کۆمەڵێک پەڵەی
ناشیرینی شەرمەزار جەستەی هەرێمی کوردستانی شێواندووە ، کە لە نەخۆشیەکانی
دوو زۆنی زەرد و سەوز و ، پەرتاوازیی و نەبوونی گوتارێکی یەکگرتوویی نیشتیمانی و ، تێکچوونێکی تووند لە ژێرخانی کۆمەڵایەتی
و ئەخلاقی و مرۆیی و ، بوونی تیرۆرێکی نەرم و بێدەنگ و ، بوونی ژمارەیەک لە زانکۆ و قوتابخانەی ئەهلی و خوێندنی تایبەت کە
ئاستی فیرکردن و خوێندن و پەروەردەی گەیاندۆتە چڵپاو و ، بوونی فەرهەنگی پێکەوەژیان
لەگەڵ گەندەڵی و چەندانی دیکە سەریهەڵداوە.
لەنێو ئەو نەخۆشیانەدا خەریکە ویژدان و ڕەوشت
واتێکدەچێت کە کۆمەڵگە بەرەو جەنگڵستان دەبات ، ڕۆژ نیە ئێمە گوێبیستی تاوانی واقێزەوەن
و بەئازار نەبین کە پێشتر نەمانبیستبوون و نامۆ بوون بە کۆمەڵگەی کوردستان…کوڕ
باوک دەکوژێت و پێچەوانەش ، برا برا دەکوژێت ، برا خوشک دەکوژێت ، خوێنکار مامۆستا
دەکوژێت ، کەسێک هەموو ئەندامانی خێزانەکەی دەکوژێت…هتد ، جا ئازارەکە ئەوەندەی دیکە
بە ژان دەبێت کە وێنەی ڕووداوەکە بڵاودەکریتەوە ، وەک ئەوەی وێنەگر چێژ لە ڕووداوەکە
وەرگریت و وەک سەبقێکی هەواڵ بڵاویکاتەوە لەجیاتی ئەوەی قوربانیەکە ڕزگار بکات!!.
کوشتن و بریندارکردن هەر تەنها بە گوولە و چەقۆ
و کەرستەی دیکە نیە ، بەڵکو بەکارهێنانی تووندوتیژی مەعنەوی«تیرۆری بێدەنگ» لە ڕێگەی
کەڵەگاییکردن « التنمر» بەسەر کەسی بێدەسەڵاتدا کە وا لە ئەوەی دیکە دەکات ملکەچ بێت
بۆی و ، لە ڕووی زارەکی و دەروونی و جەستەیی ئازار بخوات و قسەی تووند و ناشیرینی
پێ بگوترێت و ناچاریکەیت میز لە پۆل بکات و. کەڕامەتی بشکێنیت و برینداری بکەیت و دەیان شێوازی دیکەی کەڵەگایی و
تووندوتیژی ، ئەمە وادەکات کە بارگەیەکی غەزەبی
گەورە لەناو دەروونی پەنگ بخواتەوە و لەچرکەساتێکدا بیتەقێنیتەوە…ئەوەی جێی ڕامانە
ئەوەیە کە سەیری هەموو ئەو تاوانانە دەکەیت ، دەبینین زۆربەیان لە چرکەساتێکدا
دروستدەبن و ، پێشتر پلانی بۆ دانەڕێژراوە و ئامادەکاری بۆ نەکراوە ، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت
کە ووزە و توانای تووڕەبون و ئاگری رقوکینەی ئەمبارکراو زۆر گەورەیە و لەچاوەڕوانی
هەڵوێستێکە هەتا ئەگەر بچووکیش بێت بتەقێیەوە بۆ گوزارشتکردن لەخۆی ، ئەم ووزە
تووندوتیژیە لەکن هەندێک کەس ئەگەر بەڕووی نزیکەکانی یان تاکەکانی خێزانی یان ئەوانی دیکە لە کۆمەڵگا
نەتەقینێتەوە لەوانەیە لە خودی خاوەنەکەی
بتەقێتەوە بەهێرشکردنە سەر خودی خۆی ، هەروەک ئێستا دەبینین لە زیادبوونی حالەتەکانی
خۆکوشتن .
ترسناکی ئەو تاوانانە لەوەدایە کە زۆر دووبارە
دەبنەوە ، کە جگە لە بەکارهێنانی تووندوتیژی مەعنەوی هۆکاری دیکەش هەن بۆ بڵاوبوونەوەی
، لەوانە بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر کە بنەماکانی عەقل ناهێڵێت و ، بەرزبوونەوەی نرخ و بڵابوونەوەی بێکاری لەناو گەنجان بەتایبەتی دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان کە هیوایان بە ئاسۆی کار و هاوسەرگیری
لاواز دەبێت و ، بەمە دەکەونە ناو بۆشایی و کەوتن و گرژی و دڵەڕاوکێ کە ئەمانە سێگۆشەی دۆزەخین بۆ دەرگاواڵابوونی تووندوتیژی و ، زۆر کەرستەی تووندوتیژی دیکەش هەیە کە هۆکارن و بێ هیچ وریاکردنەوەیەک یا ڕێنماییکردن بەکاردبردرێن جا
لە لایەن خێزانەوە بێت یا دامەزراوەی پەروەدە و ڕاگەیاندن و دراما ، لێرە ئەوەی جێی
سەرنجە ئەو دڵۆپە تووندوتیژیەی کە دزە دەکاتە ناو دەروونی منداڵ و نەشونوما دەکات
بەهۆی زۆر بەکاربردنی گەمە ئەلکتڕۆنیەکانی جەنگ و کوشتن و ، کوشتنی نەیارەکەی لەگەڵ
خاپوورکردنی ئەوەی هەیەتی ، بەمە نیەتێکی کوشتن لە کۆنەستی منداڵەکە دروستدەبێت.
مرۆڤ بەداخ و سەرسۆڕمانێکی زۆرەوە دەپرسێت : چۆن
هاوڵاتیەک دەتوانێت خۆی لەو دوژمنکاریە بۆ سەر مافی لە ژیان و ئاسایسدا بپارێزێت
؟! کێ بەرپرسە ڕێگە بەو هەموو تاوانبارانە دەدات تاوانەکانیان ئەنجام بدەن و ترس و
تۆقاندن لە شەقامی کوردستانی بڵاوکەنەوە ؟!
لەو بڕوایەدام کە پسپۆران و شارەزایانی پەروەردە
و دەرووناس و کۆمەڵناسان ئەرکی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەیان لەسەرە…ئەم ووزەیە لە
تووندوتیژی و دوژمنکارانەیە کەی و چۆن پێکدێت و ، کەی دەبێتە ترس کە بەرەو خودی خۆی
و ئەوانی دیکە دێت و ، ئایا دەتوانرێت تووندیەکەی سووک بکرێت و چرکەساتی تەقینەوەکە
لاببرێت؟!