کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو

کاوە مەحمود

بنەمای بژاردەی پاڵێوراوانمانە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان

پاڵێوراوەکانی حزبی شیوعی کوردستان لە نێو لیستە هاوپەیمانییە بەشداربووەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێڕاق، کە لە 18ی کانونی دووەمی ئەم ساڵدا ئەنجام دەدرێت، بریتین لە دوو ژن و دوو پیاو، کە لەمەشدا حزب ڕچاوی هاوسەنگی و یەکسانی جەندەری کردووە. هاوڕێیان سەمیرە ئەحمەد ژمارە چوار لە لیستی هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە ژمارە 142 کەرکوک و، خدر دیرو خناسوڕی ژمارە سێ لە لیستی ژمارە 203ی قیم مدنی لە نەینەوا و،  هاجر شەهاب ژمارە چوار لە لیستی 203ی قیم مدنی لە دیالا و، هێمن بەرزان ژمارە بیستویەک لە لیستی هاوپەیمانی الرئاسە 184لە پارێزگای سەڵاحەدین.

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان گرنگییەکی تایبەتی هەیە و، جگە لەوەی پێوەر و نیشانەیەکە سەبارەت بە گۆڕانکاری لە تەرازو و هاوسەنگی هێزە سیاسییەکان بە بەراووردکردن لەگەڵ دووا هەڵبژارندا، ئەنجوومەنی پارێزگاکان بە پێی دەستووری دەوڵەتی عێڕاق و قانونی دەسەڵاتی پارێزگاکان، کە لە حوزەیرانی 2008دا بڕیاڕ دراوە، کۆمەڵێک دەسەڵاتی تایبەتی هەیە، لەوانە هەڵبژاردنی پارێزگار و دامەزراندنی فەرمانبەری گشتی و بەرێوەبەرە سەرەکییەکانی پۆلیسی پارێزگا و لابردنیان و، بەکارهێنانی ئەو بودجەیەی بۆ پارێزگا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە بۆ پرۆسەکانی بنیاتنانەوە و ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان تەرخان دەکرێت ، کە بێگومان ئەمەش بە ئەنجامدانی خزمەتگوزارەییە هەمەجۆرەکان دەکرێت لە بواری پرۆژەکانی ئاو و کارەبا و قیرتاوکردنی شەقامەکان و پاراستنی ژینگە و تەندروستی و پاکی گەڕەکەکان و شار و شارۆچکەکان و چاودێرکردنی پرۆژەکانی وەبەرهێنان و ڕێگاگرتن لە خراپ بەکارهێنانی سامانی گشتی و ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی گەندەڵی.

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەم ڕەوشە ناهەموارەی دەوڵەتی عێڕاقدا، جگە لە بواری خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە و بواری بەرێوەبردن، کە ئاماژەمان پێکردن، بەرپرسیارییەکی سیاسیی دەخاتە ئەستۆی هەڵبژێردراوکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان چ وەکو کەسایەتی و چ وەکو لایەن و حزبی سیاسی، چونکە ئەو هەڵبژاردنە دەرفەتێکە بۆ گوڕانکاری لە ڕەوشی سیاسی لۆکاڵی، تەنانەت ئەگەر بە شێوەیکی بنەڕەتی و یەکلاکەرەوەش نەبێت. بۆیە پاڵێورانمان لە بەرنامە و گوتاری هەڵبژاردن و، ئەو پەیامەی بە خەڵکی دەنگدەر دەیدەن، تایبەتمەندی هەر پارێزگا و شوێَنێک، کە هەڵبژاردنی تیادا ئەنجام دەدرێت، بە هەند وەردەگرن و جگە لە بواری خزمەتکردنی خەڵک و پێشنیازکردنی پرۆژەکان بە ڕاوژێکاری خەڵک و بەڵیندان بۆ ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی، بە گشتی جەخت لەسەر کۆمەڵێک خاڵی سیاسی دەکەنەوە، لەوانە: یەکسانی ماف و دەرفەت بۆ سەرجەم نەتەوە و ئایین و ئایینزا و پێکهاتەکان و کارکردن بە چەمکی هاووڵاتیبوون و ڕاگرتنی گۆڕانکاری دیموگرافی و گڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنی نیشتەجێی خۆیان و کارکردن بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی وونکراوە و بێسەروشوێنەکان، وەک ئەوەی لە کاتی شەڕی داعشدا دژ بە ئێزیدییەکان کرا. 

 
بەشێک لە ئەرکەکانی حزبمان لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، هاندانی خەڵکە بۆ بەشداری کاریگەرانە لە هەڵبژاردندا و، ڕەتکردنەوەی سەرجەم بۆچوونی نەیارانی ئەنجامدانی هەڵبژارنە، کە مەترسییان لە گۆڕانکاری هەیە و بەرژەوەندییەکانیان دەکەوێتە مەترسییەوە.

لە 18ی کانونی دووەمی ئەم ساڵدا چاوەڕێی دۆست و لایەنگرانی حزبمان و سەرجەم ئەو هێز و لایەن و کەسانە دەکەین، کە خەمخۆری گۆڕانکارین، لە وێستگەکانی دەنگدان چاومان بەیەکتر بکەوێت و دەنگ بۆ ئیرادەی گۆڕانکاری بدەین.


 

28/11/2023



وتارەکانی تری نوسەر