کوردستان تابلۆیەکی قەشەنگی پێکەوەژیان ، یەهوزاکان شێواندوویانە ؟!

محەمەد خۆشناو
لەم ساڵەدا و لەو مانگەدا و لەیەککاتدا ، موسڵمان و کریستیان ( خۆزگە ئایینەکەنی تریشی لەگەڵ دابا ) ، ڕەمەزانی پیرۆز ، ڕۆژووی گەورە و جەژنی قیامەی کریستانەکان ، هەفتەی ئازارەکانی مەسیح ، شەوی پیرۆزی قەدر ، جەژنی ڕەمەزان و ، بانگی مزگەفت و زەنگی کڵێساکان تێکەڵی یەکتری بوون ، تێکەلێک زۆر نزیک لەیەکتری ، ئەمە بەهێزی کلتووری خەڵکی هەرێمی کوردستان لە پێکەوەژیانی ئاشتیانە و لێبووردەیی پێشان دەدات ، کە هاوکات بوو لەگەڵ دیداری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پاپا لە ڤاتیگان و بەرپرسانی باڵای ئیتاڵیا ، دیداری پاپا و سەرۆکی هەرێم ئاڵوواڵا و شەبەنگی بۆنە پیرۆزەکان بوو ، کە بۆ گەیاندنی پەیامی پاراستن و زیاتر پێشخستنی کلتووری لێبووردەیی و پێکەوەگونجا و پاڵپشتیکردنی ئەو هەمەڕەنگیەی هەرێمی کوردستان بوو بە جیاوازی ئایینی و نەتەوەیی ، کە ڕەنگدانەوەی ئەو تابلۆیە بوو کە بەدیاری پێشکەش پاپا کرا ، ئەم پاپایە  بڕوای بەوەیە :  کە دایەلۆگ تاکە ئامرازە کە کۆدەکاتەوە و جودا ناکاتەوە و ، هەموو جۆر و شێوازەکانی کێشە و ململانێکان دەتوانرێت لە دانیشتنی دۆستانە و مێزی گفتوگۆ و دانوستاندن چارەسەر بکرێت و ، هەروەها پاپا بەرگریکارێکی بەهێزی  ئاشتیە لە هەموو شوێنێکدا ، ئەمە هەمان دید و بۆچوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە کە بەزمانی سەردەمی دادەنێت بۆ چارەسەکردنی کێشە و تەنگوچەڵەمەکان….ئەم پێشوازیە گەورەیە بە هێزی پلەی سەرکەوتنی دبلۆماسی لە کردنەوەی کەناڵی پەیوەندی تۆکمە لەگەڵ وڵاتە جیاواز و هەمەڕەنگەکان بەتایبەتی سومبولێکی گەورەی ئایینی لە جیهان دادەنرێت ، کە کاریگەری بەهیزی لەسەر بڕیاری سیاسی و بوارەکانی تر لە جیهاندا هەیە .
سنووری دبلۆماسیەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبەردەم یەک ڕووداودا ڕاناوەستێت ، بەڵکو هەمیشە لەجوولەدایە و ، سیاسەتێکی هاوسەنگ لەگەڵ دراوسێ و وڵاتان لە دەرەوە و ، لەهەمان کاتیش لەگەڵ حزب و لایەنەکان لە ناوخۆدا پەیڕەو دەکات بۆ قازانج و بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و بەرەوپێشبردنی کێشە ڕەواکەی .
هەمیشە لەگەڵ هاتنەوەی جەژنی قیامەدا ، « یەهوزای ئەسخەرپۆتی »یم بیردێتەوە ، کە یەکێک بوو لە ( 12) قووتابیەکەی مەسیح کە شەهوەی پارە دڵ و چاوی کوێر دەکات و ، ناپاکی لە مامۆستاکەی مەسیح دەکات ، یەهوزا بوو بە ڕۆمان-کانی گووت : ئەوەی ماچی دەکەم «ئەو » هەوە ، ئەمە ماچی خیانەت بوو کە تێیدا مەسیحی تەسلیمی دوژمنانی کرد ، دوژمنانی هەق و ناحەزانی ڕاستی .
چەند زۆرن ئەو ماچانەی لە ژیانماندا بە ماچەکەی یەهوزا دەچن ، زۆرن ئەو ماچانەی کە لە هەناسەیەکی ژەهراویەوە دەردەچن و بە ژەهر کوردستان ئاو دەدەن و ، ئەوەتا لەنێوماندا دێن و دەچن  ، ئای چەندن ئەو یەهوزایانەی کە ناپاکی لە نیشتیمان دەکەن و نان و ئاوی دەخۆن و چێژ لە سامانەکەی وەردەگرن و دەیانبینین کە چۆن لە هەرچرکەیەکدا دەستپێشخەری لە دابەشکردنی هەستوسۆزی ساختە دەکەن ؟!
دەبێت بەدوای ئەو یەهوزانەدا بگەڕێین ، کە ئاوی ڕووبار و خاک و هەوا پیش دەکەن و چاندن و شیری کۆرپە ژەهرەدار دەکەن ، بۆ ئەوەی نەوەیەکی نەخۆشی کوێر بەرهەم بێت کە نەتوانێت بەرگری لە خاکی نیشتیمان و لە ژیان بکات .
ترسناکترین ئەو یەهوزایەیە کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان لە قوڵکردنەوەی دووبەرەکی و ناکۆکی و پەرتەوازەیی و ترسناکی هەڵوەشانەوەی ئەو نیشتمانە ڕاناوەستێت و ، هەر تەنها خەریکی بەرژەوەندی تەسک و کەسی خۆیەتی و ، ئەمانە فرامۆش دەکەن و گوێ بە هیچ نادەن و لە وانەکان  فێرنابن .
ئەدی ئەو یەهوزا دووڕوو و ماستاوچی و هیچوپووچانەی دەوری بەرپرسانیان داوە و ، لەناو دامەزراوەکانی دەسەڵات و حزبەکاندا زۆرن و خۆیان مەڵاس داوە و ، هەندێکیان شوێنی شایەستەیان هەیە کە گوێیان لێدەگیرێت و جەماوەریان هەیە و داکۆکیان لێدەکەن ، بەڕاستی ئەمانە ترسناکی ڕاستەقینەن کە لە داعش و تیرۆرستان ترسناکترن ، ئەمانە هەڵەی بەرپرسان دەڕازێننەوە و نەیاری بەرپرسەکە سووک دەکات لەسەر بنچینەی ئەوەی کە ئەمە دەبێتە مایەی بەختەوەری بەرپرسەکە ، ئەمانە هۆکاری سەرەکین لە قووڵکردنەوەی ناحەزی و ڕقلێبوونەوە و درووستکردنی ئاژاوەگێڕی .
ئێمە ئێستا لەهەموو کات زیاتر پێویستمان بە ماچی خۆشەویستی و باوەش لەیەکتری کردن و بەخۆداچوونەوەی هەڵەکانە ، تا وێنە ڕاستەقینە جوانەکەی کوردستان بگەڕێنینەوە و پێشانی جیهان بدەین کە هەرێمی کوردستان مەشخەڵی پێکەوژیانی ئاشتیانە و ئازادی و مافی مرۆڤ و یەکسانی و دادپەروەریە .
You sent


15/04/2023



وتارەکانی تری نوسەر