لە گوزەری خومخانەکان دا..هەموو رەنگەکان جوانن*

عەبدوڵا کەریم مەحمود

لە ٨  /   ٤ /   ١٩٩٨بۆ کارێکی رۆژنامەنووسی رووم کردە گوزەری خومخانەکانی شار ،چەندان جلی  رەنگاو رەنگی تەڕم بینی ،  لە بەردەم دواکانەکان دا هەڵواسرابوون.

دیمەنەکانی  پۆلی دووەمی سەرەتایی قوتابخانەی بێکەسم هاتەوە یاد :
( لە گەڵ حسین محەمەدی هاوڕێم ، بە ١٠ فلسی  رۆژانەکامان،  روومان  دەکردە ، دوکانی عەباسی ماستاو لەوێ  نان و ماستاومان  دەخوارد .  سەیری ئەو ماسیە رەنگاو رەنگانەمان دەکرد ، لە نێو چوار چێوەی شوشەیەکی پڕ لە سەوازیی و قەوزە و  گەڵا و گوڵ      بە بەردەوامی مەلەیان لە ناو ئاوەکەدا  دەکرد،  دەیانویست لە ئاوە مەنگەوە  بگەنە  چەم و رووبارودەریا و زەریاکان ،بەڵام چارەنوسیان وەک  بەردەکەی سیزیڤ  بوو ، هەموو جارێ خۆیان   لە سەرەوە  خل دەبوونەوە بۆ خوارەوە) .

دیمەنی رەنگاو رەنگی خومگەرەکان پڕبوون  لە نهێنی جوانی رەنگەکان ، پەیوەست بوون  بەسروشتی رۆمانسیەتی ژیانی مرۆڤ .  خومچییەکان   لەو بازارەدا ، وەک  سەرکردەی   حیزبەکان  رقیان لە یەکتریی نی یە  ، ئەوان هەموو رەنگەکان و یەکتریام   خۆش دەوێت ، هەموو رەنگەکان بەیەکەوە  جوانن  و تێکەڵ بەیەک دەبن ،هیچ رەنگێک دژی  رەنگەکەی ترنییە و هیچ رەنگێک رەنگەکەی تر   ناسڕێتەوە .

لە سەرەتای بیستەکان دا ،گوزەری خومخانەکان لە مەیدانی ماست فرۆشەکان بوو ،لە نزیک عەلافەکان ،یەکەم  خومگەری ئەو سەردەمە (شێخ ئیسماعیل بەرزنجی )بوو ، دواتر (شێخ رەشیدی خومگەر)بوو ،خومگەرەکان ئەو سەردەمە بە سەلیقەی خۆیان  توانیویانە  هەموو رەنگەکان ئامادە بکەن 
 جاویان رەنگ دەکرد ) )
وەستا قادری خومگەر لە تەمەنی ١٢ساڵی دا شاگردی جاجی رەشیدی   باوکی بووە، حاجی رەشیدی باوکی  سوودی لە ئەزموونی باوکی وەرگرتبوو، لە ساڵی گرانیەکە ،باسی کۆدەتاکەی رەشید عالی دەکرا ،هەموو رەنگەکانیان لە بەغدا دەکڕی و (جاویان) رەنگ دەکرد .
( وەستا قادر دوای کۆچی باکی بوو بە خومگەر)
ساڵانی زوو ،  خەڵکی مەرگەو پشدەر کراسی درێژیان لە بەر دەکرد و بە سەر پشتێنەکا  نیاندا هەڵیان دەگێڕایەوە ، ئەوان  بەزۆری کراسەکانیان رەنگ دەکرد،خەڵکی ئابڵاخیش جلەکانیان خوم دەکرد ،خەڵك بە زۆری حەزیان لە رەنگی شین  بوو ،نانەواکان ئەو سەردەمە  جلەکانیان شین دەکرد ،جونکە  رەنگی شین بەرگری لە گەرما دەکات  .  
 رەنگەکان لە قسڵ ودۆشاو دەگیرانەوە ) )
لەساڵانی زوودا خومگەرەکان دۆشاوی ترێ یا خورما وقسڵیان لە کوپەیەکی گەورەدا دەگرتەوە ،ئەو کوپانە ٢٠ تەنەکە ئاوی دەگرت ،رەنگی خومەکانیشیان بە جیا جیا لە مەنجەڵی گەورەی ئاودا گەرم دەکرد ، گیراوەکە  یەک رۆژ بەو شێوەیە  دەمایەوە، بۆئەوەی  بە تەواوی تێکەڵ بە یەک  ببن . دواتر خومچییەکان دۆشاو قسەڵەکەیان دەکرد رەنگەکانەوە بۆ ئەوەی رەنگەکان نەنیشێن و بەیەکسانی لە گەڵ ئاوەکەدا بتوێتەوە ،  بۆ رۆژی دوایی چیان بویستایە پێیان رەنگ دەکرد.
ئەو سەردەمە ئەم وەستایەنە خومچی ناسراو  دیاری شار بوون (حاجی رەشید ،حاجی مستەفا ، تۆفیقی حەسەنە گۆج ،وەستا غەفور ،دەروێش مەجی ، ساڵحە جوو )
لە جەنگی جیهانی یەکەم دا ،باپیری وەستا قادر سەربازبوو ،بە هۆی شەڕو شۆڕەکانەوە چەندان وڵات گەڕاوە ،(هندستان ،پاکستان ،تورکیا، بەریتانیا ) ، بە هۆی سەلیقەی خۆیەوە ،خولیای ئەو کارە بوو ،خۆی فێر خومچێتی  کردبوو، ئەو یەکەم کەس بوو، کە خومی هێنایە سلێمانی یەوە  دوکانی خومگەری داناوە .
هونەرمەندی مییللی  ئەحمەد شەماڵ بە ئاوازو دەنگێکی تایبەتی  پڕ لە حەسرەتەوە دیوت**:
چوومە لای خومگەرجامێ خووم بسەنم -
سەرتاپای باڵای خۆم لە خووم ئەژەنم 
خومگەر واچەس نە دایە مەردە ن نە بابە مەردە ن 
ئەم خووم  پێوانەم  ئەرای کێ کەردە ن
رەنگی تریکۆ )  )
لە سەرەتای شەستەکان دا،پسپۆڕێکی ئەڵمانی سەردانی شاری سلێمانی کرد، لە گەڵ ئیسماعیل عارف  بە کامێرایەکەوە ، بەناوبازاڕو شوێنە کلتوورییەکانی سلێمانیان دە گەڕاون  وێنەی زۆرشوێنی گرنگی  ناو شاریان  گرتووە ، دەیان  پرسیاریان رووبە رووی وەستایان و شارەزایانی  پیشە میللییەکانی کوردەواری دەکردووە و  زانیارییەکانیان  تۆمار دەکرد ، لە مەیدانی ماستەکەوە روویان کردە  دووکانەکەی وەستا قادری خومگەر لە  گوزەری خومگەرەکان  و  چەند پرسیارێکیان رووبەروو کردوەتەوە :
-من کولتووری وڵاتەکەم وهەموو دنیام ، زۆر لە وڵاتان  گەڕاوم وپرسیارێکم هەیە ؟
وەستا قادر:-فەرمووو
  -چۆن دەتوانیت رەنگی تریکۆمان بۆ ئامادە بکەیت ؟ لە بەر ئەوەی  ئەو  رەنگەمان نییە ؟
وەستا قادر :-من دەتونم ئێستا ئەو رەنگە ت بۆ دروست بکەم، رەنگی (سەوزو رەش ) تێکەڵ دەکەم ،لە ئەنجام دا رەنگی زەردی گۆگردی دروست دەبێت .
پسپۆرەکە لە خۆشیدا ،فیکەی لێداوە وتی : Good-
تو ئێستا لێرەدا هەموورەنگەکانت لایە ،چۆن دەتوانیت رەنگی قاوەیم بۆ دروست بکەیت ؟-
وەستا قادر :- ئەو جل و بەرگەکە  کە بمەوێت بیکەم بە قاوەیی ، لەسەرەتادا سووری دەکەم  ، دواتر لە رەنگی شینی هەڵدەکێشم ، دەبێ بە قاوەیی .
پسپۆڕەکە لە سەلیقەو  شارەزاییەی وەستا قادر توشی تێڕامان بوو،  زۆر پێ خۆش بووە ، وتویەتی :
-ئێمە پێویستمان بە وەستایەکی زیرەک و خاوەن ئەزمونی وەک تۆهەیە ، بۆ لە گەڵمان نایەیت بۆ ئەڵمانیا ،لەوێ بژێوی ژیانی خۆت و خانەوادەکەت دابین دەکەین .
وەستا قادر وتویەتی :-زۆر باشە لە گەڵتان دا  دێم .
دوای ١٥ رۆژ پسپۆڕەکە سەردانی وەستا قادری کردوەوە ،بۆ ئەوەین  پێکەوە بڕۆن بۆ ئەڵمانیا  ،وەستا قادروتویەتی :
-هاوسەرکەم بەم سەفەرە  رازی نابێت و دەڵێت :
-من ناتوانم لە دەرەوی وڵات بە نامۆیی بژیم .
پسپۆڕەکە زۆری پێ ناخۆش بووە و وتویەتی :
-ئەوەی زیاتر ناخی من دەهەژێنێت  ودڵم خۆش دەکات ، رەنگی وڵاتەکەمئەڵمانیا ،  لێرە گەیشتوەتە ئەم  ئەزمونە و ئاستە   جوانە
 رەنگەکان جوانیی سروشت  و خۆشەویستین ) )
خومگەرەکان  هەموو رەنگەکانیان بێ جیاوازی وەک سروشت  خۆش دەوێت،  بە بەردەوامی کار لەسەرجوانی و رۆمانسیەتی  رەنگی   (سوور ،زەرد ،سەوز ،شین،مۆر ،قاوەیی ،پەمەیی ،رەش ،سپی ،پرتەقاڵی ،زەردی ئاڵتونی ،سێ جۆر رەنگی زەردی گۆگردی ) دەکەن ، 
ئەوان گەر هەر رەنگێکیان بوێت ، لە ناو مەنجەڵێکی ئاودا دەیکۆڵێن و ئامادەی دەکەن .
*بۆ رەنگ کردنی پانتۆڵێک  ،یەک  کەوچک  و نیو ، رەنگ بەکار دێنن.
*بۆرەنگ کردنی کراسێک ، یەک کەوچک ،  رەنگ بەکار دەهێنن .
*بۆ رەنگ کردنی قەمسەڵەیەک ، دووکەوچک ونیو ، رەنگ بەکار دەهێنن.
گەر هەر کەلوپەلێک بۆ رەنگ کردن ، لە سەعات و نیوێک کەمتر بکوڵرێت ، دوای رەنگ دەداتەوە
( باشترین خوم ،خومی  ئەڵمانی یە )
وەستا حەسەن سەعیدی خومگەر لە گوندی (چەمیاڵە)ی شارباژێرەوە هاتوەتە سلێمانی  و  لە سەرەتای شەستەکانەوە لە چەند وەستایەکی خزمی خۆیەوە فێری خومگەری بوو ،دوکانی خومگەری دانا وە  ،ئەوان ساڵانی زوو زیاتر خوریان خوم دەکرد،بۆ فەرش و بەڕە و جاجم و لبادو بەرماڵ ،
لە دوای راپەرینی بەهاری ١٩٩١ خومگەرەکان زیاتر رەنگەکان لە ئێران دەکڕی  ،رەنگی خومەکان بە زۆری هی  وڵاتی  (هندستان  وئەڵمانیاو  و فەرەنسا و کوریاو و بەریتانیاو وپاکستان وئێرانو تورکیا ) یە
خوم گەرەکان هەموو جل و بەرگێک رەنگ دەکەن ،هەموو رەنگەکانیان لایە، باشترین خوم .خومی ئەڵمانییە،
 خوم گەری نەما  ))
ئەوە چەند ساڵێکە پیشەی خومگەری بەرەو کزی دەڕوات و کەم بووەتەوە ، لە ١٩٩٨ تەنیا حەوت  دوکانی خومگەرلە سلێمانی  مابوو، وەستا قادری حاجی رەشیدەوە ١٠ شاگردی خۆی  فێری خومگەری کردوەو  وهەندێکیان  بوون بە وەستای خومگەری .
زۆرجار  جل و بەرگیان بردوە  بۆ وەستا قادر بۆیان رەنگ بکات ، هەندێک لەو جل و بەرگانە کۆن بوون ،لە کاتی کوڵان دا لە ناو رەنگەکان دا ،شیتاڵ شیتاڵ دەبوونەوە ،خاوەنەکانیان بیانویان پێ  گرتووە ، چەند جارێک نرخی ئەو کەلوپەلە کۆنە رزیوانەی بۆ خاوەنەکانیان ژماردووە .
عەبدوڵڵا کەریم مەحمود
سەرچاوەو پەراوێز :
عەبدوڵڵا کەریم مەحمود : لە گوزەری خومخانەکان دا ،هەموو رەنگەکان جوانن،کوردستانی نوێ ، ژمارە ١٥٩١ ، دووشەمە ، ١٣ /  ٤ /  ١٩٩٨،  ل ٥
*ئەم نووسینە هی خۆمە ،ئەوەتا بە ئەمەنەتەوە ، سەرچاوەکەیم دەست نیشان کردوە ،چەند بەناو نوسەرێک  لە سەر هەوڵ و گەڕان و رەنج و ماندووبوونم  ، چەندان نوسینیان دزیوم و کردویانە بە هی خۆیان 

**وێنەکەو  هۆنراوەی  (خومگەر) لە  ئاوازو دەنگی هونەرمەند ئەحمەد شەماڵ ،  لە واڵاکەی ، کاک جەمالی دەلاک،  سەربازی ون ی هونەری کوردی وەرگرتووە، جەمالی دەلاک ،  دەیان وێنەو یادگارو شریتی دێرینی هونەرو هونەرمەندانی کوردی  لە ون بون و مەرگ پاراستوە ،بەجۆرێک عاشقی هونەرە لە هونەرمەندەکان زیاتر عاشقی هونەر  و پەرۆشی پاراستنی کلتوری کوردی و خەم خۆری هونەری کوردییە.


05/12/2022



وتارەکانی تری نوسەر