ماڵوێرانی بوونی دوو هێزی چەکدار !!

محەمەد خۆشناو
لەهەر وڵاتێکی ئەو دونیایە ، ئەگەر دوو هێزی چەکدار هەبوو ، ئەمە مانای وایە کە ئەم وڵاتە بەرەو ناسەقامگیری و فەوزا و شەڕی ناوخۆ دەڕوا و ، وڵاتەکە بێهێز دەبێت ، وەرە سەیری مێژوو بکە ، بزانە ئەو وڵاتانەی دوو هێزی چەکداری هەیە ، چۆن وڵاتەکە بەرەو ململانێی عەبەسی و خۆکوشتن و خوێن لێچۆڕان دەبەن ، ئەوڕۆ دوای ئاوابوونی خۆری کۆلۆنیالیزمی سەربازی ، وادیارە زۆربەی وڵاتانی عەرەبی  ، سودان ، لوبنان ، لیبیا … هتد ،   «قبولکردنی کۆلۆنیالیزم » یان گۆڕیتەوە بۆ «وێرانکردنی خود» و «توانین بۆ شەڕکردنی دووبرا لە یەک نیشتیماندا» و « لێزانیی دەستەبەرکردنی  هانابردن و هەوڵ و تەقەڵا  لەسەر دوژمنان » و « داواکردنی بیانی بۆ هەڵوشینی سامانی وڵات » وەکو نەفەت و ئاو و زێڕ…هتد ، ئەم نەهامەتیە هەمووی دەگەڕیتەوە بۆ دووانەی هێزی چەکداری .
هۆکاری سەرەکی فەشەل و ماڵوێرانبوونی وڵاتان و قەوارەکان دووانەی هێزی چەکدارە ، ورە سەیری سودان بکە کە بزانە هێزەکانی دەستێوەردانی خێرای «حەمیدەتی» وەک سوپای ئەو وڵاتە هەڵسوکەوت دەکات و بەشێوەیەکی قانونی و شەرعی لەتەک سوپای ئەو وڵاتە دابوو ، تا وایلێهات بەسەر سوپا هەڵگەڕایەوە و ، دەسەڵات و ئەمنیەتی لەگەڵ دامەزراوەکانی سەربازی دابەشکرد ، نموونەیەکی تری کارەساتی دوو هێزی چەکداری لوبنان-ە ، کە دوو هێز هەیە ، هێزی چەکداری سوپای نیشتیمانی و هێزی حزب الله ، ئەم دوو هێزە بۆتە دووانە لە ئاسایش و دەسەڵات و حکومەت و جومگەکانی دەوڵەت ، بەمە لوبنان دەسەڵاتی دەوڵەتە نیشتیمانیەکەی لەدەستداوە ، بزانە دووانەی هیزی چەکدار چی لەو وڵاتە کردووە ، ئیستا بێسەرۆک و بێحکومەتێکی چالاکە؟! سەیری عێراق-یش بکە بەهەمان شێوە ، ئامر فەسیلێکی حەشدی شەعبی دەتوانێت گەورەترین ئیهانەی  سەرۆک کۆمار و سەرەک وەزیران و پەرلەمان و بەرزترین پلەی سەربازی سوپا بکات ، لە فەڵستینیش دوو هێزی چەکدار ، حەماس و رێکخراوی ڕزگاریخوازی فەڵەستین کە وای لەو وڵاتە کردووە بەرانبەر ئیسرائیل لاواز و لەنێوخۆشدا دابەش  و هەرلایەکیان  بەتایبەتی حەماس لە لایەن چەند وڵاتێک بۆ مەرام و بەرژەوەندی خۆیان دژ بە ئیسرائیل بەکاریان دەهێنن ، زۆر بەداخەوە لە هەرێمی کوردستانیش دووانەی هێز لەنێوان هەردوو پارتە سەرکیەکە پارتی و یەکیتی ،  بۆتە هۆی بێهیزی ئەو قەوارەیە کە تاکە خەونی کوردە کە خەریکە نایهێڵن ،  دۆستان و هاوپەیمانان  چاک درک بە مەترسی دووانەی هێزی چەکداری لە هەرێمی کوردستان دەکات ، بۆیە هەمیشە گووشار دەکات بۆ کۆتایی هێنان بەو دووانیەییە ، کە هۆکاری سەرەکی لاوازبوونە ، هەر ئەمەشە بۆتە مایەی دابەشبوون و لێکترازان.  تەبعەن وڵاتانی دراوسێ ئەو دابەشبوونەیان قۆستۆتەوە بۆهێنانەدی بەرژەوەندیە تایبەتیەکانیان و ، لە هەوڵی بەردەوامیشن بۆ زیاتر درزتێخستن و دابەشبوونی زیاتر و فراوانکردنی دووانەی هێز ، نکۆڵی لەوەش ناکرێت کە ماوەیەکە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەوڵی بێووچان دایە کە ئیدارەی ئەو دابەشبوونی ناوخۆ دەکات ، تا کۆتایی بەو دوانەی دوو زۆن و ، دووانەی چەک و دووانەی دەسەڵات بێنێت ، دووانەی دەسەڵات ، دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان وەک دەسەڵاتی شەرعی  لاووز و ونکردووە ، ئەمە وایکردووە کە ململانێیەکی سیاسی هەبێت کە تائیستا بەردەوامە و ، هەرجارەش خەریکە دەیگەیننەوە ململانێی چەکداری کە بینیمان چ کارەساتێکی بەسەر کوردا هێنا ، کە هیچ کەس تێیدا سەرکەوتوو و ژێرکەوتوو نەبوو و نابێت .
هیچ ڕێگایەکی تری دڵنەوایی نیە تەنها بە وەدەستهێنانی گەلی کوردستان بە « ڤاکسینێکی » قەلغان و خۆپاریزی « ماڵویرانی خود» و ڤاکسینی ڕێگری لە جەنگی ناوخۆ و ، ئەمەش تەنها بە هۆشیاری سیاسی و حیوار و تەعلیم و چاکسازی ئایینی و ، هوشیاری« دەروون » پێش هۆشیاری بەوانی دیکە و ئەوەی لەدەوروبەرمان دێتەدی .
کوردستان وڵاتێکی دەوڵەمەندە ، ئەگەر ئیرادەیەکی بەهێز هەبێت ، دەتوانێت وەکویەک بەرەو دەروستکردنی بەرد و مرۆڤ بۆ پێشەوە هەنگاو بنێت ، لەپێناو خۆلادان لەو زنجیرە«چارەنووسە» کوردیەی کە تووشمان بوو و ئێستاش بەرۆکی گرتووین .

07/10/2023



وتارەکانی تری نوسەر