ژینگەی سلێمانی لەبەردەم گەورەترین هەڕەشەی پیسبوون دایە

ئارام سەعید
بەداخەوە بەهۆی کەمتەرخەمی لایەنە پەیوەندیدارەکان بە ژینگە ڕۆژ بەڕۆژ ژینگەی سلێمانی ڕوو لە  پیسبوونی زیاتر دەکات و بڵاوبونەوەی نەخۆشیەکان زیاد دەبێت کە پیسبوونی ژینگە بە یەکێک لە گرنگترین فاکتەرەکانی بڵاوبوونەوەی ئەو ڕێژە زۆرەیە لە نەخۆشی،  لێرەدا بەکورتی کۆمەڵێک کێشەی سەرەکی تایبەت بە ژینگەی ئەم شارە دەخەینە ڕوو کە کاریگەری خراپیان هەیە لەسەر سەرجەم سێکتەرەکانی ژینگەو تەندرووستی مرۆڤ.

یەکەم: خۆڵ و خاشاک، شاری سلێمانی ڕۆژانە نزیک بە (1200) تۆن پاشماوەی هەیە کە تائێستا نەتوانراوە چارەسەر بکرێت و دەکرێتە ژێر خاکەوە کە گەورەترین مەترسیە بۆ سەر تەندرووستی و پێکهاتەکانی ژینگە. وە بەداخەوە تائێستا کارگەی ڕیسایکڵی سلێمانی بەگەڕ نەخراوە بەهۆی کەمتەرخەمی لایەنە حکومیەکان.

دووەم:چارەسەرنەکردنی پاشماوەو پزیشکی و دەرمانی بەسەرچووی نەخۆشخانەکان بەتایبەت نەخۆشخانە حکومیەکان.

سێیەم:نەبوونی سیستەمی چارەسەری ئاڕۆ بۆ شاری سلێمانی و  تێکەڵ بوونی هەموو ئەو پێکهاتە کیمیاییانەی لە نەخۆشخانەکان و ناوەندە زانستیەکان و ئاوەڕۆی ماڵان هەیە، بەتایبەت ئەو نەخۆشخانانەی کە  چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجە دەکەن.

چوارەم:سەرەڕای کەمی ڕێژەی سەوزایی ناوشارو وشک بوونی بەردەوامی بلوارەکانی ناوشار ،ڕۆژانە بەهۆی پڕۆژەکانی وەبەرهێنانەوە بە هەزاران نەمام هەڵدەکێشرێن.

پێنجەم:بوونی ڕێژەیەکی زۆری ئۆتۆمبێل، لەم شارەدا کە نزیکی (700) هەزارەو  هاوردەکردنی بەردەوامی ئۆتۆمبێل  و بەکارهێنانی بەنزینێکی کوالیتی خراپ.

شەشەم: بوونی ڕێژەیەکی ئێجگار زۆر لە موەلیدەی ئەهلی و کەرتی تایبەت بۆ کارەبا کەبوونەتە هۆی پیسبوونی هەواو ژاوەژاوێکی زۆر لەناو شاردا.

حەوتەم:پابەند نەبوونی کارگەکان بە ڕێنمایە ژینگەیەکان، کە چەندین جۆر دەردراوی پیسیان هەیە بۆ ناو پێکهاتەکانی ژینگە  بەتایبەت هەوا.

هەشتەم:کەمتەرخەمی لایەنی پەیوەندیدار بە ژینگەی ئەم شارە لە ڕووی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری ژینگەیی و زیاتر گرنگیدان بە بواری وەبەرهێنان لەسەر حسابی ژینگەو تەندرووستی.

16/06/2022



وتارەکانی تری نوسەر