،١ بوو) . به‌ پێی دوا هه‌واڵه‌کان ئه‌نجامه‌کانیان، که دوای چوار سه‌عاتێک له‌ داخستنی سندوقه‌کان راگه‌‌یه‌ندرا، رێژه‌ی سه‌دی ده‌نگی ئه‌و حزبه‌ سه‌ره‌کیانه‌ دوای‌ هه‌‌‌ڵبژاردنه‌که‌ به‌م شێوه‌یه‌ گۆرانکارییان به‌سه‌ردا دێت،ژماره‌ی نێوان که‌وانه‌که‌ رێژه‌ی سه‌دیی ده‌نگه‌کان زیاد یان که‌مبونه‌، ژماره‌که‌ی ده‌ره‌وه‌ی که‌وانه‌که‌ رێژه‌ی سه‌دیی ته‌واوی ده‌نگه‌کانه.



پارتی گه‌لی سویسری(SVP) (+ ٣،٣) ٢٨.٩

پارتی سۆسیالدیموکراتی سویسری (SP) (+٠،٧) ١٧.٥

پارتی ناوه‌ندی سویسری (Mitte) (+٠،٨) ١٤.٦

پارتی لیبراڵی دیموکراتی (FDP) (- ٠،٥) ١٤،٦

پارتی سه‌وزی سویسری (Grüne) (- ٤) ٩،٢

پارتی لیبراڵی سه‌وزی سویسری (GLP) (- ٠،٦) ٧.٢


رێژه‌ی کورسییه‌کانی ئه‌و حزبه‌ سه‌ره‌کیانه‌ دوای هه‌‌‌ڵبژاردنه‌که‌ به‌م شێوه‌یه‌ گۆرانکارییان به‌سه‌ردا دێت، ژماره‌ی نێوان که‌وانه‌که‌ بڕی کورسی زیاد یان که‌مبونه ‌، ژماره‌که‌ی ده‌ره‌وه‌ی که‌وانه‌که‌ ژماره‌ی داهاتووی ته‌واوی کورسییه‌کانه‌.


پارتی گه‌لی سویسری (+ ٨) ٦١


پارتی سۆسیالدیموکراتی سویسری (+٢) ٤١


پارتی ناوه‌ندی سویسری (+٢) ٣٠


پارتی لیبراڵی دیموکراتی (سفر) ٢٩


پارتی سه‌وزی سویسری (-٧) ٢١


پارتی لیبراڵی سه‌وزی سویسری (- ٥) ١١



وه‌ک ده‌رکه‌وت له‌م هه‌‌ڵبژاردنه‌دا، پارتی گه‌لی سویسری (ڕاستڕه‌و) گه‌وره‌ترین براوه‌یه‌، هه‌ردوو پارته‌کانی سه‌وز (چه‌پ) سه‌وزی لیبرال (میانڕه‌و) دۆڕانی به‌رچاویان به‌رکه‌وت!





نوسه‌ر ئه‌ندامی پارتی سۆسیالدیموکراتی سویسرایه‌.


23/10/2023



وتارەکانی تری نوسەر