کاتێک کۆیلە مۆرکی ئاغاکەی وەردەگرێت !

محەمەد خۆشناو
کۆیلە کێیە ؟ پڕۆفیسۆر « پاتریزیا دیلیبانۆ » لە کتێبەکەیدا ( کۆیلایەتی لەسەدەمی مۆدێرنەدا ) پێناسەی کۆیلە بەم شێوەیە دەکات و دەڵێت :- « کۆیلە» ئەوەیە کە « کەسێکە خۆی بێبەشکردووە لە ئازادیە کەسیەکەی ، یان «ئەو» بۆتە مولکیەی تایبەتی کەسانی تر » هەر پەیوەست بە هەمان بابەت  «ئەریک فرۆم »ی زانای سایکۆلۆژی و هزرمەندی گەورەی ئەمەریکی بەڕەچەلەک ئەڵمانی دوای بەجێهێشتنی وڵاتەکەی لەترسی نازیەکان و چوونی بۆ ئەمەریکا ، لەساڵی 1941 کتێبە بەناوبانگەکەی « هەڵاتن لە ئازادی یان ترس لە ئازادی» بڵاوکردەوە ، کە باس لە قەیرانی کۆمەڵگەی پیشەسازی دەکات و ، ئاماژە بەوەدەکات کە دوای خەباتکردنی چەندین نەوە لەپێناو ئازادی و هەڵسان بەشۆڕشی دیموکراسی دژی ستەمکار و دەسەڵاتدارانی سەرکووتکەر ، کەچی خەڵک وایانلێهات لە ئازادی هەڵبێت بۆ چوونەناو ستەمکارێکی نوێ ، هەروەها فرۆم لە کتێبەکەیدا دەڵێت :- کۆیلە ئەو کەسەیە «مەیلی ئەوەی هەیە دەستبەرداری سەربەخۆیی خۆی بێت و ، خۆی لەگەڵ کەسێکی تردا لەدەرەوەی خۆی تێکەڵ بکات» و پاشان بەسەرگەردانی و ملکەچی دەژیت و لە ئازادی هەڵدێت ، (بەوپێیەی کە مرۆڤ بەسروشتیخۆی بونەوەرێکی کۆمەڵایەتیە و ، دەشێت ترسی گۆشەگیریەکەی پاڵی پێوەبنێت بۆ هەڵاتن لە ئازادی و ، بەئیرادەی خۆی و لە ڕووی جەستەیی و روحیەوە خۆی باوێتە ناو شێوەیەکی نوێ لە کۆیلایەتی و ، جارێکی تر بخلیسکێتە ناو نامۆبوونێکی نوێی زۆر توونتر لەوانیتر ، چونکە ئەو نامۆبوونە بە ویست و ئارەزووی خۆی بووە) ، جالێرەدا ئەشکالیاتی نێوان کۆیلە و ئاغا « العبد و السيد » گۆڕانی بەسەردا دێت گۆڕانێک کە بەپێی قۆناغ و سەردەم خەسڵەتی تایبەتی خۆی دەبێت ، ئەوەی فرۆم باسیدەکات کەسەکە دەچێتە ناو کۆیلایەتیەک کە خۆی هەڵیبژاردووە .

فەیلەسوفی گەورە «هیگڵ » لە بەشێکی کتێبە بەناوبەنگەکەی (فیومۆنۆلوژیای روح- ظاهریات الروح- دیاردەناسی روح» کە ناونیشانەکەی « دیالێکتیکی ئاغا و کۆیلە - جدلیة السيد و العبد » تەفسیری ئەوەدەکات کە چۆن کۆیلە دەچێتە ناو قاوغی ئاغا و مۆرکی« ئەو» وەردەگرێت ، لەگەڵ ئەوەی « ئەریک فرۆم » بە خۆتێکەڵکردنی کۆیلە لەگەڵ کەسێکی تر لەدەرەوەی خۆی ، هەردوو حاڵەت پەیوەندی بەهێزی  بە تیۆری خۆیەکگرتن یان چوونە قاوغی دەستدریژیکار « التوحد بالمعتدي »وە هەیە ، حالەتی مەیلی چوونە قاوغی دەستدریژیکار  یان خۆنواندنی کۆیلە وەک ستەمکار لەناو هەموو گەلاندا بەپێی پێشکەوتن و ئاستی هۆشیاریان هەیە و چەندین جۆرن ، لەوڵاتە دواکەوتووەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی لەناو حزب و دەسەڵات و گەلێکی دواکەوتووی وەک ئێمەدا بەزەقی دیارە ، کە خۆی لەتەسەروفاتی هەندێک بەرپرسان بەرانبەر ئەوانی سەروی خۆیان و ئەوانی خوارووی خۆیان بەدیاردەکەوێت ، کۆیلەیە بەرانبەر سەیدەکەی ، ئاغایە بەرانبەر کۆیلەکەی ، یان هەندێک تەسەروفاتی سەیروسەمەرە لە هەندێک بەرپرسانی کورد بەدیدەکریت کە کورد خۆی «لە دوا کاروانی شەمەندەفەری پێشکەوتنی گەلان نەک هەر جێگای  نابێتەوە بەڵکە بەجێماوە و سەربەست نیە » کەچی ئەوان مەستی وەهمێکن وەک سەیدێک خۆی نمایش دەکات و وا پێشانی دوروبەر و جیهان دەدن وەک ئەوەی هەموو وڵاتانی ناوچەکە و زلهزەکان پێویستیان بەوەو  و چاویان لەسەر کوردستانە  !!!  جۆرێکی تری پەیوەندی کۆیلە و ئاغا لەوەوە خۆی دەبینێتەوە ، کە کۆیلەیە مۆرکی ئاغاکەی وەرگرتووە و ،  وەک ئاغایەک لەناوخۆ هەڵسوکەوت دەکات وەک ئەوەی ئەو خاوەن ڕاستی ڕەها بێت ، وەک کۆیلەیەکیش هانا بۆ ئاغا دەبات و نوێنەرایەتی دەکات و ، داوایلیدەکات  سوپا و هێز بنێریت بۆ داگیرکردنی نیشتیمانەکەی وەک ئەوەی ئێستا کەسانێک لەهەرێمی کوردستان داوای دەکەن ،  کۆیلەیەکە داوا لە دەستدرێژیکار دەکات دەستبەسەر نیشتیمانەکەیدا بگرێت لە ڕقی کەسانی هاوخەسڵەتی خۆی !! کۆیلەیەک کە چوبێتە ناو قاوغی دەسترێژیکار یان مۆرکی یەکگرتن بە دەستدریژیکاری وەرگرتبێت ، پێویستیان بە چارەسەری دەروونیە ، جۆرێکی تری کۆیلە کە چۆتە قاوغی دەستدرێژیکار کە لە واقیعدا هەیە و ، لەناو چەندین کەسایەتی کورد بەرجەستە دەبێت ، ئەوانەی کە « مستعرب »ن واتە بوونە بە عەرەب  ، نموونەیەک لەوان «طه ياسين رمضان - طه جزراوي » و چەندانی تر لەو کوردانەی خۆیان کردە عەرەب ، کە زۆر بە پەرۆشی و تووندیەوە یەکیگرتووە «توحد»ی کردووە بە غەیرە خۆیان و خەسڵەتی دەستدریژیکاریان لە ڕووخساریان بەدیدەکرێت و ، بەمە لەڕووی - سایکۆلۆژی- لەڕێگەی یەکگرتن لەگەڵ ئەوەی دەستدرێژیکردۆتەسەری دەگۆڕێت بۆ دەستدرێژیکار بۆسەر کەسانی تر ، ئەمانە چونەتە ناو قاغی  جەلادەکانیان و ، زۆر بێشەرمانە دەڵێن ( من تەنها لە ڕووکەشدا کوردم ، ئەگینا لە قووڵایدا من عەرەبم » ئەوە جگەلەوە کە تا دواهەناسە بەهەموو ڕقلێبوونەوەی قووڵەوە دوژمنایەتی کوردیان کردووە .

لەجیهانی ئەوڕۆی دیگیتاڵی و زیرەکی دەستکردا ، پەیوەندی نێوان کۆیلە و ئاغا  شێوازێکی تری نوێی وەرگرتووە کە ڕەنگدانەوەی سەردەمەکەیە ، مرۆڤ یان هاوڵاتی لەو سەردەمەی ئێستادا بۆتە کۆیلەی زەمەن و ئایندەی نادیار و تەکنۆلۆژیا و سۆشیالمیدیا….تاد ، کۆیلەی ئاغای نوێ لە سامانداران و تەکنۆکرات و ئاییندارەکان و سیاسیەکان ، مرۆڤی ئێستا دووچاری کۆیلایەتیەکی نوێی دووجا بۆتەوە .


30/03/2024



وتارەکانی تری نوسەر