کۆدەتای رەشەکوژیی

عەبدوڵا کەریم مەحمود
لە ٢٧/  ١٢/١٩٢٠بەریتانیا،  دەوڵەتی پاشایەتی لە عێراق   دروست کرد، دەسەڵاتی سیاسیی و سەربازی بەخشی بە  کەمایەتیەکی قەومی سوننی عەرەبی خەڵکی چەند شارێکی دیاری کراو ، عێراق نیشتمانی چەند نەتەوەیەک و چەند مەزهەبێکە ، لەو کاتەوە کێشەی نەتەوەیی و مەزهەبی لە عیراقدا بەردەوامە  .

دەمەو بەیانی ١٤ی تەموزی ١٩٥٨(ئەفسەرانی ئازاد)* بە  سەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم ، بە پلان و بەرنامەو نەخشەیەکی سەربازی، پەلاماری  (کۆشکی ریحاب )ی شا ( مەلیک فەیسەڵی دووەم )یان داو دەستیان بەسەردا گرت  ،عەریف (عەبدولستار عەبوسی) بە گولە سنگی شا (مەلیک فەیسەڵی دووەم )ی بێژا، سەرربازەکانی تر ، بە دەسڕیژ (عەبدولئیلا (وصی))ی خاڵی مەلیک فەیسەڵ و ئەمیرە (عابدیە )  وشاژن (نفیسە)ی دایکی عەبدولئیلا داگرتەوە،تەنیا ئەمیرە  (هیام ) هاوسەری عەبدولئیلا و (رازقیە )خزمەتکاری بە برینداری لە مەرگ رزگاریان بوو،هەرجوار تەرمەکەیان بە پیکابێکی سەربازی گواستەوە بۆ دادوەری پزیشکی لە باب المعزم ، لە شەپۆلی خەڵکی بەغداد ، پیکابەکە بە سەرشەقامەکە دا  نەیدەتوانی بڕوات ، خەڵکەکە تەرمی عەبدولئیلایان لە پیکابەکە داگرت و بەتەلی کارەبادا هەڵیان واسی.

نوری سەعید بە خیرایی خۆی گەیاندە کەنار دجلە ،(حەسون عیسا الحمدانی ) بینی بە بەلەمەکەیەوە سەرقاڵی رەواماسی بوو ، خۆی فڕێ دایە بەلەمەکەیوە و حسون گەیاندیە ئەو بەری رووباری دجلە ، بواری نەبوو  بگاتە باڵوێزخانەی ئەمەریکا یا بەریتانیا ،لەوێوە خۆی گەیاندە ماڵی (ساڵح مهدی بسام )لە گەڕەکی کەرادە ،ساڵح  ،  (نوری سەعید )ی خستە  سندوقی ئوتۆمۆبیلەکەی (نورتەزا)ی برای و گەیاندییە (سالحیە)ولەوێوە  بردی بۆ ماڵی (حاج مەحمود الاسترابادی ) هاوڕێ ی لە کازمیە ،شەوێک لەوێ مایەوە ، بەیانییەکەی نوری سەعید عەبایەکی ژنانەی دابوو بە سەریا و رووی کردە  دەرەوە ،بە ناو  شەپۆلی ئەو خەڵکەدا بە ترسەوە هەنگاوی بە شەقامەکەدا  دەنا، لە ناکاو لایەکی عەباکەی لە دەست بەربوو ،جلەکانی ژێرەوەی دەرکەوت ،خەڵکێکی زۆری  لێ کۆبونەوە و کردیان بە هاوار هاوارو قیژەقیژ ، لەو کاتە نوری سەعید دەمانچەکەی دەرهێناو گولەیەکی نا بە سەری خۆیەوە ، تەرمەکەیان لە گۆڕستانی ( باب المعزم ) ناشت ، بەڵام خەڵکی شار  گۆڕەکەیان هەڵدایەوەو تەرمەکەیان بە دەست وقاچی یڕاوەوە لە شەقامێکی بەغداد هەڵواسی .

 خەڵکی عێراق  و زۆربەی بەرهەڵستکارانی عێراق  پشتگیری  ئەفسەرانی ئازادی خوازی کۆدەتاچی یان کرد،  رژێمی کۆماری بەسەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم دامەزرا ،زۆر لەو وەزیرو دەسەڵاتدارانەی سوپای عێراقی پاشایەتی یان  دەسگیر کردو بە بڕیاری دادگا گولە باران ولە سێدارە یاندان .  
ئەم  زنجیرە کارەساتە پڕ لە زەبرو زەنگ و توندو تیژییە پڕ لە رق سیناریۆو کوشتن و بڕین  تۆڵەو تۆڵە کردنەوەی حوکمی عورفی  عێراق ،  کۆدەتایەکی سەربازی بوو ناویان  نا شۆڕشی ١٤ی تەموزی ١٩٥٨ .

لە ٢٧/ ١٢/ ١٩٢٠  تا  ١٤/٧/  ١٩٥٨،  دەوڵەتی پاشایەتی عێراق ،  لەماوەی ٣٨ساڵی دەسەلاتی پاشایەتی سونی عەرەبی عێراق ،چوار کۆدەتا بەرپا کراوە ، لە ١٤/٧/  ١٩٥٨تا ٩/ ٤/ ٢٠٠٣لە ماوەی ٤٥ساڵی دەسەڵاتی کۆماری  سونی عەرەبی دا،حەوت  کۆدەتا بەرپا کراوە .

 لەماوەی ٨٣ساڵی دەسەڵاتی پاشایەتی عیراقی سونی عەرەبی و کۆماری سونی عەرەبی ، کورد لە باشوری کوردستان کۆمەڵوژ و جینۆساید کراوە .

سەرچاوە و پەراوێز:
١-زاگروس ئەحمەد ،مێژووی عیراق ١٩١٤-١٩٥٨، چاپخانەی میدیا، چ١، ،٢٠١٨، ل ٣٧٢.
٢-نیهایەت عەلی حسین.پەیوەندی سیاسیی مستەفا بارزانی وعەبدولکەریم قاسم (١٩٥٨-١٩٦٣) چ١،چاۆخانەی چوارچرا ،٢٠١٣، ل٤٢-٤٥.
٣-عەبدوڵلا کەریم مەحمود ،رەشەبای ژەهرو ئەنفال ، ب٢.
*ئەفسەرانی ئازاد  پێک هەتبوون لە ( عەبدولکەریم قاسم ،عەبدولسەلام عارف ، محێدین عەبدولحەمید .سەبیح عەلی غالب، عەبدولوەهاب ئەمین ،ناجی تالب ،رەجەب عەبدولحەمید ، موحسین حسین حەبیب ،عەبدولکەرم فەرحان ،تەیارمحەمەد سەریع،رەفعەت الحاج سری ، تاهیریەحیا، عەبدولرەحمان عارف . عەبدولوەهاب شەواف،وەسفی تاهیر،عەبدولقادر ساڵح ،نیهایەت عەلی حسین ،پەیوەندی سیاسیی،ل٤٢

14/07/2023



وتارەکانی تری نوسەر