د. شێرکۆ کرمانج
ھەندێک لە ئەکادیمی و توێژەرانی کوردستان تیرۆری خواناس دەبەستنەوە بە تەشەنەکردنی گەندەڵی، قووڵبوونەوەی ناعەدالەتی کۆمەڵایەتی، نایەکسانیی چینایەتیی، نەبوونی ئازادی و سەرکوت و زەبر و جەبری سیاسی، تا دەگاتە شکست یان خەمساردی حکومەتی ھەرێم لە گەیاندنی خزمەتگوزاری و وێرانبوونی کەرتی تەندروستی و پەروەردە لە ھەرێم لەگەڵ چەندین ھۆکاری دیکە کە دوو حیزبە سەرەکییەکەی کوردستان، پارتی و یەکێتیی لەلایەک و حکومەتە ھاوبەشەکەیان لەلایەکی دیکە، بەرپرسی یەکەمن لە خولقاندی ئەم ھەموو داڕمان و وێرانکاری و تەنگژەییە. ھەندێکی دیکە کوشتنی خواناس دەگێڕنەوە بۆ ئاوسانی بارودۆخی ئابوری و زیادبوونی ڕێژەی گەنجان و دەرچووانی زانکۆکان و بێکاریی. ھەندێکیش توندوتیژیی و کوشتنەکان دەدەنە پاڵ ئەو ژینگە کۆمەڵاتییەی کە سۆشیال میدیا دروستی کردووە، لەوانە لێنەپێچینەوە لەو بەڕەڵاییەی کە لەنێو کۆمەڵگەی ئێمە ھەن تا دەگاتە نەمان و بێنرخبوونی بەھا کۆمەڵاییەتی و دینییەکان.
من پێموایە ڕاستە ئەمانە ھەمووی پاڵنەری دروستبوونی توندوتیژین لەگەڵ شڵۆقیی و نائارامی سیاسی، ھاوکات، تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵایەتی و خێزانیی. لەمانەش ترسناکتر ئەم ھۆکارانەی ئاماژەیان پێکرا بەدڵنیاییەوە ئەگەری شەڕ و ململانێ و پێکدادان دێنەگۆڕێهاوکات لە ژینگەیەکی وادا بیری توندڕەویی گەشەدەکات، جا چ بیری دینیی-سەلەفی-ئیسلامیی-سیاسیی تورندڕەو (ئەوەی ئێستا لە دنیای ئیسلام دەبینرێت) بێت، یان چەپی توندڕەو (ئەوەی لە شەستەکان و هەشتاکان لە زۆربەی وڵاتان دەبینرا) بێت یان ڕاستی توندڕەو (ئەوەی ئێستا لە ئەوڕوپا دەبینێرێت) بێت.
بەڵام، ئینگلیز گۆتەنی بەڵامێکی گەورە، ھۆکاری پشت تیرۆرکردنی خواناس ناکرێت ببەسترێتەوە بەو پاڵنەرە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیانە بەڵکو من پێموایە ھۆکاری سەرەکی پشت تیرۆرکردنی خواناس ئەو گوتارە دینییەیە کە ھەندێک مەلا (نەک ھەموو مەلایەک)، بەتایبەتی ھەندێک لە سەلەفییەکان، لەگەڵ ھەندێک حیزب و لایەنی ئیسلامی سیاسی برەوی پێدەدەن. گوتارێک کە خۆی لە حەڵاڵکردنی خوێنی جیاوازەکان، نەیارەکان، دەبینێتەوە. جا جیاوازەکە ھاودین بێت، بێدین بێت، یان لە دینێکی دیکە بێت. کێشە لە گوتاری ئەو جۆرە کەسانە ئەوەیە کە خۆی موقەدەس و دینەکەی موقەدەس و کتێبەکەی موقەدەس و کەسایەتییەکانی موقەدەس دەکات. ھاوکات، ئەوانی وەک ئەو نەک وەک خۆی نابینێت بەڵکو بیست تەبەقە لەژێر خۆیەوە دایدەنێت. گوتارێک ئەوانی دیکە، کە وەک ئەو بیرناکەنەوە و وەک ئەو خواپەرستی ناکەن، یان ھەر خواناپەرستن بە لەڕێ لادەر و مورتەد و کافر و مولحید و زەندیق و گومڕاو و دژەخوا و دژەئیسلام دەبینێت. گوتارێک کە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ (ئەوان دەڵێن کوا ئێمە بە خەڵکمان گوتووە بڕۆن بکوژن، بڕۆ بکوژن پێویست ناکات بە فەرمان بێت بەڵکو بە دروستکردنی ئەو تێگەیشتنەیە کە ڕەوایی بە کوشتن دەدات) خوێنی ئەوانە حەڵاڵ دەکات دەکات کە دین دەگۆڕن، یان بێدینن، یان ڕەخنە دەگرن. گوتارێک کە دیوار لە پێش ڕەخنە دروست دەکات، ڕەخنە دەکاتە سوکایەتیکردن بە موقەدەس، ڕەخنە دەکاتە ھەڵگەڕانەوە لە خوا و پێغەمبەر و دین.
ئەگەر ئەو ھۆکارانەی کە ھاوڕێ ئەکادیمییەکانم باسی دەکەن لەپشت تیرۆر بوونایە دەبوو ئەو خەڵکە بێزارە ئەوانە تیرۆر بکەن کە بەرپرسن لە خولقاندنی ئەو دۆخە خراپە، ئەم ژینگە ناعادیلانەیە. کەچی نەک ئەوە نابینرێت بەڵکو پێچەوانەکەی دەبینرێت. لە ھەولێر لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ئەوەندەی کوڕە مەسئول و چەکدارانی دەسەڵات، کە لە ھەولێری ئەڵماس و ئاڵتونی دادەنیشن، کە لە تێری قرپیان دێتەوە، خەڵکیان لەسەر جادە لەسەر فلاشێک کوشتووە ھەژارێک بێکارێک، کە لە مامزاوە و قەتەوەی و دارەتو و بنەسڵاوە دادەنیشێ، خەڵکیان نەکوشتووە. ئەگەر خەڵکی ناوچە ھەژارنشینەکان خوشکی خۆشیان لەسەر شەرەف بکوژن ئەوە دیسان بەرھەمی ناعەدالەتی کۆمەڵایەتیی نیە، بەڵکو بەرھەمی ئەو گوتارە دینیی-سەلەفیی-ئیسلامیی-سیاسییەیە کە خۆشەویستی حەرام دەکات، پێکەوەبوونی کچ و کوڕ تاواندەکات، کریمینەڵایزدەکات.
ئاخر ناکرێت حکومەت بەرپرس بێت لە توندوتیژی و کەسی بکوژ بچێت بەستەزمانێکی وەک خواناس بکوژی. لۆجیکی ئەمە لە کوێیە. ئاخر ناکرێت من کێشەم لەگەڵ ناعەدالەتی و ھەژاری و بێکارەبایی و بێئاوی ھەبێت کەچی بچم خواناسی شانۆکار تیرۆر بکەم. کوا لۆجیک لێرە.
ئەو تیورانەی، ئەو ھۆکارانەی ئەو توێژەر و ئەکادیمیانە باسی دەکەن خوێندنەوەی بۆ ئەوە پێناکرێت کە موھەندیسێک کە نە کێشەی ئاو و کارەبای ھەیە، نە موچە و نە خزمەتگوزاری کەچی لە ئەوڕوپاوە دێت لە سوریا دەبێتە داعیش. ئەم ھۆکارانەی ئەو توێژەرانە باسی دەکەن خوێندنەوەی ئەوەی پێناکرێت کە ھێرش لە چەمچەماڵ دێت لەبەر ھەندێک قسەی ڕەخنەگرانە یان گۆڕینی دین خواناس تیرۆر دەکات.
ئەو ھۆکارەی، تیورەی، پاڵنەرەی خوێندنەوەی کوشتنی خواناس دەکات ھەمان ئەو تیور و ھۆکار و پاڵنەرەیە کە خوێندنەوەی بۆ کوشتنی جەمال عیرفان و عەبدولخالیق مەعروف کرد کە گوتارێکی دینیی-سەلەفی-ئیسلامی-سیاسییە. گوتارێک کە دژی جیاوازییەکانە، گوتارێک کە ڕای جیاواز قەبوڵ ناکات، ڕەخنە لە دین وەک سوکایەتی دەبینێت، دینگۆڕین وەک کوفر و ھەڵگەڕانەوە دەبینێت.
تا جورئەت نەکەین پەنجە لەسەر برینەکان دانەنێین ناتوانین چارەسەری کێشە و گرفت و دیاردە و پرسەکانمان بکەین.