د. شێرکۆ کرمانج
دەوڵەتی نوێی تورکیا دوو ساڵی دیکە تەمەنی دەبێت بە سەد ساڵ. ئەو دەوڵەتە لەسەر دەستی فاشیستێک، کەمال ئەتاتورک، دامەزراوە، بۆیە ئەگەر لەسەرەتای دامەزراندنی کردارو ڕەفتاری فاشیستیانەی کردبێتو لەخۆنیشاندابێت لەوانەیە جێگەی سەرسوڕمان نەبێت. بەڵام کاتێک هەمان دەوڵەت لەو قۆناغانەی کە بکەرە سەرەکییەکانی شانازی بەوە دەکەن کە ئەو جۆرە ڕەفتارانەیان تێپەڕاندوەو کرداری فاشیستانە ئەنجام نادەنو ڕەخنە دەکەن، ئەوە جێگەی تێڕامانە ئەگەر سەرسوڕمانیش نەبێت کە ئەو بکەرانە هەمان کردارو ڕەفتار دووبارەبکەنەوە.
لەم بابەتە کورتە دەمەوێت ئاماژە بە دوو ڕووداو بکەم کە فاشیست بوونی نەک فاشیستە ناسراوەکانی تورکیا نیشان دەدات بەڵکو فاشیستبوونی بەناو دیموکراسخوازەکانی تورکیا دەخاتەڕوو.
تورکیا دوای دامەزراندنی لە ١٩٢٣ تا دوای شەڕی دووەمی جیهانی، واتە بۆ ٢٣ ساڵ، هەڵبژاردنی دیموکراسی بەخۆیەوە نەدیت. لە ١٩٤٦، لە یەکەمین هەڵبژاردندا هەر حیزبەکەی کەمال ئەتاتورک، پارتی کۆماری، بەسەرۆکایەتی عیسمەت ئینینۆ، هاتنەوە سەرحوکم. بۆیە لە ١٩٥٠، کاتێک حیزبی دیموکرات بە ڕابەرایەتی جەلال بەیار و عەدنان مەندەریس هەڵبژاردنیان بردەوە، دەکرێت وەک یەکەمین سەرەتای دیموکراسیبوونی تورکیا تەماشابکرێت. سوپای تورکیا لە ڕێگەی کودەتایەکەوە لە ١٩٦٠ کۆتایی بە سەردەمی بەناو دیموکراسی تورکیا هێنا. لەوکاتەوە دوو کودەتای دیکەی سەربازی کراوە، لە ١٩٧١ و ١٩٨٠ دا، کە بۆ ماوەیەکی زۆر سەرباز یان ڕاستەوخۆ لەسەر حوکم بوون، یان ناڕاستەوخۆ لە پشت پەردەوە دەسەڵاتیان بەسەر حکومەتە مەدەنیە لاوازەکانەوە دەسەپاند. لە ٢٠٠٢، کاتێک ئەردۆگان هاتە سەر حوکم، خەڵکێکی زۆر پێیانوابوو کە ئەوە سەرەتایەکی نوێیە بۆ دیموکراسی تورکیاو دوورکەوتنەوە لە سەرباز و فاشیەت. بەڵام ڕووداوەکانی دوای ٢٠١٥ ی باکوری کوردستان، بەتایبەتی دوای شکستی بەناو کودەتا سەربازییەکەی ٢٠١٦، دووبارە ماهیەتی دەوڵەتی فاشی تورکیان خستەوەڕوو.
وەک گوتم، من لێرە تەنیا ئاماژە بە دوو دەرکەوت دەکەم، لە دوو قۆناغە بەناو دیموکراسیەتەکەی تورکیا، قۆناغی مەندەریس و قۆناغی ئەردۆگان، بۆ نیشاندانی ماهیەتی فاشیستبوونی دەوڵەتی تورکیا.
یەکەم، موسا عەنتەر، نوسەرو ڕوناکبیری کورد لە باکوری کوردستان، کە خۆی بەدەستی دەستەبزرەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا لە ١٩٩٢ تیرۆرکرا، لە بیرەوەرییەکانی بەبەڵگە دەگێڕێتەوەو دەڵێ، لە کۆتایی پەنجاکان کاتێک حیزبی دیموکرات بە ڕابەرایەتی عەدنان مەندەریس و جەلال بەیار لەسەر حوکم بوون لە کۆبوونەوەیەکی باڵای دەزگا ئەمنییەکان باس لەوە دەکەن ئەگەر لە تورکیا هەزار ڕوناکبیری کورد بکوژن ئەوە بەلای کەمەوە پرسی کورد بۆ ٣٠ ساڵ دەگەڕێتەوە دواوە. موسا عەنتەر لە درێژەی گێڕانەوەکەی دەڵێت لە کۆبوونەوەکە کەسێک دەڵێت، ئێوە ناترسن ئەگەر کارێکی لەو شێوە بکەین ئەوە کوردستان وەک جەزائیری لێبێت، واتە خەڵک ڕادەپەڕن، لەوێ خوای دیموکراسخوازی تورکیا، عەدنان مەندەریس دەڵێت، با ئێمە هەموویان بەسەریەکەوە لەناونەبەین تاوەکو دەنگۆی گەورەی لێنەکەوێتەوە بەڵکو لەڕێگەی دەوڵەتو یاساوە ئەم کارە بکەین، ئەویش بە گرتنو دادگاییکردنی هەر جارەی ٥٠ کەسیان و لە سێدارەدانیان، ئیدی بەردەوام دەبین تا هەزار ڕوناکبیر لەناودەبەین.
بەپێی بیرەوەرییەکانی موسا عەنتەر، یەکەم گروپ لەو پەنجا کەسە زۆری پێناچێت بەبنەما لەسەر ئەو بڕیارە دەستگیردەکرێن، کە موسا عەنتەر خۆی یەکێک بووە لەوان. دیارە پێشئەوەی دەزگا ئەمنییەکان ئەو پەنجا کەسە لەناو ببەن کودەتای سەربازی دەکرێتو ئازاد دەکرێن بەڵام دەوڵەت بەشێوەیەک لە شێوەکان لەسەر ئەم هەڵوێستەی بەردەوام دەبێت. لەو سەد ساڵەی تەمەنی دەوڵەتی تورکیا زیاتر لە هەزار ڕوناکبیری کورد لە تورکیا تیرۆرو شونبزرکراون.
دووەم، ئەردۆگان کاتێک هاتە سەر حوکم بە سیاسەتی کرانەوەو چارەسەری پرسی کورد خۆی لەوانی دیکە جیادەکردەوە کەچی ئێستا لە گرتنو کوشتنو زیندانیکردنی چالاکوانو سیاسەتوانو ڕوناکبیرانی کورد هیچی لەوانەی پێش خۆی کەمتر نەکردوە ئەگەر زیاتری نەکردبێت. ئێستا بۆ ناشیرنکردنی هەدەپە، تاکە گەورە ڕێکخراوی کوردی لە باکورو بەشدار لە پڕۆسەی سیاسی لەو وڵاتەو تاکە حیزبی کوردی کە توانیبێتی بەربەستی ١٠٪ ی هەڵبژاردن ببڕێتو بەشدار بێت لە پەرلەمانی تورکیا، ئەوە هەموو هەوڵێکی خستۆتەگەڕ بۆ بەتاوانکار (criminalization) نیشاندانی هەدەپە. لەم حەفتەیەدا ئیدی دادگای تورکیا قەبوڵی تەماشاکردنی کەیسی داخستنی هەدەپەی داو لەوانەیە لە ماوەیەکی نزیک پارتەکە دابخەن.
هەر بۆ تاوانبارکردنو تۆمەتبارکردنی هەدەپە ڕۆژنامەکانی تورکیا، لەجیاتی بەرگریکردن لە ئازادی ڕادەربڕین، وەک دیموکراسخوازەکانی تورکیا هاتوون هەدەپە وەک پڕۆ-پەکەکە لەقەڵەم دەدەن نەک پڕۆ-کورد، ناوێک کە تەواوی میدیای دنیا تا ئێستا بەسەر هەدەپەیاندا بڕیوە. ئەم هەوڵە بۆ ئەوەیە کە ئەندامبوون لە هەدەپە وەک پەکەکە، کە لە تورکیا وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناسراوە، بکرێت بە تاوانو سزا بیانگرێتەوە.
بۆیە لە دەوڵەتێک کە دیموکراسخوازەکانیان پلانی تیرۆری دەستەجەمعی دابڕێژنو ڕۆژنامەنوسەکانیان حیزبی مەدەنی وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی ناوزەدبکەن ئەوە نەک هیچ فەزایەک بۆ سیاسەتکردن نیە بەڵکو قسەکردن لەسەر پێکەوەژیان لە وڵاتێکی وادا درۆیەکی گەورەیە.