حوکمڕانی باش

کاوە مەحمود
حوکمڕانی باش وەک دەروازەیەک بۆ مامەڵەکردنی بەرپرسانە لە ڕێڕەوی چارەکردنی قەیرانەکان

حوکمڕانی باش چەمکێکی سیاسییە  لەلایەن ئاژانسە تایبەتییەکانی توێژینەوەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و، دەزگاکانی ئەو دامەزراوە بە ڕوونی ئاماژەی پێکراوە و، لە ئەزموونی چەندین وڵاتدا بە پێی تایبەتمەندی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی فاکتەری گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و گەشەپێدان بووە.

پرنسیپە سەرەکییەکانی حوکمرانی باش بریتین لە: سەروەری یاسا، ڕوونی و ئاشکرایی، گوێڕایەڵی، ڕووکردنە بونیادنان، گونجاندنی بۆچوونەکان، رەوایەتی، کارایی و شارەزایی، لێپرسینەوە لەبەردەم جەماوەر و تێڕوانینی ستراتیژی.

ئەم پرنسیپە گشتییانە، کە لە قۆناغی گواستنەوە وەک پێداویستییەک بۆ گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی وبنیاتنانی دیموکراسی پێویستن، توخمەکانی لە میانەی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و سەروەری یاسا و لامەرکەزیەت و ڕۆڵی دامەزراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیدا دیاری دەکرێت و، دەبێتە بنەمایەک بۆ بەڕێوەبردنی سامانی گشتی و وەبەرهێنانی سامانە سروشتی و مرۆییەکان لە خزمەتی کۆمەڵگادا و بەبەشداری جەماوەر و لە سایەی پێوەری یەکسانی و بێ‌ لایەنیدا.

حوکمڕانی باش لەم بازنەیەدا، بناغەی پێداچونەوە بە سیاسەتی ئابووری و داڕشتنی پلانی گەشەپێدان و قورتاربوون لە ئابووری بەرخۆر و پەیڕەوکردنی سیاسەتی سەربەخۆیی ئابوورییە، کە ناوەڕۆکەکەی لە خۆبژیویدا بەرجەستە دەبێت و، مایەی سەربەخۆیی وەرگرتنی بڕیاری سیاسی و پاراستنی پێکهاتەی هەرێمی کوردستانە، کە بەردەوام هەڕەشەی نەیاران نێوخۆی دەوڵەتی عێڕاق و وڵاتانی دراوسێ بە شێوازی جۆراجۆر لە سەر بوونی ئەم پێکهاتەیە لە زیادبووندایە.

حوکمڕانی باش ڕێگای گەڕانەوەی متمانەی جەماوەرە بە هەر دەسەڵاتێک بیەوێت سیاسەتەکانی لە خزمەتی خەڵک و پرۆسەی گەشەپێدانی بەردەوام بێت و، لە ڕەوشی کوردستانی باشوردا بناغەی بنیاتنانی چەمکی هاووڵاتی کارای کوردستانییە، کە پشت بە شوناسی نیشتمانی کوردستانی لە جیاتی شوناسە لۆَکاڵییەکان ببەستێت. 

لەم چوارچیوەیەی ئاماژەمان پێکرد، بیرکردنەوە لە چاکسازی ڕاستەقینە و بەرهەمدار بێ هەنگاوان بۆ حوکمرانی باش ئەنجام نادرێت، و جەختکردنیش لەسەر ئەم چەمکە لە ڕەوشی سیاسی ئەمڕۆدا پێویستی بە فشاری جەماوەر  بەسەر دەسەڵاتدا هەیە بەو مەبەستەی، کە بیرۆکەی حوکمرانی باش لە بازنەی داواکاری حزبێک و گروپێکی سیاسی نەمێنێتەوە و ببێتە داواکارییەکی ستراتیجی جەماوەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان لەسەر قەوارەی هەرێم و پشتبەستن بە هۆکاری خودی و وزە و توانای جەماوەر لە ئەنجامدانی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتیدا.

15/11/2023



وتارەکانی تری نوسەر