لە جیهاندا پایەی
مەزنەکان جیاوازن ، هەیە لە سەرەوەیە ماندێلا و گاندی…هتد ، هەیە لە ناوەڕاست
تشرشل و دیگۆل … هتد ، هەشە لەخوار ئەوانن ، لەوان خوارتریش هەیە هەموویان بەپێی
پلەو پایەیان بەمرۆڤی مەزن و گەورە دەمێنێنەوە، لەناو گەلاندا زۆر ئەو سەرکردانەی
کە دوای نەمانیان گۆرانی خەماوی و سەردولکەیان بۆ دەچڕن کاتێک تشی گیڤارا -ی شۆڕشگیڕی
بەناوبەنگی لاتینی مرد ، دەیان گۆرانی خەماوی و سەردولکەیان بۆ چڕی کە تا ئێستا بەردەوامە
، چەند مانگێک لەمەوبەر ڕوفاتی «پاتریک لۆمۆمبا»ی پاڵەوانی ڕزگاری کۆنگۆ لە ئیمپریالیستی
بەلجیکی لە بەلجیکاوە هێنرایەوە «کنشاسا»ی پایەتەخت گەورەترین ئاهەنگی نیشتیمانی و
جەماوەری سازکرا ، کە ڕوفاتی سەرکردەی ئەفسانەیی مستەفا بارزانی و ئیدریسی کوڕی لە
باشماخی ئێران هاتنەوە کوردستان جەماوەرێکی خرۆشاوی بێوێنە لە زاخۆ تا خانەقین لە
پێشوازیان دابوون ، سەرکردەش هەن بەزیندووێتی و مردوویی بەر تف و نەفرەتی جەماوەر
و مێژوو دەکەون و ، هی واش هەیە بەبێدەنگی و بێڕێزی لە دوورە وڵات یا لە وڵاتەکەی
خۆیدا سەردەنێنەوە و گۆرانی و سەردولکەیان بۆ ناچڕێنرێت ، یەکێک لەو مەزنانە گۆرباتشۆف-ە
کە هەفتەی ڕابردوو لە ڕوسیا مرد.
گۆرباتشۆف کە
لەساڵی 1985دا لە لووتکەی پێگەی رێکخستنی حزبی شیوعی لە یەکێتی سۆڤیەت دابوو ، بەرنامەی
چاکسازی ڕاگەیاند ، ئەم بەرنامەیە کرا وەرەقەی ناوخۆی حزب و ، دوای دوو ساڵ کرایە
کتێب و بانگەوازە بەناوبانگەکە «پرۆسترۆیکا» سەرلەنوێ بونیاتنانەوە و « گلاسنوست» کرانەوە
ڕاگەیەنرا .
ئەو کە بووە سەرۆکی
یەکێتی سۆڤیەت ویستی ئەو بەرنامە چاکسازیە ئەنجامبدات ، چوونکە برین و زامێکی گەورەی
لە وڵاتەکەیدا بینی و دۆمەڵ و زاخاوەکەی بەدیاردەکەوتن ، لەمباریەوە دەڵێت : یەکێتی
سۆڤیەت وەک یەک سەرنشین وایە لەسەر پشتی یەک کەشتی ئەویش زەویە و ، لەسەر هەمووان
پێویستە کاربکەن لەپێناو پاراستنی ئەو کەشتیە لە نقوبوون ، چونکە کەشتیەکی دووەمی
نوح نابێت.
گۆرباتشۆف
ململانێی نێوان سەربازگەی خۆرهەڵات و خۆرئاوای نەهێشت بە مۆرکردنی دانانی سنوورێک
بۆ چەکی ئەتۆمی ، بەمە ماڵویرانی دوورخستەوە و ئاشتی و پێشکەوتنی مرۆڤایەتی بۆ گەلان هێناپێش ، ئابووری ڕوسی گۆڕی بۆ بازاڕ
و ڕێبازی سەرمایەداری ، چونکە دەیزانی ئەزموونی
ئابووری سۆشیالستی کە لە سالی 1914 لەگەڵ «لێنین» دوای ئەویش«ستالین» شکستی هێناوە
و هێزی پاڵنەری ڕوسیا لە سەرچاوە و داهاتی ئابووری و ستراتیژی ئەو وڵاتەی داچۆڕاندووە.
ئەو پیاوە جیهانی
گۆڕی ، نەک هەر ئەوە هەموو ڕێڕەوی مێژووی نوێی گۆڕی ، چونکە لەمیانی ئەو ماوە کورتەی
دەسەڵاتیدا پڕنسیبی نوێی لە پەیوەندی ڕێک و باش دانا کە یەکێتی سۆڤیەتی لەگەڵ وڵاتە
جیاجیاکانی جیهان کۆکردەوە هەتا لەگەڵ ئەوانەش کە لە ڕووی ئایدۆلۆجی و هزریەوە لەگەڵیدا
جیاواز بوون ، کە دیواری بەرلین لە ساڵی 1989 ڕووخا ، رەتیکردەوە کە تەدەخول بکات
و ڕووداوەکەی بە کارێکی ناوخۆی ئەڵمانیا دانا ، گۆرباتشۆف پێشنبینی ئەوەی نەدەکرد
کە وڵەتەکە بەو شێوە خێرا و دڕااماتیکیە بەرەو فەوزای ئابووری و سیاسی بچێت
، هەوڵیدا دۆخەکە کۆنترۆڵ بکات بەڵام کارلەکار ترازابوو و ، بێویژدانیشە هەموو شت
بخرێتە ئەستۆی ئەو پیاوە ، چونکە ئەوانی دوای ئەو ڕۆلی زۆر ترسناک و خەراپیان بینی
لە کۆتایی هێنان بە یەکێتی سۆبیەت و پاڵنانی ڕوسیا بەشێوەیەک بۆ باوەشی خۆرئاوا کە
شیاوی مێژوو و پێگەی ڕوسیا نەبوو.
خۆرئاوا وێڕای
هاندانی گۆرباتشۆف کەجی وەک دوژمنێک مەمڵەیان لەگەڵدا دەکرد و موزایەدەیان لەسەر دەکرد
و گێچەڵیان پێدەکرد . ریگان-ی سەرۆکی کۆچکردووی ئەمەریکا بە بانگەوازە بەناوبانگەکەی
: بەڕێز گۆرباتشۆف دیواری بەرلینی ڕووخاند ، جورج بۆش-ی باوک بەوپەڕی خۆبەزلزان و
بێمنەتی مەمڵەی لەگەڵ دەکرد و ، لەسەردەمی ئەودا ژمارەی هەژارانی سۆڤیەت دەیان ملیۆنی
تێپەڕاندبوو کەجی یارمەتی ئابووری-یان نەدەدا ، بۆیە شتێکی سەیر نیە کە ڕوسەکان بە
خەراپترین سەرۆکی سەدەی بیستی دابنێن و «پۆتین»یش ڕووخانی سۆڤیەت بە تراژیدیای سەدەی
بیست و خەراپترین کارەساتی جیۆسیاسی دانا و ، زۆربەی مارکسیەکانی جیهانیش بە
کوردستان-یشەوە گۆرباتشۆف بە شەیتان و خائنی گەورە سەیریدەکەن.
مێژوو فێرمان
دەکات ئەو ئیمپڕاتۆرانەی گەلانی خۆیان سەرکووت بکەن و سەرنەکەون لە دابینکردنی پێداویستیەکانیان
، نەمانیان لە نیوچاوانیان نووسراوە….بەهەر حاڵ پۆتین توانی ماوەی گۆرباتشۆف و ئەوەی
دوای ئەویش لاببات و ، قەیسەر ئێستا لەهەوڵدایە بۆ گەڕانەوەی نەبەردیەکانی ڕوسیا و
دروستکردنی ئیمپڕاتۆریەتی سێیەمی ڕوسیا…بەداخەوە ئەوە قەدەر و ڕووداوە جیاوازەکانی
مێژووە کە وادەکات کەسانێک ئەو ڕێزە گەورەیەی لە جیهان لێیگیرێت و لەناو وڵاتی خۆی
لێینەگیرێت .