ترسناکی گەورەی بوونی دوو هێز !!

محەمەد خۆشناو
بوونی دوو هێز لەدەرەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت یان هەر قەوارەیەک ، ترسناکی گەورەی هەیە ، ئەمە لەکۆتاییدا وەک شێرپەنجە لە ناوەوە جەستەکە دادەخورێنێت بەر لەوەی داڕمێت .
لەم چەند ڕۆژانەی ڕابردوو یاخیبوونی « ڤاگنەر » مان لە دەوڵەتی ڕوسیا بینی و ، پێش ئەویش میلیشیاکانی پشتیوانی خێرای «حەمیدەتی » لە سودان و «بلاک وۆتەر »ی ئەمەریکا و ملیشیاکانی ئێران لە عیراق و یەمەن و لوبنان کە وەک هێزی دەوڵەت و زیاتریش هەڵسوکەوت دەکەن ، لەڕاستیدا بیرۆکەی «حەشدی شەعبی » یش زۆر نزیکە لە حالەتی «ڤاگنەر »ی ڕوسی ، ڕاستە حەشدی شەعبی نەچۆتە دەرەوەی عێراق ، بەڵام لەکۆتاییدا لەدایکبوونێکی ناسروشتی هێزی سەربازی میلیشیاییە لەسەر حسابی دەوڵەت ، سەرەنجام ئەو ملیشیایانە جێگەی دەوڵەتیان گرتۆتەوە کە سوپای خۆیان هەیە و سوپای دەوڵەت ناتوانێت بەرەوڕوویان ببێتەوە .
ئێمە لە هەرێمی کوردستان پێشمەرگە و دەزگای ئاسایش و پۆلیس-مان هەیە کە ڕۆلی سەرەکیان گێڕاوە لە دابینکردنی ئەمن و ئەمانەت و پاراستنی خاکی کوردستان ، بەڵام دەبێت دان بەو هەقیقەتە تاڵەش بنێین کە ئەوە بۆ سی ساڵ دەچێت وێڕای داوای  دۆستان و هاوپەیمانان نەتوانراوە ئەم دوو هێزە یەکبخرێن ، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەو واقعە تاڵەیە کە بەشدار بووە لە هەڵوەشانەوەی مەرکەزیەتی هەرێم و بڕیارەکان و ئەو دوو لەتبوونەی کە دەیبینین .
دەوڵەت بریتیە لە کۆمەڵێک دامەزراوەی جۆراوجۆر و هەمەڕەنگ ، کە تێیدا گرنگی سوپا و دەزگاکانی جێبەجێکردنی قانون کە بریتیە لە پۆلیس و هێزی ئاسایشی ناوخۆ دیارن ، بایەخی ئەم هێزانە دەگەڕیتەوە بۆ میحوەری سەلامەتی لە لای مرۆڤ و ، پێویستی پاراستن لە پەلاماری برای خۆی مرۆڤ لە کۆمەڵگا یان پەلاماری کۆمەڵگایەک بۆسەر کۆمەڵگاکەی ، دوای دەستەبەرکردنی ئاسایش باقی پێداویستیەکانی تری مرۆڤ و باقی دامەزراوەکانی تر دێن ، چونکە بێدەستەبەرکردنی ئاسایش ژیان دەبێت دارستانێکی دڕندە کە مرۆڤ ناتوانێت تێیدا بژیت و ئەمە جگە لەوەی توانای بەرهەمهێنان و داهێنانی نابێت ، بایەخی یەکگرتنی پێشمەرگە و بوونی بە دامەزراوەیەکی یەکگرتوو وادەکات کە  لەگەڵ پێشکەوتنی زەمەن ببێتە بوونەوەرێکی زیندووی هۆشمەند کە خاوەنی ئیرادە و بیرکردنەوە و لۆژیکی سەربەخۆ بێیت  لەوەی کە ئیدارەی دەدات ، چونکە لە میانی ئەو دامەزرەوەیە سروشتی هەرێمی کوردستان و سروشت و ئاستی پێگەیشتنی دامەزراوەکانی تر بەدیاردەکەون ، چوونکە ئەمە « ئەوە »بەروەڕووی تەحەدیەکان دەبێتەوە بەشێوەیەک پارێزگاری لە مەبدەئی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکات ، میحوری بوونی هەرێمی کوردستان و بەردی بناخەکەی و لە تۆکمە بوونی و بەردەوامیەکەی بریتیە لە پێشمەرگە و لە وڵاتانیش سوپا ، ئەگەر گەمە بەو میحوەرە کرا مانای هەڵوەشانەوەی دەوڵەتە ، یەکگرتنەوەی پێشمەرگە مانای تێپەڕاندنی قەیرانەکانە ئەگەر تاچەند تەحەدیەکان تووند و پیلانگێڕیەکان زۆریش بن ، لەبەردەم دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان هیچ بژاردەیەک لەگەڵ پێکەوەژیان لەگەڵ دوو هێزی دا نیە ، تەنها بە لکان و تێکەڵکردنی تەواو بە جەستەی دامەزراوەی سەربازی نەبێت کە خاوەن ڕێسا و دابونەریت و یاسای خۆیەتی ، بەمە یەکگرتوویی و یەکێتی خاک و گەلەکەمان دەپارێزرێت و کوردستان پازدەداتە قوناخێکی گەورە و پێشکەوتوو  ، ئەگەر نا « حەمیدەتی »یەکان دەبینین کە وا بەڕێگاوەن  .

01/07/2023



وتارەکانی تری نوسەر