لە "ماوەت" ترشی رنیبوو ؟

عەبدولرەزاق شەریف
تراژیدیا، هەمیشە بەکۆمیدیا بارگاویە! شاری سلێمانی و خەڵکەکەی لەگەڵ ئەوچەمکی پێکەنین و گریانە ئاوێتە بون! نوکتە و قسەی خۆشی تازێ و مزگەوت دەماودەم لەناو کۆڕ و مەجلیسا باسدەکرێن، زۆرن ئەو روداوە کۆمیدی و قسە تەنزانەی لەگەڵ مێژوی کارەساتەکاندا، تەدوین کراون، دوا کارەساتیش بەدەر نەبو لەم گاڵتەجاڕیە کە پێویستە لەگەڵ مەراقەکەدا، لەگەڵ خەم و رەشپۆشی سلێمانی و هەمو کوردستانا بنوسرێتەوە .


-پێشکەشکاری بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی بە دڵێکی غەمگینەوە بە شۆفێری شۆفڵەکە دەڵێت :

-ئەو مناڵانەی بە مردوویی دەرتانهێنان پێش ئەوەی غازەکە بتەقێتەوە خەریکی چی بوون؟

+خۆ من لەگەڵیانا نەبوم !

ئەم وەڵامە پرسیارێکی کۆنی پەیامنێرێکی تەلەفزیۆنەکەی بیرهێنامەوە کە تایبەت بە تراژیدیای ئەنفال ژنە گەرمیانیەکی ئەدوان و لێی پرسی :

-کە جاشەکان هاتنە سەر گوندەکەتان چیان دزی لە مەڕوماڵات؟

+ئەی خۆو لەیلیان نەویی !

تومەز پەیامنێرەکە کۆنە جاش بوو، پیرەژن ناسیبویەوە و بەو شێوەیە وەڵامی دایەوە، ئینجا چونکە کارمەندانی بەرنامەکە لە فۆنەتێکی گەرمیانی شارەزا نەبون، وەک خۆی و بەبێ مۆنتاج پەخش و بڵاوکرایەوە .

مەسرور بارزانی بەمەبەستی سەرەخۆشی و هاوخەمی دەربڕین تەلەفۆن بۆ خاوەن تازێی ئەو کارەساتە گەورەیە دەکات و دەڵێت :

-بەڵێ ! بەڵێ

+ئێمە فەرعێکین لە فەرعەکانی (خەریکە ئەڵێت عەقاری)، بنەماڵەی بارزانی !

خاوەن تازێ دەبێتە مەسرور و خاوەن پەیامی پرسەکە ئەبێت بە شێخی سیرێ .

نێچیرڤان بارزانی وەک خەڵکی سلێمانی پەیام دەنێرێ و بە بیستوچوار سەیارەی درع و فەوجێکی حیمایەی تایبەتەوە خۆی دەکات بەشاردا، کەچی وەهاب هەڵەبجەیی بەیاننامە دەردەکات و دەڵێت :

-لەئاسمان و زەمینەوە گیانی سەرۆکی هەرێمم لە شاری سلێمانی پاراست !!

خواهەڵناگرێ لەپەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا، سەرۆکی دژە تیرۆر وتبوی :

-بەڵکو بەهۆی ئەو بەیاننامەیەوە فەرمانی گرتنەکەم هەڵبوەشێتەوە !

باڤڵ تاڵەبانی چونکە هەموو خەیاڵ و خەوی لای پارەیە لەیەکەم کاردانەوەی کارەساتەکەدا وتی :

-خانوە ڕماوەکە بەجوانترین شێوە بۆ مردوەکان دروستدەکەمەوە، ژماردنی پارەی ئۆتۆمبێل و پەنجەرە شکاوەکانیش لەسەر خۆم !

ئینجا ئەمەش نوکتەیەکی کارەساتێکی کۆنی وەبیرهێنامەوە ...

ساڵی دووهەزار و حەوت جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم یەکێتی بوو . کارەساتێک رووی لە خانەقین کردبوو، رۆژنامەی کوردستانی نوێ بەمانشێتێکی گەورە نوسیبوی :

"عومەر فەتاح یەک ملیۆن دۆلاری بە خانەقین بەخشی"

عومەری سەید عەلی ئەو رۆژە لەکۆبونەوەی مەکتەبی سیاسیدا، داوایکرد رۆژنامەکە بخەمە سەرمێزی کۆبونەوەکە و بەردەستی خۆی، من بێ تێگەیشتن لەمەبەستی و لەسەرەتای کۆبونەوەکە بۆم دانا، رووی لەئازاد جوندیانی (بەرپرسی راگەیاندن) وتی :

-کاکە ئەم مانشێتە چیە؟ تۆ نوسیوتە؟ راگەیاندن وایە؟

+بەڵێ کاک سەید عومەر وایە، بەرێز کاک عومەر فەتاح ئەوە خۆی لێرەیە یەک ملیۆن دۆلاری بە خانەقین بەخشیووە .

-کاک عومەر فەتاح ملیۆنێ دۆلاری لەکوێ بوو ؟ لەماوەت ترشی رنیبوو .!

دواجار ئەم قسەیەی سەید عومەر بوبە ئیدیۆم هەر کەس پیاوەتی بەپارەی حیزب و حکومەتەوە بکردایە ئەمانوت (بۆ لەماوەت ترشی رنیبوو) .

هەڤاڵ ئەبو بەکر لەسەرەتای کارەساتەکەوە (هەڤاڵ تازێی هەیە و ئەمڕۆ باوکی مردووە، با نوکتەکانی هەڵگرین بۆ خەڵکیتر بیگێڕنەوە) جارێ سەرەخۆشی لێدەکەم .

20/11/2022



وتارەکانی تری نوسەر