ئیرادە و پێداگری بۆ هەڕەشە ترسناکیەکانی هەرێمی کوردستان !!

محەمەد خۆشناو
دەبێت قەدەری گەلی کوردستان وەک سیزیف بێت ، کە بەردی ئێشوئازارەکەی لەکۆڵ بدات و ، بەرەو لووتکەی چیای ئایندەی ببات و ، لەوێوە بەردەکە و ئایندەی غلۆر ببنەوە بۆ سەر زەوی…گەلی کوردستان دوای ئەو هەموو قوربانیە زۆرە ، ئێستا هەستێکی قووڵ لە بێزاری و تفتوتاڵی دایگرتووە ، بێئەوەی بەشێک لە خەونەکانی لە نیشتیمانێکی باشتر بەدیبهێنێت و ، کاتێکیش تفتوتاڵی و ناخۆشی و نشووستی کۆنتڕۆلی کردە سەر زۆرینەی خەڵک ، ئەوکات هەندێک لە. تاکەکانی  ئەوەی خەراپە دەریدەدەن ، بەمە هەموو شتە خەراپەکان بەسەردەکەون و ، پڕوپاگەندە و نیفاق و درۆ و بەرژەوەندی حزبی بەوپەڕی هێزەوە بەسەردەکەوێت و بڵاودەبێتەوە و ، لەسەر ئەو بنەمایە گوزارشتی هەڵە لەکن عامەی خەڵک دەبێتە یەقین ، ئەوەی جێی داخە کە ئەو یەقینە لەکن عامەی خەڵک لەدایک نابێت ، بەڵکو لای نوسەر و ڕۆشنبیر و ڕاگەیەنکار و پێشکەشکاری بەرنامەکان لەدایک دەبێت ، ئەم حالەتە دەبێت پسپۆران و شارەزایانی سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتی تەفسیری بۆ بکەن ! گەلی کوردستان وێڕای ژیانی ناڕازی و بێزاری لە دەسەڵات و حزبەکان ، بەڵام بڕیاری ئەوەی هەیە کە ئەو سەقامگیریەی ئاسایش بمێنێت و ، سەقامگیری سیاسی بپاریزرێت ، جێی داخە کە داواکاری هەموو هاوڵاتیان دەستلەناودەستی یەکترە ، بەڵام گوێی بۆ ناگیرێت ، دەبێت حزب و لایەنەکان ئارەقەی شەرمەزاری بڕێژن ، کاتێک کوردانی کەرکوک بەخەم و گریانەوە بڵێن ؛ تەنها ئێمە بێپشتوپەناین و ، بۆیەکناگرن تا بەهەتیویی نەمێنێین ؟!  ، ڕێک ئەو قسەیە لەسەر ئێمە دەچەسپێت کە دەڵێت (ئەوەی ئازاری دەرەخت دەدات ، لێدانی تەور« بیور» نیە ، ئەوەی ئازاری دەدای کلکی تەورەکەیە کە داری دەرەختەکەیە ) واتە بریندارکردن و لێدان و ئازار لەو مرۆڤەوە دێت کە زۆت لێت نزیکە ،  کابینەکانی پێشتر وێڕای کەموکوڕی و گلەوگازاندە و گەندەڵی ، ئەو لێکترازان و دابەشبوون و بیزاریەی بەو شێوەیەی ئێستا نەبوو و ئاوەدانی و جوولەی بازاڕ هەبوو و ، جۆرە شکۆ« هیبه‌» رازیبوون و ڕیزێکی هەبوو و ، ئێستاش وێڕای بەربەست و تەنگژەکان دەبێت بەهەمان ڕێچکەدا هەنگاو بنرێت  ، کێماسیمان هەیە لە روحی تیم کە دەبێت بگەڕێنرێتەوە ، هەریەک لەئێمە بەتەنێ گەمە دەکات ، ئامادەنیە تۆپەکە بداتە ئەوەی تر ئەگەر گۆلیش تۆمار بکات  ، یەک لەو کار و هەنگاوانەی کە دەبێت ئەنجام بدرێت ئاشتەوایی گەورەی ناوخۆ و بنەبڕکردنی « ئایدزی کۆمەڵایەتی » کە تووشمان بووە و ، لەگەڵیدا گەڕاندنەوەی متمانەی خەڵک ، ئەمانە پێویستی بە ئیرادە و پێداگریی هەیە بۆ بەروەڕووبونەوەی ترسناکیە ناخۆشەکان کە ئێستا بەرۆکی گرتووین ، ئیرادە شتێکی ماددی نیە ، بەڵکە هێزێکی مەعنەویە ، کە لەتۆدا روحی هێز دەبوژێنێتەوە ، هێز و لاوازی ئیرادە بریتیە لە ڕادەی جیاکەرەوەی نێوان سەرکەوتن و فەشەل ، زۆر جار گوێمان لە هەندێک  کەس یان بەرپرس دەبێت وەک خۆبەدەستوەدان دەڵێن « ئەمە لەدەرەوەی ئیرادەی ئێمەیە » ئەم قسەیە وا لەژیانی مرۆڤ دەکات کە ناسەقامگیر بێت و وایلێدەکات ڕاڕابێت لەهێنانەدی  ئامانجەکان و گومانێکی وای لەکن دروستبێت کە ئەو ڕێگایانەی بەرەو ئەو ئامانجە دەچن دەورەدراوە بە دڕک و ماندوبوون ، فەیلەسوفی بەریتانی « برتراند ڕاسل» تەئکید لەوە دەکاتەوە کە تەحەدی بریتیە لە داینەمۆی ژیان و پاڵنەری شارستانی«الحچاره‌» کە لەکن زۆربەی بەرپرسان ئەو روحی تەحەدیە نیە و ،  لەهەموو لایەک گوشار دەکرا بۆ ڕادەستکردنی داهات و نەفتی هەرێم ئەوە کرا ، بۆچی ئەوانەی ئەو داوایانەیان دەکرد وەڵام نادەنەوە  و گوشار ناکەن ؟!  بۆسەر ئەوەی ئێستا باوەشمان بۆ ئەو بەناودەوڵەتی عێراق کرد و «چەند مانگێک لەمەوبەر لەگەڵ ڕادەستکردنی  داهات و نەفتی کوردستان بەو شۆڤینیانە ، وتارێکم لەسەر ئەو ڕێککەوتنە نووسی بەناونیشانی : «ئەو ڕێککەوتنانەی کە جێبەجێ ناکرێن !! » ، وایالێکردین کە ئەو هەیبەت و شکۆیەی کە هەبوو نەیهێڵن ، جگە لەمە خەریکە ڕێز و هاوسۆزی وڵاتانی دۆست کە لەسایەی سەری قوربانیانی ئەنفال و کیمیاباران و پێشمەرگە وەدەستمان هێنابوو  لەدەستیدەدەین  ، هاوسۆزی و شکۆ و ڕێز هەستی ئیجابین ، کە هەر قەوارەیەک یان هەر دەوڵەتێک تەمەنای دەکات ، بۆئەوەی لەناوخۆ و لەنێوەندی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێی سەرکەوێت ، دۆستان لێمان دەپاڕێنەوە پێشمەرگە بکەنە سوپایەکی نیشتیمانی ، ئێمە نایکەین ؟! ، نەمانتوانی بەڵگەی سەرکەوتن بدەینە دەرەوە بۆ پەڕینەوە لە تاقیکردنەوەی توانایی ، توانایی بۆ ئەندامبوون لە گڕوپەکانی خاوەن چیرۆکە سەرکەوتووەکان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ….وێنەی دوژمن هەرچیەک بێت ، جا دیاردەیەکی سروشتی یان هێزی مرۆڤ یان تەحەدیاتی ئابووری ، هەموو ئەمانە نرخێکی ئەوتۆی نیە ، تا ئیرادە و پێداگریی ئیستیسنائی بۆ بەرەو سەرکەوتن و هێنانەدی ئامانجەکان هەبێت .

09/09/2023



وتارەکانی تری نوسەر