ئەم کاتەت باش کوردستان، ئەگەر بەخەبەری

سەربەست حسین

٣٠ ساڵە کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی بە ڕابەریی ئەمریکا، بەدەوری کورد و کوردستاندا بوون بە پەرژین. هەرچەندە کوردستان بە دوژمنی سەرسەخت و بەهێز -فارس، عەرەب و تورک- دەورەدراوە. بەڵام نزیکەی ٦٠ دەوڵەتە هەرە بەهێزەکەی دنیا، بەکردەوە نیشانیان دا کە ڕێگە نادەن، کەس، چیتر دەست بۆ کورد درێژ بکات. ٣٠ ساڵە ڕۆژ نەبوە فڕۆکەی شەڕکەری هاوپەیمانان بە ئاسمانی کوردستاندا نەفڕیبێ. لە سەر زەویش هەزاران ڕۆڵە، لە کوڕ و کچی ئەم گەلانە، ساڵانی گەنجێتیان لە ناوقوڕ و چڵپاوی زستان و تەپوتۆزی هاوینی کوردستان بەسەر برد. سالانی پێش داعش،بێ ئەوەی یەک گەنجمان پاسەوانی سنوور بێ، چوار دەوری سنوری پڕ دوژمنمان لەلایەن ڕۆڵەکانی ئەمریکاوە پارێزرا بو. کوڕ و کچی خۆمان لەماڵەوە دانیشتبوون. مەسرەفی ئەم پاراستنە تاکو ئێستا، تەنها لەسەر ئەمریکا -لە زاری دۆناڵد ترەمپەوە- پێنج ترلیۆن دۆلار بوە. ڕەنگە تەنها کورد خۆی نەزانێ ٥ ترلیۆن دۆلار پارەیەکی چەند زۆرە. ئەوەی هاوپەیمانان بۆ کوردی عێراق کردیان، لە مێژوی دوای دووهەم جەنگی جیهانەوە بۆ کەسیان نەکردوە. وێنەی نیە. لەم نووسینە دا دەمەوێ لە دیدی خۆمەوە باسی بکەم کە هاوپەیمانان بۆچی و چۆن ئەم پەرژینەیان بە چواردەوری کورددا دامەزراند؟ کوردیش سەلامەتیی ناو ئەو پەرژینەی چۆن بەکارهێنا؟ چی بە چی کرد؟ دەمەوێ ئەوەش بەیان بکەم کە لە ئێستادا هاوپەیمانان ئەم پەرژینەیان پێچاوەتەەوە. لەمەودوا کورد دەبێ خۆی پەرژینی خۆی بێت. خۆی خۆی لە دوژمنانی بپارێزێ. ئایا پێی دەکرێ؟


هاوپەیمانان چیان بۆ کورد کرد؟


١. هێڵی پانی ٣٦ی دژە فڕین، لە ١ی مارتی ١٩٩١ بەسەر سەدامدا سەپێنرا. بۆ یەکەمجار لە مێژوی عێراقدا، حوکمەت بۆی نەبو بە فڕۆکەی جەنگی، کوردستان بۆردومان بکات. زۆری نەبرد بەسەدامیان وت؛ دەبێ سوپاکەشت لە کوردستان بکشێنیەوە. ئەویش کردی. ئەمە داکوتینی یەکەم سینگی ئەو پەرژینە بو کە بەردەوام سینگیان بۆ زیاد کرد.
٢. لە دیسەمبەری ١٩٩٦، بە بڕیاری ژمارە ٩٨٦ ی، نەتەوە یەکگرتوەکان، «نەوت بۆ خۆراک» بەسەر حوکمەتی عێراقدا سەپێنرا. بەمە قووتی کورد و توانای برسیکردنی لەدەست سەدام نەما.


٣. لە ئۆکتۆبەری ١٩٩٨ مادێلن ئۆڵبرایت، وەزیری دەرەوەی ئەوسای ئەمریکا، کاک مەسعود بارزانی و ڕەوانشاد جەلال تاڵەبانی لە واشینگتۆن کردە ژورێکەوە، پێی وتن «هەتا ڕێکنەکەون نەیەنە دەرەوە». کە هاتنە دەرەوە ڕێک کەوتبوون. بەمە شەڕێکی ناوخۆی بێ مەعنای ٣٢ ساڵە، بە ناوبژیوانی ئەمریکا -کە هێشتا هەندێک پێی دەڵێن ئیمپریالیزم و سود وەرگر لە لەت و پەت کردنی گەلان- کۆتایی هات و کورد بو بە یەک دەنگ.


٤. دەستبەجێ، ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان، وەک هابیتات، فاو، یونیسێف و هیتر.. ڕژانە کوردستانەوە. بە پارەی نەوت، سەدان ملیۆن دۆلار، لە پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوە خەرج کرا. من کە ئەوسا لە هەندەران دەژیام، لە یەکەم گەڕانەوەم بۆ وڵات، ساڵی ٢٠٠٠، بینیم، کوردستان چەند گۆڕاوە؛ سەدان قوتابخانە ، نەخۆشخانە ، مزگەوت، هەزاران کیلۆمەتر ڕێگاوبان و ئاو و ئاوەڕۆ، ئاوەدانکردنەوەی شار و گوندە وێرانکراوەکان، هەموو ئەمانە لەیەک کاتدا دەست بە کار بوون. کوردستان وەک گۆڕەپانی پڕۆژەیەکی ئاوەدانکردنەوەی زەبەلاح دەهاتە بەرچاو. لە هەمووی دڵخۆشکەرتر ئەوە بوو کە هەموو خەڵک، بە تەندەر و مونافەسەی تاڕادەیەکی زۆر عادلانە، خەریکی کاسبی بوون. لای من ئەم دیمەنە هێندە دڵخۆشکەر بوو، بە گەڕانەوەم بۆ بەریتانیا، وردە وردە وازم لە وەزیفەکەی ئەوێم -مامۆستا ی خوێندنی باڵا لە کۆلێژی ئەندازیاریی مید کێنت- هێنا، کە وەزیفەیەک بوهێندەی چاوم لام عەزیز بوو، بەڵام کوردستان لە چاوم عەزیز تر بوو. گەڕامەوە. ئەم هەنگاوەم هێندە سەیر بوو تەلەفزیۆنی ( بی بی سی) کردی بە هەواڵ؛ « سەربەست حسین بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان».
ئەو ژێرخانەی کوردستان ئەمڕۆ هەیەتی، - مۆڵ و باڵەخانەکە نی لێ دەرچێ - کاری ئەو ڕێکخراوانەیە. پاشان، کە پارە کەوتە دەست دەسەڵاتی کورد خۆی. هەمووی وەستا.


٥. لە لایەکی ترەوە، ئەمریکا داوای لە هەموو ئۆپۆزسیۆنی عێراق کرد کە بنکە و بارەگاکانیان ببەنە کوردستان. لە حاکمانی نوێی عێراق، کەسێ نەمابو ماڵێکی لە کوردستان نەبووبێ و نمەکی کوردی نەکردبێ. بەمە، پارسەنگی کورد لە عێراقی دوای سەدام زۆر بەهێز بوو.


٦. لە مارتی ٢٠٠٣ کە ئەمریکا لەشکرکێشیی بۆ لابردنی سەدام دەست پێکرد، ڕۆڵی پێشڕەوی دا بەکورد. لەمەوە تورکیا و ئێران زۆر ترسیان لێ نیشت، لەوەی- کورد گوتەنی-، ئەم ماستە مویەکی تێدایە. هەستیان کرد کە ئەمریکا نرخ و پێگەیەکی ترسێنەری بەکورد داوە. تورکیا ئەم هەستەی نەشاردەوە، هەڕەشەی کرد کە ئەگەر ئەمریکا واز لە بەهێزکردنی کورد نەهێنێ، ئەوا تورکیا هاوکاریی خۆی لە پڕۆسەی شاڵاوی سەر سەدام ڕادەگرێ. بە مەبەستی زۆرترین کاریگەری، تورکیا ئەم هەڕەشەیەی بۆ دوا چرکەی هێرشەکە هێشتەوە. لە سەعاتی سفرا، تورکیا ڕایگەیاند کە نەک تەنها لەو هێرشە هاوکار نابێ، بەڵکە ڕێگەش نادات هێزەکانی هاوپەیمانان بە تورکیادا بچنە ناو خاکی عێراقەوە. ئەمریکا، لەباتی ئەوەی مل بۆ داواکەی تورکیا بدا، وازی لە پلانی یەکەمی جەنگ هێنا، کە چەندین مانگ کاری لەسەر کرابوو. بە پەلەپڕوزێ پلانی دووەم - هێرش لە باشورەوە، لە خاکی کوێتەوە - جێبەجێ کرا.


بەم هەنگاوە ئەمریکا و ناتۆ نیشانیان دا کە هاوپەیمانێکی گەورەو بەهێزی وەک تورکیا دەتۆرێنن، بەڵام واز لە پشتیوانیی گەلی کورد ناهێنن. ڕەنگە تەنها سەرانی کورد خۆیان تێنەگەیشتبن ئەم تۆراندنەی تورکیا لەسەر ئەمریکا و ڕۆژاوا، چەند بە گران شکایەوە. دوای بیست ساڵ، هێشتا باجەکەی دەدەن. لەوساوە تورکیا، ڕوو لە ڕۆژهەڵات و پشت لە ڕۆژاوایە . لە جیاتی دیموکراسیی بە ستایڵی ڕۆژاوا، پیادەی دەمارگیری ئیسلامی ، بە ستایڵی خەلافەت دەکا. لە قینی ئەمریکا و ئەوروپا، لە ڕوسیا نزیکبوەتەوە. لە تۆڵەی هاوکاریی ناتۆ بۆ کورد، چەکی S400 ی لە ڕوسیا کڕی. بۆ شێواندنی ئەوروپا، کۆچبەر بەکاردەهێنێ ، تەنانەت لە ڕقی ئەمریکا هاوکاری و پشتیوانیی داعشیش دەکات. نەیشاردۆتەوە، تورکیا بە ئاشکرا دەڵێ ئەم پشتیوانییەی ئەمریکا و ناتۆ بۆ کورد هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییان. ڕاستیش دەکات. ئەمریکا و ئەوروپا پێیان وابوو هێشتا دۆستایەتی کورد بە نرخترە لە عادزبوونی تورکیا. بۆ؟ وەڵامی ئەمریکا و ڕۆژاوا ئاوا بوو:


(چونکە کورد گەلێکی ستەمدیدەیە. سەدان ساڵە بەدەست زوڵمی عەرەب و فارس و تورکەوە ناڵاندویانە. لە چیاکان بەولاوە کەس دۆستیان نەبوە. بەشێک لەو دابەشبوونەیان کاتی خۆی خەتای ڕۆژاوابوە. ئەگەرئەمجارە دەستی یارمەتیان بۆ درێژ بکەین نیشانی دنیای دەدەن کە چیان پێیە بۆ مرۆڤایەتی. لە ئەنجامدا هەم ئەوان دەبن بە خاوەن قەوارەیەکی هاوچەرخ ، هەم ئێمەش- دنیای دیموکرات- دەبین بە خاوەن دۆستێک لەم ناوچە ئاڵۆزەی دنیا، کە دۆستی ڕۆژاوای بە ئاسانی لێ هەڵناکەوێ. بێگومان کورد قەدری بەهاناوەهاتنیان لا دەبێ. عادەتەن گەلی ستەمدیدە، بەرامبەر ئەوانەی لە ڕۆژی تەنگانە بەهانایانەوە چوون، بە وەفان.)


٧. گەورەترین پشتیوانیی ئەمریکا بۆ کورد لە دامەزراندنی عێراقی نوێ بوو. بە چاوسورکردنەوەی ئەمان، کورد لە نووسینی دەستووری عێراق کرا بە دەمڕاست. ئەمیش فیدراڵیەکی تۆکمەی بە باڵای خۆی دوری. بەمە کورد لە ساڵانێکی شەڕی توند لە پێناو مافی لامەرکەزی و ئۆتۆنۆمیەوە گەیشت بە فیدراڵی. چۆن فیدراڵیەک؟ خۆمان براگەورەبوین. لە کێشە هەرە چارەنوسسازەکانی عێراق، کورد خاوەن بڕیار بوو. هیچ سەرۆک وەزیرێکی عێراق دانەدەمەزرا ئەگەر کورد ئۆکەی نەدابایە.


٨. لە بودجەدا، ٪١٧ مان بۆ بڕایەوە. هەقی خۆمان ٪١٢ بوو. لەبەر ئەوەی کورد گوناهە. ساڵەهای ساڵە نیشتیمانەکەی وێران دەکرێ. کیمیاوی و ئەنفالی بەسەرهاتوە. ئەمریکا پشتیوانمان بو. بۆمان چوە سەر.


٩. بەدەر لە دەستور، بەدوای نەوتدا گەڕاین، دۆزیمانەوە، دەرمانهێنا، فرۆشتمان. پارەکەمان- بە پێچەوانەی دەستورەکەی خۆمان هۆنیمانەوە،- نەخستە دەخیلە هاوبەشەکەی بەغدا. وتیان قەینا، کورد گوناهە، ئەنفال و کیمیاوی بەسەرا هاتوە. با پارەی هەبێ و لە هاووڵاتیانی سەرف بکا .


١٠ . ئەمریکا کۆنسۆڵخانەیەکی گەورەی لە هەولێر کردەوە. بە دوای دا ، ٢٢ دەوڵەتی ئەوروپایی گەورەی تر، وەک فەڕەنسا، بەریتانیا و هۆڵەندا کردیانەوە. دەسەڵاتی هەندێکیان هێندەی باڵوێزخانەیەک گەورەبوو. هەر سەرۆکێکی وڵاتان سەردانی بەغدای کردبا، بەبێ سەردانی هەولێر نەدەگەڕایەوە. هەندێکیان تەنها دەهاتنە هەولێر، بێ بەغدا دەگەڕانەوە. بۆ ئەوەی بە بەغدا بڵێن، هەولێر گرنگە. لە هەولێرەوە ڤیزای زۆربەی وڵاتان دەدرا بە هاوڵاتی کورد. باقیی عێراقییەکان لێی مەحرووم بوون. چونکە کورد گوناهە. ئەگەر پشتیوانی بکرێ، ئەمانیش دەبن بە قەوارەیەکی هاوچەرخ و عادل!


١١. فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی مان کردەوە، بە کوێرایی چاوی تورکیا -کە زۆر ناڕەزایی نیشاندا- ژمارەیەک هێڵی ئاسمانی جیهانیی وەک( لوفتانزا، قەتەری و مەلەکیی ئەردەن)، پاشان (تورکی)یش، دەستیان کرد بە گەشت بۆ، وە لە کوردستانەوە، ئیتر هاوڵاتی کورد بۆ یەکەمجار لە مێژوو دا، ڤیزای لە هەولێر وەردەگرت و هەر لەوێشەوە کەوتە فڕین بۆ دنیا. ئەمە بە پشتیوانیی ئەمریکا و کوێرایی چاوی ناحەزەکانمان. چونکە کورد گوناهە، با تامی ئازادی بکات!


١٢. کە داعش سەریهەڵدا، ئاراستەی بەرەو بەغدا و دیمەشق بوو. ئەمریکا بەرهەڵست نەبوو. پێم وایە پێشی باش بوو. بۆیە سەرکەوتنەکانی خێرا و ئاسان بوون. بە خێراییەکی چاوەڕواننەکراو گەیشتنە گەڕەکەکانی دەوری بەغدا و دیمەشق. بە یەک ڕۆژ موسڵیان گرت. تەنها کاتێ کە بایاندایەوە بەرەو کوردستان گیریان خوارد. لە سوریا، لە سەریکانێ و لە عێراق لە نزیک مەخموور چەقین. بۆ؟ چونکە ئەمریکا بەهانامانەوە هات. هێزی ئاسمانی بۆ کورد خستەگەڕ. لەسەر زەویش هەزاران سەربازیان شان بەشانی شەڕڤان و پێشمەرگە، لە هێڵی پێشەوەی شەڕ، بە GPS نیشانەکانی دوژمنیان دەدۆزێتەوە و دەیاندا بە فڕۆکەکان. ئەمانیش خاپوریان دەکرد و پێشمەرگەش دەگەیشتە سەر لاشەکان و- وەک ترامپ گوتی- سێڵفیی بەسەرەوە دەگرتن. ئەمە جوامێری پێشمەرگە ناکات بە سفر. هەزاران کوڕە هەژار لە پێدەشتەکانی سەرێکانی، حەویجە و مەخموور و جەلەولا بە تەنها و پێش فڕۆکەکانی هاوپەیمانان، ڕاوەداعشیان کرد. بەڵام راستیەکی حاشا هەڵنەگرە کە بێ پشتیوانیی ئەرز و ئاسمانیی هاوپەیمانان، ئەم ئیشە نەدەکرا.


مەگەر تەنها سەرانی کورد بەهاو نرخی ئەم پشتیوانیەی ئەمریکا و هاوپەیمانانیان لە لا هیچ بێت. ئەگینا لە دوای ڤێتنامەوە گەورەترین و پڕمەسرەفترین و درێژخایەنترین کاری سوپای ئەمریکا لەسەرتاسەری دنیا ئەوە بوە کە لە ناوچەکەی ئێمە کردوویانە، ئەوە لە ئەفغانستانیش نەکرا. تەنها بۆ کورد. چونکە کورد گوناهە. قەدری بەهاناهاتنی لایە. بێ وەفا نابێ!



دەبێ بگوترێ کە بە ڕوخانی سۆڤێت، دنیایەکی نوێی بێ وێنە هاتەکایەوە. بۆ یەکەمجار دنیا بوو بە تاک جەمسەر. یەک زلهێز، ئەویش ئەمریکا. چی ویستبا، بێ ڕکابەر دەیکرد و کردی. بەرژەوەندی ئەمریکا لەوەدا بوو کە دنیا ئاسودە و بێ کێشە بێت. بازار و بازرگانی ببوژێتەوە. کلینتۆن و بوش، بۆ بەرقەرار کردنی ئابووریی بازاڕ Market Economy و بازرگانیی جیهانگیر World Trade کاری زۆریان کرد . WTA (ڕێکەوتنی بازرگانیی جیهان) لەدایک بوو.


لە سایەی ئەم سیاسەتەوە، لە کۆتایی هەشتاکان، ژمارەیەک میللەت لە جەور و ستەم ڕزگاریان بوو. وڵاتانی ڕۆژاوا پشتیوانیی ماندێلایان کرد، کە هێشتا لە زینداندا بوو. لە ١٩٩٠ ئازاد کرا. بۆ یەکەمجار، ڕەشێک بوو بە سەرۆکی ئەفریکای باشور. لە ٢٠٠١ ڕژێمی تاڵیبان لە ئەفغانستان و لە ٢٠٠٣ ش سەدامی عێراقیان ڕوخاند. ساڵی ١٩٨٩ یۆگۆسلافیا هەڵوەشایەوە، شەڕێکی قورسی ناوخۆ دروست بوو. (سربەکان) کە نەتەوەی سەردەست بوون، بە زەبری ئاگر و ئاسن، نیازیان نەبو مافی سەربەخۆیی هیچ کام لە پێنج نەتەوەکەی تر بدەن. ووڵاتانی ڕۆژاوا چوون بە هانایانە وە. بە ماوەیەکی کورت، هەر پێنجیان بێ فەرق و جیاوازیی ئاین و ڕەگەز، بە پشتیوانیی ڕۆژاوا، بوون بە ووڵاتی سەربەخۆ. زۆرترین پشتیوانی بەر (بۆسنیا) کەوت کە کۆمەڵگایەکی ئیسلامی بو. پاشان (کۆسۆڤۆ)ش بوو بە وڵاتێکی سەربەخۆ. جێگەی خۆیەتی بڵێین ئەو هیلاکی و مەسرەفەی ڕۆژاوا لە سەربەخۆ کردنی ئەم ٦ نەتەوەیە کردی، بە هەمووی لە هەزارا یەکی ئەوە مەسرەفە نەبو کە بۆ کورد کردیان. کەچی ئێستا کورد لە کوێیەو بۆسنە و کرواتیا…و ئەوانی تر لە کوێن؟!


تەنها دەڤەرێک کە ڕەنجی ئەمریکا و ڕۆژاوای بە هەدەر دا، کوردە. ئەمریکا پارەی سەرف کرد، دەسەڵاتی کورد پارەی پەیداکرد. ئەمریکا دوژمنی پەیداکرد، کورد دوژمنی بۆ زیاد کرد. ئەمریکا زەرەری کرد، هیچی دەست نەکەوت. . دوژمنەکانی -ئێران- بەهێزتر و ڕق ئەستورتر بوون.ئەوەی دوێنێ دۆستەکەی -تورکیا- گۆڕا بۆ دوژمن . دۆناڵد ترامپ سەبری نەما، لە ١٠ و ٢١ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩، بە ئاشکرا وتی« کورد دڕندەن، زۆر لە داعش باشترنین. ترسنۆکن، فڕۆکەکانی ئێمە لە پێشا ئامانجەکان خاپوور دەکەن ، ئینجا پێشمەرگە دەگەنە سەر تەرمە لەتوپەتەکان و سێڵفیان بەسەرەوە دەگرن! »وتی «چیتر کوڕ و کچی خۆمان ناکەم بە قوربانی کورد. سوێندمان نەخواردوە هەتاهەتایە کورد بپارێزین». بە یەک ڕۆژ ڕۆژاوای چۆڵ کرد. تورکیا بەناو کەوت. شەڕڤانان -کە لای ڕای گشتی کرابوون بە ئەفسانە- هەموو ئەو شوێنانەیان بە بێ بەرگریەکی ئەوتۆ، چۆڵ کرد. تورکیا توانی بە هەفتەیەک بچێتە هەمو ئەو شوێنانەی دەستنیشانی کردبوو. ژمارەی کوژراوەکانی نەگەیشتە ١٠ سەرباز. ئەمریکا لە پای ٣٠ ساڵ ڕەنج و مەسرەف، کورد بە ئیفلیجی و دوژمنەکانی لە جاران بەهێزتر لەدوای خۆی بەجێ دەهێڵێ.


ئەمریکا، بۆ وا لە کورد بێ هیوا بوو؟ وەڵامەکەی لەوەدایە کە دەسەڵاتی کورد ئەم ٣٠ ساڵەی لە ناو پەرژینی ئەمریکا و هاوپەیمانان چۆن بەڕێکرد.


کورد چی بۆ خۆی کرد؟


حوکمی دیموکرات لەسەر سێ کۆڵەکە دادەنیشێ: ١)حوکمی زۆرینە،٢) بەرقەرار کردنی یاسا و٣) ئازادیی ڕادەربڕین. با بزانین دەسەڵاتی کورد، لەناو پەرژینەکە، بناغەی ئەم کۆڵەگانەی چۆن داڕشت.


١) هەر لەیەکەمین هەڵبژاردنەوە، هەموو حیزبەکان، بۆ زیاد کردنی دەنگ، پەنایان بۆ تەزویر، بەرتیل و هەڕەشە برد. هەر هەڵبژاردنێک، ئەزموونێکی نوێی خستە سەر ئەم کارەیان تا بوون بە پسپۆڕ. بەمە، یەکەم کۆڵەگەی دیموکراسی ( حوکمی زۆرینە)، لەسەر بناغەیەکی ڕزیو دانیشت.


٢) تاڵانیی موڵک و ماڵی گشتی: لە پاشاگەردانیی دوای ڕاپەڕین، سەرانی کورد بە تاڵان و ئاودیو کردنی موڵک و ماڵی گشتی دەستیانپێکرد. وەک پڕۆژەی ستراتیژی بەنداوی بێخمە. ئاودیو کردنی هەزاران ئامێری بیناسازی کە لە حوکمەت بەجێمابوو. ملیۆنان تەن کەرەسەی بازرگانی و بیناسازی. کە پاشان کورد خۆی بە سەدان قاتی پارەکە کڕینیەوە.


٣) قۆرخکردنی بازاڕ: لەگەڵ ڕوخانی سەدام، حزبە دەسەڵاتدارەکان، بە بیانوی ئازادبوونی عێراق، توانیان نەتەوە یەکگرتوەکان ناچار بکەن کە خۆیان پارەی نەوتی عێراق بۆ میللەت سەرف بکەن. بەرنامەی « نەوت بەرامبەر خۆراک» نەما. سەرجەم پڕۆژەی ڕێکخراوەکان وەستا. بەمەش خەڵکی کوردستان زەرەرێکی گەورەیان بەرکەوت. قۆرغکاریی کۆمپانیاکانی حزب جێگەی تەندەر و منافەسەی عادلانەی گرتەوە. بەشێک لە سەرانی ئەو پێشمەرگە قارەمان و گیانفیدایانەی شاخ، بەپەلە بوون بە کاسب و نان پەیداکەری حیزب. لە ماوەیەکی کورت دا هەریەک لە پارتی و یەکێتی بوون بە خاوەنی هەزاران کۆمپانیا. لە بواری بازرگانیی قەبەی وەک تێلیکۆمیونیکەیشن، نەوت و وەبەرهێنانەوە بیگرە، تا دەگاتە بازرگانیی جگەرە و مۆز، بگرە تا وەرگرتنی مۆڵەتی شوێنی عەرەبانەی دەستی لە شێخەڵڵای هەولێر و بەر مزگەوتی گەورەی سلێمانی، پشکی شێر بۆ کاسبکاری حیزب بوو. ئیتر کەرتی تایبەت و کاسبکاری زەحمەتکێشی کورد، دەست خرایە بینیان و خنکێنران. بە ناچاری، بەشێکی زۆریان، وازیان لە کاسبی هێنا. بوون بە موچەخۆر، پێشمەرگە، پاسەوان، باخەوان و نۆکەری حیزب. ئەمە لەکاتێکدا کە ئەمریکاو هاوپەیمانان، بەردەوام فڕۆکەیان بە ئاسمانی کوردستانەوە بو، تاکو کورد لەسەر ئەرز، قەوارەی ئابوری بازاڕی ئازاد دروست بکات و ببێ بە کۆمەڵگەیەکی هاوچەرخی عادل.


هەڵپەی کاسبی بە جۆرێکی لێهات تەنانەت مامەڵەی نەوت لەگەڵ داعش کرا. لە ١٥ی دیسەمبەری ٢٠١٥، ئەو ڕۆژە لە مێژوو دا دەمێنێ کە پوتین خۆی و وەزیری بەرگریەکەی، بە ڤیدیۆی سەتەڵایت، قافڵەی تانکەرە نەوتەکانی داعشی ، هەر لە (حەسەکە)وە تا( ئیبراهیم خەلیل)بەناو هەرێمی کوردستاندا نیشاندا، تا بە ئەمریکا بڵێ؛ ئەمەیە دۆستەکەت؟ کوڕ و کچی خۆت بۆ کێ بەکوشت دەدەی؟ تۆ بڵێی، لەو ڕۆژەدا، ئەمریکا و هاوپەیمانان، چەندێک ئارەقەی شەرمەزاریان ڕشتبێ؟چەن هەستیان بە ڕەنجبەباچوونی خۆیان کردبێ لەگەڵ کورد؟ ئەمان لە ئەرز و ئاسمانەوە کورد دەپارێزن، کوردیش کاسبی لەگەڵ دوژمنەکانیان دەکات. ئەمان مەسرەف دەکەن، کوردیش پارەپەیدا دەکات!


کە نەوتیشی لە کوردستان دەرهێنا، کورد نەوتەکەی بە کێ دەفۆشت؟ بە ئێران و چین و ڤەنزوێلا ، دوژمنەکانی ئەمریکا. ئەوانەی ئەمریکا حەساری لەسەر داناون! هەر وتیان قەیناکا با کورد ئابوری هەبێت و خەڵکەکەی برسی نەبێ.


٤) پەرلەمان کە جێگەی یاسادانان و چاودێریی حوکمەتە. باڵاترین دەسەڵاتی وڵاتانی دیموکراتە، کرا بە زوڕناژەنی حیزب. هەر ئەندامێک ویستی ڕاێکی جیاواز بخاتە ڕوو، چاوی لێ سوورکرایەوە. تەنانەت ئەندام پەرلەمان لەناو هۆڵی پەرلەمان، لە سەر جیاوازیی بۆچوون، درایە بەر شەق. ئاوا کۆڵەگەی دووهەمی دیموکراسی ( بەرقەراریی یاسا)ش لەسەر بناغەیەکی لەرزۆک دانیشت. ئەمە بە بەرچاوی ئەمریکا و هاوپەیمانانە وە کە هەزاران کوڕ و کچیان ڕژاندبوە کوردستانەوە. پەرژین بوون تاوەکو ڕێگەنەدەن دوژمنانی دەرەکی، لە پەرلەمانەکانی خۆیانەوە، سوکایەتی بە مافی تاکی کورد بکەن!


٥) ڕۆژنامەنووسان، ئەوانەی زوڕناژەنی دەسەڵات نەبون، دووچاری هەڕەشە و لێدان و نان بڕین کران. بە داخەوە هەندێکیان تیرۆر کران. عبدالستار تاهیر شەریف، سۆرانی مامە حەمە، سەردەشت عوسمان و کاوەگەرمیانی لەسەر کاری ڕۆژنامەگەری کوژران. ئەمە بە بەرچاوی ئەمریکا و هاوپەیمانانە وە کە لای ئەوان ڕۆژنامەگەر زۆر پیرۆزە. من کاتی خۆی کە داوای پەنابەریم لە بەڕیتانیا کرد. زۆر ڕێزم لێگیرا. بە خێزانەوە برام بۆ ئوتێلێکی ٥ ئەستێرە. زۆر لام نامۆ بوو. پاشان بۆم دەرکەوت کە لەبەرئەوە بوو وتبووم لە شاخ ڕۆژنامەگەر بووم. ئاواش کۆڵەگەکەی سێهەمی دیموکراسی ( ئازادیی ڕادەربڕین ) لەسەر بناغەیەکی ڕزیو دانیشت.


سەرانی کورد ئەوروپا و ئەمریکایان گەیاندبووە ئەو باوەڕەی کە ئەمانیش گەلێکن دەتوانن ڕێزی بیری ئازاد و جیاوازیی فیکر بگرن. گوتبویان؛ ئێمە خۆمان ساڵەهای ساڵ قوربانیی زوڵمی بێئازادیی بوین. ئامانجمان ئازادیی بیروڕایە. ئەمریکا باوەڕی کردبوو.


٦) لێدان و قۆرخکردنی دەسەڵاتی دادوەری؛ حیزبی دەسەڵاتدار، چۆن بەڕێوەبەری قوتابخانەکانی , وردەوردە ، گۆڕی بە بەکرێگیراوانی خۆی، ئاوا دادوەری دادگاکانیشیان پڕکرد لە ئەڵقەلەگوێی خۆیان. کاریان ئەوەبوو هەر کەیسێک کە دەگەیشتە بەر دەستیان، بە بەرژەوەندی حیزب، نەک بەرژەوەندیی هاووڵاتی، حوکمی لەسەر بدەن، ، هەتا ئەگەر ناعادلیش بێت. ئیتر خەڵک لە جیاتیی دادگا، کێشەکانی خۆیان بردەوە بۆ دیوەخان و سوڵحی عەشایری. ئەمە لەخۆم ڕوویدا؛ کێشەیەکم بردە دادگا، دوانزە ساڵ درێژەی کێشا. دوای مەسرەف و سەرهێشەیەکی زۆر، داوام لە دادوەر کرد بڕیارێک بدا و لەکۆڵمی کاتەوە، هەتا ئەگەر لە دژی منیشت بێت, کە خاوەن هەق بووم. وتی ئەم کێشانە تەنها بە سوڵحی خۆتان حەل دەبێ. وتم بەرامبەرەکەم داوای سەرانە دەکا بۆ ڕێککەوتن. وتی قەیچێکە بیدەیە. وتم دەیکەم بەمەرجێ لە حزوری جەنابت بێت. پێم وابو دەڵێ دادگا شوێنی سەرانەبەخشینەوە نیە، بەڵام ڕازی بوو. دوای چەند ڕۆژێک لە ژوری حاکم، لە بینای مەحکەمەی سلێمانی،١٦٠ سەدو شەست هەزار دۆلار سەرانەم دا بە بەرامبەرەکەم. ئەگەر ئەم دادوەرە بێ ڕێزە قەدری پیشەکەی لا بوایە، نەیدەهێشت لە ژورەکەی دا ئەمە ڕوو بدا. بەڵام ڕوی دا. ئەمە کاتێ ڕووی دا کە فڕۆکە و ڕۆڵەکانی هاوپەیمانان پەرژینێکی تۆکمەیان بەدەوری کوردا کێشابوو. تا دادگای بێگانە زوڵم و ناعەداڵەتی دەرهەق بە هاووڵاتی کورد نەکا.


٧) زۆر زوو حیزب بینی کە وا نەوەی نوێ گەورەدەبێ، خوێندنی باڵا تەواو دەکەن. خوێندەواری زۆر بە بڕوانامەی سەنگینەوە لە تاراوگە دەگەڕێنەوە. دەستیان. کرد بە کردنەوەی زانکۆ و کۆلێژی ئەهلی، لەڕێگەیەوە بەبێ ئەوەی هیچ گۆڕانێک لە هزر و تێگەیشتنیان ڕووبدات، پاشگری دکتۆر و هەڵگری بڕوانامەیان لکاند بە پێش و پاشی ناوەکانیانەوە. لە ڕاستیدا، هەر ئەو زاتانەی شاخ بە پلەی دکتۆر مانەوە.


٨) ڕێگریی لە بوژاندنەوەی ئابووریی کوردستان: بەتایبەتی سێکتەرەکانی کشت و کاڵ، پیشەسازیی و گەشت و گوزار. بە ڕای من ئەمەیان لە هەموو تاوانەکانی دەسەڵاتی کورد گەورەترە. تا ماوەیەکی درێژ باوەڕم بەوانە نەدەکرد کە دەیانگوت دەسەڵات ئەمە بە بەرنامە و پلان ئەنجام دەدا. نایەنەوێت خەڵک ببێ بە خاوەنی سامان و کاسبی، چونکە زمانیان درێژ دەبێ. نابن بە پێشمەرگە و پاسەوان و باخەوان. زۆری دەوێ ڕوونی کەمەوە چۆن دژایەتی ئەم سەکتەرانە کرا. من خۆم لە هەر سێکیان کارم کرد. ئەزموونی تاڵی زۆرم هەیە. بە کورتی دەڵێم. لە کشت و کاڵ ئییشم کرد. پڕۆژەی گەشت و گوزاریم کردەوە. گاوداری و شیرو ماستم فرۆشت. کارگەی بەرهەمهێنانم کردەوە. وزەی خۆرم بەرهەمهێنا. بەڵێندەرایەتی و دیزاینی بیناسازی... منێک کە پێم وایە لە بڕوانامە و ئەزمونی کار و دڵسۆزی بۆ خاک و گەلەکەم، کەمم نیە، نەمتوانی هیچیان بخەمە سەرپێ، بە جۆرێک کە ببێ بە ئابوریەکی سەربەخۆ. تەنها من نا، سەدان هەزار کاسبی زەحمەتکێش لە کوردستان فاشیل و مایەپووچ بوون.


٩) سەرتۆپی هەمو خوار و خێچیەکانی کورد بەرامبەر بە ڕزگارکەرەکەی، سەرپێچی ئەنجامدانی ریفراندۆم بوو. لە سێبتەمبەری ٢٠١٧. ئەمە ڕەنگە لەهەموو هەڵەکان بەرامبەر بە ئەمریکا و ناتۆ قەباعەت تر بێت. کاک مەسعود بارزانی کە ماوەی سەرۆکایەتیەکەی تەواو ببو. دەیزانی دەبێ بڕوا. ویستی بێ هەنگاوێکی مێژوویی لە ساحەکە دەرنەچێت. کارێک بکا مێژویی بێت. ماوەیەک بیرۆکەی سەربەخۆیی کوردستانی تاتەڵە کرد. نەدەکرا. ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی، بچوکترین هەنگاو بوو، لەوە باشتر بوو بە دەستی بەتاڵ ساحەکە چۆڵ بکا. بڕیاری دا. ڕۆژی بۆ دەسنیشان کرد. دۆست و دوژمن کەوتنە دەربڕینی هەڵوێستی خۆیان. بۆ کورد، گرینگترینیان، هەڵوێستی ئەمریکا و هاوپەیمانان بوو. کەوتنە هوشیاریدان بە مەسعود بارزانی کە کاتی نیە. ئەمان ناتوانن پشتیوان بن. تەنانەت وەزیری دەرەوەی ئەوسای ئەمریکا (تێلێرسۆن ) لە نامە بەناوبانگەکەی، پاڕایەوە کە تەنها یەک ساڵ دوای بخات. بەڵام ساڵێک بۆ کاک مەسعود بارزانی زۆر بوو. چونکە ماوەی حوکمڕانیەکەی درێژتر نەدەکرایەوە. نەیکرد. ئەم بێنە و بگرەیە بە ئاشکرا و لە ناو ڕاگەیاندنەکان بوو.کاک مەسعود بارزانی ملی نەدا. لە ئاخر ڕۆژ، خۆی لە نوێنەرەکەی ئەمرکا (مەگۆرک) شاردەوە. لە بری ئەوە لە گۆڕەپانێکی دهۆک قسە مەشهورەکەی کرد « مادام ئەوان موعارەزە دەکەن، منیش هەندە حسابی بۆ ڕەئیا هیچ بەشەرا ناکەم. » . ئەم هەڵوێستە هێندە ڕاستەوخۆبوو، خەڵکانێکی وەک من پێمان وابوو، ئەمە تەنها بۆ ڕاگەیاندنە، ئەگینا ئەمریکا و ئەوروپا، بە دڵنیاییەوە، زەمانی پشتیوانیان داوەتێ. دەنا کێ سەرکێشی ئاوا دەکات! سەرەنجام دیمان، هێشتا ئاڵاکانی ڕیفراندۆم بە شەقا و شوێنە گشتیەکانی شارەکانەوە بوون کە حەشدی شەعبی هێرشی کردە سەر تەواوی ئەو ناوچانەی لە دوای ٢٠١٤ ەوە بەرببونە کۆشی کوردەوە. دەیتیان گرت بەسەر بیرەنەوتەکانی کەرکوک و لەناو شارەکەش خەڵک درایە بەر شەق. ئەمە بە بەرچاوی ئەمریکاو هاوپەیمانانەوە. بێ ئەوەی ئاخێک بۆ کورد هەڵکێشن. هەقیشیان بوو. سەرشۆڕی، بەتامی ڕیفراندۆم.


ئەمانە هەمووی کرا بەبەرچاوی ئەمریکا و تەواوی هاوپەیمانەکانیەوە. ٢٣ وڵات کۆنسڵخانەیان لە هەولێر هەبوو. ئاگاداری ڕەفتاری حوکمی کورد بوون. ڕۆژانە ڕاپۆرتیان بۆ حوکمەتە کانیان دەناردەوە. کە ڕۆژنامەنووسێک ئەزیێت دەدرا، دەیانبینی. کە کۆمپانیای حیزبی قۆرخکاری و ڕاوڕوتی بۆ حزب دەکرد، دەیانبیست. کە پەرلەمانتار لە هۆڵی پەرلەمان درایە بەرشەق، بینیان. ئەمان کوڕو کچی خۆیان نەخستبۆ مەترسیەوە، هەزاران ملیار دۆلاریان سەرف نەکردبوو تا دوو حیزب، دوو خێزان لە کوردستان ببن بە ملیاردێر و لەبەرچاوی دنیاوە و لە ژێر سێبەری فڕۆکە جەنگیەکانی ئەمانەوە زوڵم لە خەڵک بکەن و خۆیان دەوڵەمەند بکەن.


ئەمریکا و ئەوروپا، لە پاراستنی کورد زۆر مایەپووچ بون. ئەمان مەسرەف یان کرد، سەرانی کورد خۆیان پێ دەوڵەمەند کرد. ئەمان ڕۆڵە و سامانی خۆیان کرد بە پەرژین تا بێگانە زوڵمی لێ نەکا، کورد خۆی زوڵمی لە کورد کرد. ئەوان بوون بە پەرژین تا بێگانە سەروەت و سامانی وڵاتەکەمان تاڵان نەکا، کەچی دەسەڵاتی کورد خۆی وڵاتی تاڵان کرد و کوردیشی برسی و بێ کەرامەت و نەخوێندەوار و بێ ئابوری کرد.


ئەمریکا دەبینێ لە پڕۆژەی پشتیوانیی کورد قۆڵی بڕاوە. ڕەنج بەخەسار بوە. کورد نەبو بەو مەڵبەندەی دیموکراسی و ژیانی مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. نەبوو بەو ئەزمونە سەرکەوتوەی ئەمان لە جیهاندا شانازیی پێوەبکەن و وەک یەکێ لە دەستکەوتەکانیان یادی بکەنەوە. جاران سەرانی وڵاتان دەهاتن بۆ یادی هەڵەبجە. ئێستا نایەن. جاران سەرۆکی هەر وڵاتێک سەردانی بەغدای کردبا بێ سەردانی هەولێر و نەدەگەڕایەوە. ئێستا نایەن. دەمێکە ئەمریکا تێگەیشتوە کە لە پرۆژەی کورد دا فێڵی لێکراوە، بەڵام سەرۆکێکی دەم هە راشی وەک تڕامپی دەویست تا بیدرکێنێ. ترامپ درکاندی.


هاوڕێیەکی دڵسۆزم ڕۆژێک پێی وتم؛ تۆ لە گەڕانەوەتدا بۆ کوردستان فاشیل بووی. دوای ئەو هەمو ڕەنجەی کێشات، نە بووی بە کەسێکی حیزبی-حکومی، نە هێندەش دەوڵەمەند بووی وەک فڵان و فیسار. وتم برا من بۆ ئەم دوو مەبەستە نەگەڕابومەوە. بۆ هاوبەشی لە بنیادنانی ئابوری کوردستان هاتمەوە.بەڵێ لەوەدا فاشیل بووم. بەڵام هەر من فاشیل نەبووم. ئەمریکا و ٦٠ وڵاتی تر لە کوردستان فاشیلن. کوردستان تەنها خەونی منی لە گۆڕ نەنا. خەونی ئەمانیشی لە گۆڕنا.


دەرئەنجام
1) کورد ئەگەر هەقی بێت لەوەی زلهێزەکانی دنیا لە دابەشبوون و بندەستیی خۆی بە خەتابار بزانێ، گلەیی بکا کە ساڵی ١٩٢٠ لینین وەڵامی نامەکەی شێخ مەحمودی نەدایەوە. لە ١٩٤٦، سۆڤێت پشتی لە کۆماری مهاباد کرد. لە ١٩٧٥ ئەمریکا ئاشبەتاڵی بە شۆڕشی کورد کرد. ئەمجارە هەقی نیە. خەتابار، دەسەڵاتی کورد خۆیەتی. سەرجەم هێزەکانی دنیا کە لەسەر هەموو شتێک ناکۆک بوبن، لەسەر پشتیوانی کورد کۆک بوون. ڕوسیا و چین، کە هەردووکیان لە ئەنجومەنی ئاسایش، خاوەن مافی ڤیتۆن، لە ٣٠ ساڵی ڕابردوودا، تەنانەت یەک جاریش ڤیتۆی بڕیارێکی ئەمریکایان نەکرد کە لە بەرژەوەندیی کورد بوبێ. هەتا ئەگەر بەزەرەری ئەمان و هاوپەیمانەکانیشیان شکابێتەوە. بۆ نموونە، لە سوریا، ڕوسیا بەرگری نەکرد لەوەی کورد لەناوچە کوردیەکانی خۆی زیاتریش داگیر بکات، دەست بەسەر نەوتی سووریادا بگرێت، حوکمی خۆجێیی دروست بکات. ئەمانە هەمووی بە زەرەری پێگەی ڕوسیا و حوکمەتی سوریای هاوپەیمانی شکایەوە، کەچی لەبەر خاتری کورد ڕێگر نەبوون.
2)
ئەمجارەیان ئەوەی غەدری لە کورد کردوە، دەسەڵاتی کورد خۆیەتی. دەرفەتی زێڕینی لەکیس داوە.


هەمومان دەزانین ئەمریکا و ڕۆژاوا ئەمەیان تەنها لەبەر خاتری کورد نەکرد. بەڵام دەبێ کورد لەوە تێبگا کە ئەوان پێیان وابوو، هاتنە ناو ناوچەکە لە دەرگای مافی ڕەوای کوردەوە شەرعیەتی زیاتر دەدا بە بوونیان. دەیانویست و ئیشیان بۆ ئەوە کرد کوردستان بکەن بە قەڵای دیموکراسی، گۆمەڵگەیەکی هاوچەرخ و عادل. دەیانویست بیکەن بە دەستەگوڵی خۆیان. شانازیی پێوەبکەن.


ئەوەی پێی وایە ئەمریکاو هاوپەیمانان ئەمەیان تەنها بۆ بەرژەوەنیی خۆیان کرد، با تەماشای کۆسۆڤۆ، مۆنتی نیگرۆ، بۆسنیا و ئەو گەلانەی تر بکەن کە بە پشتیوانیی ئەمان سەربەخۆ بوون. دوای ٣٠ ساڵ. کامەیە خێرەکەی بۆ ئەمریکا؟ ئایا کردیان بە بنکەی سەربازی؟ ساروخی ئەتۆمیان لێ دامەزراند؟ خێروبێرەکەیان تاڵان کردن؟ نەخێر. وازیان لێهێناون ژیانێکی پڕکەرامەتی ئازاد بژین. ئەوە نەبێت کە ئاڵۆزیەکیان نەهێشت. هەڵەیە وابزانین ئەو هێزانە نیازی خێر و چاکەیان نەبوە. بێ سیفەتیە.


٢)نەک تەنها کوردستان، بەڵکە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لای ئەمریکا، بایەخی جارانی نەماوە. ئەمەش لە ئەنجامی سێ گۆڕانی گەورەوە کە لە دنیا ڕوویانداوە. یەکەم؛ جاران ٪٦٠ی نەوتی جیهان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەفرۆشرا. قەیرانی نەوت دەبوە مایەی ڕوخانی ئابوریی ڕۆژاوا. بەڵام ئێستا، هەم سەرچاوەی تری وزە -با، هەتاو و هیتر..- پەیدا بوە، هەمیش لە شوێنی تر نەوتی زۆر دۆزراوەتەوە، بە تایبەتی لە ئەمریکا. بۆیە نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرینگیی جارانی نەماوە. دوهەم؛ بەم دواییە ئەمریکا دوچاری ململانێیەکی ترسێنەر هاتوە. مەترسیی دوژمنێکی نوێی کەوتۆتە سەر. هەڕەشەی خستۆتە سەر تەواوی کیانی. بۆ ئەو ململانێیە، پێویستە تەواوی توانای سەربازیی، ئابوری، دیبلۆماسی خۆی و هاوپەیمانەکانی تەرخان بکات. ئەم هەڕەشەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیە. لە ڕۆژهەڵاتی دوورە. وڵاتی چینە. شەڕی ئەمریکا لەگەڵ چین، شەڕی مان و نەمانە. ئەمریکا ئامادە نیە چیتر سەرنج و مەسرەف لە پڕۆژە فاشیلەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست سەرف بکات. دەستی کردوە بە کشانەوە لە کوردستانی سوریا، لە ئەفغانستان و لە عێراق. سێهەم؛ ئەوەیە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەندێ زلهێزی ئیقلمی وەک تورکیا و ئێران پەیدابوون. شەڕکردنیان وەک جاران هەرزان و ئاسان نەماوە. تەماعی پەلهاویشتنیان هەیە و چالاکانە ئیشی بۆ دەکەن. ئەوەتا هەموو دنیا مۆڕە و هەڕەشە لە ئێران دەکا کەچی نەک هەر نەیانتوانیوە بیڕوخێنن، بەڵکە پێیان نەکراوە لە یەمەن، سوریا، عێراق و لوبنان یەک بست پاشەکشەی پێ بکەن. تورکیا، بەهەمان جۆر، پەلی هاویشتۆتە ناو سوریا، عێراق و لیبیا. ئێستا گێچەڵ بە ئەرمینیاش دەکا. ئەمریکا ناوچەکەیان بۆ چۆڵ دەکا چونکە شەڕەکەی پێناکرێت.


بۆیە، کوردستان ئەو بەهایەی نەما. ئیتر کورد دەبێ بە ڕەنجی شانی خۆی و بە بازویی ڕۆڵەکانی خۆی و بەو ئابوریی خۆی و بە حیکمەت و دڵسۆزی ڕابەرەکانی خۆی فیدراڵیەکەی بپارێزێ. کەس چیتر بەکرێگیراوی کورد نیە. ئەم کاتەت باش کوردستان، ئەگەر بەخەبەری!


تێبینی..
سەربەست حسین: 
- هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە ئەندازیاریی لە زانکۆی وێست منستەری بەریتانیا.
- ماستەری لە عەدالەتی سیاسی لە زانکۆی  هارڤەردی ئەمریکا هەیە.
- لە ١٩٨٢ بووە بە پێشمەرگە لە ڕیزەکانی یەکێتی نییشتمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٨٦ بوو بە لێپرسراوی بەشی کوردیی ئیزگەی یەکیێتی و سەرنووسەری ڕێبازی نوێ.
- لە کۆتایی ئەنفالەکان ، مانگی ١٠ی ١٩٨٩ چووە بۆ بەریتانیا.
- مامۆستای ئەندازیاری شارستانیی بووە لە بەریتانیا.
- ئێستا دانیشتوی بەریتانیایە.



18/07/2020



وتارەکانی تری نوسەر