کورد ناتوانێت ئیدارەی جیاوازیەکان بکات !

محەمەد خۆشناو
ئەگەر سەیری مێژووی نوێی کورد بکەین ، بەتایبەتی ئەوکاتانەی جۆرە دەسەڵاتێکی سەربەخۆی هەبووە ، هەر لەدروستبوونی ئیماراتەکانەوە تا ئێستاشی لەگەڵدابێت دەسەڵاتدارانیان نەیانتوانیوە  ئیدارەی جیاوازیەکانی خۆیان بکەن «مەبەستم ئیدارەی جیاوازی نێوان کورد و کورد نەک نەتەوە و ئاینەکانی تر » ئەم ئیدارەنەدانی جیاوازی کێشەیەکی مێژوویی و دەردێکی کوشندەی کورد بووە و هەربۆیەش دووچاری شکست و دەردەسەری بووە ، لەو شەڕ و ململانێیانەی کە خۆبەخۆ کردوویەتی ، ئامانجی هەر لایەک مەحوکردنی لایەکەی تر بووە و ، لەهیکڕان ململانێ لەنێوان براکان بۆتە ململانێی وجود ، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە ئەو ئاشتیەش کە لەنێوانیاندا هەبووە ئاشتیەکی درۆ بووە ، ئەو زمانەی کە بەکار هاتووە زمانێکی دووڕوو بووە و ، نیەتەکانیان دڕندانە بووە و ، ڕقوکینەکان لە دەروونەکان بە خەفەکراوی ماونەتەوە ، ئەگەر پرسیارێک بکەین کە چۆن بەدرێژایی ئەو ساڵانە ، ئەو هەموو ڕقوکینەیە لەنێوانیاندا نەڕۆیشتن و بەبەردەوامی کەڵەکە دەبن و کێ لێی بەرپرسە ؟! 
کاتێک کۆمەڵگا دابەش دەبێت و لێکترازان لەناو ڕیزی حزبەکان دروست دەبێت و ، تووندوتیژیەکی لەناکاو لەنێوان ڕۆلەکانی یەک نیشتیمان بەدیار دەکەوێت و غەریزەی مانەوە سەرهەڵدەردێنێت و ، قسەی زبر و ناشیرین جێی قسەی نەرم و جوان دەگرێتە و نیشتیمان لە دۆخی جەنگێکی نەرمدا دەبێت وەک ئەوەی ئێستای هەرێمی کوردستان ، لەوحاڵەتە دەبێت ئێمە دان بەوە بنێین کە قسە لەسەر نیشتیمانپەروەریەکی فاشیل و ئینتیمایەکی درۆزنانە و وەلائێکی گوماناوی بکەین ، نیشتیمانپەروەری کە گرێدراوی سیاسەت و پارەیە کە بۆتە لەعنەتی دابەشبوون و نەمانی متمانە ، باشە لەبەرچی کورد هەر بە هەتیوی جیهان و مێژوو بمینێتەوە ؟ لەبەرچی چیرۆکی فەشەل لەبەردەم چاوەکاندا دووبارە دەکەنەوە  و چۆن دەتوانێت لەنێو ئەو دابەشبوون و رقوکینە و دوو زۆن و دوو هێز و دوو ئاسایش و دوو و دوو…هتد باسی ئاشتەوایی و دەستور و قانون بکەیت ؟  کاتێک لەسەدەی دوانزەی میلادیدا پیاوانی دەسەڵات و ئاینیی فەتوای سوتاندنی هەموو کتێبەکانی « ابن رشد »یاندا  ، یەکێک لە قووتابیەکانی زۆر بەکوڵەوە دەستی بەگریان کرد و ، ئیبن ڕوشد بە ڕستە بەناوبانگەکەی گووتی : (کوڕەکەم ، ئەگەر تۆ بۆ کتێبە سووتاوەکان دەگری ، چاک بزانە کە بیروهزرەکان باڵیان هەیە و ، هەڵدەفرێت بۆ لای خاوەنەکانیانەوە ، بەڵام ئەگەر  تۆ بۆ دۆخی عەرەب و موسوڵمانان دەگری ، چاک بزانە ئەگەر تۆ هەموو دەریاکانی جیهان بکەیتە گریان بەشت ناکات )  ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە حاڵی موسوڵمانانی ئەوکاتی پێویستی بە گریانە ، بەداخەوە تراژیدیای زەمەن وادەکات ، کە وا لە ئێمە دەکات هەمان وشەکانی ئیبن ڕوشد بۆ ئەمڕۆی خۆمان دووبارە بکەینەوە بۆ دۆخی خۆمان بگرین  ، وەرە سەیری دۆخی شەپڕیوی خۆمان بکە درۆ لەگەڵ یەکتری دەکەین ، یەکتری دەسڕینەوە ، خۆکەس نیە لە دەرەوە  وامالێبکات ، ئێمە دەبێت دان بەوەش بنێین کە زۆر ئاساییە کێشەی سیاسی و ئایدۆلۆژی و بەرژەوەندی لەنێوانماندا هەبێت ، کەس ناتوانێت کێشە ناوخۆیەکان سفر بکات ، ئەم کێشانە لەناو زۆربەی وڵاتاندا هەیە ، بەڵام ئەوان بە حیکمە و سیاسەتێکی هۆشمەندانە و لێکۆڵینەوەی قوڵ ئیدارەی ئەو کێشانەیان کردووە ، کوردستان پێویستی بەئیدارەدانی جیاوازیەکان لەنێوان هەموواندا بێجیاوازی و بەڕەچاوکردنی بەرژەوەندی هەر لایەک و بڕیاردان لەبەرژەوەندی نیشتیمانیی و نەتەوەیی هەیە ، نەک لەسەر حسابی ئەوان  و چونکە کەس ناتوانێت ئەوەی تر ڕەتکاتەوە ، ئەمەش بە دایەلۆگ و گفتوگۆ چارەسەر دەکرێت کە باشترین و ساناترین ئامرازە و ڕێگایە بۆ گەیشتن بە لێکگەیشتن سەبارەت خاڵی ناکۆک و ململانێ و ، هیچ شتێک کێشە و جاوازیەکان کۆتایی پێناهێنێت تەنها گفتوگۆکردن لەسەر بنەمای قبوڵکردنی ئەوەی تر و داننان بە مافی لە وجودا ، واتە ئیدارەدانی جیاوازیەکان بە قسە نەک بە زمانی زبر و هەڕەشە ، کەس ناتوانێت  ئەوەی تر بسڕێتەوە چونکە ساڵەهای ساڵە ڕەگداکوتاوە لە شوێنی خۆی ، بۆیە پێویستە و کات کەمە کە ئەگەر دەتانەوێت کوردستانێکی بەهێز هەبێت  ، موساڵەحەیەکی نیشتیمانیی سەرتاپاگیر دەستپێبکرێت و ، چیتر گاڵتە بە چارەنووسی خەڵک نەکرێت .


10/06/2023



وتارەکانی تری نوسەر