سەدام حوسەین، ستایش یان نوسینەوەی مێژوو

عەبدولرەزاق شەریف
بەشی چوارەم :

زەبروزەنگی بەعس، بۆ پاراستنی حیزب وحکومەتەکەی لە مێژوی مرۆڤایەتیدا، کەم وێنە بوە، لای ئەوان کەسانی بێلایەن و نەیار و دوژمن لە عێراقی و غەیرە عێراقی وەک یەک تەماشا ئەکران ، ئیرهاب و ئەشکەنجەی بەعس وەک ئەوترا بە یەکسانی بەسەر هەمواندا، جێبەجێ و دابەشکرابو. بۆ ناسینەوەی ئەوانەش کە لەگەڵیاندا نین، هەمو سەروەری و شکۆی دەوڵەت و حیزب و حکومەتیان لە شەخسی یەکەمدا کۆکردبۆوە، کە سەدام حسەین بو .

لە گفتوگۆکانی ساڵی نەوەدویەکدا، دوای چەندجارێک هاموشۆی وەفدەکان بۆیەکەمجار مام جەلال بە ئۆتۆمێل لە کەرکوک بۆ بەغدا بەڕێ ئەکەوێت، تاریق عەزیز یاوەری مام جەلال ئەکات و لە پشتەوەی ئۆتۆمبێلەکە، هەر لەڕێگە ئەکەونە گفتوگۆ :

- ئەبو شەلال ئێوە چۆن دڵتان لە ئێمە پاک ئەبێتەوە لەکاتێکدا ئەو هەمو کەسەمان لێکوشتون و ئەو هەمو ئازارەمان داون .

مام جەلال بەیەک دێڕ و ئەڵێت ( ئێستا تەعریب و تەرحیل و تەبعیس لە کەرکوک و شەنگال وخانەقین رابگرن ئێمە بە پاکی ئەکەوینە گفتوگۆ لەگەڵتان )بەدوایدا مام جەلال هەمان پرسیاری پێچەوانە لە تاریق عەزیز ئەکات.

- ئێمە کێین ؟ عێراق و حیزب و حکومەت تەنیا و تەنیا سەدام حسێنە ! مەدحی بکەن و جنێوی پێ مەدەن هیچ لە دڵمانا نامێنێ و رێک ئەکەوین .

تاریق عەزیز بەو وەڵامە گرەنتی سەرکەوتنی گفتوگۆ بە مام جەلال ئەدات . 

ئەم حیکایەتە، مام جەلال لەکاتی گفتوگۆکاندا، دوای زنجیرەیەک وتاری توندی ئیزگەی دەنگی گەلی کوردستان لەسەر سەدام حسەین لە کۆبونەوەیەکیدا لەگەڵ ستافی ئیزگەکەمان گێڕایەوە ، مەبەستەکەشی رون بو !

لای دامودەزگا ئەمنیەکانی بەعس تەنیا سەدام حوسەین خەتی سور بو، ئێمەی گەنج و لاوانی ئەو سەروەختەش لەکاتی نارەزایی و موزاهەرەکاندا، خودی سەدام حسەینمان ئەکردە ئامانج .

- بژی هێزی پێشمەرگە، سەدام نزیکی مەرگە ...

ئەمە دروشمی سەرەکی خۆپیشاندانەکانی ( ساڵی هەشتاودو ) بو . 

ئەو ساڵانە عێراق لە جەنگێکی خوێناوی هەزار کیلۆمەتری سنوردا و سەدامیش لەوپەڕی هەژمونی دەسەڵاتیدا بو، کاتێ موزاهەرەی خوێندکارانی کەرکوک، هەولێر و سلێمانی، قەزا و ناحیەکان، گەیشتە شەقام و کۆڵان و مزگەوتەکان، ئێمەومانان شایەتی زیندوی ئەو روداوانەین و لەناویدا، بوین .

کەمنەبون ئەو مەکتەب و ئۆتۆمبێل و تەختەی قوتابخانە و وێنانەی سەدام حوسەین، دەسوتان و لەژێر پێی خوێندکارانا ئەبونە خۆڵەمێش ، داواکاریەکانیشمان پیشەیی نەبون، بەڵکو بۆ روخاندن و سەری بەعسیەکان و خودی سەدام حسەین بو !!! 

لەو سەروەختەدا، لە خەستەخانەی فریاکەوتنی شار و لەلای هاوڕێم ( عەلی ئەمین ساڵح ) یەکێ لە بریندارە سەختەکانی سەرەتای خۆپیشاندانەکان ( لەژیاندا ماوە )، بە مەبەستی پاراستنی مابومەوە، لەهەمو ئەو ماوەیەدا، سێ برینداری گولەیان هێنا،  شانازی عوسمانی حەمەی نادر، جوانەی حەمە ساڵحی قڕگەیی و رەفیق چاوشین کە بەداخەوە دواتر شەهید بو .

کەسوکار و هەندێجار ئێواران رێکخستنەکان و چالاکوانی خۆپیشاندانەکانیش سەردانیان ئەکردین وتا درەنگانی شەو کۆڕ و کۆبونەوە بۆ باسوخواسی بەردەوامی خۆپیشاندانەکان لەناو خەستەخانە ولەگەڵ دکتۆر و کارمەندەکانی تەندروستیش گەرموگوڕ بو .

لەکاتێکدا دەسەڵاتدارانی بەعس ئەیانزانی بریندارەکان لە خەستەخانە تیمار ئەکرێن بەڵام هەڵکوتانە سەر خەستەخانە روینەدا،  بەتایبەت لە پارێزگای سلێمانی ئەیانزانی چۆن تەعامول لەگەڵ خەڵکەکەی بکەن و یارییان بە ئاگری نارەزایەتیەکانی خەڵک نەئەکرد ، هەر زوش ئەو گەنجانەی بەهۆی مزاهەرەکانەوە دەستگیر کرابون ئازادکران .

10/01/2022



وتارەکانی تری نوسەر