(ی ن ک لە دادگا)

عەبدولرەزاق شەریف
جارێکیتر و لە ستونێکدا، نوسیبوم کە خۆشحاڵ نیم بەو روخان و پاشاگەردانییەی یەکێتی، وەک چۆن باخەوانێک دوای چەندساڵ خزمەتی باخچەیەک ئەکات، کەلێی دور ئەکەوێتە، بە ناخزمەتی و ناشرینی دارودرەختەکانی خۆشحاڵنیە .

لەم نوسینەشدا، شوێنی ئەوەنیە کای کۆنی مەڵۆی ساڵانی پێشو بەبا بکەمەوە، ناکرێ نەشیڵێم کە ساڵی دوهەزاروحەوت  لەرۆژنامەی ئاوێنەدا، لە وتارێکدا نوسیم ( پێویستە هەمو مومتەلەکاتی یەکێتی و سەرچاوەی داهات و پارەکانی بزانرێت و بەئامادەبونی هەموان تەسلیمی لیژنەیەکی سەرۆکایەتی بکرێت ) .

دوای دوساڵ و لەکۆنگرەی سێ، بەئامادەبونی خۆی باسی مەرگی حەتمی مامجەلال و پاشاگەردانی دوای مردنی سکرتێری گشتیم کرد و هەمان پێشنیازم وتەوە .

مەکتەبی سیاسی و کارگێڕ، لەجیاتی کارکردن بە پێشنیازەکانی ئێمە، غەزەبیان بەسەردا باراندین و تۆمەتی گۆڕان بونیان خستە پاڵمان و دورکەوتینەوە .!

دوای چەند ساڵێک و لەناو بزوتنەوەی گۆڕانیشدا، کاتێ هەمان باسی موڵکوماڵی بزوتنەوەکەمان بەنوسین و قسەی کۆبونەوەی جڤات کردەوە، تۆمەتی یەکێتی بونیان خستە پاڵمان و دورکەوتینەوە .

چاوچنۆکی و تەماحی پارە و دەسەڵاتی ماڵباتی نەوشیروان مستەفا بە پشتیوانی رێکخەر و خانەکەیان، بزوتنەوە و بیری نەوشیروان مستەفای بۆ هەتا هەتایە ناشت .

بەهەمان شێوە ماڵباتی تاڵەبانی بە پشتیوانی مەکتەبی سیاسی و جێگرەکانی سکرتێر، یەکێتییان روخاند و بەم حاڵەی ئێستای گەیشت .
بزوتنەوەی گۆڕان سەرێکی گەورەی بێ جەستە بو !  یەکێتی نیشتیمانیش جەستەیەکی گەورەی بێ سەر ! بۆیە یەکەمیان کۆتایی هات و دوەمیان پاشماوەیەکی بەهێزی پەرتەوازە لە لەشکر و ئۆرگان و کادری سەر شەقامەکانی لەپاش خۆی جێهێشتوە .

ئەوەی ئێستا لەدادگایە باڤڵ و پەیڕەوی کۆنگرەی یەکێتی نیە ! ( هەروەک چۆن سبەینێش گەر دادگایی بزوتنەوەی گۆڕان بکرێت کوڕی نەوشیروان مستەفا و دەستورەکەی نادرێن بە دادگا ) بەڵکو ئەوەی لە دادگای عێراقیدایە شکۆ و کەرامەتی کورد و مێژوی شۆڕش و شەهید و قوربانییەکانێتی ..!

بۆ گەڕاندنەوەی شکۆی کاری حیزبی، سیاسی و رێکخراوەیی، بۆ ئاسودەبونی ویژدان و خوێنی قوربانییەکانی ئەو مێژوە گەر بەڵێن بێت داد و داوەری بکرێت !  بەندەکانی دەستوری و یاسای عێراق و هەرێمی کوردستانمان پێویست نیە ! دروست ئەوەیە ( شۆڕشی نوێ ) بە بڕیارەکانی، پەیڕەوپڕۆگرام و گشت سەرکردە زیندو و مردوەکانیەوە لە ویژدانی گەلەکەماندا، دادگایی بکرێن . 

ئەو خۆڵەکەوەیەش ئەنجامی گەندەڵی و فەسادی حوکمڕانیەکەیانە، خۆیان کردویانە بەسەری خۆیاندا .

11/07/2022



وتارەکانی تری نوسەر