ڕەگ‌و ڕیشاڵی ئیسلامییەكان پڕۆتێستانتیزم‌و ڕۆشنگەریی‌و ماسۆنیزمە زیاتر لەئیسلام (بەشی پێنجەم)

عەلی سیرینی

جەمالەددینی ئەفغانیی پیاوێکی زیرەک بوو، دەیزانیچۆن وەک چاکسازیخوازێکی ئایینیی و پێشەنگیڕەوتی ئیسلامیی نوێخواز ڕەواج بە خۆی بدات،بازاڕی خۆی گەرم بکات. وەک شیعەیەک و ماسۆنیێک لە هەمان کاتدا، حەزی لە نازناوی ئیمام بوو.بە هەردوو دیو خۆی دەنواند، لە نێو شیعەکاندا لە ئێران و شوێنانی تر، هەروەها لە نێو سوننەکاندا کاتێک لە ئەستەنبوڵ و میسر سەردانی دەکردن. لە نێو شیعەکاندا بە جلوبەرگی پیاوانی ئایینیی شیعە دەردەکەوت، کە دەهاتە شارە سوننەنشینەکان، جل و بەرگی زانایانی سوننەی لەبەر دەکرد، واتە تەڕبوش و عەمامە و جبە. ئێرانی بوو، بەڵاملە جیهانی سوننەداخۆی وەک ئەفغانییەکدەناساند. ماسۆنیی بوو، لەگەڵ بیری بێدینییڕۆژئاواییهەڵیكردبوو،ئەو بێدینییەی لە فەیلەسوفەکانی وەک فریدریك نیچەو فەیلەسوفەكانی سەدەی نۆزدە و پێشتر درێژببووەوە. ئەفغانیی لەگەڵئایینیی بەهایی لە پەیوەندیدا بوو، دڵنیایی بە سەرکردەکانی بەهاییەكاندەدا کە بۆ هەمان ئەو ئامانجە کار دەکات، کەئایینیی بەهایی خەباتی بۆ دەکات. محەممەد عەبدە، شێتانە، كەوتبووە ژێر کاریگەری ئیمامە ئەفغانییەکەی. عەبدە لە نامەیەکدا، بۆ ئەفغانی نووسیویەتی،ڕەشیدڕەزادوای سەرسوڕمانێكی گەورە لە ناوەڕۆکەکەی، لە گۆڤارەكەی خۆی ئەلمەنار بڵاویكردەوە. عەبدە هەموو مانای کۆیلایەتیی و دڵسۆزیی و ملکەچبوون بە مامۆستاکەی ئەفغانییڕادەگەیەنێت (نامەکەلە ئینتەرنێتدا بەردەستە). زانای هاوچەرخمان، دكتۆر محەممەد سەعید ڕەمەزان بۆتانیی (زانایەكی كوردە لە ساڵی 2013 لە سوریا تیرۆر كرا)، ئەم نامەی عەبدە بە پڕ لە كوفر دادەنێت. عەبدە لە گەڵ نازناوی ئیمام باش هەڵیكردبوو، وەک ئەوەی پێشتربەم شێوەهاتە ناساندن، ئیتر بوو بە سوننەت، كە نازناوی ئیمام هەمیشە بە ناویەوە بلكێندرێت. لەمچوارچێوەدا، حەسەن ئەلبەننادوای نموونەی کەسانی پێش خۆی کەوت، نازناوی ئیمامی بەخۆی بەخشی،هەرچەندە زانا و فەقیهی شەرع نەبوو، بەڵکو گەنجێکی تازە پێگەیشتوو بوو (تەمەنی 21-22 ساڵ بوو). ئەوەی سەیرە، ئیخوانولمسلمین، سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی حەفتا ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی ئیمامەکەیاندا، هاوكات، لەگەڵ دەرکەوتنی زانای بەساڵاچوو لە نێویاندا، ئەم گەنجە، مامۆستای زمانی عەرەبیی و ڕۆژنامەنووس بە پراکتیک (ڕۆژنامەیەكی دامەزراند و وتاری تیادا بڵاو دەكردەوە)، تا ئێستاش نازناوی ئیمامی بەتەنها لەخۆیدابەرجەستە كردووە، لەکاتێکدا وێنەکەی لەیادەوەری و ویژدانی ئیخواندا،وەكو وێنەی پیرۆز و بێ هەڵەی مەعسوم هەڵكەندراوە.
دەکرێ بڵێین ئیخوانولموسلیمین بووە ئەو بازنەیەی کە بووژانەوەی ئیسلامیی بەرجەستەكرد. هەروەها بووەئەو زەمینەیە کە تێیداڕەوتیئیسلامیزم(پێشی دەوترێت چاکسازیی ئایینیییانڕۆشنگەریی،یان نوێكردنەوەی ئیسلام)، ئەسپی خۆیتاودا. ئەوەی پێدەچێت هاوبەش بێت، لە نێوان پرۆتستانتی مەسیحیی و پرۆتستانتی ئیسلامییدا، کردنەوەی دەرگای ئیجتیهادە. بەڵام چۆن ئیجتیهادێك؟ پرۆتستانتیزمی مەسیحیی دەرگای پەیوەندی نێوان تاک و ئایینی کردەوە (بەتایبەت دەقە ئاینییەکان، دوای دەرکەوتنی چاپ و وەرگێڕدراوەکانی کتێبی پیرۆزلە زمانی لاتینییەوە بۆ زمانە ئەوروپییەکان كە یەكەم كەس دێزێداریۆس ئەڕاسمۆسی هۆڵەندیی 1466-1536بە بڵاوكردنەوەی هەڵسا). بەم شێوەیە پرۆتستانتیزمی مەسیحیی توانی قۆرخکاریی پیاوانی کڵێسا و بانگەشەیان، گوایە ئەوانئامرازی پەیوەندی نێوان تاکەکان و پیرۆزیەكانن، بە توندیی بشڵەژێنێت و دواتر نەیهێڵێت. بەڵام بوژانەوەی ئیسلامیی (پرۆتستانتیزمی ئیسلامیی)، ئەو میراتەی موسڵمانان، کە چەمی لێشاوی، بێ وەستان، کۆشش و داهێنانی 13 سەدەی لە باوەش دەگرت، هەر لەیەكەم چركەساتی ئیسلامەوە، و لەڕێگەی هەزاران زانا و پسپۆڕی زانستە جۆراوجۆرەکانەوە، بەڕەق و تەق و دواكەوتوو ناساند. ئیتر دەستی كرد بە بانگەشەی پێویستیی بۆ نوێکردنەوە و دووبارە داڕشتنەوەی، بەڵام لە ناواخندا، نوێكردنەوەیەك بەپێیئەو ئەنجام و بەرهەمانەی لە ڕۆژئاوا سەریان هەڵدا. ناوەڕۆکی ئەم تێڕوانین و نوێكردنەوە ئەوەیە، کە میراتیزانستیی و هزریی  13 سەدەی موسڵمانان، بۆ ئەم سەردەمەی کەڕۆژئاوا لە لوتکەی داهێنانی خۆیدا دانیشتووە، ئیتربە سود نیە. لەم گۆشەیەشەوە، بوژانەوەی ئیسلامیی، دەرگای بە فراوانی بۆ هەموو تاکەکان کردەوە، تا هەوڵ و تێڕوانین و بیرۆکەکانی خۆیان بخەنەڕوو، هەر ئەمەش بووە هۆی لە دایکبوونی گروپ لە دوای گروپ، حیزب لە دوای حزبی ئیخوانیی، بە بیانووی نوێكردنەوە، مۆدێرنەكردنی ئیسلام و ڕاستکردنەوە و چاکسازیی. بە کورتیی، پرۆتستانتە ئیسلامییەکان، ئیسلامییان وەک ئایینێک خستە ژێرهەواوهەوەسو خواستی تاک و گروپەکانەوە. وەهابیزم (وەک بانگەوازێک بۆ گەڕانەوە بۆ پێشینانی ئیسلام، واتە سەلەف) ئەوڕەوتەیە، بوژانەوەی ئیسلامیی پرۆتستانتیی بەهێزتر کرد، چونکە ئەم گەڕانەوەیە بەبێ ئەو ئامرازانەڕوویدا، کە بەدرێژایی سەدەکان لەلایەن زانایان و پسپۆرانی شەریعەت وردتر کرابوون، كاریان لە سەر كرا بوو. ئەم گەڕانەوە بۆ تێگەیشتنی پێشینان (سەلەف)لە ئیسلام، گەڕانەوەیەكی خاڵی بوو لە ئامرازەکانی زانست، هەروەها سنوورداربوو بە تێگەیشتنێکیسادەوساكار، خاڵی لەبنەماكانی زانست و ئەو میراتە دەوڵەمەندەی زانایانی مسوڵمان بێ پسانەوە، لە میانی 13 سەدە كەڵەكەیان پێكردبوو و پێدەكرد. کاتێک گەڕانەوە بۆسەلەف بۆ ئەم ئاستەڕووکەشانە کورتکرایەوە،ڕاستییەكەی ئاستێکی دواکەوتووە،لێكۆڵینەوە و ئارگومێنت و دەرئەنجامەكانیان بوو بە شتێکی بێ بایەخ و سوك، بە شێوازێك هەر تاکێکی نەخوێندەواری ئیسلامییماوەی پێدرا بە تێگەیشتنە سادەكەی خۆیەوە، لە چەند شتێكی سادە و تەنك و پوشوپەڵاش كورتی هەڵبێنێت. خەڵكانی خاوەن ئەزموون و شارەزا، سەرنجییان داوە، ڕەوتی ئیسلامیی بووەتە شوێنێ پێگەیاندنی زۆروبۆرێكی نەزان، كە ئەگەر توانای زانستیشی نەبێت، هێشتان دەم لە بابەتەكانی ئیسلام دەدا. لە بەر ئەمە دەبینین گەنجانێكی ئیسلامیی لەسەرەتای ژیانیاندا، بێ ئەوەی قۆناغی فێربوون و خوێندنی زانستە شەرعییەكان بگرنە بەر، دێن و وەك باڵای كاڵا، بانگەوازی ئیسلامپەخش دەكەن. ئەم پەخشەش، بە جلوبەرگ و نماییشێكی ئیسلامییانەی زۆر بێزراو لای خەڵك دەخەنە ڕوو. ڕاستیەكەی، ئەم نمایشەیان لە گۆڕەپانی فێستیڤاڵەشیعرییەكانیعەرەب دەچێت، كە گرنگیدانی زۆر بە وشەگەلێكی تایبەت و شێوازێكی تایبەتی دەنگ و فۆنۆتیك هەیە (لاسایی كردنەوەی وتاری هەندێك شێخی عەرەب كە زیاتر گرنگیی بە گڕی دەنگ دەدات). ئەمڕێککەوتنەی نێوان پڕۆتستانتیزمی مەسیحیی و پڕۆتستانتیزمیی ئیسلامیی، لەئازادكردنی تاکەکان بەرەو دەقە ئایینییەکان بە شێوازێكی ڕواڵەت ئاسا دیارە،بەڵام جەوهەری هاوکێشەکە و هۆكار و ئەنجام و دەرئەنجامەکان، لە نێوان ئەم دوو بازنەیەدا،زۆر جیاوازن. پرۆتستانتیزمی مەسیحیی زەمینەی بۆ خوێندن خۆشکرد، دەرگای بۆ گەڕانەوەی خەڵک بۆ پەیوەندی لەگەڵ کتێبە پیرۆزەکەیاندا کردەوە، داوای لێکردن لێکدانەوە و تێگەیشتن هەڵێنجن، کە گەشە بە ژیانیان بدات. ئەمەش ڕێك لە ئەوروپا ڕویدا،كاتێك چاکسازیی لە دۆخی سیاسیی و یاسایی پەیوەست بەماف و ئەركی تاک و كۆمەڵەكان هاتە كایەوە. وەک لە ئەڵقەکانی پێشوودا ئاماژەم پێدا، سیستەمی سیاسیی دەستی کرد بە گۆڕانکاریی بەرەو باشترکردنی هەلومەرجەکانی ئازادیی و مافی مرۆڤ، ئەمەش لە جنێڤ و زیوریخ لە سەردەمی پرۆتستانتیزمدا دەستی پێکرد، دواتر بە شێوەیەکی بەردەوام بەرەو باکووری ئەوروپا بڵاوبوویەوە. بەڵام پرۆتستانتیزمی ئیسلامیی ئەندامەکانی بەرەو کەوتنە ناو کۆڵی بۆشایی زانستیی و کولتووریی پاڵنا،لە میانی هەڵوەدابوون بۆڕزگاربوون، بە پەتێک لە کەلتورێکی بێگانە، کە کەلتوریڕۆژئاوایە و بە پەتێکی تریش لەو وەهمەی کە پرۆتستانتیزمی ئیسلامیی، وەک تێگەیشتنێکی هاوچەرخ و ڕیفۆرمخوازانە وێنای ئیسلامیپێدەكات. ئەمەش، ئیخوانولموسلیمین و ئەو گروپە ئیسلامیانەی لێیەوە سەریان هەڵداوە دەگرێتەوە. سەبارەت بە وەهابیزم و تاقمەکانی (پێویستە سەرنج بدەینەهاوبەشییەكانی ئەم دوو سەرچاوەیە لە زۆرێک لە گروپە ئیسلامییەکان)، جگە لەوەی پاڵ بە تاکی موسڵمانەوە دەنێت بەرەو وەهمەکانی لاساییکردنەوەی پێشینانەكان (سەلەف)، نەک لەڕێگەی پەیوەندییەکەوە کە لە میراتی سەدە لە دوایسەدە درێژدەبێتەوە، بەڵكو لە ڕێگای توڕهەڵدانی گەنجەكان بەرەو شێتوشوریی توندڕەویی و توندوتیژیی و خۆكوژییەكی قێزەون. بە واتایەكی تر، پڕۆتێستانتیزمی مەسیحیی، مەسیحییەكانی وەك مسوڵمانانی سەدەكانی ناوەڕاست لێكرد، كە ئەوكات مسوڵمانان پێشەنگی دونیا بوون لە زانست و شارستانیی، پڕۆتستانتیزمیی ئیسلامییش، مسوڵمانانی وەك مەسیحییەكانی پێش سەدەی شازدە لێكرد و خاڵی كردنەوە لە مەعریفەت. لە بەر ئەمە، ئیسلامییەكان بە گشتیی، ئیسلامییان لە چەند وتە و بۆچوونێكی ئیبن تەیمیە و محەممەد بن عەبدولوەهاب و حەسەن ئەلبەننا و هاوشێوەكانی كورت هەڵهێناوە. میراتی زانایانی مسوڵمانیش بە درێژایی 13 سەدە،لای ئیسلامییەكان، پشتگوێ خراوە. زۆرینەی بانگخواز و شێخە وەهابییەكان، ویردی سەر زمانییان وتەكانی ئیبن تەیمییە و محەممەد بن عەبدولوەهابە. ئەوانەی ئیخوانەكانیش (لە گەڵ گروپە ئیسلامییەكانی تری لە دامێنی ئیخوان لە دایك بوون) بە هەمان شێوە، لە گەڵ زیادكردنی مەرجەعەكانی خۆیان وەك حەسەن ئەلبەننا و قوتابییەكانی. تێكڕای ئەمانەش لە میراتی 13 سەدەی ئیسلام، هیچ كێشێكی نیە، بەڵكو وەكو مشتێك ئاوە لە ناو دەریایەك. ئەمە وێڕای ئەوەی هزروبیری ئیبن تەیمییە، پڕ لە تەنگوچەڵەمە و گرفتە. بۆ نمونە، ئیبن تەیمییە لە 60 مەسەلەی شەرعدا خیلافی كۆدەنگیی (إجماع) زانایان وەستاوەتەوە، لە ئاخفتنیشدا لە مەسەلە بنەڕەتییەكانی عەقیدە،وەكپاڵنانی هەندێك پێناسە و وێنە بۆ خودا و سیفەتەكانی، هزرەكانی ئیبن تەیمییەی لە هزروبیری جولەكە و پەیكەرتاشەكان نزیكە، چونكە ئیبن تەیمییە، وێنە و سنور و چۆنیەتیی و چەندیەتیی دەداتە پاڵ خودای گەورە، كە ئەمە لە بیروباوەڕی 13 سەدەی زانایانی ئیسلام بڤەیە. وێڕای ئەمەش، ئیبن تەیمییە هەوادارێكی سەرسەختی ئەمەوییەكان بوو لە بەرامبەر ئالوبەیتی پێغەمبەر (بە تایبەتیی ئیمام عەلی)، كە لە چەندین شوێن، ئیبن تەیمییە بە چاوێكی كەم و تەنزئامێز هەڵیاندەسنگێنێت.
بۆ هەموو ئەمانە و بۆ بابەتی تر کە پێویستیان بە وردبینی زیاترە، ئیخوانولموسلیمین و ئەو بزووتنەوانەی لێیەوە لقیان کردەوە، پاشان وەهابیزم و لقەکانی،لە ئەرزی واقیعدا، بوونەئەلتەرناتیڤیڕاستەقینەی ئیسلام، لە کاتێکدا ئیسلام کە چەندین سەدە بە باڵادەستیی مابووەوە، لەڕێگەی میراتێکی دەوڵەمەند و یەک لە دواییەکەوە، پاشەکشەی کرد بۆ گۆشەکانی لەبیرچوون و شەرمەزاریی. میراتی ئیسلامیی دەستی کرد بە نامۆبوونێکی دووانەیی: نامۆبوونی مرۆڤی موسڵمان لێی بە هۆی هەژموونیڕۆژئاواوە،ئنجا نامۆبوونی بوژانەوەی ئیسلامیی لێی،كە موسڵمانانوا تێگەیشتن كە ئەم ڕەوتی ئیسلامییە ئیسلام خۆیەتیی. ئەم نامۆ بوونەی دووەم ماڵوێرانترە لە هی یەكەم، چونكە ئێستا كەس گومان ناكات كە ئیسلامییەكان نوێنەری ئیسلام نەبن، بەڵكو خەڵك بە گشتیی وا دەزانێت ئەوان هەڵگری ئیسلامی ڕاستەقینەن. لە كاتێكدا، ئیسلامییەكان، تەواو نامۆن بەو ئیسلامەی 13 سەدە بەسەر یەكەوە كەڵەكە بووە. هەر لەبەر ئەمەشە بۆمان دەردەکەوێت، کە نامۆترین کەسایەتییەكان لەمیانی بوژانەوەی ئیسلامییدا، ئەو زانا و فەقیهانەی شەرعن، کە لەژێر چەندین بیانوودا شەڕیان لەگەڵدا کراوە. ئەم زانایانە بە شێوازی ناشیرین وەسف كراون، بۆ نمونەمەزهەبیی، کۆنەپەرست، دواکەوتوو، كەللـەڕەق، كۆلكە مەلا و دڵسۆزیڕژێمەستەمکارەکان. دەستەواژەی ستەمکاریی (دیکتاتۆریەت بە زمانی هاوچەرخ) لەلایەن پرۆتستانتیزمی ئیسلامییەوەداتاشرا، نەک دژی دەسەڵاتە عەلمانیەکان وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکات، بەڵکو بۆ شەڕکردن لەگەڵ سوڵتانە موسڵمانەکانی وەک سوڵتان عەبدولحەمید. لەم چوارچێوەیەدا کتێبی (عەبدولڕەحمانئەلکواکیبیی) (یەکێک لە پێشەنگەکانی بوژانەوەی ئیسلامیی) سەبارەت بە ستەمکاریی هات (كتێبەكەی بە ناونیشانی الإستبداد بڵاو كراوەتەوە)،بۆ ئەوەی شەرعیەتی خەلافەت و ئەو زانایانەی کە لە دەوری کۆبوونەتەوەدابماڵێت. پاشان یەكێكیتر لە هێماكانی بوژانەوەی ئیسلامیی، بە ناوی عەلی عەبدولرازق، ئەم دەستەواژانەی بەکارهێنا، بۆ ئەوەیبگاتە ئەو دەرەنجامەی کە بنەمای خەلافەت خۆی ناشەرعییە و شتێک نییە بە ناوی دەوڵەتی خەلافەت. دۆخەکە بەم شێوەیەبەردەوام بوو، وەک چۆن ئیخوان و گروپەهەرە پێشکەوتووەکانی دەڵێنحوكمی ئیسلامییان ناوێت، بەڵكو دەوڵەتێکی دیموکراتیی مەدەنییان دەوێت، بە بیانووی ئەوەی بنەماكانی دیموكراسیی و ئیسلام هەمان شتن، كە وا نیە. لە کاتێکدا بە پێچەوانەوەگروپە وەهابییەكان بە بیانوویدامەزراندنی خەلافەتی ئیسلامیی،دەیانەوێ بمانگەڕێننەوە بۆ14 سەدە پێش ئێستا، گەڕانەوەیەكی ڕواڵەتیی (جل كورتكردنەوە، ڕیش درێژكردن، سمێڵ تاشین یان تەنككردنەوەی، بەكارهێنانی هەندێك زاراوە و چەمكی فوسحای عەرەبیی ...هتد) كە تا ئێستاش بەردەوامە. ئەم هەوڵە ڕواڵەتییە كارەساتیی بەرهەم هێناوە. چۆن؟ چاوەڕێی بەشی شەشەم و هەفتەم بن. 

ڕەگ و ڕیشاڵی ئیسلامییەكان پڕۆتێستانتیزم و ڕۆشنگەریی و ماسۆنیزمە زیاتر لە ئیسلام (بەشی شەشەم)

ئیخوانولموسلیمین لەم میراتە پرۆتستانتییەوە، ئایینیی ئیسلامییان گۆڕی بۆ پارتێکی سیاسیی، کە خەبات بۆ دەسەڵاتی دیموکراسیی و پەرلەمانیی و عەلمانیی دەکات. بەڵام، ئیخوانەکان تازیاتر بە تەوسەوە بەرەو ئەم ئامانجە هەوڵ بدەن، زیاترڕووبەڕووییەک لە دواییەکی قەیرانەكان دەبنەوە، کەبەربەستیانبۆ دروست دەكات لە گەیشتن بەم ئامانجە دێرینیەیان. لەم دۆخەدا، لەبری ئەوەی ئەو چاکسازییە سیاسییانەی کە پرۆتستانتیزمی مەسیحیی بەدەستی هێنا، خۆیان لە سەرڕێگایەکی تەواو جیاوازدا بینیەوە، ئەویشڕێبازی کڵێسای کاتۆلیکییە، کە بەناوی مەسیحییەتەوە حوکمڕانی دەکرد و بناغەکانی ستەمکاریی بۆ چەندین سەدە چەسپاند. بەم شێوەیە، ئیخوان پارادۆکسێک بۆ خۆیان تۆمار دەکەن،ڕەنگەیەکێک بێت لە سەیرترین و بە ئازارترین پارادۆکسەکانی مێژوو. بە پێچەوانەی ستەمکاریی کڵێسای کاتۆلیکیی، هیچ دەوڵەتێک لە مێژووی ئیسلامییدا نییە مزگەوت بەڕێوەی ببات. بەڵکو، مزگەوت وەک شوێنی عیبادەت و مەعریفە مایەوە و زانایان لە کێڵگەکانی زانست و ئەدەب و هونەر، ئەسپی خۆیان تاو دا. لەهەمان كاتدا، چینی سیاسیی دەوڵەت، لە کۆشک و دادگا و وەزارەتداكاری خۆی دەكرد. سەیر نییە، بە درێژایی سەدەکانی ئیسلام، زانایانی موسڵمان،لەلایەنئەو دەوڵەتانەی كە شەریعەتی ئیسلامییان پەیڕەو دەكرد،ڕووبەڕووی زیندانیکردن و دەربەدەریی و ئەشکەنجەدانبوونەوە.
ئیخوان، مزگەوتەکەیان بۆ سیستەمێکی هاوچەرخیڕۆژئاوا بەکارهێنا، بەڵامسەركەوتوو نەبوون لەگرتنیدەستەڵات.بەڵام، سەرکەوتوو بوون لە بەتاڵکردنەوەی مزگەوت لە ناوەڕۆکەکەی، بە پچڕاندنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو میراتەسێزدە سەدەییەیلە جیهانی ئیسلام كەڵەكە ببوو. لەهەر وڵاتێکی ئیسلامیی، هەزاران گەنجی ئیخوانولموسلیمین بپشکنیت، وەک دەفرێکی بەتاڵ دەیانبینیتەوە، بێبەشن لەلقوپۆپی ئەو میراتە ئیسلامییە دەوڵەمەندە. پەروەردەکردنییانكورت هەڵهاتووە لەو ئەدەبیاتەكەمەی، کە لەلایەن ئیمام و سەرکردەكانییان بەرهەمهاتووە. زۆربەی ئەم ئەدەبییاتەش، لەو تێڕوانینە فیکرییانە تێناپەڕێت کە لە سەرچاوەیڕۆژئاواوە وەرگیراون، کاتێك كەفوكولی شەپۆڵەكانیگەیشتە ئیخوانەکان، لەڕێگەی سەركردەڕیفۆرمخوازەکانیانەوە، وەک: جەمالەددینی ئەفغانیی، محەممەد عەبدە و هاوتەمەنو قوتابییەكانیان لە سەرانسەری جیهانی ئیسلامدا .
سەیر نییە کە بزانین، ئیخوان و پرۆتستانتەکانی دیکە،زۆر بە توندیی بەرگری لە پاکییەتی ئیمام جەمالەددینی ئەفغانیی و ئیمام محەممەد عەبدە و ئیمامەکانی دیکەی ماسۆنیی کەوكەبولشەرق دەکەن، كە ئیمامیڕەوتی پرۆتستانتی ئیسلامیین. بۆ نمونە دوو نووسەری بوژانەوەی ئیسلامیی هەن، دوکتور موحسین عەبدولحەمید (بیرمەندێكی کوردی ئیخوانولموسلیمینە) و دوکتور محەممەد عەمارە (بیرمەندێکی میسرییتەوژمی ئیسلامییە)،خەبتاون لە بەرگریكردن لە پاکییەتیی ئەمئیمامانە، بە ئاڵای نوێبوونەوە و ڕێنێسانسیی ئیسلامیی دەیان ناسێنن. ئەم دوو نووسەرە، بۆ دەربازبوون لەو تەنگوچەڵەمەیەی وێنەی ئیمامەکانی پرۆتستانتیزمی ئیسلامیی دەشێوێنێت، و شیرازەی پاکییان تێکدەدات،بڕگەگەلێکیانهەڵێنجاوەجێگای هەڵوەستەیە. بۆ نمونە، عەبدولحەمید و عەمارە پاساو دەهێننەوە لە میانی باسكردن لە پەیوەستبوونیی ئەفغانیی بە ماسۆنییەتەوە، گوایە لە سەرەتا نەیزانیووە ماسۆنییەت چیە و دواتر تیایدا نەماوە.ئەگەر لە بەر خاتری خاتران بڵێین باشە لە ماسۆنییەت دەرچوون، بەڵام گرفتەكان زۆرن، هەر ماسۆنییەت نیە بە تەنیا. بۆ نمونە،ئەم دوو ئیمامە خاوەنی بیرۆکەگەلێك بوون، لە لایەن میراتی 13 سەدەی زانایانی ئیسلام ڕەتكراوەتەوە، یان ئەوەندە جێگای نابێتەوە لە نێو ئیسلامدا وەکو:یەکێتی ئایینەکان،بزوتنەوەی ئازادیی ژنان بە شێوازیڕۆژئاوایی،ڕێگای خواروخێچ دۆزینەوە بۆ حەڵاڵكردنیڕیبا (سو)،ئنجا، لێکدانەوەی غەیب بە چەمکگەلێک کە لە ئەنجامی زانستی ئەزموونیڕۆژئاوا وەرگیراون، وەک لێکدانەوەکەی محەممەد عەبدە بۆ سورەتی فیل لە قورئان، بە شێوەیەك باس لەو بەردانەی سوپای ئەبراهای كردووەكە لە لایەن باڵندەکانەوەفڕێدرانە خوارەوە،گوایەئەم بەردانە میکرۆب و پەتانبوون کە ئەبراها و سوپاکەیان لەناوبرد. لە گەڵ ئەمەش، هێشتان وازهێنانی ئەفغانیی لە مەحفەلی ماسۆنیی بەریتانیی-سكۆتلەندیی جێگای مشتومڕە لە نێوان مێژوونوسان، چونكە هەندێك پێیان وایە، وازهێنانی ئەفغانیی لە مەحفەلی بەریتانیی-سكۆتلەندیی بە پلان و تەكبیریی هەردوولا بووە، بۆ ئەوەی كارە نهێنییەكانی ئەفغانیی باشتر ئەنجامەكان بپێكن. چونكە ئەفغانیی لە سەر چەمكی سەربەخۆیی میسرییەكان كاری دەكرد، ئەمەش نەدەكرا متمانە لە نێو دڵی خەڵكی میسر بكاتەوە ئەگەر لە مەحفەلی ماسۆنیی بەریتانیی-سكۆتلەندیی بمابایەوە.
ئیخوانولموسلیمین،بۆ شوێنکەوتووانییان لە جیهاندا،لە ڕۆژی دامەزرانییانەوە تا ئەمڕۆ،بوونەتە بەدیلێکیبەرجەستەبۆ ئیسلام. ئیمام و سەركردەكانییان بوونەتە بەدیلێکیڕاستەقینە بۆ زانا و فەقێیهەكانی شەرع. لە ژێرڕۆشنایی ئەو پاڵپشتیی و ئامادەکارییە گەورەیەیئەو نێوەندانە دەیكەن، كە نەیارن لە گەڵ ئیسلامی تەقلیدیی (وەكو هەندێك نێوەندی ڕۆژئاوایی و هەندێك ڕیكخراو و ڕژێم لە جیهانی ئیسلامدا)، ئیخوان و ئیمامەكانییانڕێگەی خۆیانییان بۆ فراوانبوون و بەهێزکردن دۆزیوەتەوە. ئەگەر خوێنەرلە وڵاتێکی وەک کوردستاندا، بە وردیی، بەراوردێكی نێوان حەسەن ئەلبەننا و بەدیعولزەمان سەعیدی كوردیی ناسراو بە سەعیدی نورسیی لەبەرچاو بگرێت، دۆش دادەمێنێت. حەسەن ئەلبەننا کە لە ساڵی1949، کاتێک گەنجێکی تەمەن42 ساڵ بوو تیرۆر کرا. ئەم بەڕێزە، نە زانا و نە فەقیهی شەرع بوو، كەچی لە وڵاتێکی غەیرە عەرەبی وەک کوردستان،دەیان هەزار خەڵكشوێنی كەوتوون و بە ئیمام حەسەن ئەلبەننا بانگی دەكەن. لەکاتێکدا سەعیدینورسیی، کە بەهۆیگەیشتن بە قوڵایی زانست، نازناوی بەدیعولزەمان (داهێنانی زەمانە)ی پێبەخشرا، کە بەڕاستییەکێکە لە گەورەترین فوقەهای شەرع و زاناکانی تەواوی مێژووی موسڵمانان (93 كتێبیلە بەر بووە) ، لە ناو نەتەوە کوردەکەیداشوێنكەوتووانی نادۆزیتەوە، جگە لە چەند کەسێک، دەتوانیت لە گۆشەی مزگەوتێکی بچووک لەچۆڵایی دوورە-دەستترینناوچە شاخاویەکانی کوردستان جێگایان بكەیتەوە. هەقە ئەوە بزانین کە بەدیعولزەمان29 ساڵ پێش حەسەن ئەلبەننا لەدایک بووە، وە خەباتی کردووە بۆ بەرگریکردن لەدەوڵەتی عوسمانیی لە دژیڕووسەکان و سەدان بنەماڵەی ئەرمەنیی لەكوشتارڕزگار کردووە،11ساڵیش دوایحەسەن ئەلبەننا ژیاوە، هەموو ژیانیشی بۆ نووسین و بانگەواز و فێرکردن و خزمەتکردن تەرخان كرد و ژنی نەهێناو هەر بە تەنها بێ ماڵ و حاڵ مایەوە. تەمەنی خۆی لە دژایەتیی سیستمی ئەتاتۆركیی،دوور لە حیزب و سیاسەت  بردە سەر. كاتێكی زۆری لە نێوان زیندان و دادگاكانی توركیا تێپەڕاند. چەندین جاریش توركەكان، ژەهرخواردیان كرد،تێكڕای تەمەنیشی لە داپڵۆسین و دوورە زێدی خۆی بردە سەر، كە حكومەتی توركیا بەسریدا سەپاندی و گۆڕەكەشییان ون كرد و ئێستا بێسەروشوێنە.
بەڵامبا پرسیار بكەین، ئیخوان و خزمە ئیسلامییەكانی تریان، وەكو گروپە وەهابییەكان، لە سیاسەتدا، چییان پێشکەش کردووە بۆ مسوڵمانان؟ زیاتر لە سەدەیەکە ئیخوان و وەهابییەكان سیاسەت دەكەن. گروپ لە دوای گروپ، لە هەردووکیان لقیان کردووەتەوە. هەرکات گرووپێکی نوێ لەدایک بووە، ڕەخنە یان تەنانەت جنێویش بەپێشووتری خۆی داوە، بۆ ئیسپاتكردنی زیاتر دڵسۆزیی بۆ بنەماكانی ئیسلامییزم، یان بۆ ئیسپاتكردنی زیاتر توندوتیژیی وەك خۆ نماییشكردنێك بۆ پاكایەتیی و ڕاستتر بوون.گروپە ئیخوانییەكان هەمیشە كە جیا دەبنەوە، زیاتر پێداگریی لە سەر بنەما و پڕەنسیپی دیموكراتی خوازیی و مافی مرۆڤ دەكەنەوە. گروپە وەهابییەكانیش، پێشبڕكێ و توندڕۆیی دەنوێن لە بەرامبەر یەكتریی، بۆ ئەوەی ئیسپات بكەن كە زیاتر پێداگریی لەسەر پەیوەندیلە گەڵ پێشیینان (سەلەف)دەكەن لەوانیتری هاوشێوەیان. له هه ردووڕێبازەکەدا زۆر گرووپ و حیزب له سکی ئیخوان و وەهابیزم له دایک بوون. سەبارەت بە گروپە وەهابییەكان، هەمیشەبەهانە و پاڵنەرەکانی گروپە نوێیەکان لە دەوری ئەوڕاستییەدا دەسوڕێنەوە، کە گروپی پێشوو کەمتەرخەم بوون لە شوێنکەوتنیان و پابەندبوونییان بەڕێبازی سەلەف، یانیش نەرم و نییان بوون لە بەکارهێنانی توندوتیژیی دژی دوژمنان، بۆ نموونە داعش، کە لە قاعیدە پەرەی سەند، کەقاعیدەش لە موجاهیدینی ئەفغانستانەوە پەرەی سەند. قاعیدە، بە ڕێبەرایەتیی ئەیمەن ئەلزەواهیریی و ئوسامە بن لادن، موجاهیدانی ئەفغانستانییان بە دڵ نەبوو (دژی عەبدوڵلا عەزام بوون و ئەحمەد شا مەسعودییان تیرۆر كرد)، داعشیش قاعیدەی بە دڵ نەبوو و تەكفیری كرد. ئەم گروپانە،تا زیاتر لە گروپەکانی پێش خۆیان جیاببنەوە، بەرەو توندڕەوی زیاتر و توندوتیژیی زێدەتر دەڕۆن. سەبارەت بە ئیخوان، ئارگیومێنت و هۆکارەکانی لەدایکبوونی حزب و گروپی نوێ جیاوازە و بە پێچەوانەوەیە.جیابوونەوەی حزبی نوێ لە ئیخوان، زیاترلە دەوری چاکسازی و مۆدێرنەكردنی ئایین و کرانەوەیەکی زیاتربەرەو ڕووی مۆدێرنیزم و بەرهەمە سیاسیەکانی دەسوڕێنەوە. بۆ نموونە ئیخوانولموسلیمین هەبوو،كەچی پارتیناوەند (حزب الوسگ) بە سەرۆكایەتیی ئەبولعولا مازیی جیا بوویەوە.كەچی ئەمە كۆتا جیابوونەوە نەبوو. پاشان غەننوشییو جووڵەینەهزە لە تونس هاتنە كایەوە، كە پارتی ناوەند لە تەكیاندا كەمتر مۆدێرنخواز دێتە بەرچاو. ئەمانە، ئەو گروپە ئیخوانانەن، لە وەشانە نوێیەکانییاندا، بەرەو دوورکەوتنەوەی زیاتر لە ئیسلام دەڕۆن.
ئەم دوو لایەنە (وەهابییزم و ئیخوانییزم) کە بوژانەوەی ئیسلامیی و پرۆتستانتیزمی ئیسلامیی پێکدەهێنن، وێرانکاریی و ماڵوێرانییەکی گەورەیان بۆ جیهانی ئیسلامییدروستكردووە. هەروەها بوونەتە هۆی دابەزین و دواکەوتوویی موسڵمانان لە بوارە جیاجیاکان و لە بواری سەرکردایەتیی شارستانییش بەتایبەتیتر. لەم چوارچێوەیەدا، بوونەتە كانگای ئازار و گاڵتەجاڕیی لە یەك كاتدا. لەمەش جەرگبڕتر، بێ ئەوەی مەبەستییان بێت، بوونەتە پشتیوانانی دەسەڵاتە ستەمکار و دواکەوتووەکانی وڵاتانی موسڵمان،بە تایبەتیی، لەوكاتەی مەبەستییان بووە شەڕیان لەگەڵدا بکەن و دژییان بن،كەچی زیاتر خزمەتییان بەم دەستەڵاتە ستەمكارانە كردووە.ڕاستییەكەی، چوونە ناو ململانێی تاڵ لەگەڵ ڕژێم دەستەڵاتدارە ستەمكارەكانی ناوچەكەمان،زەڕبەی گەورەی وەشاند لە ئیسلام و مسوڵمانان. ئیسلام گەورەترین قوربانیی بوو، لە كاتێكدا،ئیسلامییەكان لە یەك ڕوو بەڕوو بوونەوەدا، یەک سەرکەوتنییان تۆمار نەكردووە. ئەمڕۆ موسڵمانان بە هۆی ئایینی پرۆتستانتیی ئیسلامیی، بە سەرکردایەتییڕەفاعەڕافیعتەهتاویی، محەممەد بن عەبدولوەهاب، جەمالەددینی ئەفغانیی، محەممەد عەبدە، حەسەن ئەلبەننا، ئیبراهیمتیمۆ (ستارۆڤا)، نامیق کەمال و هتد، باجی قوڕس دەدەن،باجی زۆرتریش ماوە بیدەن. ئەمباجە قوڕس و تاڵوتفتانە، لە لایەن موسڵمانانەوە لە ئەفغانستان، چیچان، عێراق، سوریا، لیبیا، میسر و زۆرێک لە وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقا دەدرێن. بەو شێوازەی کەدەیبینین،وێرانکاریی و هەژاریی و دواکەوتوویی، باڵی بەسەر مسوڵمانان كێشاوە.
تا خوێنەر نەکەوێتە ناو کەشێکیڕەشبینیی و نائومێدیی،ڕەنگە بپرسێت، ئەی چارەسەر چییە؟ من دەڵێم،وێڕای ئەوەی کە لە ساڵانیڕابردوودا لە بابەتەکانی پێشوودا خستوومەتە ڕوو، باشترین خزمەت کە حزب و گروپە ئیسلامییەکان پێشکەشی ئیسلامیبکەن، ئەوەیە کە ئەوان خۆیان هەڵبوەشێننەوە و لە نێوان خۆیاندا ئاشت ببنەوە لە لایەک، و لە لایەكی ترەوە، لە نێوان ئەوان و دەستەڵاتەكانی ناوچەكەمانئاشتیی و تەبایی جێگیر ببێت. دوای ئەم ئاشتەواییە،هەقە، دوور لە حزبایەتیی،خۆیان بۆ بابەتی عیبادەت و زانست و داکۆکیكردن لە مافی خەڵك و کاری خێرخوازیی تەرخانبكەن. وەک چۆن فوقەها و زانایان بە درێژاییمێژوو کردوویانە، ئیسلامییەكانیش دەتوانن هەمان ڕێچكە بگرنە بەر.
وازهێنان لە کێبڕکێی حزبایەتیی لە پێناو دەسەڵات پەیدا كردن بە ناوی ئیسلامەوە، بەرزکردنەوەی ئیسلامە جارێکی دیکە وەک ئایینێکی پیرۆز، نوقم بووە لە ناو تاڵاوی کێبڕکێی حزبایەتیی و پاوانخوازیی سیاسەت، کە زانستەكانی شەریعەت،بانگخوازیی بۆ ئایین و تەنانەت خودی مسوڵمانانی کردووەتە قوربانیی. ڕێگای سەرکەوتن بە وازهێنان لەڕکابەرییە ناوخۆییەکانی ئیسلامییەکان، لەگەڵ پێکهاتەکانی گەلانی ناوچەکە دەست پێدەکات، چونکە ململانێیان لەگەڵ ئەم پێکهاتانە لە گۆڕەپانی سیاسیی و سەربازییدا بووەتە هۆی بەسیاسیکردنی بانگەوازی ئایینیی، کەئێستا خەڵكێكی زۆرڕەتی دەكاتەوە، نەك لە بەر ڕەتكردنەوەی ئیسلام، بەڵكو بە گومانن كە ئەم بانگەوازە بۆ ئیسلام نیە و بۆ حزبایەتیی و سیاسەتە. ئەم حاڵەتە ئێستا زیاتر لە نێو گەنجەکانەوە پەرەی سەندووە،بە تایبەتیی لە کاتێکدا، ئیسلامییەکان لە مەیدانی سیاسەتدا، هیچ سەرکەوتنێکی بەرچاویانبە دەست نەهێناوە،بەڵكو لەم بوارانەدا بوونەتە سووتەمەنی ململانێ و ئاژاوە و وێرانکاریی. هەموو ئەمانە لە چوارچێوەیەکداڕوودەدەن کە ئیسلامییەکانڕێگای ئایینیان بە لایەکدابردووە، بەرەو ناوەڕۆکێک، کە تەواو جیاوازە لە میراتی14 سەدەو نیوی ئیسلام،كە لەڕێگەی زنجیرەیەکی نەپساوەی زانایانەوە پێمان گەیشتووە. ئەوەی ئیسلامییە پرۆتستانتەکان کردیان، تیرۆرکردنی کارەکتەری زانایان بوو، بۆ ئەوەی خۆیان وەک ئەڵتەرناتیڤبێننە پێشەوە، کە لە سەردەمی ئێمەدا بە دوو شێوە بەرجەستە بوون:
یەکەمیان: جەستەیەکی زەبەلاح کە جلێکیڕەشی لەبەردایە، دەموچاوە زبرەکەی بە قژێکی درێژ و ڕیشێکی پان داپۆشراوە، شمشێرێکیان چەقۆیەکی هەڵگرتووەخەریكە مرۆڤێك سەردەبڕێت و هاوار دەکات"الله اکبر". ئەم دیمەنە قاعیدە و داعش بەرجەستەیان كرد.
دووەم: ئیسلامییەکانی"مۆدێرنیزم وڕۆشنگەریی" کەپێشبڕكێ دەكەن لە گەڵ یەكتریی بۆ دانانی مكیاجی  جوانکاریی مۆدێرنیزم و دیموكراسیی،بۆ ڕزگاربوون لەو شتانەی کە بە بارگرانی میرات دەیزانن. لەم وێنەیەدا دەبینینڕاشید غەننوشیی خۆی تەرخان کرد بۆ پاڵپشتی کردنی پەرلەمانەکەی تونس، كەچی دروێنەیەكی تاڵی كرد. هەروەهازانایەكی ئیخوانولموسلیمین دەبینین کە ناوی ئەحمەد ئەلڕەیسونییە، فیقهی پێشیینان بە نەگونجاو دەزانێت بۆ سەردەمی ئێمە،دەیەوێت ئیسلامسەر لە نوێ بخاتەوە بەردەم موسڵمانان، لەڕێگەی ئەنجامی زانستە کۆمەڵایەتییەکان و سایكۆلۆجییەكانیڕۆژئاوا. کارەساتی وێنەی دووەم توندترە لە کارەساتی وێنەییەکەم. هەردوو وێنەکە بەکارهێنانێکیڕاستەقینەی ئەو وتەیەی دوو ئیمامی بوژانەوەی ئیسلامیین (پڕۆتێستانتیزمی ئیسلامیی) جەمالەددینی ئەفغانیی و محەممەد عەبدە کە دەڵێن: "سەری دین مەبڕنتەنها بە شمشێری دین نەبێت". دەرەنجامی ئەمەش، لە سەردەمی هەنوكەماندا، بە ڕوونی دیارە كە ڕەوتی ئیسلامیی بووەتە پردێكی پان بەرەو ئیلحاد و بێ دینیی نەك تەنها بۆ خەڵك بە گشتیی، بەڵكو بۆ خودی كەسانێكی زۆر كە تا دوێنێ ئیسلامیی بوون ئەمڕۆ یان مولحیدی تەواون یان مولحیدی دەمامكدراون!

لە بەشی داهاتوو و كۆتایی تیشك دەخەمە سەر نەخشەی جوگرافیی 15 سەدەی ئیسلام لە بواری ژیان و دین و جیاوازییەكانی لە گەڵ بوژانەوەی ئیسلامیی.




17/01/2024



وتارەکانی تری نوسەر