مۆتەکەی ترس

عەبدوڵا کەریم مەحمود

لە سەرەتای  جەنگی عێراق –ئیران  دا بوو ،( شیخ جەعفەر) ی پاریزگای سلێمانی ، داوای لە ( محەمەد رەفیق) ی سەرۆکی شارەوانی سلێمانی کرد ، ئاگاداری (ئەنجومەنی شارەوانی   و بەڕێوەبەری فەرمانگە کان و کەسێتی یەکان )ی  شار بکات ، سەعات ١٠ی بەیانی رۆژی داهاتوو ، بۆ کۆبونەوە  ، لە هۆڵی نەقابەی کریکارانی سلێمانی ئامادەبن .

لە هەمان کاتی دیاری کرواو دا ، زیاتر لە ٣٠٠ کەسی خەڵکی شار و  ئەنجومەنی شارەوانی ، لە هۆڵی نەقابە   ئامادەبوون ، لێپرسراوانی  حیزبی بەعس و بەرێوەبەری ( ئەمن وپۆلیس و نوێنەری دەزگای ئیستیخبارات و موخابەرات  ،لە ریزی پێشەوە دانیشتبوون.

دوای دەقیقەیەک وەستان بۆ خوێنی شەهیدانی عێراق ، پاریزگای سلێمانی ، وتارێکی پێشکەش کرد و پێ ی راگەیاندن :

-بەخیربێن بۆ ئەم کۆبوونەوە یە ، ئەوە چەند مانگێکە ، جەنگ لە نێوان  عیراق  و ئێران  بەرپا بووە،  ئەم جەنگە پەیوەندی بە چارەنووسی هەموو  گەلی عێراق، بە عەرەب و کوردو تورکمان و کەمایەتیەکانەوە  هەیە.

ئەوەی مایەی نیگەرانییە  ، رۆژانە  ژمارەیەکی زۆر لە سەربازە کوردەکان    لە ریزەکانی  سوپا هەڵدێن ، تکاتان لێ دەکەم ، ئێوە ئامۆژگاری  کوڕەکانتان  بکەن  ، لە سوپادا  خزمەتی سەربازی  بە عێراق  بکەن و هەڵنەیەن ،  روونەکەنە چیاکان و ببن بە پێشمەرگە ، بۆ ئەوەی عیراق لەم جەنگەدا، بتوانێت بە سەر فارسی مەجوس دا سەربکەوێت .

گەر عیراق لە م  جەنگدا نوشستی بهێنیت ،ئەوا  ئێران   ، هەموو گەلی عێراق ، بە کوردە وە دەکوژێت ، عێراق بە باکوورەوە  خاپوور دەکات .

دوای ئەوەی وتارەکەی تەواو کرد ، بە دانیشتوانی هۆڵەکەی وت :

-کێ لێدوان و رەخنە و پێشنیاری هەیە ،دەتوانێت ، ئازدانە ، راو بۆچوونی خۆی ، بێ سڵ کردنەوە ، راشکاوانە  بڵێت ،  هیچ کەسێک ناتوانێت  ، لێپرسینەوەی  لە گەڵ بکات و سزای بدات .

لەو کاتەدا (عەلی بۆسکان )* دەستی بەرز کردەوە .
پێ یان وت :-فەرموو 

وتی :-جەنگی عێراق و ئێران ،جەنگی عەرەب و فارسە ، جەنگی کوردو فارس نییە ،پەیوەندی  بە کوردو جوگرافیای کوردستانەوە  نییە،  بەڵگەش بۆ قسەکانم ،  لە  هەموو سروودو گۆ رانی و وینەکانی   راگەیاندنی جەنگی عێراق  ، هەر باسی جەنگی عەرەب و فارس دەکەن  ،  دەڵین :

-(ئەولادی عەدنان )و (ئەولادی  قەحتان)ی عەرەب ، ئەم دوو ناوە تایبەتمەندە ، رەچەڵەکی عەرەبە ،  هیچ پەیوەندیەکی  بە کوردەوە نییە ،  هەدوو ناوەکە  بە کورد نامۆیە .

لە هەموو میدیاکانی عیراق دا ، یەک سروودتان  نییە ،باسی( ئەولادی شێخ مەحمود) ی کورد بکات ، ئەم جەنگە ،  هیچ پەیوەندیەکی بە کوردە وە نییە  ، لێرەدا من بە  خۆم و بە هەموو کەسایەتیەکانی شارەکەم  رادەگەیەنم :

- با هەموومان  بە یەک دەنگ و بەیەک هەڵوێست ، بە کوڕەکانمان راگەیەنن ، نەچن بۆ جەنگی (عەرەبی عیراق) و (فارسی ئێران) .

ئەم  هەڵوێستە ی عەلی بۆسکانی، بروسکە ئاسا ، وەک تارماییەکی  مۆتەکەی ترس ، بە روخساری هەموو( کەسایەتیەکانی  شارو  ئەمن وئیستیخبارات و موخابەرات وپۆلیس و بەعسییەکان )ەوە دەبینرا .

 بێ دەنگی و خامۆشی هۆڵەکەی داگرت  ، وتارە ژەهراوییەکەی ، پارێزگاری  سلێمانی  بە تاڵ کردەووە .



سەرچاوە :
١-دیدارێک لە گەڵ بەڕێز محەمەد رەفیق، لە ١٩٨١ -١٩٨٣ سەرۆکی شارەوانی سلێمانی بوو .

*عەلی حاجی عەبدوڵلا بۆسکانی ، لە ١٩٣٣لە گەڕەکی حاجی حانی شاری سلێمانی لە دایک بووە ، لە گەنجێتیەوە پەیوەندی کردووە بە حیزبی شیوعی و ئەندامی ئەو حیزبە بوەوە ،  بەشداری خۆپیشاندانەکان  و چەندان چالاکی کردووە ، چەند جارێک دەسگیر کراوە و لە زیندانی ئەبوغرێب و نوگرە سەلمان ،  ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دراوە ، ماوەیەکیش لە بەدرە دەستبەسەر بووە ، کەسیتیەکی خاکی بووە ،  یەکێک بووە لەو سەرمایەدارە رووناکبیرە ، خاوەن هەڵویستە دیارانەی  شار ، هەموو کارو پرۆژەکانی لە خزمەتی مرۆڤ و مرۆڤایەتی دا بوو ،بە بەردەوامی یارمەتی  چەندان  خویندکاری زانکۆکانی داوە،  بۆ ئەوەی بتوان بەردەوام بن لە سەر خوێندن ، یارمەتی  دەیان خانەوادەی نەداری داوە ، بێ ئەوەی باسی بکات و هەستیان بریندار بکات ، زۆربەی  نووسەران و هونەرمەندان و هاوڕێکانی لە  ئۆفیسەکەی دا ،  لە بازاڕی عەسری  کۆدەبوونەوە و کۆڕی گفتوگۆیان  گەرم دەکرد ،  کتێبی بۆ چەندان نووسەر،  چاپ کردوە ،لە ساڵی ١٩٨٣  لەسەر ئەرکی خۆی. پەیکەری کاوەی ئاسنگەری دروست کردوە  ، ئەمنی سلێمانی پەیکەرەکەیان بە شۆفڵ روخاند ، لە ١٩٨٨ قوتابخانەی  عەلی بۆسکانی لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی دروست کرد ، لە ٢٩/ ٩ / ١٩٩٣ لە شاری سلێمانی تیرۆر  کرا ،  ئەرشیفی شەهید عەلی بۆسکانی

04/11/2023



وتارەکانی تری نوسەر