ئەوە سەدان ساڵە دەستدرێژیمان دەکەنەسەر ، هەڵیانکوتاوەتە سەر نیشتیمانەکەمان کوردستان و داگیریانکردوە و ، هەرچی خێروبێری ئەم خاکەیە دزیان ، کلتووریان دزی و خاپووریانکرد ، دووچاری زیندەبەچاڵکردن و جۆرەها بۆمبابارانکردن بووین کە پێنج بەرابەری ئەو بۆمبە ئەتۆمیەیەیە کە لە «هێرۆشیما و ناکازاکی » ژاپۆن درا لە جەنگی جیهانی دووەم ، لەو ناوچەیەی ئێمەدا دووری لەنێوان لۆژیک و گەمژەیی ئەوەندە فراوان نیە ، ئەوەی بڕواناکات با بەمێژوودا بچێتەوە ، وایانلێکردین کە جۆگەلەکانی جەهەنەم بەچاوی خۆمان ببینین.
کەچی ئێمە هەر خۆمان لێیانزیک دەکەینەوە و ، داوای پێکەوەژیان و لێبووردەیی لەگەڵیان دەکەین ، ئێمە بێسنوور نەتەوەیەکی لێبووردەیین و دڵمان بۆ هەموو کەسێک دەکەینەوە ، ئێمە هەمیشە خۆمان خستۆتە ناو خانەی تاوانبار و ، بەهەموو ڕێگا و ئامرازێک بەرگری لەخۆمان دەکەین و کەچی ڕەزیل و سەفیل دەچینە لایان دەست پاندەکەینەوە و داوای لێبووردن لە هەڵویستەکانیان دەکەین و تەنازولیان بۆ دەکەین ، کەچی تەنازول بۆ یەکتری و میللەتەکە ناکەن ، خاکی ئەو نیشتیمانەمان بۆ باوەشکردن بۆ ئەو دەستدرێژیکارانە کردۆتەوە ، نەتەوەیەکی وا سۆزدارین سۆزمان بۆ هەموو مرۆڤێک هەیە و ، هەست بە ئێشوئازاریان دەکەین و کارەساتەکانی خۆمان لەبیردەکەین ، لەڕاپەڕینی 1991 باوەشمان بۆ سەربازە دڕندەکانی ڕژێمی بەعس کردەوە و دەرگای ماڵەکانمان بۆیان کردەوە و ، دوای ڕووخانی ڕژێم و داعش دەرگای شارەکانمان بۆ سوننەی عەرەب کردەوە و ، ئەو دەسەڵاتە شیعەیەی کە فەرمانڕەوایی ئەو بەناو عێراقە دەکات لەکن ئێمە بوون و برامان بوون و دەمانحاواندنەوە چونکە هەستمان بە چەوساندنەوەیان دەکرد ، ئەمەش بەهۆی ئەو داکرانی لێبوورەدەییەیە کە هەمانە ، کەچی بزانە چیمان لێدەکرن ؟! بەڵام خەتاکە هی خۆمانە ، بزانە ئەو لێکترازان و دابەشبوونە ترسناکەی هەمانە کە بۆتە چەکێکی خۆکوژ بۆمان !! ئێمە هەمیشە کە ئاسۆی شەبەنگێکی ئاشتی بەدیارکەوێت بەهەموو ڕێگا و ئامرازێک باوەشمان بۆ کردۆتەوە لەگەڵ ئەو کۆمەڵگەیەی عەرەبی سونە و شیعە کە خاپووریکردین ، ئێمە نەتەوەیەکین خێرا لەبیر دەکەین ، هەوڵمانداوە دەستدرێژی و ستەم و نادادپەروەی و کوشتن…هتد لەبیرکەین و یادگەی «الذاكرة » خۆمان لەسەر هەموو مەرگەسات و ڕووداوە مێژووییە خەراپەکان داخست و ، زۆر بە پارێز بووین لەوەی کەس نەیەت دەرگای یادگەمان بکاتەوە نەبادا ئەو بۆمبانە بتەقنەوە کە بەهاکانی پێکەوەژیان و ئاشتی و سەقامگیری خاپوور بکات ، بەڵام ئەوە خۆتان دەبینن کە بەدرێژایی مێژوو و تا دەگاتە ئێستای بۆردومانی موشەک و درۆن و جەنگی ئابووری.
بۆردومانی یادگەمان دەکەن ، ئەوان دەبینن کە دۆخی نێوماڵی کورد چۆن خاپوور بووە ، کە ئیمڕۆ لە هەموو کات زیاتر پێویستیمان بە یەکڕیزی و تەنازولکردن بۆ یەکتری و بۆ گەلەکەمان و وازهێنان لە چێژی پارە و دەسەڵات هەیە ، بەتایبەتی لەو دۆخە هەستیارەی کە ناوچەکە پێیدا تێپەڕ دەبێت و ، پێویستە سەرکردایەتی کورد خۆی بۆ گۆڕانکاری ئەو قۆناخە و کۆتایی هاتنی جەنگی غەززە ئامادەبکات و ، چیتر بە بەڵێنی فریودەرانەی سۆزاوی هەلنەخەڵەتێت و خۆی بەکەمنەزانێت ، کە ئەگەری ئاساییکردنەوەی عەرەب - ئیسرائیل و دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین و ئاوەدانکردنەوەی بێ بەشداری رێکخراوی حەماس هەیە و ، چاودێران پێیان وایە کە وڵاتەیەکگرتووەکان ورەقەکان لەدەست ئێران لە فەڵەستین و عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن ڕادەکێشێت و لەهەمان کاتیش بۆ بەدیهێنانی سەرمایەی سیاسیە بۆ هەڵبژاردنەکانی دادێی ئەمەریکا و ، ئەمە هەلێکی زێڕینیە بۆ کورد کە دەستکەوتی مەزن بێنێتەدی ئەگەر ئێمە بەیەکگرتوویی و دەستلەناودەست بیقۆزینەوە !!!