ساڵێکی بە خەم!

محەمەد خۆشناو

هەر کە سەری ساڵ دێت هەست بە بێزاری دەکەم ، بیزاری لە هەڵکشانی تەمەن و کورتبوونەوەی ژیان ، پێشتر لە کوردستان سەری ساڵ بەم شێوەیەی ئێستا یادی نەدەکرایەوە و ، لەگەڕەکە میللیەکان هەتا ئەم سڵانەی دوایی نەیاندەزانی سەری ساڵ چیە! من نازانم ئەو هەموو خەڵکە بۆچی ئەو ئاهەنگ و گۆرانی و سەما و خواردن و خواردنەوە لەسەری ساڵدا دەکەن!؟ جا خۆزگە توانیبایان لاساییەکی فۆتۆکۆپیانەی ئاهەنگەکانی سەری ساڵی خۆرئاوا و وڵاتە پێشکەوتووەکانیان بکردایەوە! ئەوەی کن ئێمە هەراوهۆریاو و تێکقژقژانێکە نەبێتەوە ، جا تۆ ڕۆژی دواتر بڕۆ بازاڕ لەبەر دەبەی ئاو و قوتووی بیبسی و بیرە و کێک و خۆراکی فڕەدراو ناتوانیت بڕۆی!!
ساڵی 2021 وا خەریکە پەڕاوەکانی خۆی دەپێچێتەوە کە ساڵێکی قورس و بەخەم بوو ، ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ساڵی ناخۆشترمان نەبینیبێت ، ئەم ساڵە وەکو ساڵانی دیکە نەبوو ، کە تێیدا پێکەوە پەتای کۆڕۆنا و بێکاری و بێبازاڕی هاتە ناو ماڵان ، لەم ساڵەدا پەتاکە بەتووندی و خێرایی بڵاوبووەوە کە لەبەرچاوانمان دەیان خزم و دۆست و ئازیزانمان لەدەستدا و گەنجەکانمان لە غەریبی و لەناو دەریایەکاندا بە خەونی گەیشتن بە دەوڵەمەندی و زانست و شارستانیەت نقووم بوون ، ئەمە جگە لەو لافاوەی کە هەولێر و شوێنەکانی دیکەی گرتەوە کە ژمارەیەک گیانلەدەستدان و زەرەرێکی زۆری مادی لێکەوتەوە.

ڕۆیشتنی ساڵی 2021 مانای ئەوە نیە کە ئازارەکان کۆتاییان دێت یا سنوورێک بۆ هەڕەشەکانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا و کارەساتە سرووشتیەکان دادەنرێت ، ئەو ئازارانە بەردەوام دەبن تا دادپەروەریەکی نێودەوڵەتی نەیەتەدی ، دادپەروەری لە دابەشکردنی پێکوتە بۆ وڵاتان و گەلان بێجیاوازی ، دادپەروەری بۆ خۆڕزگارکردن لە چڵێسی و ئەنانیەتی باڵادەستی کەمینەیەکی ساماندار و دەسەڵاتی تۆڕی بەرژەوەندی لە جیهاندا بۆ چارەسەرکردنی کارەساتە سرووشتیەکان کە بەهۆی گۆرانی کەشوهەواوی جیهان ڕوودەدات.

باشترین گوزارشت بۆ ئەو دۆخە خەراپە جیهانیە ئەوەبوو کە« پاپا فرانسیس» لە وتاری جەژنی لەدایکبووندا گووتی و داوایکرد«با بایەخ بە ماڵە هاوبەشەکەمان بدەین کە بەهۆی پشتگوێخستنی ئێمەوە ئازار دەچێژێت کە لەئەستۆی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووریە  ڕێککەوتنامەی سەرکەوتوو بدۆزنەوە  ، بۆ ئەوەی نەوەکانی ئایندە  بتوانن لە ژینگەیەک دابنرێن کە ڕێز لە ژیان بگرێت» .

ماڵئاوا ئەی ئەو ساڵەی بەسەچووی ، بەخێر بێیت هاتووی نوێ کە خۆزگە لەگەڵ خۆت زیندووکردنەوەی هیواکان و  پاراستنی ئاشتی و ئاسایش-ت هەڵگرتبێت و ببێتە سنووردانانێک بۆ ئەم ململانێ خوێناویەی کە لەهەموو شوێنیکدا دەیبینین  ، بەخۆزگەی ئەوەی جیهان و کوردستانیش پازدانێکی گەورەی جۆری لەهەموو بوارەکاندا بەخۆوە ببینێت ، چونکە ترس لە نادیاری بریتیە لەوپەڕی هەست و نەست ، هەروەکو ئەو ژیانەی کە لەسەر دڵەڕاوکێی بەردەوام ڕاوەستابێت لەکۆتاییدا بەرەو مەینەتیەکی بەردوام و خەمێکی هەمیشەیی دەچێت.


29/12/2021



وتارەکانی تری نوسەر