د. شێرکۆ کرمانج
نابێت وابڕۆین
نابێت سەما بکەین
نابێت نان بخۆین
نابێت ئاو بخۆین
نابێت، نابێت، نابێت
بۆ؟
ئاخر ئەوە عورفی کۆمەڵگەیە
ئاخر ئەوە دینی زۆرینەیە
ئاخر ئەوە شکاندنی پیرۆزییەکانە
ھاوڕێیان زۆرم پێ سەیرە کە کەسانێک ئەم ڕایانەیان ھەبێت و ئەم سنورانە بەناوی عورف و داب و نەریت و پیرۆزی بسەپێنن. ئاخر مەگەر نازانن داب و نەریت و عورف نە پیرۆزن نە نەگۆڕ. مەگەر ئەوانە نازانن کە:
یەکەم، عورفی هیچ کۆمەڵگەیەک نەگۆڕ نیە، عورفەکان دروستکراوی کۆمەڵایەتین، واتە عورف لە پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتی دروستدەکرێن، دین و کەلتور، خێزانو حکومەت، میدیاو ڕۆشنبیر، عورفەکان دروستدەکەنو دەشیانگۆڕن... بۆیە ئەو دیدەی کە عورفی کۆمەڵگە نابێت دەستکاری بکرێت یان بڤەیە و نابێت قسەی لەسەر بکرێت جگە لە دیکتاتۆریەتی زۆرینە ھیچی دیکە نیە. ئەو قسەیەی کە دەڵێت ئەمە عورفە، یان ئەمە پیرۆزە ڕێک دەچێتە خانەی بەنەگۆڕکردن و تا ئەزەل هێشتنەوەی ئەو عورفەی کە تۆ باوەڕت پێیەتی. ئاخر مەگەر ھەر نازانی کە ئەوەی تۆ ئەمڕۆ بە عورفی خۆتی دادەنێیت دوێنێ قەدەغە بوو یان عورف نەبوو.
دووەم، ھەندێک دەڵێن ئەوە داب و نەریت و عورفی زۆرینەیە، تەنانەت ھەندێک دیموکراسی وەک پاساو دێننەوە بۆ ڕەواییدان بە ڕاکەی خۆیان، گوایە ڕای زۆرینەیە. باشە ئەوانە ناپرسن ئەوە چ دیموکراسییەکە کە ڕێگە لە خەڵک بگرێت چ جۆرە جلێک لەبەر بکەن، یان سەما بکەن. مرۆڤ چۆن ئازادە کە نیقاب لەبەر بکات، دەبێت ئاواش ئازاد بێت کە پانتۆڵ و تی شێرتی کورت لەبەر بکات. ئاخر ئەوە چ دیموکراسییەکە کە لەسەر بنەمای زۆرینەو کەمینە دامەزراوە، ئەمە دیکتاتۆریەتە نەک دیموکراسی. دیموکراستی دەبێت مافی هەموو تاکەکان زامن بکات. زۆرینەو کەمینە بەس بۆ دیاریکردنی ئەو حیزبەیە کە حوکم دەکات نەک سەپاندنی دیدی گروپی زۆرینە بەسەر کەمینە. باشە ئەوانە قەبوڵیانە سبەی بێ دینەکان بێنە سەر حوکمو نوێژ لە ئیمانداران بەناوی زۆرینە قەدەغەبکەن... تکایە بەو تەسکییە دیموکراسی مەبینن... ئاخر کورد لە عێراق کەمینەیە دەکرێت عەرەب یان شیعە حەزو دیدی خۆیان بەسەر کورد بسەپێنن بەس لەبەر ئەوەی زۆرینەن. لەوەش گرنگتر، من بۆ دەبێت ڕێز لە نەریتو دابی تۆ بگرم، تۆ نەریتو دابی خۆت پەیڕەو بکەو منیش هی خۆم... ئیدی ئەم ڕێزگرتنو پیرۆزییەی بۆ چیە.... یەکێک سەما دەکاو یەکێک نوێژ، ھەر کەس بە ڕێی خۆی.