دەتوانین ئەو ڕاستیە بڵێین کە قەیرانی سەرکردە لە زۆر شوێن هەیە ، بەجۆرێک بەرژەوەندی تەسکی نوخبەیەکی دەسەڵاتدار باڵی کێشاوە بەسەر بەرژەوەندی باڵای دەوڵەت ، واتە دەوڵەت تەوزیف دەکرێت لەپێناوی دەستبژێری دەسەڵاتدار ، بەمە دەسەڵات و سیاسیەکان متمانە و ڕاستگۆیی گەل لەدەست دەدەن و وڵات بەرەو وێرانەیی دەبەن ، بەڵام دەبێت ئەو پرسیارە بکەین کە بۆچی قەیرانی سەرکردایەتیکردن دروست دەبێت ؟! وەڵامەکەی ئەوەیە کە ئەوە سیاسیەکانن ئەو نیشتیمانە بەڕێوەدەبەن نەک پیاوی دەوڵەت ، کە جیاوازی لەنێوانیاندا زۆرە ، پیاوی دەوڵەت بەرژەوەندی وڵاتەکەی و هەڵوستی ئەخلاقی و دۆخە مێژوویەکەی دەخاتە بەردەم هەردوو چاوەکانی خۆی ، هەتا ئەگەر ئەنجامەکەی دۆڕانی مەوقیعی سیاسی خۆی بێت ، بەڵام سیاسی ئەو کەسەیە کە تەنها فەرمانبەرێکی گەورەیە و ، بەتەنگ کورسیەکەیە هەتا ئەگەر لەسەر حسابی دەوڵەت بێت ، پیاوی دەوڵەت شارەزایە لە هونەرەکانی سیاسەت و ، بەکاریدەهێنت بۆ قازانج و بەرژەوەندی گشتی و ، چاوەکانی دەخاتەسەر بەرژەوەندی نیشتیمان و ئاسایشی نەتەوەیی و کار بۆ هەموو گەل دەکات .
لە پەنجاکانی سەدەی بیستەم وەزیرێکی فەڕەنسا لە« ڕینێ کوتی» سەرەک کۆماری چوارەمی فەڕەنسا-ی پرسی : «جیاوازی نێوان سیاسی و پیاوی دەوڵەت چیە ؟» «کوتی» وەڵامی دایەوە « جیاوازیەکە زۆر ساکار و ڕوونە…پیاوی دەوڵەت لەپێناوی وڵاتەکەی کاردەکات ، پیاوی سیاسی داوا لە وڵاتەکەی دەکات لەپێناوی ئەو کاربکات » زۆرترین گوزارشتی باو لە زانستی سیاسەت ئەوەیە ، کە هەموو پیاوی دەوڵەت بریتیە لە پیاوی سیاسی ، بەڵام هەموو پیاوی سیاسی پیاوی دەوڵەت نیە ، نموونەی سەرکردایەتیکردنی وڵاتان زۆرن ، لەوانە هەرێمی کوردستان کە قەوارەیەکی نیمچە سەربەخۆیە و ، هەر لەکاتی دامەزراندنیەوە تاکو ئێستا بە قۆناخی سەخت و ناخۆش تێپەڕیووە و ، کابینەی حکومەتەکانی دووچاری زۆرێک لە هەڵە و کەموکوڕی و هەتا گەندەڵی و کزبوونی متمانەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بۆتەوە و ، لەگەڵ ئەوەشدا هەنگاوی باشی لە ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدانی هەریم ناوە ، بەدرێژایی سی ساڵی ڕابردووی تەمەنی ئەو قەوارەیە و ، لەبەر کەمئەزموونی وەزیر و گەورە بەرپرسانی لە ئیدارەدانی دەسەڵات ، ناتوانین وەسفیان بکەین بە پیاوانی دەوڵەت ، کە زۆر کاتیان لەو قەوارەیە بەفیڕۆدا و ، بەڵام توانرا تەجاوزی هەندێک لە کێشە و قەیرانەکان بکرێت ، ئێستا دوای ئەو هەموو ساڵە کوردستان لەهەموو کات زیاتر لەنێو دۆخی قورسی نیشتیمان لە دابەشبوون و پەرتەوازەیی و بەرژەوەندی تەسکی کەسی و حزبایەتی لەسەر حسابی نیشتیمان و ، بێمتمانەیی و دۆخی خەراپی ئابووری و تەدەخولی وڵاتان و هەڕەشەی گڕوپی چەکداری دەستلەپشدراوی وڵاتی دراوسێ ، پێویستی بە پیاوانی دەوڵەت یان پیاوی قۆناخ هەیە ، کە بیر لە نیشتیمان بکەنەوە و ترسیان لەسەری هەبێت و بیر لە نیشتیمانە بچووکەکەش واتە خێزان و دۆست و ئازیز و برادەر…تاد لە دەستەبەرکردنی پەروەردە و تەعلیم کە بەردی بناخەی پێشکەوتنە بکەنەوە ، من ئەمە لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەبینم کە لەلایەن زۆربەی پارتەکان و خەڵکی کوردستان قبولکراوە ، کەسێکی دانبەخۆنراوی خاوەن «سەبری ستراتیژی » وەک سەبری ئەیوبە لەناو گەلێکی هاودژ و ئەحزابی وا کە بەڵای خوان ، لەکن «ئەو » ، ئەو کیانە هێڵی سوورە و ، سیاسەت واتە حیوار و تەفاوز بۆ دوا مەودا لە پێناو نیشتیماندا و چونکە ئەو باوەڕی بە نیشتیمان و گەلە ، هەموو گەل بێجیاوازی ، ئەو کیانە هی گەلی کوردستانە ، حکومەتەکان دەڕۆن ، بەڵام کوردستان دەمێنێت ، هەرێمی کوردستان پێویستی بە پیاوی قۆناغە ، پیاوێک کە دۆخەکە پێویستیەتی بۆ کۆتایی هينان بەو دۆخە نەخواستراوەی ئێستا و هێنانەدی پێویستیەکانی خەڵکی کوردستان کە ببێتە دەسکەوتێکی مێژوویی بۆی ، کوردستان پێویستی بە کەسێکە کە ئەو قەوارەیە بێنیتە سەر ڕاستەڕێیەکی وا کە پێویستی بە پیاوی قۆناع نەبێت و وا لەو نیشتیمانە بکات بە شێوازێکی جێگیر و پتەو بجوولێت ، کە دڵنیایی و گەشە و سەقامگیری بۆ بهێنیتەدی .