لەنێو زەمەنێکی سەرگەردان و جیهانێکی گڕگرتوەی پڕ کێشە و هەڕەشە و ، لەژێر دەستی وڵاتە گەورەکانی جیهان کە قامچی بەدەستن بۆسەر وڵاتانی بچووک و ئەوانەی بە ئاراستەی پێچەوانە دەڕۆن و ، لەنێو ڕۆلەکانی یەک گەل کە بەرژەوەندی تەسک و فیتنە دابەشیکردوون ، ئا لەناو ئەو دۆخە خەراپەدا پێویستیمان بە ئاگرکوژێنی سیاسیە ، خەسڵەتی پیاوی ئاگرکوژێنەوە بریتیە لە : حیکمەت و دانبەخۆداگریی وئارامگری و بوێری و خودی باش و خیرایی بەدیهێنان و ، ئەگەر ئاگرێک کەوتەوە بە پەلە ڕادەکات بۆ کوژانەوەی بە ئاوی حیکمەت بێحسابکردنی کاتی یان حەساسیەی سیاسی ، من ئەو خەسڵەتانە لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەبیبم ، کە چەندان ئاگری گەورەی کوژاندۆتەوە ، بەڵام بەداخەوە هەرکە ئاگرەکە دەکوژێنێتەوە خێرا یەکێکی تر لەلایەک لە ئامرازەکانی ڕاگەیاندن هەڵدەگیرسێنێتەوە ؟! سەردانی ئەمجارەی بەڕێزیان بۆ ئێران ڕووداوێکی مەزن بوو بۆ چارەسەکردنی کێشەکان و کردنەوەی گرێکوێرەکان کە هەروەکچۆن ئێران پێویستی بە هەرێمی کوردستانە ، هەرێمی کوردستانیش پێویستی بە ئێرانە ، ئێران و تورکیا دوو ئیمپڕاتۆرن و پەلۆپۆیان بۆ زۆر وڵات و شوێن کێشاوە و ڕۆلی گرنگیان لە ناوچەکە و جیهان هەیە ، سەرکەوتوویی دپلۆماسیەتی سەرۆکی هەرێم لەوەوە بەدیاردەکەوێت.
کە فڕۆکەکەی لە تاران و لە واشنتون و لە ئەنقەرە و ئیمارات… تاد بجیاوازی دەنیشێتەوە لە تاران بە باڵیۆزی ئاشتی و لە واشینتۆن لەزاری سەرۆکی پێشووی وڵایەکگرتووەکان بە جەنگاوەرە مەزنەکە ناو دەهێنرێت ، سەرکەوتوویی دبلۆماسیەت و دانوستاندەکانی دەگەڕێتەوە بۆ : بەهای گوێگرتن و کارلێکردن لەگەڵ کاسانی تر و بونیاتنانی پەیوەندی وەستاو لەسەر متمانە و ڕێزی بەرانبە و لێکتێگەیشتنی ڕوونی ئامانجدار و هاوسەنگی و بەرژەوەندی هاوبەش ، ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان پێویستی بەو پیاوەیە بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوەکان ، ئێستا بارودۆخ گۆڕاوە لەگەڵیدا بارودۆخی کوردستانیش گۆڕاوە بۆیە پێویستیمان بە بازدانێکی جۆریی لە سیاسەت هەیە ، لەبەخۆداچوونەوە و وەلانانی تووڕەیی و کەللەڕەقی و بێمنەتی و تووڕهەڵدانی بەرژەوەندی کەسی و حزبی و چڵێسی…. تاد و ،
دەستکردن بە ڕێخستنەوەی نێوماڵ و بیناکردنی نیشتیمان کە مەرجی سەرەکی بیناکردنی مرۆڤە ، کە ئەمەش پێویستی بە کاریزمایەک هەیە ، سەیری مێژوو بکە بزانە چەندان کاریزما هاتن وڵاتەکەی خۆیان لە سووتماکی جەنگی ناوخۆ و مشتەخۆلێک و چڵپاوی دواکووتوویی کە خەڵکەکەی لەسەر زبڵ و خاشاک دەژیان گەیاندە وڵاتێک کە بەهێزترین ئابووری هەبێت ، لەو وڵاتانە هەموولایەک لەپاڵپشتیان بوون….ئەو قەیرانی سیاسی و ئابووریەی هەرێمی کوردستان کە چەند ساڵێکە هەروا لە بەستەڵەک و بنبەستدایە بە یەک تیم ناتوانرێت چارەسەر بکرێت ، بەلکە هەموو حزبەکان و هەموو ئەوانەی خاوەن بیر و دیدگای پێشکەوتن و چارەسەرن بە حیواری نیشتیمانیی و مراجەعەکردن لەژێر چەتری سەرۆکایەتی هەرێم بن بۆ چارەسەرکردن ، خەڵکی کوردستان تەواو لە حزبەکان و دەسەڵات بیزار بووە و پێویستیان بە ئاشتی دەروونی هەیە بۆئەوەی ئاشتی کوردستانی و گەردوونی بباتەوە ، بەداخەوە دەبێت دان بەوە بنێین ، کە کارەکتەری تێکدان یان ئاگرکەرەوە زیاترە لە چاککردن و کوژانەوە ، (سوڵتان سلێمانی قانونی ) دەیویست یەکێک لە کۆشکە کۆنەکانی بونیاتبنیتەوە ، بۆئەم مەبەستە « سینان پاشا»ی تەلارسازی بەناوبانگی تەکلیفکرد بۆ تێکدانی ، سوڵتان بەووردی بەدواداچوونی کارەکانی دەکرد ، بینی وا سینان پاشا گڕوپی یەکەمی کارەکانی گۆڕی کە بیناکەیان تێکدا و هەڵوەشاندەوە ، بۆیە سوڵتان بانگی کرد و لێی پرسی :
بۆ واتکردووە ؟ تەلارسازی زیرەک پێی گووت گەورەم ئەوەی بۆ تێکدان دەستدەدا بۆ چاککردنەوە دەستنادات ) ، هیوام بەهێزە کە ئەم سەردانەی سەرۆکی هەرێم ببێتە هەوێنی چاککردن و یەکڕیزی و ڕیشەکێشکردنی تێکدەر و ئاگرکەرەوەکان و توانەوەی بەستەڵەکەکان و تێکشکاندنی ئەو ئەلقە جەهەنەمییەی کە دەورەی داوین و ، دەبێت ئەوە بزانین کە مێژووی ئادەمیزاد بریتیە لە مێژووی مرۆڤ ، ئەوە مرۆڤ بوو کە داگیرساندنی ئاگری داهێنا و ئێستاش زیرەکی دەستکرد ، بۆئەوەی نیشتیمان بینابکرێت پێویستە مرۆڤ بینابکریت ، ئەمەش پێویستی بە کاریزمایەک وەک ئەو کاریزمایانە هەیە کە گەلەکانیان لە خەوی غەفڵەت دەرهێنا و بە سیاسەتی خۆیان چونەوە و بەرەو بونیاتنان و بووژانەوەی نیشتیمانەکەیان هانگاوایان نا .