تیرۆری بەقانونکراو…تیرۆری بێدەمامک

محەمەد خۆشناو

لەگەڵ دروستبوونی یەکەم پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان و تا ئێستاشی لەگەڵدابێت ، لەبێئاگایی ئێمەوە تیرۆرێکی شەرعی ناڕاستەوخۆ لە هەرێمی کوردستان سەریهەڵدا ، ئەویش تیرۆری بەقانونکراو و بێدەمامک بوو کە لەڕێگەی ئیسلامی سیاسی گەشەی کرد و تا توانی بگاتە عەقلی کورد کە سەرەنجام بووە مایەی گۆڕانکاری لە هۆشیاریان و ، وایلێکردن ئەوەی دیکە بەهەموو ڕەنگەکانەوە ڕەتبکەنەوە ، ئەوەی بینیمان و ئەوانە بۆیان هێناینە کوردستان پێشتر بوونی نەبوو ، ئەو تیرۆرە ئامرازەکانی بەسەرپەرشتی و پارێزگاریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتووە ،  لەمیانی ڕێگەپێدانی بەربڵاو و بێسەروبەری ئەو هەموو هۆڵ و شوێنی ئایینی و خوێندنگا و پەیمانگا و ڕێخراوی ئایینی و ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و گووتار و فەتوای بێسەروبەر ، کە ڕێگای واڵاکرد ئیسلامی سیاسی بەکەیفی خۆی و بەئازادانە ئەوەی دەیەوێت بیخاتە ناو مێشکی گەنجانی هەرزەکاری بێ ئیشوکار و ، بەتێگەیشتنێکی هەڵەوە فڕەیاندانە ناو کۆمەڵگە و وایانلێکردن ڕەوایی بدەنە ئەوان بۆ تووندوتیژی و ڕقوتووڕەیی دژ بەهەموو ئەوانەی جیان لەگەڵیاندا .

ئیسلامی سیاسی وەکو ماسۆنیەکان لە تاریکی و نهێنی و ژێربەژێر زۆر بەرێکخراوەیی ئیش دەکەن ، ئەوان هەوڵدەدەن بەتۆپزی ڕابردووی دواکوتووی بەسەرچوو بێننەوە سەردەمێک کە گەڕانەوەی بۆ نییە ، خواستی ئەوان ئەوەیە دەیانەوێت بیری خۆیان بەزۆری بئاخنێنە ناو مێشکمان و ، والەکەسەکان بکەن سوواری شەمەندەفەری بیروبۆچوونەکانیان بین بۆ هەمان وێستگە ، ئەوان پێمان دەڵێن گەر ئێوە بە ژن و پیاوەکانتانەوە جیاوازبن لەگەڵمان شوێنتان لێرە نابێت و دوژمنن و ڕیسواتان دەکەین هەروەک پێشتر سەدان لەو لادەرانە لە شارو شارۆچەکەکانی کوردستان خەڵتانی خوێن کران و ڕیسوای دونیا و قیامەت کران ، وەک ئەوەی بەسەر کچەکەی گەڕەکی «هوانە» سلیمانی-یمان هێنا ،  کە ئەمە دوایینیان نابێت.

ئەمە بەرهەمی ململانێی نێوان مێشکێکی داخراوی بەردیین و مێشکێکی کراوەی ڕووناک-ه ، مێشکی عەقلێک کە بت دەپەرستێت بەرانبەر مێشکێکی ئازاد و ڕۆشنگەر.

ئیسلامی سیاسی هەر بەوە نەوەستاوە ، زۆر دیاردەی دیکەی نامۆ بە کۆمەڵگەی کوردستان بۆ ئیستیراد کردین ، هەر لە جلوبەرگ و دەموچاو و سەرداپۆشین و سڵاو لەیەکترکردن و تادەگاتە بەکارهێنانی هەندێک ووشە کە پێشتر نەبوون ، وەکو بەکارهێنانی «ئەلسەلاموعەلەیکوم » لە تەلەفۆن لەجیاتی «ئەلەو » یان « جزاك الله خیرًا » لەجیاتی « سوپاس» چەندان موفەرداتی نامۆی دیکە ، ئەمە جگە لە جلوبەرگی سەیروسەمەرەی وەکو جووبە…هتد ، باشە دەبێت لەو نێوەندەدا پێشبینی هۆشیاری گەنجانمان چۆن بێت ، ئایا تۆ دەتوانیت داوا لە وەزارەتی ئەوقاف و  کاروباری. ئایینی بکەیت کە واز لەو شتانە بێنن کە باسمانکرد ، گووتارێکی شێواوی ڕەگداکوتاو و کەڵەکەبووی نزیکەی «30» ساڵ ، داوایان لێبکەیت گۆڕانکاری بەسەردا بهێنن و پێشینخەین ؟! چۆن داوایان لێبکەین کە ئەو هەموو خوێندنگا و پەیمانگای فێرکاری ئایینی بخرێنە ناو فێرگەی گشتی و لەخۆیان بگەڕێی ؟! هەتا دۆخەکە بەوشێوەیە بمێنیتەوە ، ئەمانە واز ناهێنن و هەرجارەی گێچەڵ بەشتێکەوە دەکەن ، دیارە مەبەستی هەموو گێچەڵ و پەلاماردانەکانیان ئامانجی خۆی لەپشتە  و بەدوای دەسکەوتی حزبیدا دەگەڕێن ، لەکن ئەوان گرنگ نیە ئاسایشی کۆمەڵایەتی تێکدەجێت یان نا !! وەک ئەوەی ماوەیەکە مەسەلەی جێندە و جێندەرایەتیان ووروژاندوە و خەڵکیان پێ سەرقاڵ کردووە ، باشە بۆ چەند ساڵ لەمەوبەر باسی جێندەر دەکرا و سیمینار و گووتار و لێکۆڵینەوە لەسەری پێشکەش دەکران قڕوقپیان لێکردبوو کەچی ئێستا لەهەڵایان داوە؟! ئەم بانگەشانەیان بازرگانی پێورکردنە بەو بابەتە و ، ئەگەر هیندە دژی جێندەرن با بچن منداڵاکانیان لە زانکۆکانی ئەمەریکی و ئەوروپی مەڵبەندی جێندەرایەتی بێننەوە !

دەستەواژەی جێندەر  نزیکەی «50» ساڵ دەبێت سەریهەڵداوە و لە ساڵی« 1995» لە کۆنگرەی قاهیرە لە میسر بە بەربڵاوی بڵاوبووەوە و ، ئامانج لێی قەلاچۆکردنی هەموو جۆرە جیاکاریەکە دژی ئافرەت و چوون بەرەو یەکسانی و دادپەروەری جێندەرایەتی کە لەسەر ڕێزگرتنی تەواوی پێویستیەکانی ژن و پیاو ڕاوەستاوە ، بەربەستدانان بۆ جێندەری تەنها لە کۆمەڵگە دواکەوتوو و هەژارەکاندا هەیە .
کۆمەڵگەی کوردستان پێویستی بەوەیە کە بیردۆزێکی نوێ بۆ شیکردنەوەی دەقە ئایینیەکان دابنرێت ، کە ژن وەکو مرۆڤ بە باشیی مامڵەی لەگەڵدا بکرێت ، سیمۆن دیبیڤوار دەڵێت :( مێیینە مرۆڤێکی دەبێت ، پاشان ئافرەت دروستدەکات ).

لەساڵانی حەفتا و هەشتاکان دینداری خەڵکی کوردستان دینداری ئیسلامی ناوەڕاستی ڕاستەقینە بوو و ، هۆکارێک بوو بۆ خۆشەویستی و گەشەکردن ، بەڵام کە ئیسلامی سیاسی وەک شەمشەمەکوێر دابەزینە کوردستان گێچەڵ بەژنان کە نەبوو سەریهەڵدا و ڕق و تووڕەیی و تووندوتیژی و جیاکاری بەربڵاو بوو و ، هاتن روحە جوانەکەی ئیسلامی ناوەڕاستیان کپ کرد ، لەجیاتی ئەوە ڕوحێکی دەمارگیر و گەمژەیان دانا .

ڕۆژانی حەفتا و هاشتاکان کە خەڵکی کوردستان لەسەر جادە دەڕۆیشت قورئان یان ئینجیلی لە گیرفان نەبوو ، بەڵام هەموو کوردستانیەک کە دەڕۆیشت لە ویژدانیدا ئایەتێک هەبوو ڕەنگدانەوەی روحی کوردستان بوو .

07/01/2023



وتارەکانی تری نوسەر