چی ئاڕاستەکەی گۆڕیوە؟

ساماڵ مانیی

 بەم نموونەیە دەمەوێت بڵیم ئەرک و لێپرسراویەتی بەرامبەر بە ژن تەنها لە ڕێژە و ژمارە و داتا و بەرزی نیە.
 
هیوادارم زۆر بن ئەو ژنانەی کە دەتوانن لە پیشەکەیاندا ئیش بۆ ژن بکەن، لەهەر کوێیەکدا کە دەزانن خۆیان یان دەزگاکەیان کەمتەرخەم بوون بەرامبەر بە ژنێک، بە کردەوە و دەستبەجێ هەڵەکە ڕاست بکەنەوە.

ئەم ڕاپۆرتە کورتە کە لێرە دای ئەنێم نموونەی یەکێک لەو کارانەیە.

بەر لەوەی سەیری ڕاپۆرتەکە بکەن، دەمەوێت ئەمانە بزانن:

ئەم خانمەی کە ئەم ڕاپۆرتەی دروستکردوە، هەفتەیەک پێش ئێستا، وێنەیەکی نەبینراوی منیان بۆ ناردبوو کە من لە سۆشیال میدیای خۆمدا بڵاوم کردەوە و سێ بەڕێزیتری تیا بوون وێنەکە، ناوی سیانەکەیتریان بۆ نووسیبوو بەڵێ‌م ناوی منیان بە ئەنقەست بووبێت یان لە نەزانین بۆ  نەنووسیبوو. 

 
ئەمیش وەکو دەیان دەزگای میدیایی و میدیاکاری هاوپیشەی لە ژن وپیاو بە بێ ناوی من وێنەکەیان بڵاوکردبۆوە، ئەم وای زانیبوو کە پێشمەرگە ژنەکە (من) نەناسراوە بۆیە  وا بە بێ ناو بەو جۆرە بۆ دەیان میدیا هاتووە بۆ بڵاوکردنەوە.

 من بە پۆستێکی سۆشیال میدیا ڕەخنەم لە هەموو ئەو میدیایانەی ئەوان گرت بە گشتی و وتم  ئەوە بێڕیزی کردنە بەرامبەر بە من. 
ئەوانیتر  کاردانەوەیان هەبوو بەڵام بەس ناوەکەیان لەسەر وێنەکە ئیزافە کردم  بۆ ئەوەی خۆیان بپارێزن لە کێشە پاش هاتنەدەنگی من لەسەر 'بێ ناو' کردنی من. 

بەڵام، تەنها ئەم خانمە  لەناو سەدان میدیاکاریان دا وەکو ژنێکی ڕاستگۆ بەرامبەر بە پرنسیپی یەکسانیی ژن/ جێندەریی تێگەیشت لەوەی ئەوە نەشیاو و ناحەقی بوو بەرامبەرم و ئازاربەخشە بۆ ژنێک لە ئاستی ئیشکردنی مندا بۆ  رۆشنبیریی و بۆ کورد و بۆ ژن، بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو ناحەقییە بەرامبەرم، ئەم ڕاپۆرتەی  ئامادەکرد بۆ ڕۆژی ژن کە لە خوارەوە دای دەنێم ، بە مەبەستی ناساندنی من بە خۆی و ئەو هەموو میدیاکارە هاوکارەکانی و ئەوانەی لەناو هەمان بازنەی میدیایدا ئیش دەکەن و کردی بە دیاریی لە ڕۆژی ژن دا.

من ئەو دەیان میدیاکارانەیتریشم بەم خانمە و کردارەکەی بەخشی، هیوادارم ئەم کردارە بەهەند بگرن و یەک-دوو پۆینتی گرنگی لێوەربگرن:

یەکەم:  ئێستا ژنمان زۆرە لەناو هەموو جومگەکانی کۆمەڵەگەدا، ئەو بیانووە کاڵبۆتەوە گوایە ئەگەر ژنمان زۆر هەبوایە لەناو  دەزگا و جومگەکانی کۆمەڵگەدا حاڵی هەموو ژن باشتر دەبوو. 

دەبێت بزانن کە هەموو ژنێک خاوەن توانایە و زیرەکە، بەڵام کەوتۆتە سەر ئەوەی توانایی و زیرەکیەکەی خستۆتە خزمەتی چیەوە؟ 

دووەم: هەر ژنێک لە هەر  دەزگا و وەزیفەیەکدا  هەبێت و ئیشبکات، کاتێک دەبینێت بە ئەنقەست بێت یان بە هەڵە ناحەقی دەکرێت بەرامبەر بە ژنێکیتر لەو دەزگا و پیشەیەدا، ئەگەر  خۆی بە ڕاستیی  باوەڕی بە پرنسیپەکە هەبێت نەک تەنها بۆ پرۆپاگەندە و پۆستی بەرز  و خەڵات وەرگرتن پرنسیپەکە بەکاریبهێنێت، ئەگەر دڵسۆز و ڕاستگۆ بێت بەرامبەر بە 'پرنسیپی یەکسانیی ژن /جێندەریی' دەزانیت ئەرکیەتی دەستبەجێ هەوڵبدات  ئەو کەمتەرخەمی و هەڵەیە ڕاست بکاتەوە (بۆ نموونە وەکو ئەم خانمە هەڵەکە ڕاست بکاتەوە نەک تەنها ناوەکە ڕاست بکاتەوە بۆ خۆقوتار کردن لە کێشەی یاسایی).

سێیەم: لە هەر دەزگایەکدا ژنێکی لێبوو، بینیی ناحەقی بەرامبەر بە ژنێکیتر دەکرێت و هەوڵ نەدات ڕاستیی بکاتەوە،  ئەوا دڵنیا بە ئەو جۆرە ژنانە بەدوای 'پرنسیپی یەکسانیی ژن' کەوتوون تەنها بۆ دۆشینی پرنسیپەکە لە بەرژەوەندیی خۆیان و خێزان وکەسوکاریان و دەستوپێوەندیاندا و بەس. ئەمانەیان بە بەکارهێنانی پرنسیپەکە بۆ خۆیان باش توانیویانە پێگەی باشتر بقۆزنەوە و دەستکەوتی زیاتر بەدەستبهێنن لە بەرژەوەندیی خۆیاندا لەسەر حیسابی یاریکردن بە پرنسیپی 'یەکسانیی جێندەریی و یەکسانیی ژن؛ یارکردن بە ژیانی ژن. 
زۆر سوپاس خاتوو سەیران  شەریفی لە ڕادیۆی سلەیمانی (RSI 89.5( کە بوویت بە نموونەی ئەو ژنانەی کە بەڕاستیی باوەڕیان بە پرنسیپی 'یەکسانیی ژن هەیە و ئیش لە پرنسیپی یەکسانیی ژندا دەکەن و هەڵەکانی کە بەرامبەر بە ژن دەکرێت دەیبینین و بە کردەوە دەستبەجێ ڕاستیی دەکەنەوە.

٨ ی مارت/ ڕۆژی ژن  بەرز ڕاگرن و لە هەموو ڕۆژەکانی ساڵدا بە زیندوویی بهێڵنەوە.

 ئەڵبەت ڕاپۆرتەکە بێ لایەن نیە، چوونکە ئەمیان و هەموو ئەو میدیایانەی باسم کردوون میدیای حیزبیی بوون، کوردستان لەسەدا ٩٩ ی میدیاکان حیزبین گەرنەڵێم پێم وایە هەموویان حیزبین، بەڵام خۆ میدیای حیزبیش دەکرێت میدیایەک بێت بە ڕاستی باوەڕی بە یەکسانی ژن/جێندەریی هەبێت ومیدیایەکی باشتر بێت بەرامبەر بە ژن.

 ئەوەی باسم کرد لە کوردستان دا دیاردەیەکی گشتییە لە پێگە و ڕۆڵی ژن لە جومگەکانی کۆمەڵگەدا  و ئاڕاستەکراوە بۆ خۆدزینەوە لە ئەرک و لێپرسراویەتی ژن بەرامبەر بە ژن لە دوو دەیەی ڕابووردوودا، بە شێوەیەکی زەق لەبەر چاوو و دیارە و پێویستیی بە چاککردن و ڕاستکردنەوە هەیە. 

ئەڵبەت ئەو پۆینتانەی دەستنیشانم کردن لەسەرەوە پیاویش دەگرێتەوە و ئەوە بۆ پیاویش ڕاستە  و دەبێت بە ئەرکی خۆی بزانێت هەڵەکردن و کەمتەرخەمی بەرامبەر بە ژن راستبکاتەوە لە دەزگاکەیەدا، ئەگەر بەڕاستیی باوەڕی بە پرنسیپی یەکسانیی ژن هەبێت، بەڵام ویستم بە تایبەت تیشکەکە لەسەر ژن بێت ئەمجارە.

د.ساماڵ مانیی

11/03/2024



وتارەکانی تری نوسەر