شێوازی سەرکردایەتیکردنی سێکوچکەی تاریک (نارسیست، سایکۆپات، مەکیاڤیللی)

ئارام سەعید
بەشی چواردەهەم

دەرونناسان هەمیشە نیگەرانیەکیان هەیە کە ئەویش ئەوەیە چۆن سایکۆپات و نەرجسیەکان لەدەرەوەی پۆستە باڵاکانی دەسەڵات بن، چۆنکە کێشەیەکی گەورەی دەسەڵات ئەوەیە گەر سایکۆپاتێک بێت ئەوا هەموو ئاراستەکان بەخزمەتی خۆیدا دەبات، دەسەڵاتەکانی خراپ بەکاردەهێنێت وکارەسات دەنێتەوە بەتایبەتی لەو وڵاتانەی حوکمڕانی بە پشتاو پشت دەگوازرێتەوە نەک بەهەڵبژاردن چوارساڵ جارێک بگۆڕێت، هەرچەندە بۆسیستمی دیموکراسیش دەتوانن زیانی گەورە بگەیەنن....

لەدەرونزانیدا ئەوکاتەی باسی سێکوچکەی تاریک دەکرێت مەبەست لێی ئەوکەسانەن کە هەڵگری سیفاتی دڕندانەن کەئەوانیش سایکۆپات و نارسیست ومەکیاڤیللیە کەهەمیشە تێک ئالۆسکاون و یەکگرتون،واتە ئەگەر کەسێک هەڵگری سیفەتی سایکۆپاتی بێت ئەوا سیفەتی نارسیستی تێدایە لەگەڵ مەکیاڤیللی هەربۆیە پێکەوە باس دەکرێن چونکە سیفاتەکانیان زۆرلەیەک نزیکن.

زانایەکی دەرونناسی دەڵێت" ئەوکەسێتیانە وەک چۆن خەلوزێک بۆگەشانەوە پێویستی بە شنەبایەکە ئاوا حەزیان لەدەسەڵات وسەرکردایەتیکردنە، رۆبەرت هیر زانای دەرونناسی دەڵێت" ئەوان درندەی کۆمەڵایەتین، وەک هەموو ئاژەڵێکی دڕندە بۆشوێنێک دەگەڕێن ڕاوی تیابکەن، هەربۆیە دەسەڵات وپارە لەکوێ بێت ئەوان لەوێن”.

لەکارکردنی سیاسیاندا زۆر رقیان لەوەیە رەخنەیان لێدەگرێت هەربۆیە لە سەرکردایەتیکردندا پشت دەبەستن بە سەپاندنی دەسەڵات و دژایەتی و توڕەیی، چونکە خەمی سەرەکی ئەوان ئەوەیە سەرنجی ئەوانی تر رابکێشن بەلای خۆیاندا نەک گوێ لەوانی تر بگرن.
هەرچەندە لە هەڵسوکەوتیاندا لایەنی خراپ هەیە بەڵام لایەنی باشیشی تیدایە بۆنمونە توانای ئەوەیان هەیە وێنە گەورەکە ببینن پێش خەڵکی ئاسایی چونکە سۆزداری کاریان تێ ناکات ، ئەو بەهرەیان هەیە کەسەرنجی زۆری هەواداریان رابکێشن بەلای خۆیاندا چونکە توانایەکی باشیان هەیە لەگوتارداندا،هەندێک جار دەبنە کاریزما،چونکە سڵ ناکەنەوە لە درۆکردن لە گوتارەکانیاندا و دروستکردنی وەهم بۆ خەڵک ..

لایەنی خراپیشیان ئەوەیە ناتوانن لێبوردوو بن بەرامبەر رەخنە و هەندێک جار زۆر توند وەڵام دەدەنەوە، تەنها ئەو رەخنانە نەبێت کەخۆیان پێویستیانە بەکاری بهێنن، هەربۆیە زاناکان دەڵێن گوێگرێکی باش نین و ئەوەش وەک ئامرازێک بەکاردەهێنن بۆئەوەی گوێیان لە رەخنەکان نەبێت.

کۆپی بچوک لەخۆیان دروست دەکەن وبەکاریدەهێنن، یان ڤێرژنێکی تری خۆیان بۆ پاراستنیان بەکاردەهێنن. حەزدەکەن زۆربن ئەوانەی سەرکردایەتی دەکرێن. سەرکردەی نەرجسی کە بزنزمان دەبێت هەوڵ دەدات کۆمپانیا لە دوای کۆمپانیا دروست بکات کە سەرکردەی سیاسیش بێت بەهەمان شێوە هەوڵی فراوانبونی دەسەڵاتیان دەدەن.

سایکۆپاتەکان دەبنە گرفتی گەورە ئەوکاتەی سەرکردایەتی ئەکەن و دەبنە سەرۆک، دۆناڵد ترەمپ بەنمونە، لەمبارەیەوە ژمارەیەک لێکۆڵەری زانکۆی ئۆکسفۆرد هەڵسەنگاندنێکیان کرد لەسەر ترمپ و هێلاری کلنتۆنی رکابەری بۆ رێژەو ئاستی سایکۆپاتیان و لەئەنجامدا دەرکەوت ترمپ زیاتر سایکۆپاتە و نمرەی زیاتری هێناوە لە هێلاری کلنتۆن، کە تیایدا بەراوردیان کردون بەسەرکردە جیهانیەکانی بەسایکۆپات ناسراون ، بەگوێرەی ئەو لێکۆڵینەوەیە ترمپ ئاستی سیفاتە سایکۆپاتیەکانی لە هێتلەر بەرزتربوە ١٦٩و کەمێک کەمترە لە ژەنراڵ عیدی ئەمینی سۆماڵ ١٧٦و پادشا هێنری هەشتەم ١٧٨ نمرەکەی ترەمپ ١٧١. ناپلیۆن پۆناپارت ١٥٣، ونستن چەرچل ١٥٥، مارگرێت تاتشەر ١٣٦، سەدام حوسەین یەکێکە لەو کەسێتیانەی کە زۆرترین نمرەی هێناوە ١٨٩ یە.

وەک زۆربەی پسپۆڕانی تری دەرونیی ماری ترەمپ کە خۆشکەزای دۆنالد ترەمپەو خۆی پسپۆڕی دەرونیە پێی وایە کە سەرۆکی پێشوی ئەمریکا زۆر لەسیفاتەکانی دەرون شێواوی هەیە و گرفتی سەرەکی ئەوەیە نەرجسیەتی توندی هەیە و هەروەها هەموو سیفاتەکانی سایکۆپاتی تێدایە، کەدەچێتە خانەی ئەوانەی دژی کۆمەڵگان و دەکرێت بە سۆسیۆپات سەیربکرێت. ئەوەی کە سایکۆپاتەکان دەچنە دەسەڵاتەوە و سەردەکەون هۆکارەکەی ئەوەیە ئەوکەسانەی سۆزدارن و خەڵکی بەرپرسن حەزیان لە دەسەڵات و خۆسەپاندن نیە، حەزدەکەن خزمەت بکەن لەگەڵ هاوکارانیان کاربکەن وبمێننەوە، ئەوەش دەرفەتێکی باش دەدات بەو دڕندانە ئەو بۆشاییانە پڕبکەنەوە....

14/03/2022



وتارەکانی تری نوسەر