" لوتکەی ناپاکی "

عەبدولرەزاق شەریف

مانگی پێشوو، سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگرەکەی لەگەرمەی گفتوگۆی رێکەوتن و کاری پێکەوەییدا بون پارتی تاکلایەنە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی درێژکردەوە و یەکێتیەکانی توشی شوک کرد !

ئەمڕۆش پارتی و یەکێتی لەگەرمەی کۆبونەوە و گفتوگۆی یەکریزیدا بون، پارتی تاکلایەنە پەرلەمانی کوردستانی هەڵوەشاندەوە و یەکێتیەکانی توشی شۆک کردەوە !

هەردوو کۆبونەوەکە دوای دابڕان و زویر بون و تەخوینی یەکتری دەستیپێکرد و هەردوو کۆبونەوەکەش بەلێدانی (دوا مست)، ئەوەی لەئەدەبیاتی گفتوگۆ و دانوسانی سیاسیدا پێی دەڵێن دواتیری کەوان کۆتاییان هات .

پانزەی ئۆکتۆبەری دوای ریفراندۆم پارتی و یەکێتی لەهاوینە هەواری دوکان پێکەوە لەکۆبونەوەدا بوون و پێکیشەوە بەیاننامەیەکی هاوبەشی پێنج خاڵیان راگەیاند.

ئەوجارەیان ماڵی مامجەلال بەرێکەوتنێکی ژێربەژێر مستێکیان لەپارتی سرەواند . لەوکاتەیا پەیوەندیم بەدۆستێکی دێرینی خۆمەوە لەنوسینگەی نوری مالکی کرد چونکە پێشتر زانیاری نێوەندگیری مالکی بۆ رێکەوتن لەگەڵ ماڵی مامجەلال بڵاوکرابۆوە .
- ئەو رێکەوتنەی یەکێتی چۆنە ؟ 

+ یەکێتی هەنگاوێ هاتە پێشەوە بەدوایدا پارتی بەسەد هەنگاو پێشیان کەوت !

لای هاوڕێکانم ئەوسا و ئێستاش و لەنوسینەکانیشما باسی ئەم کێبڕکێیەی پارتی و یەکێتیم بۆ تەسلیمبون کردوە .

دیارە کێبڕکێ و مونافەسە بۆ خوڵامبون و نۆکەریکردن و تەنانەت بەجاشبونی بێگانە و حکومداریەکانی ناوچەکە لەلایەن دەسەڵاتی هۆز و بنەماڵە حوکمدارەکانی کوردەوە، لەمێژودا دیاردەیەکی کۆنە، شەڕی براکان و ئامۆزاکانیش لەناوخۆ و دەرەوەی ئیماراتەکان و هانا بردن بۆ دوژمنەکانیش، هەر میراتێکی کۆنی کوردەواریە بەڵام ئەمجارەیان لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەو پەرلەمانە تاقانەیەی مێژوی کورد، کە ئەمانەی ئێستا ئەندازیار و سەبەبکاری وێرانکردنی بون و سیودوو ساڵە و لەزۆر وێستگەی ژیانیدا ( وەستاوە، داخراوە، چۆتە مەیدانی حەیوانان، دەبابەی بەعسی بۆ هاتوە، دواکەوتوە و سەرۆکی دەرکراوە ) بەڵام بەرگەی هەموو ئەو پیلانانەی گرت و بەپێوە مابۆوە ! پێمان وابو وێڕای جینایەت وخیانەت، بناغەکەی ئێسکوپروسکی گۆڕەبەکۆمەڵەکانمانە و هەر دەمێنێ !

ئەمجارەیان خۆیان نا ! ئێمەیان توشی شۆک کرد، گوێرادێڕن بۆ " سەبەبکاران و هەرزەکانی وەکیلی شاری خامۆشان "

پ د ک :  پەرلەمانی هەرێمی کوردستانمان هەڵوەشاندەوە .

ی ن ک :  ئێمە پێشتر و بەئیمزای سەرۆکی پەرلەمان لەرۆژی کۆتایی مانگی رابردوو هەڵمانوەشاندەوە .

ب گ :  دەبوایە هەرسێکمان پێکەوە هەڵمانبوەشاندایەتەوە .

هەڵوێستێکە، هەتا کوردێک مابێت ئەبێت وەک لوتکەی بەدرەوشتی وناپاکی نوێنەرایەتی گەل، لەمێژودا تۆماری بکات !

27/06/2023



وتارەکانی تری نوسەر