فەلسەفە و بیروڕای باراک ئۆباما-ی سەرۆکی پێشووی
وڵاتەیەکگرتووەکان ئەوەبوو کە بۆ بنەبڕکردنی تیرۆری تووندرۆی ئیسلامی ، دەبێت زیاتر
بایەخ و پشتگیری ئیسلامی میانڕەو بکرێت ، بۆئەم مەبەستە پشتگیری ئیخوان موسلیمین-ی
لە هەندێک وڵاتی عەرەبی لەکاتی شۆڕشی بەناو « بەهاری عەرەبی» و پشتگیری ئیخوانەکانی
میسر-یان کرد ، بەڵام هەر زوو وەرقەی ئەمەریکا کە ئیخوان موسلیمین بوو لەبەردەم گەلی
میسر سووتێنرا و دەسەڵات درایەوە گەلی میسر و ، لە شوێنەکانی دیکەش هەمان چارەنووسیان
هەبوو .
هەر ئەو ئیدارەیە بۆ هێنانەدی ڕێکەوتنامەی ئەتۆمی
لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و کۆتایی هێنان بە هەڕەشەی ئەتۆمی ، زیاتر لە «100» ملیار
دۆلاری قەرزی ئێرانی دایەوە ئەو وڵاتە و دەستی ئێرانی وڵاکرد لە ناوچەکە ، کەچی لەجیاتی جێبەجێکردنی رێکەوتنەکە باڵەکانی ئەو وڵاتە دەیان هێرشیان بۆ سەر دامەزراوەی
نەفتی و بەرژەوەندی ئابووری هەندێک لە پایتەختەکانی ناوچەکە ئەنجامدا و ، لەلایەن
ئەمەریکاوە چاوپۆشی لێکرا بە بڕوای ئەوەی کە ئەمە ڕێکەوتنەکە ئاسان دەکات .
پێش ئەو قەیرانانەی کە ئێستا بەرۆکی جیهانی
گرتووە ، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە دەرەوەی ئەولەویاتی سەرۆکی ئەمەریکا جۆ بایدن بووە
و ، بەکردەییش ئیدارەکەی ستراتیژی کێشانەوەی قۆناخ بە قۆناخی دانا بەرانبەر ڕۆیشتنی
بۆ خۆرهەڵاتی ئاسیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڵکشانی چین ، هۆکارێکی دیکەی کشانەوەی ئەمەریکا
ئەوەبوو کە لەوبڕوایەدا بوو کە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئەو «بایەخە»ی جارانی بۆ
بەرژەوەندیە ستراتیژیەکانی ئەمەریکا و پشتبەستن بە هاوردەکردنی نەفتی ناوچەکە لەبەر
دەرهینانی نەفتی تاوێری«نفط الصخري» لە ئەمەریکا نەماوە ، هۆکارێکی دیکەی کشانەوەیان
ئەوەبوو کە ئەوان فەشەلیان هێنا لە گۆڕانکاریکردنی نیزام لە هەندێک وڵاتانی ناوچەکە ، ئەمە جگە لە بوونی هەستی گۆشەگیری
هاوڵاتی ئەمەریکی دژی تەدەخولکردن لە دەرەوە بەتایبەتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەم کشانەوەی ئەمەریکا لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەندێک
وڵاتی عەرەبی تووشی شۆک کرد ، چونکە چیتر ئەو ڕووپۆشە ئاسایشەی کە پشتیان پێدەبەست
نەما و بزربوونی ئەو ڕووپۆشە ئاسایشە بەشێوەیەکی
رێکخرا و رێککەوتن نەبوو ، ئەمە وایکرد چەندین هێرشی موشەکی و بە فرۆکەی بێفرۆکەوان
بۆسەر ناوچەکە بەردەوام بێت ، ئەمانە هەمووی بووە مایەی داخورانی متمانە لەنێوان ئەو
وڵاتە عەرەبیانە و ئەمەریکا کە ناچاریکردن بەداوای هاوبەشێکی دیکە لەسەرویانەوە ڕوسیا
و چین بگەڕێن ، بەتایبەتی کە پاشەکشەی ڕۆلی ئەمەریکا لە ناوچەکە بۆشایی دروستکرد کە
هەندێک هێزی ئیقلیمی ئەوەیان قۆستەوە پڕیبکەنەوە و نفوزی خۆیان پێ زیادبکەن .
سەرۆکی ئەمەریکا بایدن لەچواچێوەی دبلۆماسیەتی
ئیدارەدانی قەیرانەکاندا گەڕایەوە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و هەر ئەوڕۆ بایدن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ
سەرەک وەزیرانی کاربەڕێکەری ئیسرائیل لابێد لە قودس گووتی ؛ هەڵەمانکرد لە خۆرهەڵاتی
ناوەڕاست دوورکەتینەوە و بۆشاییمان دروستکرد، سەردانەکە ڕەنگدانەوەی کۆمەڵێک قەیرانە
، لەوانە قەیرانی ناوخۆ و حزبەکەی کە شەڕی هەڵبژاردنی کۆنگرێسی لەبەردەمدایە ، لەهەمان
کاتیش تارمایی گەڕانەوەی ترامپ بەسەر سەریدا باڵەفڕکە دەکات و دێت و دەچێت ، بۆیە
خەم و بایەخی سەرەکی سەرۆکی ئەمەریکا ڕازیکردنی دەنگدەرانی حزبەکەیەتی حزبی دیموکرات
، هەروەها بەرزبوونەوەی تووندی کێشەی ئەمەریکا بە هەڵکشانی ئابووری چین و
فراوانبوونی نفوزی ڕوسیا و هاتنی جەنگی ئۆکراینا وای لە کۆشکی سپی کرد بە حساباتە
کۆنەکانیدا بچێتەوە ، بەتایبەتی ئەو تەنگوچەلەمانەی کە بەهۆی جەنگی ڕوسیا ئۆکراینا
لە بواری ووزەدا بەروەڕووی ئەمەریکا بۆتەوە کە شەپۆلێکی هەڵاوسانی وای دروستکردووە
کە کاریگەری سلبی خستۆتەسەر بەکاربەری ئەمریکی ، ئەو هاتۆتەوە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست تا بەرهەمی نەفتی وڵاتانی کەنداو بەتایبەتی سعودیە
زیاد بکات و بیڕژێنیتە بازاڕ و نرخی نەفت بێنێتە خوارەوە ، چونکە ئەمەریکا دەزانێت
کە ئەوروپا تووشی پایزێکی قورس دەبێت و لە ئیستاوە هاواری لێهەڵساوە بەهۆی بڕانی
غازی ڕوسی لە کێشوەرە پیرەکە.
شرۆڤەکاران لەوبڕوایەدان کە ئەم سەردانەی سەرۆکی
ئەمەریکا ، مانای گەڕانەوەیە بۆ ڕیالیستی سیاسی و ، ڕەنگدانەوەیەکی گرنگە لە سیاسەتی
ئەمەریکا و ، ئەمە پاڵنەرێک دەبێت بۆ سەرلەنوێ گەڕاندنەوەی متمانە لەگەڵ واشنتون لە
بوارەکانی ئاسایش و ، لەپێناو ووزە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی بەتایبەتی سعودیە و گۆڕانکاریکردنێکی
جەوهەری لە پارسەنگی ستراتیژی لەگەڵ ئێران-دا ، کە ئەمەش سەقامگیری سیاسی و ئابووری بۆ ناوچەکە و گەلان و بەرژەوەندیەکانیان
دەگەڕێنێتەوە کە هەرێمی کوردستان-یش بەشێکە لێی.